س. اسفند ۶ام, ۱۳۹۸

Kurdistan Independence Movement

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

پێڕەو و پڕۆگرامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان


سەرەتا
نزیکەی ٥٠٠ ساڵە خاکی کوردستان لە لایەن وڵاتانی زلهێز و داگیرکەر و چوار ئیستعمارگەری ، ئێران، سووریە،عێراق، تورکیە وە داگیر و دابەش کراوە.
یەکەم جار لە ساڵی ١٥١٤ی زایینیدا و لە کاتی شەڕی چاڵدێران کە لە نێوان دوو دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی دا ڕوویدا، کوردستان دابەش کرا و ئەو دابەشکردنەش ساڵی ١٦٣٩ی زایینی لە پەیماننامەیەک دا بە ناوی زەهاو بە ڕەسمی ڕاگەیەندرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
جارێکی تر و پاش شەڕی یەکەمی جیهانی خاک و نەتەوەی کوردستان بە سەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە، ئێران، عێڕاق و سووریە دا دابەش کرایەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا کوردستان بۆتە موستەعمەرە و بە بەردەوامی هەوڵ بۆ سڕینەوە و لە ناو بردنی دراوە.
لەو نێوە دا گەلی کورد بەردەوام بە شۆڕش و خەبات دژ بە داگیرکەران وەستاوەتەوە و لەو پێوەندییە دا دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، سەیدڕەزای دێرسیم، سمایل ئاغای سمکۆ، شۆڕشی ئارارات ، شێخ مەحموودی بەرزنجی، کۆماری کوردستان لە مەهاباد، شۆڕشی بارزان و ئەیلوول، شۆڕشی مەلا خەلیل و دەیان شۆڕشی دیکە بکەین.
ئاوڕدانەوە لەو واقع و مێژووە سەلمێنەری ئەوەیە کە وزەی هەرە سەرەکیی زیندوو هێشتنەوە و بەردەوامیی شۆڕشی کورد، سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکان و بگرە هەڵەی زەمەنی، فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە کە زیاتر لە سەدان ساڵە هەروا شۆڕشی لە سەر پێ و زیندوو ڕاگرتووە.
لێ سەرەرای ئەو هەموو قوربانی و تێچووە و دەستکەوتی بەرچاوی بزاڤی ڕەوای کورد، نابێ لە پیلانگێڕیی داگیرکەران بە تایبەتی پیلانی شوومی چەندین ڕەهەندەی ترسناکترین داگیرکەر و دڕندەی ڕژیمی ئێران لە مەڕ سڕینەوە و ئاسیمیلە کردنی زمان، ناسنامە، فەرهەنگ، مێژوو و شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کورد غافڵ بین ، ئێستا زمانی کوردی هەڕەشەی لە سەرە و ڕژیمی داگیرکەر دەیهەوێ لە ڕێگەی ڕۆژنامە، تەلەفیزیون و دەزگاکانی پڕوپاگەندای خۆیەوە پڕش و بڵاوی و شێوان دروست بکا و وەک چۆن خەریکی گۆڕینی دێمۆگرافی و جوغڕافیای کوردستانە ، بەم شێوەیە لە هەوڵی گۆڕینی زمانی کوردی دایە، داگیرکەران لەوە تێگەیشتوون کە زمان ناسنامەی گەلە و گەلێک زیندوویە کە زمانەکەی زیندوو بێ، هەر بۆیە دەیانهەوێ بە لە ناو بردنی زمان و کلتووری نەتەوەی کورد، بوون و مەوجوودیەتی بسڕنەوە.
دوژمنانی دڕندە و مێژوویی گەلی کورد بە هەموو توانایانەوە لە وزەی سەرەکی و پاڵنەر و بزوێنەری فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئێمە تێگەیشتوون و جیا لە هێرش و پیلانگێڕی دژی ئەو فەلسەفە کاریگەرە لە ژێر ناوی عێڕاقی، ئێرانی، سووریەیی، تورکیەیی، هەوڵی سڕینەوەی شوناس و هۆویەتی کورد و کوردستانی بوونی تاکی کوردیان داوە و بە تێچووی بێ ئەژماری ئابووری لە هەوڵی دزین و بەتاڵان بردنی مێژوو و شارستانیەتی ئێمە دابوون و بە ناوی مێژوو و فەرهەنگ و زمان و جوغڕافیای نەتەوەی کورد و باقی نەتەوە غەیرە فارسەکان مێژوو و جوغڕافیا و نەتەوەیان بۆخۆیان دروست کردووە و بەم چەشنە نەتەوە سازییان کردووە.
بە مەبەستی داگیرکاری و لە ناو بردن، کورد و باقی نەتەوەکان خراونەتە ناو جوغڕافیایەکی دەستکرد و جەعلی بە ناوی ئێران و بە دروستکردنی وەها جوغڕافیایەک هەوڵیان داوە کورد و هەموو نەتەوەکان بە ناوی یەک نەتەوە و لە ژێر یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک خاک لە قەڵەم بدەن .
ئەوەش سیاسەتێکی سەردەمی ڕەزا شا بووە بە دژی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، عەڕەبی ئەحواز، تورکی ئازەری، کاسپیەن و مازەنی،گیلەک و … تاکوو هەر هەموویان وەک ئێرانی ناودێر بکەن بۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی داگیرکەر .
شۆڤێنیسمی فارس و پان ئێرانیسم، لە ڕێگەی توند و تیژی و زەبر و زەنگی بێڕەحمانە و لە ژێر ناوی ئێرانی بوون دا هەوڵی داوە، ئەو جوغڕافیایە وەک یەک وڵات و لە ژێر سێبەری یەک ئاڵا و یەک زمانی واحید پێناسە بکا و هۆویەت و ناسنامە و شوناسی باقی نەتەوەکان بسڕێتەوە و ئەوەش بە ئیلهام وەرگرتن لە ئاڵمانی نازیی ئەو کات کاری بۆ کراوە و ئەسڵی تەڕحەکە لەوێ وەرگیراوە، ئەگینا ناوی ئێران کەمتر لە سەد ساڵی مێژوو هەیە و ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی کەسانێکی وەک سەعید نەفیسی، محمەممەدعەلی فرووغی و سەید حەسەن نەقی زادە هاوکات لە گەڵ ڕەوتی ناسیۆنالیسمی تورکی بە ڕێبەرایەتی داگیرکەر کەماڵ مستەفا ئەتاتۆرک لە هەر دوو وڵاتی تورکیە و پێرشیای ئەو کات کە تەنیا نوێنەرایەتیی فارس و تورکیایان دەکرد، بکەونە بیری ئەوەی ناوی ئێران بۆ خزمەت بە فارس و توانەوەی نەتەوە و زمانەکانی دیکە لە فارسیدا ، بە ڕەزاشای پەهلەوی پێشنیار بکەن و لە ڕۆژنامەی ئەو کاتی ئیتلاعات دا بۆ یەکەم جار داوا لە وڵاتان کرا کە لەمە بەدواوە ناوی پێرشیا بە ئێران بێنن و پێیان بڵێن وڵاتی ئێران.
هەڵبەت ئەو ڕەوتە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دەرەنجامی ئاڵووگۆڕ و ڕووداوەکانی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و زەق بوونەوەی ڕەوتی چینایەتی لە کۆتاییهێنان بە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا.
لە سووریە و عێڕاق بەردەوام هەوڵ دراوە کورد وەک عەڕەب و لە تورکیە وەک تورکی شاخستانی و لە ئێران وەک ئێرانی و فارس پێناسەی بۆ بکەن.
ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە پشت بەستن بە بەلگەی زانستی و مێژوویی ، شوناسی تاکی کورد نە ئێرانییە، نە عێڕاقی، نە سووری و نە تورکی، بەڵکوو هەموو تاکێکی کورد، کوردە و کوردستانیە و خاک و جوغڕافیاکەی کە لە لایەن داگیرکەرانەوە داگیر کراوە ناوی کوردستانە.
بە پێی هەلومەرج و گۆڕانکاریەکان و بەرز بوونەوەی ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی لە ئەمڕۆ دا تاکی کورد گەیشتووتە ئاستێک کە لەوە تێبگا ، بە ناوی ئێرانی،سووری،تورکی و عێڕاقی دەیانهەوێ پێناسەی کورد بوونی لێ زەوت بکەن.
تاکی کورد گەیشتۆتە ئەو باوەڕە کە دەبێ خاک و نیشتمانەکەی لە دەستی داگیرکەر ڕزگار بکا و خەباتەکەی بۆ ئەوە بە فیڕۆ نەدا کە لە چوارچێوەی ئێران، عێڕاق، سووریە و تورکیە دا بمێنێتەوە.
پێویستە بڵێین هەر وەک چۆن زمانێک بە ناوی ئێران بوونی نییە ، جوغرافیا و نەتەوەیەکیش بە ناوی ئێران و ئێرانی دەستکرد و جەعلیە و بوونی نییە.
بە پێوەری زانستی و بە پێناسەی نێونەتەوەیی لە مەڕ سەلماندنی نەتەوەیەک دەبێ بگوترێ کە نەتەوە پێناسەیەکی دیاری هەیە و لە پێوانەی نەتەوە دا پێویستیت بە زمان، خاک، مێژوو و هەستی هاوبەش ، کلتوور و فەرهەنگی هاوبەش هەیە و بە گشتی نەتەوە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا پێوەر و پێناسەی تایبەت بە خۆی هەیە و کەسانێک کە خاوەنی یەک زمان، مێژوو، خاک، فەرهەنگ و کلتوور و هەستی هاوبەش بن بە نەتەوە لە قەڵەم دەردێن و بە ڕبەی زانستی و بەو پێیەی زمان، مێژوو و جوغڕافیا و فەرهەنگێکی هاوبەش بە ناوی ئێران و ئێرانی بوونی نییە و تەنیا دەستکرد و داتاشراوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامە کە ئێران و ئێرانی بوون، لە ڕەوتێکی نەتەوەسازیدا و لە سەر ئەساسی ئینکاری نەتەوەکانی دیکە، دروستکراوە.
بۆیە مانەوە لەو چوارچێوە دەستکرد و جەعلییە بە مانای مانەوەیە لە ژێر دەستەیی و قەبووڵکردنی کۆیلایەتی.


