٨ ی مارس ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی بە دژی کۆیلایەتی و نایەکسانی

لە مێژووی پڕ لەند و هەورازی گەلی کورد کەم نین ئەو ژنانەی ڕێبەرایەتیی شۆڕش و بزووتنەوە و بنەماڵەیان لە ئەستۆ بووە و تا هەنووکەش ناو و ناوبانگیان کاڵ نەبۆتەوە.
ژن لە مێژووی کوردستان دا خاوەنی جێگە و پێگەی تایبەتی بووە و بە درێژایی مێژوو ، ژن و پیاو یەکسان بوون و شان بە شانی پیاوان کاریان کردووە و لە کونجی ماڵەکان دا نەبەستراونەوە و هاوکات ڕۆڵی گرینگیان لە خەبات و بەرخودان دا هەبووە و ژن مانای ژین و ژیان و مانەوە و خوداوەندی ئافەرینەنندە و خوڵقێنەر دەدا.

بەڵام لەو ڕۆژەوە کە خاکی کوردستان لە لایەن دوژمنانەوە داگیرکراوە، ژنی کورد جارێک وەک کورد و جارێکیش وەک ژن چەوسێندراوەتەوە و زوڵمی دەرهەق کراوە.
فەلسەفەی ٨ی مارس ئەوە نییە کە بە پیرۆزبایی کردنێک لە کۆڵ خۆی کەینەوە ، بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکرات کە دێموکراسی و مافی ژنان تێیدا ڕەچاو دەکرێ ، ڕەوایە کە ئەو ڕۆژە پیرۆزبایی لە یەکتر بکەن، بەڵام بۆ ئەو وڵاتانەی کە ژنان تێیدا وەک کویلە ، کەرەستە و پاشکۆی پیاو و بێ ماف چاویان لێدەکرێ،پیرۆزبایی ناڕەوایە
هەر کات ژنانی کوردستان بوونە خاوەنی مافی یەکسان لە گەڵ پیاوان، ئەوە ئەو کات پێویستی بە پیرۆزبایی لێکردنە، ئەگینا تا ئەو خەباتە بە سەر ئەنجام نەگات، پیرۆزبایی لێکردن هیچ مانایەک نادا، جگە لە شاد بوون بە بەردەوامیی زوڵم و زۆری و نایەکسانی.

تا ژن ئازاد نەبێ و خاوەنی مافی یەکسانی وەک پیاو نەبێ، کۆمەڵگە بە گشتی لە دیلی و نادادپەروەری دا دەبێ.
ژنانی کوردستان بە یارمەتیی پیاوانی یەکسانیخواز ، پێویستە ڕۆژی ٨ی مارس بکەنە سەرەتای ڕۆژی دژ بە داگیرکاریی داگیرکەران ، ڕۆژی خەبات بە دژی چەوسانەوە و کۆیلایەتی، ڕۆژی شەڕ بۆ بە دەستهێنانی مافی یەکسان و بەرابەر.
لە ڕوانگەی ئێمەوە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، ژن و پیاو تەواو کەری یەکترن و لە ژن و پیاو وەک مرۆڤ دەڕوانین، بۆیە بە هیچ چەشنێک ڕەگەز و ئایین و جیاوازییەکان نابێ ببنە هۆی ڕوانینی هەڵە و جیاواز لەو دوو ڕەگەزە.

بەردەوام بێ خەبات بە دژی نایەکسانی
پیرۆز بێ ئەو کاتەی ژنانی کوردستان بە مافەکانیان دەگەن

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ی کوردی، ٨ ی مارسی ٢٠١٩ی زایینی

ژنی کوردم، ئاشتیخوازم، تێکۆشەرم

ژنی کوردم، ئاشتیخوازم، تێکۆشەرمپـارێـزوانی کـوردستانم، کــۆڵنەدەرموتنی: سەیران زەمانیمێلۆدی: چیا مەدەنی

Posted by Bskkurdnation on Friday, March 8, 2019