س. اسفند ۶ام, ۱۳۹۸

Kurdistan Independence Movement

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

بەیاننامەی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

زمان پێناسەی گەلە و گەلێک زیندووە کە زمانەکەی زیندوو بێ.
ڕۆژی ٢ی ڕەشەممە واتە ٢١ی فێوریە لە لایەن یونسکۆوە وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی(( زگماکی)) دیاریکراوە.
زمانی کوردی کە لە لایەن زیاتر لە پەنجا میلیۆن کەس لە ئاستی جیهانی دا قسەی پێدەکرێ، لە دەیان زاراوە و بن زاراوەی جۆربەجۆر پێکهاتووە و ئەوەش بۆتە هۆی دەوڵەمەندیی ئەو زمانە و سەرەڕای ئەوەی بە سەدان ساڵە ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان هەوڵی سڕینەوە و لە ناوبردن و ئاسیمیلە کردنی دەدەن، بەڵام توانیویەتی خۆ ڕاگرێ و لە فەوتان ڕزگاریی بێ.
لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانی دا ساڵانە بە میلیۆن پووڵ و پارە بۆ پاراستن و خزمەت بە زمان تەرخان دەکرێ و هەوڵ دەدرێ زمانەکان لە فەوتان و لە ناوچوون بپارێزرێن، لێ بە پێچەوانەوە داگیرکەرانی خاکی کوردستان بۆ لە ناو بردنی زمانی کوردی ساڵانە بە میلیۆنان پووڵ و پارە دابین دەکەن.
رژیمی ئێران نزیکەی سەدساڵە بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە پێناو نەمانی زمانی نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد، بەلووچ، عەڕەبی ئەحوازی، تورکی ئازەری، تورکمان، گیلەک و مازەنی و … و بە کار هێنانی هەموویان بۆ خزمەت بە زمانی فارسی و لە ژێر سیاسەتی یەک وڵات، یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک نەتەوە ، هەنگاو دەنێ و لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و دام و دەزگاکانی پڕوپاگاندای خۆیەوە کاری لە سەر فەوتاندن و ئاسیمیلە کردنی زمانەکانی غەیرە فارسی کردووە .
ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی بە زۆرە ملی زمانی فارسی بە سەر باقی نەتەوەکانی دیکە دا داسەپاندووە و وەک زمانی فەرمی و ڕەسمی، منداڵانی سەر بە نەتەوە بندەستەکان ناچار کراون کە لە قوتابخانە و خوێندنگاکان دا بە زمانێک کە زمانی خۆیان نییە و لە گەڵی نامۆن و تەنانەت زمانی سەرکوتی باب و باپیرانیانە ، بخوێنن.
بە هۆی سیاسەتی دوژمنکارانە و داگیرکاریی ڕژیمی ئێران، بەشێک لە زاراوە و بن زاراوەکانی زمانی کوردی کەوتوونەتە بەر مەترسیی لە ناوچوون و فەوتان و ئەگەر بەو چەشنەی ئێستا بچێتە پێش لە چەند ساڵی داهاتوو دا بەشێک لە زاراوە ڕەسەن و بنچینەییەکانی زمانی کوردی بەرەو توانەوە و لە ناوچوون هەنگاو دەنێن.
لەو ڕوانگەیەوە داوا لە سەرجەم نووسەران، هونەرمەندان ،توێژەران، زمانناسان، ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیرانی دەروەستی گەلی کورد دەکەین کە هەنگاو و هەوڵەکانیان بۆ زمانێکی ستانداردی کوردی وەگەڕ بخەن و بە وتار و بابەت، بە شێعر و گۆرانی ، بە هونەر و سینەما، بە گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب کار لە سەر مانەوە و زیاتر دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی بکەن.
داوا لە دایکان و باوکانی کوردستان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات دەکەین کە ڕێگە نەدەن منداڵەکانیان کاتی قسەکردن لە جیاتی وشەی ڕەسەنی کوردی ، کەڵک لە وشەگەلی فارسی و بێگانە وەرنەگرن و با بە زمانی پاراو و شیرینی کوردی بدوێن.
داوا لە دایکان و باوکانی کورد بە تایبەت ئەوانەی وا لە تاراوگەن و لە کوردستان دوورن ، دەکەین منداڵەکانیان بە زمانی زگماکی پەروەردە بکەن و خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی فێری منداڵەکانتان کە نەوەی نوێ و داهاتووی کوردستانن ، فێر بکەن.
هاوکات داوا لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بە گشتی و ڕێکخراوی یۆنسکۆ بە تایبەتی دەکەین کە بە فشار هێنان بۆ سەر ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان، پێش بە فەوتان و ئاسیمیلە کردنی زمانی کوردی بگرن.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ی کوردی ، ٢ی فێوریەی ٢٠١٩ی زایینی