پەیامی هاوسۆزی و ئیدانەکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە حیزبەکانی ناو هاوپەیمانی کوردستانی ئێران
بەڕێز سەرکردایەتی و ئەندامانی حیزبەکانی ناو هاوپەیمانیی کوردستانی ئێران،
لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی تر بە بێباکی و بێڕەحمی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی خۆی ئاراستەی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی باشووری کوردستاندا کردووە و ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە تێکۆشەران و هەروەها خەڵکی سڤیل، ژنان و منداڵان، ئێمە بە دڵێکی پڕ لە هاوخەمی و هاوسۆزی ئەم پەیامەتان ئاراستە دەکەین.
ئەم کردارە دڕندانەیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە بەشێک بووە لە سیاسەتی ئەم ڕژێمە کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو دا بنیاتنراوە، لەسەر سەرکوت، سێدارە، کوشتن، توندوتیژی و ترساندن دژی خەڵکی ناو ئێران، بە تایبەتی خەڵکی کوردستان.
خەڵکی کوردستان یەکێک لە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەم سیاسەتە بوون و بەردەوام بە ئامانجی هێرش، سەرکوت و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان هەوڵی بەچۆکدا هێنانی دراوە.
پێکهاتنی هاوپەیمانی نێوان حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەنگاوێکی گرینگ و ستراتیژییە کە جێگای ئومێد و پشتگیریی فراوانی خەڵکی کوردستانە.
یەکیەتی و هاوکاری هەمیشە بنەمای بەهێزبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی و پاراستنی مافە نەتەوەییەکان بووە. هەر بۆیەش ئەم یەکگرتووییە لە هەمان کاتدا بۆتە مایەی نیگەرانی و مەترسی بۆ داگیرکەران و هێزە نەیارەکانی مافی نەتەوایەتی نەتەوەی کورد، چونکە دەزانن کە یەکگرتوویی کوردان هێزێکی گەورە و کاریگەرە کە دەتوانێت مێژوو بگۆڕێت.
لەبەر ئەوە زۆر گرینگە کە ئەم هاوپەیمانیە زیاتر بەهێز بکرێت و لە ڕێگەی بەرفراوانکردنی خۆی و تێکەڵکردنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ببێتە بناغەیەکی فراوانتر و بەهێزتر بۆ یەکگرتوویی نیشتیمانی. ئەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادتر بەدەستهێنانی پشتگیری و رەزامەندیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهێزکردنی یەکگرتوویی نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان.
لە کۆتاییدا، ئێمە جارێکی دیکەش هاوسۆزیی قووڵی خۆمان بۆ بنەماڵەکانی شەهیدان و بۆ هەموو ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبەکانی ناو ئەم هاوپەیمانیە دەردەبڕین، و بە توندترین شێوە ئەم هێرشانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدانە و مەحکووم دەکەین. خوێنی شەهیدان هەرگیز بەفیڕۆ ناچێت و یاد و میراسی تێکۆشانیان هەمیشە ڕێنمایی خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری دەبێت.
بە هیوای دوارۆژێکی گەش و ژیانێکی ئازاد و ئاسودە بۆ هەموو خەڵکانی خاک داگیرکراو و بە تایبەتی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە پێناو ڕزگاری و سەربەخۆیی نیشتیمان دا زۆر گەنج و لاوی کردۆتە قوربانی.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
ڕێکخراوی خەباتی شۆرشگێری کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان



