توند و تیژی دژ بە ژنان بە پێی ماناکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی ئازار گەیاندنی جینسی یا ڕەوانی بۆ سەر ژنان.
٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانیی خەباتە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان.
نەک تەنیا ئەو ڕۆژە بەڵکوو پێویستە سەرجەم کەسانی ئازادیخواز و بەرابەریخواز دژی بەو دیاردەیەی کۆمەڵگای پیاو سالار بوەستنەوە و هەوڵ بۆ لە ناو بردنی بدەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ لە هەر سێ ژن لە هەموو جیهاندا یەک ژن لە ژیانی ڕۆژانەی دا دەکەوێتە بەر توندوتیژی جەستەیی و ڕەگەزی.

توندوتیژی دژ بە ژنان تەنیا بریتی نییە لە لێدان و کوتانی جەستەیی، قسە پێکوتنی ناشیرین ، دڕدونگی و شک، بانگ کردنی ژنان وەک زەعیفە و هیشتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی ماڵ و ئاشپەزخانە ، نەدانی سەربەخۆیی ئابووری بە ژنان و ئیزن نەدان بە بەشدارییان لە کۆمەڵگا دا هەر کامە و بە چەشنێک توندوتیژی بە دژی ژنان بە ئەژمار دێ.

ژنان لە زۆربەی کاتەکانی ژیان دا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە کە جگە لە هاوسەر و هاوژینەکەی تەنات لە لایەن برا و کوڕ و پیاوانەوە دەچەوسێندرێنەوە و توندو تیژییان بەرانبەر دەکرێ و لە ڕاستیدا ژنان لانی کەم بە چەندین شێوەی جەستەیی، ڕەوانی و دەروونی، ئابووری ، ڕەگەزی و کۆمەڵایەتی دەکەونە بەر توندوتیژی.

ئیزن نەدان بە ژنان بۆ درێژە دان بە خوێندن و هەندێک یاسای دواکەتووانەی ئایینی دژ بە ژنان ،
توندوتیژی ڕەگەزی، کەلامی، تەجاوز، لەشفرۆشیی زۆرە ملێ، دووگیانکردنی زۆرە ملێ، خەتەنەکردنی ژنان و کچان، کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچان، توندوتیژی دژ بە کارمەندانی ژن لە ئیدارەکان، توندوتیژییەکانی شەڕ ، زیندان، چەند هاوسەری بۆ پیاوان و قەتڵ و کوشتن لە ژێر ناوی شەڕەف و نامووس و سەنگسار بەشێکن لە توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان .

بەشێک لە کێشەکە لەوە دایە کە ژنان بۆ خۆشیان زۆر جار دژ بە ژنان دەجووڵێنەوە و پەرە بە فەرهەنگی پیاو سالارانە دەدەن، ئەوە ژنانن کە کوڕ و منداڵەکان پەروەردە دەکەن و ڕایان دێنن کە دژ بە خوشک و دایک و ژنان بن، کاتێک دوو ژن یەکتر دەبینن و لە سڵاو و چاک و چۆنی دا ئارەزووی ئەوە دەکەن کە بە دایکی کوڕان بی و خودا کوڕت لێ نەستێنێ و زۆر شتی تر ، هاوچەشنە لە گەڵ دژایەتی کردنی ژنان لە گەڵ کچ و ژن.
هەروەها بێدەنگیی ژنان لە بەرانبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی پیاوان ، بەو بیانووەی کە ئابڕوویان دەچێ ، و وتنی ئەەی کە کچ دەبێ بە جلی سپیی بووکێنی بچێتە ماڵی هاوسەر و بە کفنی سپیەوە بڕواتە دەر ، وەک ئەوە وایە کە بۆ خۆیان هاوار بکەن : وەرن لە گەڵ من وەک کۆیلەیەک هەڵسوکەوت بکەن، یا بە پاڕانەوە داوای پووڵ لە پیاوان دەکەن و دەڵێن ئەمن کۆیلەی تۆم و تۆ نەبی دەمرم لە برسان و هەتا مردن ئەوە قەبووڵ دەکەم.
ژنان دەبێ دەنگ هەڵبڕن و بێدەنگی بشکێنن، تا بێدەنگ بین مافمان زەوت دەکرێ، مافێک کە دەبێ بە دەنگی بەرزەوە بیستێنین.

ژنان و کچان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ ذاڕێژراو و هەروەها بە هۆی یاساکانی دژە ژن و دژە مرۆڤانە، جارێک وەک کورد و جارێک وەک ژن دەچەوسێندرێنەوە.
دەزگاکانی سەرکوت و دژە مرۆیی لە ڕژیمی توتالیتێر و مەزهەبیی ئێراندا بە پەسەند کردنی یاساکانی دژ بە ژنان، ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژی بەرانبەر ژنانی بەلووچ، کورد، عەڕەبی ئەحوازی، تورکی ئازەری، کاسپیەن و پەرە پێدەدەن.

زوڵمێک کە لە ئێمە ژنانی سەر بە نەتەوەکانی غەیرە فارس دەکرێ ، جیایە لەو زوڵمەی لە ژنانی فارس دەکرێ کە ئەوان بەشێکیان تەنیا لە ئازادیی حیجاب و ڕووپۆش و لەچک دا دەیبینن ، گرفتی ئێمەی ژنانی سەر بە نەتەوەکانی غەیرە فارس، نەبوونی ئازادیی نەتەوەیی و میلللیە .
خەبات بۆ ئازادی و لابردنی ستەمی نەتەوایەتی و وەدەرنانی داگیرکری ئێرانی لە خاک و نیشتمانەکەمان ئەرکی ئێمە ژنانی دوو بەرابەر کردووە و جیا لە خەبات بۆ وەرگرتنی مافی ڕەگەزییمان، خەبات دەکەین لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەییمان.

نا بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان
نا بۆ توندوتیژی دژ بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی
٢٥ی نوامبری ٢٧٢٠ی کوردی