بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی خاونکار پیرۆزبایی لە گەلی کورد بە گشتی و باوەڕمەندانی ئایینی کوردیی یارسانی بە تایبەتی دەکەم.
هیودارم ئەو جەژنە ببێتە هەوێنی لێکنزیبوونەوە و یەکگرتوویی زیاتری نەتەوەییمان و وەک چۆن زۆر نەتەوە توانیویانە ئایین بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە کار بێنن، ئێمەی کوردیش بتوانین دین و ئایین بخەینە خزمەت بە خاک و نەتەوە و نیشتمانمان کوردستان.
کێشە و پرس و خەباتی گەلی کورد، پرسێکی نەتەوەییە ،نە مەزهەبی و ئایینی هەر بۆیە پێویستە کورد بوون و کوردستانی بوون وەک نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو بە بێ وەبەرچاو گرتنی جیاوازیی بیر و باوەڕ، لێکمان گرێ بداتەوە .
دیارە نکۆڵی لەوە ناکرێ کە یارسانییەکان بە تایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە، بەردەوام لە ژێر کوشت و کوشتار و هەڕەشە دان و هەم وەک پاراستنی ئایینەکەیان و هەم وەک پرسی نەتەوەییخوازی کەمیان قوربانی و تێچوو نەداوە.
لێ کوردستانیانی پێڕەوی ئایینی یاری، وەک ئەرکێکی ئایینیش بێ پێویستە وەک چۆن سوڵتان سەهاک بەرانبەر زوڵم و زۆرداری و داگیرکاریی دوژمنان بێدەنگ نەبوو، بەم چەشنە لە بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان تا سەرکەوتن بوەستنەوە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە ئەگەر سەرنجێکی کورتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو چەند ڕۆژە دا بدەین زەنگی مەترسیی سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسیی توندئاژۆ لە کوردستان بە تایبەتی لە باشوور لە ئارا دایە و شانە نووستووەکانی داعش بە ئاشکرا خەریکی خۆڕێکخستنەوە و هێرشکردنن بۆ سەر دێموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین.
جارێکی دیکە ئەو جەژنە لە هەموو لایەک پیرۆز بێ.
جەماڵ پوورکەریم
سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی