ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، شۆڕشی گەلانی وەزاڵە هاتوو لە چنگ ڕژیمی پاشایەتی بە ڕواڵەت سەرکەوت و ڕژیمی پەهلەوی تێک ڕووخا.
ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی تەنیا جێگۆڕگێ بوو لە نێوان مۆرە و مرۆڤە شۆڤێنیستەکانی نەتەوەی فارس و لە ڕاستیدا نەتەوە غەیرە فارسەکانی وەک کورد ، بەلووچ، عەڕەبی ئەحوازی ، تورکی ئازەری ، تورکمان و کاسپیەن و … هیچ دەستکەوت و سەرکەوتنیەکیان لەو شۆڕشە وەدەست نەهێنا و تەنانەت ڕووبەڕووی سەرکوت و کوشت و کوشتاری زیاتریش بوونەوە.
شا جێگەی خۆی دا بە شێخ و مەلا و عەممامە و ئاخوند و ڕژیمی پاشایەتی گۆڕا بە ڕژیمی ئیسلامی.
تاج و تەخت و مینبەر هەر دووکیان فتوای جیهاد و کوشت و کوشتاریان بە دژی نەتەوەی کورد لە کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە دەدا.
لەو نێوە دا ئەگەر چی گەلی کورد ساڵانێکی دوور و درێژ بوو کە بە دژی ڕژیمی پاشایەتی لە شۆڕش دا بوو ، بەڵام خاکی کوردستان هەر وا لە ژێر چەکمە و پۆستاڵی داگیرکەری ئێرانی دا ماوەتەوە و بۆ کورد هیچ نەگۆڕاوە و هەر وا سەرکوت دەکرێ.
لە سەرەتای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی دا هەلێکی زێڕین بۆ گەلی کورد و گەلانی دیکەی خاک داگیرکراو ، رەخسا. کە بە داخەوە ڕێبەرانی سیاسیی کورد لەو سەردەمە دا تووشی هەڵە هاتن و سەرەڕای ئامادەیی گەلی کورد بۆ جیا کردنەوە و وەرگرتنەوەی خاکی کوردستان لە ئێرانی داگیرکەر ، لە گەڵ ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو و لاوازی ئەو کات کەوتنە وتووێژ و دانوستان، هەڵەیەک کە دەرفەتێکی زێڕین و مێژوویی لە کیس دا .
ئامانجی ڕژیم لە وتووێژ تا ئێستاشی لە گەڵ بێ تەنیا کڕینی کات و خۆڕێکخستنەوەیە، ئەگینا هیچ باوەڕێکیان نە بە وتووێژ هەیە و نە بە مافێک بە نێوی مافی گەلی کورد.
تا ئەو کاتەی گەلی کورد خۆی لە چوارچێوەی ئێران و ئێرانی بوون دا پێناسە و تەعریف بکا، ڕەوش و دۆخی گەلی کورد لەوەی کە ئێستا هەیە ، خراپتر دەبێ و باشتر نابێ .
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ ئەوە خەبات دەکا کە هەڵەی ساڵی ١٣٥٧ لە کاتی ڕووخانی ڕژیمی ئێستاش دووپاتە نەبێتەوە و گەلی کورد و ڕێبەرانی سیاسیی کورد ، دەرس و وانە لەو مێژوو وەرگرن بۆ ئەوەی جارێکی تر مێژوو دووبارە و چەند بارە نەبێتەوە.
ڕژیمی ئیسلامی لە لێواری ڕووخان دایە و مەترسیی دووبارە بوونەوەی سیناریۆی سازان لە گەڵ ڕژێمێکی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو و لاواز لە ئارا دایە.
بە باوەڕی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، بۆ ئێمەی کورد نە ڕژیمی سەڵتەنەتی و شاهەنشاهی، نە ئیسلاح تەڵەب و ئیسلامی و موجاهیدینی ناتوانن وەڵامدەری بچووکترین ویست و داخوازیی ئێمە بن .
ڕێگای چارە و دەلاقەی ڕزگار بوون لە ژێر دەستەیی تەنیا هەوڵدانە بۆ پاککردنەوەی داگیرکەری ئێرانی لە خاکی کوردستان و هەوڵدان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس ، کە ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دا دەیبینین.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٠ی ڕێبەندانی٢٧١٩ی کوردی
٢٠ی بەهمەنی ١٣٩٨ی هەتاوی
٩ی فێوریەی ٢٠٢٠ی زایینی