سیستمی سیاسی بۆ داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات: فیدراڵی یا سەربەخۆیی
ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی فیدراڵی دێتە بەر باس ،لەو وڵاتانەی کە خاکی کوردستانیان داگیر کردووە، ناتوانێ وەڵامدەر بێ، چونکە بە ناسیاوی و شناختێک کە لە سەر پان ئێرانی و شۆڤێنیسمی فارس هەیە، هیچ کات ئەوان نە باوەڕیان بە مافی گەلانی غەیرە فارس هەیە و نە باوەڕیان بە دێموکراسی، هەر بۆیە دەسەڵاتی ناوەندی چ رژیمی ئیسلامیی ئێستا و چ پاشایەتی و سەڵتەنەت تەڵەب و موجاهیدین بێ، لە بەرانبەر خواست و ویستی گەلی کورد دا هەر هەموویان وەک یەک بیر دەکەنەوە و بچووکترین ماف بە گەلانی غەیرەفارس ڕەوا نابینن.
ئەوان خۆیان لە بەرانبەر نەتەوەکانی دیکە دا بە باڵا دەست و گەورە دەزانن و پێیان وایە بە خێری خۆیان هەندێ ماف دەدەن بە نەتەوەکانی تر.
ئێرانیەکان پێیان وایە دەبێ دەسەڵاتێکی ناوەندی بە سەر هەموو ئێراندا زاڵ بێ و لە زیهنیەتی ئەواندا فیدراڵی و شێوەکانی هەر مانای دابەشکردنی ئێران دەدا.
ئێرانیەکان لە باشترین حاڵەتی خۆیاندا باوەڕیان بە سیستمی فیدراڵیی ئیداری هەیە و فیدرالیی جوغرافیایی ، نەتەوەیی بە هێلی سوور لە قەڵەم دەدەن .
ئێرانیەکان لە سیستمی داهاتوو دا باوەڕیان وایە کە دەکرێ ئوستاندار یا فەرماندارێک کورد بێ و نەک کورد لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و … دا بەشدار بێ.
گۆڕانکاری لە ئاستی جیهانیدا کار دەکاتە سەر ئەوەی ئێرانیەکان بە ناچار کۆمەڵێک پرسی وەک دێموکراسی و فێدراڵی قەبووڵ بکەن، بەڵام دێموکراسی و فیدراڵییەتێک کە تەنیا لە چوارچێوەی پێناسە و تەعریفی خۆیان دا بگونجێ و بە پێی ناسیاوی و شناخت و تەعریفێک کە بۆخۆیان لە دێموکراسی و فیدراڵی هەیانە و بە مەرجێک و تا جێگەیەک مافی کورد و نەتەوەکانی دیکەیان لە لا پەسەندە کە لەو هێڵەی ئەوان دیارییان کردووە، لانەدا و بە گشتی دێموکراسی و فیدراڵییان تا ئەو جێگە قەبووڵە کە خزمەت بە نەتەوەی باڵا دەست و ئێرانی بوون دابێ، نەک لە خزمەت بە نەتەوەکانی دیکە دا.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد دا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە کورد بە تایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەر بچووکترین دەرفەتی بۆ ڕەخسابێ، هەوڵی بۆ سەربەخۆیی داوە ،لە خانی لەپ زێڕین ڕا تا شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ و کۆماری کوردستان، گشتیان هەنگاو نان بوون بۆ دەوڵەت و حکوومەتی سەربەخۆی کوردستان.
بە داخەوە هەر چەندە بە هۆکار گەلێکی بە دوور لە زانست و واقعی بەردەم و سەلماندنی مێژوویی سەرجەم تاک و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات، کە دەبوایە خاوەن هەڵوێستێکی کارامە و کارگێڕ بایەن بەڵام، دانەبڕاوی لە هزری کۆن و ئێرانیچێتیی باو ، هیز و توانای هزری و مەیدانیی ، هەندێ لایەن وزە و توانای خۆیان بە باس و بابەتی فیدڕاڵی و دێموکراتی و … بە فیڕۆ دەدەن.
لە کاتێکدا ڕێکاری مەحکەمە پەسەند لە بەردەم هەر نەتەوەیەکی ژێردەستە و داگیرکراو تەنیا یەک ئامانجی دیار و بەرچاو و شیاوە کە ئەویش بریتییە لە :
چوونە دەرەوەی داگیرکارە لە خاک و زێدەکەی و بۆ ئەو مەبەستە، سەرجەم ڕێکاری بە دوور لە توند و تیژی دەگرێتە بەر و گەر داگیرکەر بە هیچ چەشنێک بە دەنگی وەڵامی دیاریکراوەوە نەهات ، ئەو دەمەیە کە بە پێی یاسای جیهانی و نێودەوڵەتی و …وەدەرنانی داگیرکار بە هەر شێوازێکی بەرحەق، ڕێگە پێدراو و مەشڕووعە.
بۆ نەتەوەی ژێر دەستە و خاک داگیر کراو ، ئەوە گرفت و ئەرکی نییە کە:
داگیرکار هەنگاو بەرەوە دێموکراتیەت و دێموکراسی دەنێ یا نا؟
پارلمانی، فیدڕاڵی، خودموختاری و … پێڕەو دەکا یا نا؟
ئێمەی نەتەوەی کوردی خاک داگیرکراو و ژێر دەستە نە خۆمان بە کوێخای نەتەوەی زاڵ و باڵا دەست دەزانین و نە ڕێگەش دەدەین هیچ لایەنێکی غەیرە نەتەوەییمان ببێتە دەم ڕاست یا نوێنەر.
بیرمەندان و تێکۆشەران و تەنانەت زۆر یەک لە شەهیدان و گیان بەختکردوانی گەلەکەمان هەوڵی ئەوەیان داوە و ئێمەش ڕێگە و ڕێبازیان درێژە پێدەدەین ، چونکە :
بۆ هەر چەواشەکارییەک و بەلاڕێدا بردنی تاکی کۆمەڵگای کوردەواری لە ئامانجی پیرۆزیان، وەڵامدەری پیلانی شوومی دوژمنان بوون و لێیان کردوونەتەوە بڵقی سەر ئاو.
بۆ نموونە: لە کافربوون و دژەخوا و کائیناتی کورد، داردەستی ئەم یا ئەو وڵات! تەجزیە تەڵەب و شتی زۆر ساویلکانەی دیکە! بە کورتی و بە کوردی ئاماژەمان دایە ئەوەی:
وەک نەتەوەیەکی داگیرکراو و چەوساوە ، بە ڕاشکاوی خوازیاری دەرچوونی داگیرکەر و کۆتاییهێنان بەو تاڵانکارییەن لە سەر خاکی باو و باپیرانمان و بەس.
ئەوەی کە: ئەو جوغڕافیا و سنوورە دەستکردەی بە زۆر و دزە لە ژێر هاوپەیمانییەتیەکاندا هاتۆتە ئاراوە، نەتەوەی چەوساوە لێی بەرپرس نییە کە داهاتووی ئەو جوغڕافیا ساختەیە بە چ ئاقارێک دا دەڕوا و چی بە سەر دێ و هەر چی بە سەر ئەو جوغڕافیا شوومە دا بێ، دەرئەنجامی کوشتار و قەڵا چۆکردن و جینۆساید و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامان و بەدفەڕیی خۆیانە و ئەوان بەرپرسی هەر شتێکن.
زیندووترین و نەتەوەییترین بەش، کوردستانی ڕٶژهەڵاتە،زیندوویی و لە سەر پێ بوونی ڕۆژهەڵات لەوە ڕا خۆ دەردەخا کە ئەگەر ڕووداو یا پرسێک لە هەر کام لە پارچەکانی تر دێتە گۆڕێ، ئەوە کوردی ڕۆژهەڵاتە کە هەڵویست دەگرێ و لە شادی پارچەکانی دیکە دا شایی دەکا و لە غەم و نەهامەتیان دا شیوەن دەگێڕی، شەنگال و ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوور،کۆبانی و عفرین لە ڕۆژئاوا،گیرانی ئۆجەلان و دێمیرتاش لە باکوور و هەڵویستی ڕۆژهەڵات لە سەر ئەو پرسانە هەمووی شایەد و بەڵگەی سەلمێنەرن بۆ نەتەوەیی بوون و لە سەرپێ بوونی ڕۆژهەڵات.
فیدراڵ خوازەکان باوەڕیان وایە کە سەرەتا دەبێ هەوڵ بۆ سیستمی فدراڵی بدرێ و دواتر کار بۆ سەربەخۆیی بکرێ.
لێ ئەگەر چاوێک بە فیدراڵیی کوردستانی باشوور دا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی خاکی کوردستانیان داگیر کردووە، هیچ کات نابنە خاوەن سیستم و حکوومەتێکی دێموکرات کە دان بە مافەکانی گەلی کورد تەنانەت لە سیستمی فیدراڵ دا بێنن.
پاش نزیکەی ٢٠ ساڵ لە سیستمی فیدڕالیی عێراق و خواستی زیاتر لە ٩٣ لە سەدی گەلی کوردستان لە باشوور، بینیمان کە سیستمی فیدراڵی تا ئەو کاتە دەپارێزرێ کە حکوومەتی ناوەندی لە لاوازی دابێ.
کە واتە ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ فیدراڵییەک تاقی کەینەوە کە لە باشوور لە گەڵ شکست بەرەوڕوو بوو و بۆ چی لە ئێستاوە خەبات بۆ سەربەخۆیی نەکەین؟
ئینجا ڕەوشی عێراق لە گەڵ ئێران جیاوازییەکی گەورەی تێدایە و ئەویش ئەوەیە کە: ئێرانی دەستکرد وەک عێڕاقی دەستکرد نییە کە تەنیا بریتی بێ لە دوو نەتەوەی باڵا دەستی کورد و عەڕەب، ئێران خاکی عەڕەب، بەلووچ، کورد، تورکی ئازەری، تورکمان،گیلەک و مازەنی و چەندین نەتەوەی دیکەی داگیر کردووە و خواستی زۆرینەشیان سەربەخۆییە و گومان لەوە دا نییە کە بە پلەی یەکەم و دوای ڕووخانی ڕژیمی ئێستای ئێران، عەڕەبەکان بە پشتگیریی وڵاتانی عەڕەبی و ناوچەکە و تورکە ئازەرییەکان بە پاڵپشتی وڵاتانی تورک سەربەخۆیی ڕادەگەیەنن و ئەوەش ئاسانکارییە بۆ نەتەوەکانی دیکە.
خواستی کورد لە ڕۆژهەڵات سەربەخۆیی خوازییە و پشتیوانی و داکۆکی لە پرسی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشوور سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە.
تاوانە ئەگەر ئێمەی کورد پاش ڕووخانی ڕژیمی ئێستای ئێران، بگەڕێینەوە تاران و لە هەوڵی بووژاندنەوەی دەسەڵاتی دووبارەی حکوومەتی ناوەندیی بە ناو ئێران دابین.
پێویستە یەکگرتوانە لە گەڵ نەتەوە غەیرە فارسەکان لە لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندی کەڵک وەرگرین و هەڵەی دیالۆگ و دانوستان و پێکهاتنی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە گەڵ ڕژیمی ئێران دووبارە نەکەینەوە و ئەگینا مێژوو دیسان بۆ ئێمەی کورد دووپاتە دەبێتەوە و جارێکی تر پێشمەرگە دەبێ چەک لە شان ڕوو لە چیاکان بکەنەوە و بە دژی دەسەڵاتی نوێی پان ئێرانی و شۆڤێنیسمی فارس خەبات بکا.
دووپاتە کردنەوە و دووبارەبوونەوەی هەڵە و خەتا، گوناحێکە کە مێژوو بە ئاسانی لە بکەرانی خۆش نابێ.
تاکی کورد ئیستا گەیشتۆتە ئەو قەناعەت و بڕوایەی چیدیکە ئەوە قەبووڵ نەکا کە خاک و جوغڕافیا و مێژووەکەی لە لایەن داگیرکەرانەوە تاڵان بکرێ.

