27732847 - silhouettes of concert crowd in front of bright stage lights

نەورۆز و جەژنی نوێ بوونەوەی سروشت و ژیان لە هەموو کوردێکی نیشتماندۆست و ئازادیخواز پیرۆز بێ.

نەورۆز یەک لەو ڕەمز و هێمایانەیە کە کورد لە هەر قوژبنێکی ئەو جیهانە پان و بەرینە بێ، باوەڕی پێی هەیە و دەتوانێ باشترین ڕۆژ بێ بۆ ڕۆژی لێک گرێدانەوەی کورد و ئاشتی ناوخۆیی و نەتەوەیی ناو ماڵی کورد.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە گەلی کورد بە گشتی و لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی هیواخوازە نەورۆزی ٢٧١٩ی کوردی ببێتە ساڵی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ داگیرکەری ئێرانی و گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی.
ئەوساڵ لە کاتێکدا بەرەو ساڵی نوێ هەنگاو داوێین کە ڕژیمی داگیرکەری ئێران لە ئاستی جیهان و ناوچەکە دا بۆتە بێزراوترین و ڕۆژ بە ڕۆژ بە هۆی کردەوە تیرۆریستی و دژە مرۆڤانەکانی و هەروەها دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و زێدەخوازی و سەرەڕۆیی و هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و کۆمەڵکوژ زیاتر پەرواێز دەخرێ، کۆمەڵگەی جیهانی ئەمڕۆ کەوتۆتە ئەو باوەڕەی مانەوەی وەها ڕژیمێک خەساری گەورە و قەرەبوونەکراوە لە جیهانی مرۆڤایەتی دەدا و بۆیە مانەوەی لە قازانج و بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکی ئازاد و پێشکەوتنخوازبە گشتی و گەلانی ژێر دەست بە تایبەتی دا نییە.
لە کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە، خەڵک لەو پەڕی هەژاری و نەداری و بێکاری دا ژیان تێپەڕ دەکەن وقەیرانی ئابووری و سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلە کردن و ژینۆسایدبە دژی گەلی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرە سەندن دایە و بۆتە سیاسەتێکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو و نەگۆڕی ڕژیمی ئێران.
خاک وجوغڕافیا ، مێژوو، فەرهەنگ و زمان و کلتوور ، شوناس و هۆویەت و ناسنامەی گەلی کورد لە لایەن داگیرکەری ئێرانیەوە هەڕەشەی جیددی و توندی لە سەرە و ئەرکی پاراستن و پاریزگاری لێکردنی دەکەوێتە ئەستۆی تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
نەورۆزی کوردەواری لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کورد و کوردستان، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان، مامۆستایان و خوێندکاران، کریکار و کۆڵبەر و زەحمەتکێشانی کوردستان، ژینگە پارێزان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ژنان وپیاوانی کوردستان و… سەرجەم گەلی کورد بە گشتی پیرۆز بێ

با نەورۆز بکەینە ڕۆژی یەکبوون و یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ی کوردی ، ١٩ی مارسی ٢٠١٩ی زایینی