جەماڵ پوورکەریم

ڕەخنە نابێ ڕووخێنەر بێ و ئاوێتە بێ لە گەڵ جنێو و بێڕێزی، ڕەخنە دەبێ سازێنەر بێ و بە زمانێکی جوان و پاراو و دوور لە بێڕێزیکردن بێ.
ئەوانەی بە ناو ڕەخنەوە جنێو دەدەن و بێڕێزی دەکەن، خزمەت بە دۆزی کورد ناکەن و دەبنە هۆی ئاژاوەگێڕی و دووبەرەکی نانەوە.
هەموو کەس هەڵە دەکا و کەس بێ کەمووکوڕی و ڕەخنە نییە، بە تایبەتی هەرکەس چالاکتر بێ و کردەوەی زۆرتری هەبێم دژکردوەش لە بەرانبەری دا سەرهەڵدەدا.
ئەگەر هیچ نەکەی و هیچ جووڵەیەکت نەبێ، کەسیش ڕەخنەت لێ ناگرێ، لێرەدایە کە دەوترێ دار تا بەری نەبێ کەس بەردی تێناگرێ .

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی جیهانی دا توانیوایانە کارتێکەریی گەورەیان لە سەر تاک بە تاکی کۆمەڵگا هەبێ، لە وڵاتانی دێموکرات و پێشکەوتوو، وەک تۆڕی پێوەندی و دۆستایەتی کەڵکی لێوەردەگیرێ.
لە هەندێ وڵات لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە شۆڕشیان خوڵقاندووە و بوونەتە ئامراز بۆ وەدەستهێنانی ڕزگاری.

لە ناو ئێمەی کورد دا بە دوو شێوە کەڵکی لێوەرگیراوە، ئەرێنی و نەرێنی. بەڵام بە داخەوە لایەنە نەرێنیەکەی زیاتر خۆی نیشان داوە.
چەندین ساڵە، ئەو تۆڕانە کراونەتە مەکۆیەک بۆ دژایەتی کردنی یەکتر، یەکتر شکاندن و بە جاش کردنی باش و بە باش کردنی جاش.
هەر کە یەکێک قسەیەکی کرد و بە دڵی هەندێ کەس نەبوو، خێرا مۆرکی جاشایەتی پێوە دەدەن و لەو نێوەش دا جاشی ڕاستەقینە کە دەستی بە خوێنی ڕۆڵەی کورد سوور بووە و هەزاران جینایەتی دەرحەق بە نەتەوەکەی کردووە، لە ماڵەکەی خۆی پاڵی داوەتەوە و کاتێک دەبینێ مادام فڵانە سەرکردە یا ڕۆڵەی شۆڕشگێڕی کورد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جاش ناودێر دەکرێ ، شانازی بە جاش بوونیەوە دەکا و شەرم لە جاشیەتی ناکا.
با ئیعتوبار بە جاشایەتی نەبەخشین.
رژیمی ئێران بە ملیونان تمەنی لەو پێناوە دا هەزینە کردووە و بە دروست کردنی ئەرتەشێکی سایبێری زۆر بە ئاسانی خەریکی ئاژاوە گێڕی و دووبەرەکی نانەوەیە.
هەر کات گەلی کورد ویستوویەتی تۆزێک خۆ بگرێ و ناو ماڵی خۆی ڕێک بخا، دوژمن شەڕی خۆ بە خۆی بۆ ساز کردووە،
با وشیارانە هەنگاو هەڵگرین و واز لە شەڕی خۆ بە خۆ و دژ بە یەکتر بێنین، دوژمنی سەرەکیمان ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان و لە سەرووی هەمووانەوە ڕژیمی ئێرانە. ئەو کاتەی بۆ دژایەتی و یەکتر شکاندن و یەکدی بوغزاندن تەرخانی دەکەین با بیکەینە وزەیەکی بە هێزتر بۆ لە ناو بردن و ڕووخاندنی ڕژیم و مۆرەکانی.
بڕوا ناکەم کەس هەبێ جاشە چەکدار و جاشە قەڵەم بە دەستەکان نەناسێ.

Loading Facebook Comments ...

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here