کوردستانی گەورە یا چوار دەوڵەتی کوردستان
لە پێوەندی بە کوردستانی گەورە و یەکخستنەوەی خاکی کوردستان ڕەنگە لە هەلومەرجی ئەوڕۆ دا دژوار و ئەستەم بێ و بە گشتی خاکی کوردستانی مەزن، جێگەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی بەرفراوانی زانستی و ئاکادێمیە و هاوتەریبە لە گەڵ دۆخی سەردەم و بۆیە بە باشی دەزانین هەر لە ئێستەوە دەستپێشخەری لە سەر نەکەین، بەڵام دەکرێ هەر کام لە حیزب و ڕێکخراوەکانی پارچەکانی کوردستان، بە جیا و بە بێ دەستێوەردان لە ڕەوشی پارچەکانی تر ، هەوڵ و خەباتەکەیان بۆ ئەو پارچەی کە خۆیان لێی لە دایکبوون ، چڕ بکەنەوە .
دەکرێ کوردستان لە جیاتی ئەوەی ببێ بە یەک وڵات، ببێ بە چوار وڵات و لە نەتەوە یەکگرتووەکان چوار نوێنەری هەبێ و وەک چۆن هەندێ وڵاتی بچووکی عەڕەبی، ئێستا وڵاتن و سەرەڕای ئەوەی هەموو عەڕەبن، بەڵام بە جیا جیا خاوەن وڵات و نوێنەرن لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەر کام لە حیزبەکانی پارچەکانی کوردستان، دەکرێ کار بۆ ئازادی ئەو پارچەیە بکەن کە لێی هەڵقوڵاون و خەباتی بۆ دەکەن و پاش ئەوەی هەموو کوردستان لە داگیرکەر پاککرایەوە و چوار دەوڵەتی کوردستانی ڕاگەیەندرا، هاوپەیمانییەک لە چەشنی یەکێتیی ئورووپا و …بۆ چوار دەوڵەتی کوردستان دروست بکرێ و لە ئەگەری هەر هەڕەشە و هێرشێک بۆ هەر کام لە وڵاتانی کوردستان، هەر چوار وڵات پێکەوە هاوکار و پاڵپشتی یەک بن و ئەگەریش لە ڕێفراندۆمێک دا گونجا کە هەر چوار دەوڵەت لە چوارچیوەی ئەیالاتی یەکگرتووی کوردستان بخرێنەوە سەر یەک ، ئەوە ئەو کات دەکرێ، بڕیاری لە سەر بدرێ.
بۆ ڕەوشی ئێستای کورد لە ڕۆژهەڵات پێویستە لە گەڵ نەتەوە بندەستەکانی دیکە کە خاکەکەیان لە لایەن ئێرانەوە داگیر کراوە و باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەیە، هاوپەیمانییەک بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئێران پێک بهێندرێ.

