٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکەم حیزبی مودێرنی کوردستانی بەرز و پیرۆز بێ

٧٤ ساڵ لە مەوبەر بە کەڵک وەرگرتن لە کەش و هەوای سیاسیی ئەو کات بۆ یەکەم جار لە مێژووی گەلی کورد دا بە شێوەیەکی مۆدێڕن و سەردەمیانە حیزبێک لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محمەممەد سەری هەڵدا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەیەکی کورت دا توانی دەستکەوتی گرینگ و مێژوویی بۆ گەلی کورد بە تایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستەبەر بکا و وەک هێز و جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی بۆ ڕزگاریی گەلی کورد هەنگاوی هەڵگرت و کۆمەڵێک هێمای نەتەوەیی کە ئێستاش ڕەنگدانەوەیان لە سەر خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچە داگیرکراوەکەی کوردستان ماوەتەوە، داهێنا و هەرمانی کردن.
سروود و ئاڵا و ناوی پێشمەرگە و دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان بەشێکن لە دەستکەوتە مەزنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بیری نەتەوەییخوازی و سەربەخۆییخوازی هاتە مەیدانی خەبات و بە تێڕامان و ڕوانین لە ڕۆژنامەی کوردستانی ئەو کات و هەروەها هەڵدانی ئاڵای کوردستان و راگەیاندنی کۆماری کوردستان و سروودی نەتەوەیی بۆمان دەردەکەوێ کە هەست و ئیرادە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ئارا دابووە نەک مانەوە لە چوارچێوەی ئێران و ڕازی بوون بە مانەوە لە ژێر داگیرکاریدا.
بیری دامەزراندنەوەی کۆماری کوردستان کە یەکێکە لە دەستکەوتە هەر مەزنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە گەشە سەندن دایە و ڕێگەی ڕاستەقینە و درێژە دان بەو ڕێبازە تەنیا سەربەخۆییخوازییە و لەوە بترازێ لادانە لە بیر و باوەڕی بەرزی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محمەممەدی ڕێبەر.

بەرز و بەڕێز بێ یادی ٢٥ی گەلاوێژ
سەرکەوێ خەباتی سەربەخۆییخوازانەی گەلی کورد بۆ ڕزگاری لە ژێر دەستەیی

ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٥ی گەلاوێژی ٢٧١٩ی کوردی
١٦ی ئاگۆستی ٢٠١٩ی زایینی