کوردناسیۆن: بە داخەوە بەرەبەیانی  ئەمڕۆ شەممە 24ی خەزەڵوەری 2720ی کوردی دایکێکی نیشتمانپەروەر بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاویی لێکردین.

دایک فاتمە خانم فیرووزی خەڵکی تایەربۆغەی ناوچەی گەورکی سەقز و دایکێکی نیشتمانپەروەر و کوردخۆشەویست بوو.
ماڵی فاتمە خانم لە ماوەی ساڵانی خەباتی پێشمەرگانەی خەڵکی کوردستان، هەمیشە ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە و خۆیشی پشت و پەنای پێشمەرگە بوو.
هاوسەری فاتمە خانمیش لەو ساڵانەدا بەهۆی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ پێشمەرگە لەلایەن پایەگای ئاواییەوە زۆر بە سەختی تووشی ئەشکەنجە و ئازار ببوویەوە.
کوڕێکی فاتمە خانم بۆ ماوەی ٦ ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات بوو و هەروەها کوڕێکیشی بۆ ماوەی ٣ سال و نیو بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە لە زیندانەکانی رژیمی فاشیشتی ئێراندا بوو.
ساڵی رابردوو کە فاتمە خانم لەلایەن ئیتلاعاتەوە بە بیانووی ئەوەیکە گۆیا لە سلێمانی چاوی بە کوڕەکەی بەناوی هادی عارفی کەوتووە، لەلایەن ئیتلاعاتی سەقزەوە لێپرسینەوەی لێکرا
هەروەها سێ مانگ پیش ئێستا کە کوڕەکەی بەناوی مەحموود کە پێشتر زیندانیی سیاسی بوو، بەهۆی بانگکران بۆ ئیتلاعاتی سەقز تووشی جەڵتەی مێشک بوو، کە بەو هۆیەوە دواجار لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە لایەن بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری دایە فاتمە  و بە تایبەتی هاوڕێ و هاوسەنگەرمان کاک هادی عارفی دەکەین و خۆمان بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانین، ڕووحی شاد و یاد و ناوی بەرز و بەڕێز بێ.