حیزب وەک کەرەستە و ئامراز
لە کوردستان مێژووی سەرهەڵدانی حیزب لە شێوەی ئەوڕۆیی خۆیدا بۆ نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
حیزب و ڕیکخراوەکان بۆ ویست و داواکاریی گەلی کورد و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد خەباتیان کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش دامەزراون.
زۆربەی حیزبەکانی کوردستان بە هۆی هەلومەرجی نالەباری کوردستان و بە ئامانجی خەبات بۆ ئازادیی نەتەوەی کورد و ڕزگاریی کورد لە ژێر دەستەیی و داگیرکاری دامەزراون.
لە کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە ، دەیان حیزب و رێکخراو و سازمانی دژ بە ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە ڕژیمی پاشایەتییەوە تا ئەوڕۆی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران دامەزراون و خەباتیان کردووە و لەو پێناو ئازادی دا گەلێک قوربانی و تێچوویان داوە.
هەزاران ڕۆڵەی کورد لە کیژ و کوڕ، لە لاو و پیر، لە ژن و پیاو و منداڵ و مێرمنداڵ بوونەتە قوربانی و گیانیان بەختی ئازادی کردووە و شەهید بوون.
لە کوردستانی ڕۆژهەڵات گەلێک حیزب هەبوون و ئێستاش لە مەیدان دان کە خەباتیان بۆ ئازادی کردووە و بە گشتی فرە حیزبی لە کوردستان تا سەردەمی کۆماری کوردستان ڕەچاو کراوە کە هەم خاڵی ئەرێنی تێدا بووە و هەم نەرێنی.
لێکەوتە نەرێنییەکانی فرە حیزبی بریتین لە:
– ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی شەق بوونی کۆمەڵگا و لێک ترازانی ڕیزەکانی چالاکوانانی کورد.
– دەبێتە هۆی لە سەر پشت بوونی دەرگاکان بۆ دزە کردنی دوژمنان لە ناو ڕیزەکانی کورد دا.
– لە ناو ئەو فرە حیزبانە دا دوژمن بە سانایی و لە بەرگی ئایدیۆلۆژیای هاوردەی خۆی و بە پیلانەوە خۆ دەخزێنێتە ناو ڕێزەکانیان و هەوڵ دەدا بیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
– دەرئەنجامی ئەو لێکەوتانەی ئاماژەی پێکرا ، بۆ بەردەوامی و گشتگیرکردنی ئەو پیلانە شوومانە دەگاتە ئاستێک، خوێنی ڕۆڵەی ئەو گەلە بە دەستی یەک بڕژێ و لە ئەنجامدا داگیرکەر بە تەواوەتی خۆی دادەسەپێنێ(( ئەم شێوازە شووم و دڵتەزێنە کە بە شەڕی ناوخۆیی ناودێر کراوە، گەلێک لێکەوتەی خراپ لە گەشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، نەتەوەیی و بگرە سروشتی و ئایینی و ڕوانینی ناحەز لە سەر کورد لە ئاستی جیهانیدا بە دوای خۆیدا دێنێ))
لێکەوتە ئەرێنییەکانی فرە حیزبی بریتین لە:
– ئاگادارین کە سەرهەڵدانی هەر حیزبێک بە ڕێژەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ویستی کۆمەڵگا و واتە بۆشایی یا کەمایسیەک کە لە کۆمەڵگا لە ئاستی سیاسی دا زەق و بەرچاو ە ، ئەوەش دەبێتە هۆکار کە کۆمەڵێک چالاکوان، لە ژێر ناوی لایەنێکی سیاسی دا و خاوەن بیرۆکە و ئایدیۆلۆژیایەکی دیار ، هەوڵ دەدەن، ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە.
– بۆ ئەوەی ڕێکخراو یا حیزبی تازە دامەزراو جێگەی پەنجەی لە خزمەت بە کۆمەڵگاکەی دیار و بەرچاو بێ دەبێ هەندێ خاڵ وەبەر چاو بگرێ :
ئا: ناسینی هەمە لایەنەی بزاڤی بەردەمی کۆمەڵگا
ب: ناسینی ئەو بۆشاییە کە ئەوی لە سەر خوڵقاوە، بە شێوەیەکی زانستی و عیلمی بێ کە نەبێتە هۆی قوربانی بوونی بڕگەی- ئا-
پ: بە کارهێنانی هەندێ ڕێکاری سیاسی و ئایدئۆلۆژیی باو لە جیهاندا و هەروەها داڕشتنەوەی هەر پڕۆژەیەک لە هەر سەردەمێک دا بۆ کۆمەڵگایەکی تایبەت بە فەرهەنگ و نەریت و مێژوویەکی تایبەت بە خۆیان هاتۆتە ئاراوە و هێنانە ئارای ئەو بیرۆکە یا ئەو ئایدئۆلۆژیایە بۆ ناو کۆمەڵگائەکی جیاواز لەو کارێکی سادە و ساکار نییە
ت: ئێمە ئەگەر بە بواری ئەرێنی لە هەموو بڕگەکانی ئاماژە پێکراو بنواڕین، دیسانەوە لە بواری دەروونناسی، کۆمەڵناسی و … وەبەر چاوی بگرین، نابێ و ناگونجێ و بە دوور لە چاوەڕوانییە کە کۆمەڵگایەک بکەینە ئەو ئایدئۆلۆژییە تایبەتە ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەو ئایدئۆلۆژیایەیە کە دەبێ ڕەنگ و بۆی خۆی لە گەڵ کۆمەڵگا ڕێک بخا.
پێویستە ئێمە وەک کورد ، وەک ئامراز کەڵک لە حیزب و حیزبایەتی وەربگرین و ڕوانینی هەموومان بۆ حیزب وەک کەرەستە و ئامراز بێ و بەم شێوەیە کەڵک لە حیزب وەرگرین، با حیزبمان بە لاوە پیرۆز و موقەددەس نەبێ و تەنیا وەک ئەبزار و وەسیلەیەک لێی بڕوانین بۆ گەیشتن بە ئامانج.
پێویستە ئامانج نەکەینە قوربانیی بەرژەوەندیی حیزبی ، ئایدئۆلۆژی و تاکە کەسی، بەڵکوو ، حیزب پێویستە بکرێتە ئامراز و ئالیەت لە خزمەت بە گەل و خاک و نەتەوە و نیشتمان و ئامانج.
نەتەوەی کورد پێویستە، بە دوور لە دەمارگرژیی حیزبایەتی و بە بێ بیرکردنەوەیەکی تەسکی قەتیس کراو لە چوارچێوەی یەک حیزب دا، تەنیا بیر لەوە بکاتەوە کە کورد بوون و کوردستانی بوون لێکمان نزیک بکاتەوە و کوردایەتی لێکمان گرێ بداتەوە .
دەبێ شەڕی ناوخۆیی(( خۆکوژی)) و بێڕێزی بە هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد وەک هێڵی سوور دەستنیشان بکرێن و هەوڵ بدرێ ڕەخنەی ڕووخێنەر و بێڕێزیکردن، جێگەی خۆی بدا بە ڕەخنە و پێشنیاری سازێنەر و بنیاتنەر و هەر تاکێک خۆی بە خاوەنی ئەو بزاڤە بزانێ ئەوە هیچ کات لە خزمەت بە گەل و نیشتمانی دوور ناکەوێتەوە .
ئێستا جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووس ساز دا تێپەڕ دەبێ و دوای سەدان ساڵ قوربانیدانی گەلی کورد، بەو واقیع و ڕاستیە حاشاهەڵنەگرە گەیشتووە کە کوردستان بایەخ و جێگە و پێگەی تایبەتیی خۆی هەبووە و هەیە و دەبێ ببێ و نەخشە ی ڕۆژهەڵاتی ناڤین سەر لە نوێ دادەڕێژرێتەوە.
گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆنی کە سەدان ساڵە دابەش کراوە و خاک و جوغرافیای لە لایەن داگیرکەرانەوە، بۆتە موستەعمەرە و لە ئێستا دا سەربەخۆییخوازی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بۆتە ویست و داخوازیی سەرەکیی گەلی کورد، بوونی بزووتنەوەیەک کە ویستی سەربەخۆییخوازی بۆ نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی ئوسوولی، مەنتقی و پلان بۆ داڕێژراو بێنێتە گۆڕێ، پێویستییەکی زەرووری و هەنووکەیی بوو.
بە لە بەر چاو گرتنی خواستی کۆمەڵگای کوردستان و هەروەها ڕەوشی ناوچەکە و جیهان لە مەڕ سەربەخۆیی گەلان و مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک مافێکی یاسایی و نێونەتەوەیی، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان لە ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ٢٧١٨ی کوردی دامەزرانی خۆی راگەیاند.
بۆ بەرچاو ڕوونی و ناساندنی زیاتر سەرەتا پێویستە باسێک لە سەر فۆڕم و شێوەی پێکهاتەی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازنی کوردستان بکەین.


