س. اسفند ۶ام, ۱۳۹۸

Kurdistan Independence Movement

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

روونكردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازانی كوردستان سه‌باره‌ت به كۆنفرانسی وه‌رشۆ

کۆنفڕانسی وەرشۆ کە بڕیارە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی فێوریە لە وڵاتی لێهێستان (پۆلۆنیا) و بە دەستپێشخەریی ئەمریکا و بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ڕژیمی ئێران و بە بەشداریی نزیکەی سەت وڵاتی جیهان بەڕێوە بچێ، تێیدا کۆمەڵێک باس و بابەتی تایبەت بە ئێران تاوتوێ دەکرێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان تاکە لایەنی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە لەو کۆنفڕانسە بە فەرمی بەشدارە. لەو پێوەندییە دا وتە بێژی بزووتنەوەکە «جەماڵ پوورکەریم» بە “ئاوا تایمز“ی ڕاگەیاند:
پاش ئاگادار بوون لە کۆنفڕانسی وەرشۆ، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە نامەیەکی ڕەسمی، داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە کە دەخوازن وەک لایەنێکی سیاسیی دژ بە ڕژیمی ئێران بەشداری کۆنفڕانسەکە بن. هاوکات بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی سەربەخۆییخوازی دژ بە ڕژیمی ئێران و هێز و لایەنەکانی سەر بە نەتەوەکانی بەلووچ، عەڕەبی ئەحوازی، تورکە ئازەرییەکان و… گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە ڕۆژی ١٢ی فێوریە لە شوێنی کۆنفڕانسی وەرشۆ، کۆنفڕانسێک لە سەر ویست و داخوازیی نەتەوە غەیرە فارسەکان بەڕێوە ببەن و لە کۆتاییدا پەیامی هاوبەش پێشکەش بە کۆنفڕانسی وەرشۆ بکەن.

وتەبێژی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازنی کوردستان هەروەها دەڵێ: ئێمە وەک بزووتنەوە داوامان لە سەرجەم هێز و حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات کردووە کە لە گەڵ ئێمە ئامادە و بەشدار بن و سەرجەم تێچووی سەفەرەکەیان وەئەستۆ دەگرین.
جەماڵ پوورکەریم گوتی: ئەو کۆنفڕانسە لە ئاستی جیهانیدا گرینگی تایبەتی هەیە و هەر بۆیە ئێمە داوامان کردووە کە سەرجەم حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات وەک کورد نەک وەک حیزبی سیاسی بەشداری بکەین و سەنگ و دەنگ و ویست و داخوازیی کورد وەک کورد بگەیەنین. بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان نامەی بۆ حیزب و لایەنەکان ناردووە و داوایکردووە تاکوو پێکەوە بەشداری ئەو کۆنفڕانسە بین.

هاوکات کۆمیتەیەک بە مەبەستی خۆپێشاندانی هێمنانە لە بەردەم شوێنی کۆبوونەوەکان پێکهاتووە کە بە بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان و ویستی سەربەخۆییخوازی، بەشداری کۆنفڕانسەکەی وەرشۆ دەبێ. شیاوی ئاماژە پێدانە کە کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی وکەسانی ڕێبەریی سەر بە بەشێک لە حیزبەکان لە سەر داوای بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو کۆنفڕانسە دا بەشدار دەبن.

جەماڵ پوورکەریم وەک وتە بێژی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسی تایبەت بە نەتەوەکان قسە دەکا و لە کۆبوونەوەکە دا وتارێک لە پێوەندی بە ڕەوشی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش دەکا و باس لە داگیرکرانی خاکی کوردستان و ویستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و وەدرەنانی داگیرکەری ئێرانی لە خاکی ڕۆژهەڵات و بەگشتی سەرجەم ئەو نەهامەتیانەی بە سەر گەلی کورد هێنراون، دەکا.