س. اسفند ۶ام, ۱۳۹۸

Kurdistan Independence Movement

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

ڕاگەیەندراو ، پارتی لیبڕاڵ دێموکراتی کوردستان و یەکخستنەوەی ڕیزەکانمان لە گەڵ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە ڕەوشی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە گەلانی بندەست و بێ دەوڵەت، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە تەنیا ڕێگە چارەی دەرباز بوونی نەتەوەکەیان لە قەیران و داگیرکاری ، بەرز کردنەوەی دروشمی سەربەستی و هەوڵدانە بۆ سەربەخۆیی.
حیزب و لایەنی سیاسی دەبێ پێشڕەو بێ و هەوڵ و هەنگاوەکانی بۆ ویست و داخوازیی نەتەوەکەی بێ، نەک بۆ ڕازی کردنی دڵی داگیرکەرانی کوردستان.
گەلێک سیستمی سیاسی، لە خودگەردانی و خودموختاری ڕا بگرە تا فیدڕالی و کۆنفێدراڵی تاقی کرانەوە و بوونە ئەزموون و لە گەڵ شکست بەرەوڕوو بوون، دووبارە مێژوو سەلماندی کە جووڵانی وزەی سەرەکیی گەل بۆ بە ئاکام گەیشتنی کۆتا ڕەچاوی فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتمانییە و گەر هەر حیزب و لایەنێک بە هەر ئایدئۆلۆژییکەوە ڕەچاوی ئەو واقع و ڕاستییە نەکەن ناتوانن بگەنە ئامانجی خۆیان و قۆناغی ئەوڕۆی خەبات و هەلومەرجی ئەوڕۆیی بەرنامە و سیستمێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو دەخوازێ.
پاش کۆبوونەوەی ئەندامان و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لیبڕاڵ دێموکراتی کوردستان و دوای شرۆڤە و تاوتوێکردنی بەرنامە و پێڕەوی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، بە کۆی دەنگ بڕیارماندا کە ڕێزەکانی پارتی لیبڕاڵ دێموکراتی کوردستان لە گەڵ ڕیزەکانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان یەک بخەینەوە و لەم ڕێکەوتە بە دواوە لە ژێر ناوی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان درێژە بە خەبات و تێکۆشانمان بدەین.
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لیبڕاڵ دێموکراتی کوردستان
٢١ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ی کوردی بەرانبەر بە ١٠ی فێوریەی ٢٠١٩ی زایینی