پێڕەوی ناوخۆیی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
فەسڵی یەکەم/ پێناسەی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
ماددەی یەکەم: ناوی بزووتنەوە،بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ە و کورتکراوەی ناوەکەی بە کوردی (( بسک)) و لە ئاستی نێودەوڵەتی
Kurdistan independence movement *KIM *
ماددەی دووهەم: بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆییخوازی، هەڵقوڵاو لە فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتمانیە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
ماددەی سێهەم: بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە سەر بناغەی کۆماری کوردستان و ژیار و شارستانیەتی مێژووی کورد بنیات دەنرێتەوە.
ماددەی چوارەم: بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان، گۆڕەپانی خەباتەکەی لە چوارچێوە و جوغڕافیای کوردستانی ڕۆژهەڵات دایە و لە ژێر دروشمی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە ، خەبات دەکا.
ماددەی پێنجەم: بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان، بزووتنەوەیەکی سێکۆلار و لائیکە و باوەڕی بە جیایی دین و ئایین لە سیاسەت و دەوڵەت هەیە و هاوکات ڕێز لە سەرجەم بیر و باوەڕ و ئایین و کەمینە نەتەوەییەکان دەگرێ و باوەڕمەندە بە مافەکانی مرۆڤی پەسەند کراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ماددەی شەشەم: ئاڕمی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان بە ئیلهام وەرگرتن لە واقعی گەلەکەمان و بەرپابوونی چەترێک بۆ هەموو کوردستانیان بە بێ جیاوازی دروستکراوە و سێ ڕەنگی سوور، زەرد و سەوز تەعبیر لە ئاڵای کوردستان دەکەن و ڕەنگی نارنجی وەک ڕەنگی ڕەوتە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی لۆگۆکە دا جێگەی گرتووە و لە ژێر ناوی کورتکراوەی بزووتنەوەکە واتە بسک کە بە پیتی لاتین نوسراوە ، چیایەک وەک خۆڕاگری نەتەوەی کورد بوونی هەیە کە خۆر لە پشت چیاکەوە سەری دەرهێناوە و ڕۆژی پیرۆزی کوردستان لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە سەر دەردێنێ .

