کاک جەلیل گادانی چووە ڕیزی کاروانی نەمرانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردەوە.
پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ڕوو لە:
تێکۆشەڕانی ڕێگەی ئازادیی کورد و کوردستان
هاوبیران، پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەری و دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
بنەماڵەی سەربەرز و شۆڕشگێڕی گادانی
بە داخەوە ئاگادار کراینەوە کە مامی کوردان، مامە جەلیل گادانی پاش حەوت دەیە خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی و سەربەستیی نەتەوەی کورد، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین.
کاک جەلیل گادانی سیمای ناسراو و سیاسەتمەداری نەتەوەی کورد، پڕاوپڕ بوو لە ورە و خۆشەویستی بۆ خەبات و گەیشتن بە ئازادی و ئەگەرچی ئەمڕۆ بە جەستە لە ناومان دا نەماوە و بە جێی هێشتووین،بەڵام بە ڕوح و ڕێگە و ڕێبازەکەی بۆ هەمیشە لە ناوماندا زیندوو و هەرمانە.
کاک جەلیل گادانی لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا دوایین هەناسە وەفاداریی خۆی بە ڕێبازی کۆمار و پێشەوای نەمر سەلماند و بیری ئازادیخوازی و سەربەخۆیی نیشتمان هەمیشە ئاوێتەی وتە و کردارەکانی بوو و ئەو بە حەق درێژە پێدەر و سیما و هێمای کۆماری کوردستان بوو.
کۆچی ناوادە و لە ناکاوی کاک جەلیل پەرۆش و خەمباری کردین و لە دەستدانی خەسارێکی گەورەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات
بۆیە لە ڕێگەی ئەو پەیامەوە سەرخۆشی لە خۆمان و لە سەرجەم ئەندامانی حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ڕێبازی کوردایەتی و بنەماڵەی بەڕێزی دەکەین و خۆمان بە هاوبەش و شەریک و بەشداری ئەم خەمە قورس بەژانە دەزانین .

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی نەمر مامە جەلیل گادانی ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژ وەک ڕۆژی  ماتەمینی گشتی لە کوردستان ڕادەگەیەنێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی
٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠ی زایینی