ڕێکخستنەکانی گوێگرتن
داگرتنی ئەم بەشە دەنگییەڕەخنەیەک لە سیاسەتی سڕینەوە و پێویستیی پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانی نێوان حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سیاسەتی سڕینەوە و سانسۆڕ، کە لە لایەن بەشێک لەو حیزبانەوە بەڕێوە دەچێ کە خۆیان لە چوارچێوەی «ئێرانیبوون» دا پێناسە دەکەن، دیاردەیەکی نوێ نیە، ئەم شێوە کارە لە قۆناغە چارەنووسسازکانیش دا دووپاتە و چەندبارە بۆتەوە. لە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا، هەر ئەم حیزبە کلاسیکانە کە خۆیان بە ڕەسەن پێناسە دەکەن و تەنیاش خۆیان بە نوێنەر و بەرحەق دەزانن،، وەک هەموو دەرفەتەکانی پێشوو ئەم دەرفەتە مێژوویەشیان لە کیس دا و نەیانهێشت بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی و خاوەن دەستکەوتی نەتەوەیی.
لە رۆژی ١٨ی مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ و پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بە سەر شۆڕشی ژینا دا، بە دەستپێشخەریی « ک.ن.ک» هەشت لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پێکهێنانی ناوەندێک بۆ یەکڕیزی و هاودەنگی کۆبوونەوە و بڕیار درا کە لەمە بەدوا کاری هاوبەش بکرێ کە هێزو لایەنەکان بریتی بوون لە:
- بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵە –ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- پارتی ئازادی کوردستان
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
- سازمانی خەباتی کوردستان
سەرەڕای ئەوەی کە ئەم دانیشتنە لە فەزایەکی سازێنەر دا بەڕیوە چوو، بەڵام یەک حەتوو دواتر «بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان» بە بێ ئاگاداری و بە بێ هیچ هۆکار و ڕوونکردنەوەیەک لە لیستی دانیشتنەکانی دواتر دا سڕدرایەوە و وەلانرا.
ئەو کات بەدواداچوونی ڕاستەوخۆمان بۆ ئەم پرسە کرد و لە گەڵ ڕێبەرانی هەموو حیزبە بەشداربووەکان قسەمان کرد کە هۆکار چییە؟ کە بە وتەی ئەوان کێشەیەکی تکنیکی بووە و دەستی ئەنقەستی لە پشت نەبووە، بەڵام هەڵەی لەم چەشنە لە پێوەندییە سیاسیەکان دا پرسیار هەڵگر و جێگەی گومانە.
لە لایەکی ترەوە دیسان بڕیارە لە ڕۆژی ٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥ هەر هەمان حەوت حیزب لە ژێر ناونیشانی «کۆنفرانسی هاوبەش»، چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکاری و دامەزراندنی«ناوەندێک بۆ لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان» پێک بێنن.
لە بەڵگە فەرمی و لێدوانە ڕەسمیەکانی ئەو حیزبانە، دروشمی «یەکێتی و یەکڕیزی» بەردەوام دووبارە دەبێتەوە؛ بەو حاڵەش، راستیەکان پێچەوانەی ئەم ئیدعایەن و وانیشان دەدا کە لایەنە سەربەخۆییخوازەکان و لە ناو ئەواندا «بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان»، وەبەرچاو نەگیراون و پشتگوێ خراون.
سڕینەوە و سانسۆڕی ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە وێرای باوەڕمەندبوون بە سەربەخۆیی، پێداگرن لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد ، بە بێ گەڕانەوە بۆ دەنگی گشتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرسیارێکی بنەڕەتی دێنێتە ئاراوە: ئایا ئەم چەشنە هەڵسوکەوت و شێوە روانینە لە گەڵ بنەماکانی دێموکراسی، پلۆرالیسمی سیاسی، پێکەوە هەڵکردن و تێلۆرانس هاوئاهەنگە؟
لە لایەکی دیکەوە، ئەو حیزبانە لە هەلومەرج و قۆناغێکدا دەستیان داوەتە سڕینەوە و سانسۆڕکردن کە لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی هیچ چەشنە هێزێکی بەڕیوەبەری نین.
بەو پێیە ، نیگەرانیەکی قووڵ و جیددی دێتە ئاراوە کە لە داهاتووی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەگەر ئەو هێز و لایەنە سیاسیانە دەستیان بە کەرەستەکانی هێز و دەسەڵات ڕابگا، چ گارانتیەک هەیە کە ئازادیی ئەحزاب، مافی بەشداریی سیاسی ، ئیمکانی ڕەخنە و دژبەری بەرتەسک و تەنانەت قەدەغە و یاساخ نەکەن؟
ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی کە بۆ «کۆنفرانسی هاوبەش» بانگهێشت یان ئاگادار نەکراون بریتین لە:
- بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
- پارتی سەربەستیی کوردستان
- یەکێتیی دیمۆکراتیکی کوردستان
- پارتی سەربەخۆیی کوردستان
- ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
- یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
- سازمانی دیمۆکراتیکی یارسان
- پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان
- پارتی لیبراڵ دێموکراتی کوردستان
10.کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان - بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان
- ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
سەرەڕای ئەوەی ئەم حەوت حیزبە بە بەردەوامی باس لە یەکگرتوویی نەتەوەیی دەکەن، بەڵام کردەوەکانیان بە پێچەواەوە بەرەو دووبەرەکی، لێکترازان و دوو جەمسەری دەروا، جەمسەرێک بۆ هێزە کلاسیکەکان ناسراو بە «ئەحزابی کوردی ئیرانی» و جەمسەرەکەی تر بۆ هێز و لایەنە سیاسیە سەربەخۆییخوازەکان و ڕەخنەگرانی بیری «ئیرانچێتی».
وەها دووفاقیەک لە جیاتی لێکنزیکبوونەوە و یەکڕیزی، دەبێتە بەستێنی سەرهەڵدانەوەی کەلێنە کۆن و ناکۆکیەکان .
لە بەرامبەر دا بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و لایەنە هاوبیرەکانی تر، بەردەوام لە لێدوان و وتووێژە فەرمی و نافەرمیەکانمان، پێداگریمان لە پێویستیی هاودەنگی و یەکڕیزی و تەبایی ناو ماڵی کورد و هێز و لایەنە سیاسیەکان کردۆتەوە. ئێمە لەو باوەڕەداین کە هەر ناوەندێکی نەتەوەیی بەردەوام پێویستە لە سەر ئەم بنەمایانە پێک بێ:
شوناس و ناسنامەی کوردبوون و کوردستانی بوون و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
تەنیا لە سەر ئەم ئەساس و بنەمایانە دەتوانین پێکهاتەیەکی سیاسی و نەتەوەیی دروست بکەین کە هەم وەڵامدەری عەداڵەتی مێژوویی نەتەوەی کورد بێ و هەم گارانتی بێ بۆ پێکەوە ژیان، دێموکراسی و گەشەسەندن.