فەسڵی دووهەم / چۆنیەتیی ئەندامیەتی
ماددەی حەوتەم: ندامانی بزووتنەوە بریتین لە :
ئەندامانی نهێنی لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەندامانی ئاشکرا لە کوردستانی باشوور، ئەندامانی بزووتنەوە لە هەندەران.
ماددەی هەشتەم: کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان کە باوەڕی بە سەربەخۆیی و پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتنمانی بۆ کوردستان هەبێ، دەتوانێ ببێتە ئەندام.
ماددەی نۆیەم: ئەندام دەبێ باوەڕی تەواوی بە بەرنامە و پرەنسیپەکانی بزووتنەوەکەوە هەبێ و لەو پێناوە دا کار بکا و سیاسەتەکانی بزووتنەوە لە ناو خەڵک دا پەرە پێبدا.
ماددەی دەیەم: ئەرکی ئەندامانی نهێنی لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات:
ئەو ماددەیە لە پێڕەو و پڕۆگرام وەک دڵی بزووتنەوە پێناسە دەکرێ و بەو پێیە ئاماژەیەکی کورت لە مەڕ چاوکراوەیی ئەندامان و لایەنگران و دۆستان دەدرێ بۆ ئەوەی بەر بە هەر جۆرە گوێ قوڵاغ بوونی سیخوڕان و دوژمنان و داگیرکەران بگیردرێ:
ئا:بزووتنەوە بایەخێکی زۆر بە ئاڵوگۆڕی هەمەلایەنەی هزری دەدا ، بۆ ئەوەی دەستەی ئەندامان خۆ بە چەکی ڕاهێنان، پەروەردە و داهێنان تەیار بکەن .
ب: ئەندامان دەبێ بە شێوەی مانگانە ڕاپۆرتی کاریی خۆیان بدەنەوە دەستەی باڵای شووڕا و پلە و ئاستی ئەندامیەتیی ئەندامان، پێوەندی بە چالاکیەکانیانەوە هەیە.
پ: هەلومەرجی بەردەم ئەندامان و وەزعی ناوخۆ ، شێوە و فۆڕمی چالاکیەکان دیاری دەکا و ئەندامان بە پێی ئەو دۆخەی تێیدان ، بۆ خۆیان لە ژێر چاوەدیریی بەرپرسی شووڕا خاوەن بڕیارن ، هاوکات ئەندامانی نهێنی پێویستە لە کۆمەڵگا دا بە بەربڵاوی حزووریان هەبێ و پرسە جۆربەجۆرەکان بە مەبەستی لە قاو دانی سیاسەتەکانی ڕژیم بێننە گۆڕێ و لە ڕووداو و ناڕەزایەتیی مەدەنی و … دا ڕوڵی ڕێکخەر و ڕێبەری بگێڕن.
ت: بزووتنەوە گرینگی هەرە زۆر بە نەریت و ئەخلاق ، هێما نەتەوەییەکان و پرەنسیپە کۆمەڵایەتییەکان دەدا و ئەوەی بە درێژایی مێژوو داگیرکەری غەددار هەوڵی داوە ئەو بنەما سەرەکیانە لێڵ و ئاڵۆز بکا، بەرەنگاری توندی دەبێتەوە و بگرە لە ئاستی هێڵی سوور لێی دەڕوانین.
ج: ئەندامانی بزووتنەوە لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر بە پێنج کەس شووڕایەک پێک دێنن و ئەرکە ڕاسپێردراوەکانی بزووتنەوە لە ژێر ڕێنوێنیی بەرپرسی شووڕا ، جێبەجێ دەکەن .
بەشێکی تر لە ئەرکەکان بریتین لە : بڵاو کردنەوەی بیر و بۆچوونەکانی بزووتنەوە لە چوارچیوەی چالاکیی تەبلیغی، کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر ڕەوشی ژینگە، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و … ی کوردستان، ڕێکخستنی چالاکییە مەدەنییەکان، پاڵپشتی و هاوئاهەنگ بوون لە گەڵ خەباتی چەکداری و بەشداریی ڕاستەوخۆ لە خەباتی شار دا.
شووڕایەکی پێنج کەسی لە ناوخۆ دەتوانێ یەک نوێنەری بە شێوەی نهێنی بۆ بەشداری لە کۆنگرە دا هەبێ.
ماددەی یازدەیەم: ئەندامانی بزووتنەوە لە هەندەران و بەشی ئاشکرا
ئا: لە هەرکام لەو وڵاتانەی ئەندامانی بزووتنەوەی لێیە، بە گرتنی کۆنفڕانس ، بە هەر پێنج کەس دەتوانن یەک نوێنەر بە کۆنگرە بناسێنن و ئەگەر لە وڵاتێک کەمتر لە پێنج کەسی لێبوو بە شێوەی ئیستسنا، لانی کەم یەک کەس وەک نوێنەری ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیە، بەشداری کۆنگرە دەبێ و دەبێتە نوێنەری بزووتنەوە لەو وڵاتە و بە گشتی بەرپرسانی کۆمیتەکانی دەرەوە ، نوێنەری بزووتنەوەن لەو وڵاتەی لێی نیشتەجێن.
ب: شووڕا و ئەندامانی بزووتنەوە لە سەرجەم وڵاتان دەبێ بە شێوەی مانگانە ڕاپۆرتی کاریی خۆیان بدەنەوە شووڕای ڕێبەری.
پ: هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر و سەربەخۆییخواز دەتوانێ داوای ئەندامیەتی و هەروەها پشتگیری و پاڵپشتی لە بزووتنەوە بکا و شووڕای وڵاتان پاش لێکۆڵینەوە بە هاوئاهەنگی لە گەڵ شووڕای ڕێبەری، پشتگیری دەدەن بە ئەندامان و لایەنگران.
ماددەی دوازدەیەم : ئەندامانی بزووتنەوە لە کوردستانی باشوور
ئا: ئەو کەسانەی لە ڕووی ناچاری و بە هۆی زەخت و گوشاری دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئێران مەیدانی خەباتەکەیان لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشوور دەگوازنەوە ، بە پێی شارەزایی و توانا پاش کۆتاییهێنان بە خولی سیاسی و نیزامی وەک پێشمەرگە لە بەشە جۆربەجۆرەکانی بنکەکانی بزووتنەوە سازمان دەدرێن.
هەر بە پێنج کەس دەتوانێ یەک نوێنەری بۆ بەشداری لە کۆنگرە دا هەبێ.


فەسڵی سێهەم/ فۆڕم و پێکهاتە
ماددەی سێزدەیەم :
یەکەم: کۆنگرە
باڵاترین ئۆرگانی بزووتنەوەیە و هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێ.
هێڵی گشتی، سیاسەت و ستراتیژ و بەرنامە و پێڕەوەی ناوخۆیی لە لایەن کۆنگرەوە پەسەند دەکرێ.
ئەندامانی ڕێبەری لە لایەن کۆنگرەوە و بە دەنگی ئەندامانی بەشدار بوو لە کۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێن کە ئەمەی ژێرەوە بە شێوەی پێشنیاری بریتییە لە:
سەرۆک
جێگری سەرۆک
شووڕای ڕێبەری
ڕاوێژکارانی شووڕای ڕێبەری

فەسڵی چوارەم / ئەرکەکانی ڕێبەری

ماددەی چواردەیەم: ئەندامانی شووڕای ڕێبەری، بەرپرسی بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی بزووتنەوەن و ئەندامانی ڕاوێژکاری شووڕای ڕێبەری وێڕای بەشداری لە سەرجەم کۆبوونەوەکانی ڕێبەرایەتی بە هەر سێ ئەندام وەک یەک دەنگ بۆ پەسەند کردن یا نەکردنی بڕیارەکانی ڕێبەرایەتی دەتوانن دەنگ بدەن و ڕاستەوخۆ بەشداری بڕیارەکان بن.
ماددەی پازدەیەم: شووڕای ڕێبەرایەتی و ڕاوێژکارانی شووڕا کە دەنگی متمانەی بەشدارانی کۆنگرەیان پێدراوە ، مافی ئەوەیان هەیە کە لێپێچینەوە لە سەرۆک بکەن و لە هەلومەرجێک کە بە پێویستی بزانن، دەتوانن داوای بەستنی گۆنگرەی نائاسایی بکەن.
ماددەی شازدەیەم: سەرجەم بڕیارەکانی پەسەند کراوی کۆنگرە لە لایەن شووڕای ڕێبەرییەوە دەخرێنە بورای جێبەجێکردنەوە و ئەوان بەرپرس و داڕێژەری سیاسەتی گشتیی بزووتنەوەن.
ماددەی حەڤدەیەم: سەرۆکی بزووتنەوە، وتە بێژی ڕەسمی بزووتنەوەیە و بەرپرسە لە سیاسەتە گشتیەکانی بزووتنەوە و هاوئاهەنگی نێوان ئەندامانی شووڕای ڕێبەری لە ئەستۆی سەرۆکە.

فەسڵی پێنجەم / داهات و سەرچاوەکانی داهات
ماددەی هەژدەیەم: سەرجەم ئەندامانی بزووتنەوە بە پێی یارمەتیی دیاریکراو بۆ هەر وڵاتێک بڕە پارەیەک وەک حەقی ئەندامیەتی دەدەن.
ماددەی نۆزدەیەم: بزووتنەوە هەوڵ دەدا بۆ دەستخستنی داهات لە پڕۆژەی جۆربەجۆری ئابووری دا سەرمایە دابنێ و ئەوە ببێتە داهات بۆ بزووتنەوە.
فەسڵی شەشەم/ ڕاگەیاندن
ماددەی بیستەم: بۆ بڕەو دان بە بیری سەربەخۆییخوازی، بزووتنەوە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی کە سیاسەتەکانی بزووتنەوەی تێدا بڵاو دەبێتەوە چالاکیی تەبلیغی و ڕاگەیاندن دەکا
www.kurdnation.com
ماددەی بیست و یەکەم: کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی کە هەوڵ دەدا دەنگ و ڕەنگی هەموو سەربەخۆییخوازانی کورد بێ لە ڕێگەی سەتەلایتەوە بڵاو دەبێتەوە و ئامانجی سەرەکیی ئاماژە پێکراو کە بزووتنەوە لە هەوڵ دایە ببێتە چەترێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بە بێ جیاوازی بۆ هەموو کوردستانیان.


