بنامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێک بە زمانی فارسی ئاڕاستەی ئێران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام دەبن لە شکسپێهێنانی خۆقایمکردنی ئێران لە ناوخۆیی سوریا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی هەفتانەی حکومەتەکەیدا ئەمڕۆ یەکشەممە (١٠ی فێوریەی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە بەشداری کۆنگرەی ئاسایش و ئاشتی دەکەن کە بڕیارە لە ١٣ و ١٤ی ئەم مانگەدا لە پۆڵەندا ساز بکرێت.

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتیکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کە بە زمانی فارسی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە، لە کۆنگرەکەدا گفتوگۆ دەکات دەربارەی ڕێگاکانی شکستپێهێنانی خۆقایمکردن و مانەوەی ئێران لە ناوخۆیی سوریا و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئێران و ڕێگریکردن لەوەی بتوانێت چەکی ئەتۆمی بە دەست بهێنێت.

سەرۆک وەزیرانی ئێسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆنگرەکەدا چاوی بە هەریەکە لە مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە ئەو وڵاتە و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان دەکەوێت، بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەو لێدوانانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل چەندین جار لە ڕێگەی موشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە بنکە و پێگەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا بۆردومانکردووە.

لە مانگی ڕابردوودا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای سازکردنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و کۆنگرەکەش لە شاری وارسۆی پایتەختی پۆڵەندا ساز دەکرێت.