سەفەرە و سەفەرێک بە باڵی سپی، سەفەرێک بەرەو باوەشی بۆنی خاک.
لە پێدەشتەکانی کوێستان و لەوبەر دەشتی گەرمێن ڕێچکەیەک لە مناڵانی نیشتمان بەیەکەوە بەجێگای مێشێن و هەلووکێن و چاوخۆشاروکێن و وانەکانی قوتابخانە و هەموو بیرەوەرییەکی مناڵانە ڕیز دەکرێن بۆ لەناوچوون بۆ شیمایی باران و بۆ مەرگ…
ئەوان دەیانویست ڕەچەڵەکی زاگرۆس و تۆرۆس، وەچەی مێژوو و بێشکەی مانگی بەڕمێن لەناو بەرن، ئەوان نیازییان بوو تۆرەمەی دیاکۆ و فرەوەرتیش و هۆوەخشەتەرە و ئیختۆویگۆ بکوژن و شانازی مێژوو و ماڵی دیرۆکمان ڕەوگیر بکەن و دەنگی ئازادیخوازی و مافمان کپ و تۆوی گەل بخەنە ناو گۆڕ…ئەوان کتێبی پیرۆزیان هەڵتەکاند و کردیانە تۆزی بان بەو ئایەتانەی بوونە دەستەچیلە و ئاوردووی گڕێکی گڵاو وەک خۆی!
ئەو ڕیزە مناڵە و ئەو بۆنە سێوەی سینگی دادڕین و ئەو چاوە بێ نازانەی ئاخیان گرتە باوەش لە ژێرەوە جارێکی دیکە چوقەرەیان داوە، باڵایان گرت، لە ئاوات هاڵان و خۆیان گەیاندە ئەوپەڕی ئاسمان و خاکی داگیرکراویان بەناوی مرۆڤایەتی بە گوێی کەڕی جیهان چرپاند.
چەندە سەفەرێکی شیرن بوو لەپێناو مرۆڤ بوون لەبەر کورد بوون و لەبەر نیشتمان بەهۆی ڕق و بوغز و قین لە گەردوونێکی بێ بزەی گزی و درۆ ڕێک ببیەوە خاک و سەرهەڵبدەیەوە، بگەڕێیەوە بۆ ژوورەکان، بۆناو مێشکی هەموو بنیامێکی ئەم جیهانە بۆ مێژوو ببیە بەڵگە ببیە بێشکە و ڕایژێنی زارۆکی وەچەی داهاتوو…