بەشێک لە هێڵە گشتیەکان:
سیاسەتی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان ، لە سەر بنەمای دێموکراسی و مافی مرۆڤ داڕێژراوە و باوەڕی بە بنەماکانی مافی مرۆیی پەسەند کراو لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەیە و هەروەها لە ڕوانگەی مافی دیاریکردنی چارەنووس، وەک مافێکی نێونەتەوەیی هەوڵ بۆ سڕینەوە و وەدەرنانی داگیرکەر دەدا و ئامانجی سەرەکی گەیشتنە بە سەربەخۆیی کوردستان.
ئاوڕدانەوەی بزووتنەوە لە کۆمەڵگا ، ئاوڕدانەوەیەکی کلاسیکی نییە کە تێیدا کۆمەڵگا دابەش بە زەقبوونەوەی ڕەگەزی بکا، بەڵکوو بزووتنەوە تاک بە تاکی کۆمەڵگا بە ژن و بە پیاوەوە لە پێگەی شکۆداری مرۆڤایەتیدا دەڕوانێ و لای وایە جوێکردنەوەی ئەمانە لە یەکدی لە ڕاستیدا بە مانای شەق کردنی کۆمەڵگا و مەنفەزێکی کراوە بۆ دزە کردن یا دەستێوەردانی بێگانەیە.
کۆڵەکەی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی هەر نەتەوەیەک بۆ داهاتوویەکی گەش و دوور کەوتنەوە لە بیر و عەقڵیەتی کۆن و هەڵە ڕەچاوگرتنی ڕەوتی پەروەردەی منداڵان و گەنجانی نەتەوەکەمانە .
بزووتنەوە بڕوای بەوە هەیە کە هەموو ئەو ڕەوتانەی کە دەبێ ڕەچاو بگیرێ،سەر لە نوێ لە گەڵ سەردەم هاوشێوە و هاوتەریبی بکا و دوور کەوێتەوە لە شێوازی کلاسیکیی کۆن ،بۆ نموونە بوونی ئۆپۆزیسیۆن لە ناو دەسەڵاتدا جودا لە قازانج و سوودەکانی لە شێوەی کلاسیکەکەی کە بە ئێمە گەیشتووە، شەڕە بۆ دەسەڵات، لە کاتێکدا ئێمە بە پلان و بەرنامەی زانستی لامان وایە کە ئۆپۆزیسیۆن گەر لە سەر پاشنەی بیرۆکەی بە دەسەڵات گەیشتن دوور کەوێتەوە و خۆی بە چاودێرێکی هەتاهەتایی ناو دەسەڵاتی کوردستان بزانێ سوود و بەرامەی بۆ کۆمەڵگا چەند قات دەبێتەوە.
هەروەها بزووتنەوە ، بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، هەموو شێوەکانی خەبات لە بەرگری مەدەنییەوە تا بەرگری چەکدارانە بە مافی ڕەوا و بێ ئەملاو ئەولای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەزانێ و هەوڵی بۆ دەدا.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان باوەڕی بە دەستەواژەی تەوایەتی ئەرزیی ئێران نییە و نەتەوەی ئێران و جوغرافیای ئێران بە دەستکرد و ساختە دەزانێ و لەو باوەڕە دایە کە خاک و جوغڕافیا، زمان و فەرهەنگ و کلتوور، مێژوو و ناسنامە و شوناسی کورد لە لایەن ڕژیمە داگیرکەرەکانی ئێران و شۆڤێنیسمی فارس داگیر کراوە و سەدان ساڵە هەوڵی سڕینەوە و ئاسمیلە کردنی نەتەوەی کوردیان داوە و هەوڵەکانیشیان بەردەوامن.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان باوەڕی بە جوغڕافیایەک بە ناوی ئێران نییە و لەو باوەڕە دایە کە ئەو جوغڕافیایە دەستکردە و لە سەر خاکی نەتەوەکانی دیکە بنیات نراوە و هەروەها نەتەوەیەک بە ناوی ئێرانی، بێ مانایە و تەنیا بە مەبەستی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەکانی غەیرە فارس ساز کراوە.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ ئەو خاکە خەبات دەکا کە لە لایەن ئێرانەوە داگیرکراوە و بریتییە لە ئوستانەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ، لوڕستان و لەکستان و بەشێک لە خوراسانی باکوور و شاری کرماشان وەک پایتەختی دەوڵەتی کوردستان پێشنیار دەکا.
لە ڕێگەی زمانناسان و شارەزایانی ئەو بوارە کار بۆ زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی، بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو زاراوە و بن زاراوەکان دەکرێ و هیچ زاراوەیەک بە سەر زاراوەیەکی تر دا زاڵ نابێ و میدیا و ڕاگەیاندن و کتێب و خوێندن لە ناوچەکانی سەر بە زاراوە جۆربەجۆرەکان دەبێ دابین بکرێ ، بەڵام زمانی سەرەکی و ئیداری و فەرمی زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی و زمانی دووهەم زمانی ئینگلیسی دەبێ.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە پشت بەستن بە ئیرادەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە ڕێگەی لۆبیگەری لە گەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانی هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و وەدەرنانی داگیرکەران لە خاکی کوردستان دەدا.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان باوەڕی بەوە هەیە کە هەموو ڕێکخراو و حیزبێک بە مەرجێک سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەست نەدا، دەتوانێ یارمەتی لە وڵاتانی زلهیز وەربگرێ و لە گەڵ دوژمنانی ئێران دۆستایەتی و هاوپەیمانی پێک بێنێ و لە سەر ئەو بنەمایەی دوژمنی دوژمنەکەم ، دۆستی منە، پێوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێ و هاوکات ئەو ئەسڵە وەبەرچاو بگرێ کە جگە لە داگیرکەرانی کوردستان، دەکری یارمەتی لە هەموو لایەک وەرگیردرێ.
بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان پێوەندی لە گەڵ وڵاتانی ئورووپایی، عەڕەبی،ئەمریکا و ئیسرائیل بە ڕەوا دەزانێ و یارمەتی وەرگرتن لەو وڵاتانەی کە خاکی کوردستانیان داگیر نەکردووە، بە مافی بێ ئەملاو ئەولای خۆی دەزانێ و بەرژەوەندیی هاوبەش و دوژمنی هاوبەش دەتوانێ خاڵی هاوبەشی هاوکاریی دوولایەنە بێ.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان ،ئابڵۆقە و گەمارۆی ئابووری یا هەر چەشنە ڕێکارێک، تەنانەت هێرشی نیزامیی وڵاتانی زلهێز بۆ لاواز کردنی ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و هەناردەکەری تیرۆریسم بە ڕەوا دەزانێ و ئەو هێرشە وەک دەستێوەردانی مرۆڤ دۆستانە ی وڵاتانی زلهێز بە مەبەستی لە ناو بردنی تیرۆر لە قەڵەم دەدا و پاڵپشتی و پشتیوانیی وەها هەنگاو و هێرشێک بۆ سەر ئێران دەکا.
بزوووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕەش دایە کە وڵاتانی زلهێز بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئامادەن وەها هێرشێک بکەن و کورد و وڵاتانی زلهێز لەو نێوە دا خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەشن ، بەڵام بزووتنەوە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بە پلەی یەکەم پشتی بە ئیرادە و ورەی نەتەوەی کورد بەستووە.
لە کۆی ئەو خاڵانەی بە شێوەی پۆلێن کراو ئاماژەمان دایە بزووتنەوە ڕاشکاوانە پەنجە لە سەر چەند خالی کەمایەسی لە ناو ڕەوتی کوردی دادەنێ:
بزوووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕە دایە: نەبوونی نووسینی یاسای بنەڕەتی کە فەلسەفەیەکە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و بەڕێوەبردن و دابینکردنی ڕەوتی ژیانی تاک و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی ڕوون و دیار، بونیادی چوارچێوەیەکی دیاری لە نەزم، ئەخلاق، مافی مرۆڤ، هێڵی سوور و … کە ناسراوە بە یاسا.
نەبوونی یاسا واتە بێسەرەوبەرەیی و …بۆیە بزووتنەوە بە هەستکردن بەو واقعە گرینگ و سەرەکییە بە هەموو هێز و توانایەوە هەوڵ دەدا چەترێک بێ بۆ تاک بە تاکی کۆمەڵگا و سەرجەم ڕەنگ و سەلیقەکان و بە نووسین و داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتی ئەو ڕێڕەوە ڕەچاو بکا.
بزووتنەوە لە یەکەم هەنگاو بۆ مەبەستی داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتی و پێشنووسی ئەو یاسایە:
بە کەڵک وەرگرتن لە کەسانی شارەزای یاسا، مافناسان، یاسادانەران و پارێزەران و کەسانی شارەزا لە سیاسەت و یاسای نێونەتەوەیی کار بۆ نووسینەوەی یاسایەکی بنەڕەتی وەک یاسای پێشنیاری بۆ دەوڵەت و حکوومەتی کوردستان دەکا.
هەروەها بزووتنەوە داوا لە سەرجەم حیزب، سازمان و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکا کە لە سەر خەرجی بزووتنەوە لە ماوەیەکی دیاریکراو دا لە سەر مێزێک لە دەوری یەک کۆببنەوە، بۆ نووسینەوە و پێشنیار و بڕیاردان و داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتیی کوردستان .
یاسای ئامادەکراو و پەسەند کراو لە لایەن سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانەوە، پاش ئازادی و نەمانی ڕژیمی داگیرکەر ، دەخرێتە دەنگدانی گشتیەوە و خەڵکی کوردستان بڕیاری کۆتایی لە بارەوە دەدەن.
هەروەها بزووتنەوە پێشنیاری دروست کردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان لە تاراوگە دەدا و داوا لە سەرجەم حیزب و لایەنەکان دەکا کە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دا بڕیار لە سەر دروستکردنی وەها دەوڵەتێک لە تاراوگە بدەین و بزووتنەوە ئامادەیە سەرجەم خەرج و تێچووەکانی بگرێتە ئەستۆ.
ئەو دەوڵەتە تا کاتی ئازادی و ڕووخانی ڕژیمی داگیرکەر و ڕێگە خۆشکردن بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە دەوڵەتی کاتیەوە بۆ دەوڵەتێکی هەڵبژێردراو بە دەنگی خەڵک ڕەوایی و مەشڕووعیەتی دەبێ.
بزوووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، حیزب و ڕێکخراوێکی خاوەن ئایدئۆلۆژییەکی تایبەت (( چەپ، لیبڕاڵ، ڕاست یا ئایینی )) نییە بەڵکوو ڕەوتێکی پێکهاتوو لە سەرجەم چین و توێژی کۆمەڵگای کوردستانە کە بڕوا یان لە سەر فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتمانی هاتۆتە ئاراوە تا لە درێژەی خەبات و چالاکیی بەردەوام و نەبڕاوە بە لەخۆ گرتنی هەموو هزر و ڕەنگە سیاسیەکان دەوری چەترێکی گشتی ببینێ.
بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان بە دامەزراندنی فیدراسیۆنێک لە ژێر ناوی سەربەخۆییخوازانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەوڵ بۆ یەکخستنی ناو ماڵی کورد و بەرەیەکی سەربەخۆیی خواز دەدا و داوا لە سەرجەم حیزب و سازمان و ڕێکخراوە سەربەخۆییخوازەکان دەکا کە بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و بە دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی و تاکە کەسی لە دەوری یەک کۆ ببینەوە و کار بۆ ئامانجی هاوبەش بکەین.
بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان هەوڵ بۆ دامەزراندنی میدیایەکی سەربەخۆ و بێ لایەن دەدا تاکوو دەنگ و ڕەنگی سەرجەم سەربەخۆییخوازانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بێ و لەو پێوەندییە دا داوا لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی کورد دەکا کە یارمەتیدەر و پاڵپشت بن.
بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان لە گەڵ هەموو نەتەوە غەیرە فارسەکان کە خاکیان لە لایەن ئێرانەوە داگیر کراوە خۆی بە دۆست و هاوپەیمان دەزانێ و هەوڵ دەدا لە بەرەیەکی سەربەخۆییخوازی دا لە گەڵ نەتەوەکانی عەڕەبی ئەحواز،تورکی ئازەربایجان ، بەلووچەکان و نەتەوە کانی دیکە کە باوەڕیان بە نەمانی ئێران لە تەواویەتی خۆی دا هەیە کار بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری لە داگیرکاری بکا.
بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان بۆ بڕەو دانی زیاتر بە بیری نەتەوایەتی و سەربەخۆییخوازی، ژوورێکی فکری دادەمەزرێنێ و داوا لە ڕووناکبیران، بیرمەندان، نووسەران و چالاکانی بوارە جۆڕبەجۆڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکا کە بە بێ لە بەر چاو گرتنی بیری حیزبایەتی و خۆ بەستنەوە و خۆ قەتیس کردن لە ناو حیزبایەتی دا بە نووسینی وتار و بابەت و لێدوان یارمەتیدەری سەربەستی و سەربەخۆیی و هەوڵی ڕوونکردنەوەی زیاتری نەتەوەکەمان بدەن.
١٧ی بەفرانباری ٢٧١٨ی کوردی
بە ٧ی ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی

ناوی ئەو دامودەزگا حکوومی و سیاسیانەی جیهان و کوردستان کە ڕاستەوخۆ پێڕەو و پڕۆگرامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازنی کوردستان یان پێشکەش کراوە:

١- ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
٢- یەکێتیی ئورووپا
٣- ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ژنێڤ
٤- بەشی پێوەندییەکانی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا
٥- زۆربەی بالوێزخانەکانی وڵاتانی جیهان
٦- دادگای نێونەتەوەیی لاهە لە هولەند
٧- واتیکان
٨- چەندین دەزگای حکوومیی فەڕانسە
-بەشی پێوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە
– ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور
-ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور

٩- حکوومەتی هەرێمی کوردستان
١٠- پارلمانی هەرێمی کوردستان
١١- هێز و لایەن و حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات
– پارتی سەربەستیی کوردستان
– پارتی سەربەخۆیی کوردستان
– پارتی ئازادی کوردستان
– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
-كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
-حیزبی دێموكراتی كوردستان
-کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
-حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
-ڕێكخراوی خهباتی شۆڕشگێڕی كوردستان
– سازمانی یاری كورد
– یهكێتیی دێموكراتی كوردستان
– بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان
– کۆمەڵە، ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
– ڕێکخراوی كوردی كورمانجی خوراسان
– فدراسیون یارسان
١٢- حیزب و لایەنەکانی سەر بە نەتەوەکانی عەڕەبی ئەحواز، بەلووچ، تورکی ئازەری، تورکمان، کاسپیەن و مازەنی، گیلەک و …