پەیامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان

٨ی مارس ، ڕۆژی جیهانیی ژنان، تەنیا بۆنەیەکی ناو ڕۆژمێر نییە بۆ ئاهەنگگێڕان؛ ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەروەوەی مێژوویەکی دوور و درێژە لە ئازار، خەبات، هۆشیاری و بەرخۆدان و داواکاری بۆ عەداڵەت و یەکسانی.

ڕۆژێکە کە لە ئەنجامی خەباتی ژنان بۆ ماف، کەرامەت، یەکسانی و ئازادی سەری هەڵدا و بۆتە هێمایەکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و هەڵاواردن، بۆیە لەم ڕۆژە دا پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی جیهان و بەتایبەتی ژنانی کوردستان و هەموو ئەو پیاوانە دەکەین کە بەدوای یەکسانی و ئازادیدا دەگەڕێن.

ژن لە زمان و فەرهەنگ و شارستانیەتی کورد دا  سەرچاوەی ژیان، ئافرێنەر و بەردەوامیی هیوایە.

هیچ کۆمەڵگایەک بەبێ ئامادەبوونی هۆشیارانە و ئازادانە و یەکسانیی ژنان، ڕزگاری و پێشکەوتنی ڕاستەقینە بەدەست ناهێنێت. هەروەها ئەزموونی مێژوویی بە ڕوونی نیشانی داوە کە هیچ بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەبێ ڕۆڵی ژن ناتوانێت سەرکەوتنی تەواو بەدەست بهێنێت یان زامنی ئازادی بێ.

فێمێنیست، نەک لە دژایەتی یەکتری ژن و پیاو دا، بەڵکوو لە گەشەکردن و هاوڕێیەتیدا، جەستەی کۆمەڵگا بنیات دەنێن؛ و لە هەر شوێنێک ئەم هاوسەنگییە تێکبچێت، ستەم و وێرانکاری جێگەی دادپەروەری و پێشکەوتنی گرتۆتەوە.

لەم نێوەندەدا ژنانی کورد لە مێژووی تێکۆشانی نەتەوەیی و ئازادیخوازیدا پێگەیەکی دیار و ئیلهامبەخشیان هەیە. ژنی کورد تەنیا هێمای ئازار و قوربانیدان نییە؛ ئەو هێمای بەرخۆدان، هۆشیاری، بوێری، سەرکردایەتی، قوربانیدان و کۆڵنەدانە.

لە هەوراز و نشێوەکانی مێژووی کوردستاندا، ژنانی ئێمە لە ماڵەوە و لە کۆمەڵگادا، لە بواری ڕۆشنبیری و سیاسەتدا، لە زیندان و دەربەدەریدا، لە شار و گوند و چیاکاندا، شان بە شان لەگەڵ پیاوان و هەندێکجاریش لە پێش پیاوانەوە، بۆ بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و کەرامەتی ئینسانی و ئاڕمانی ئازادیی کوردستان، خەباتیان کردووە.

تەنانەت بە چاوخشاندنێکی کورت بە مێژووی نەتەوەی کورد، ئەوە ڕوونە کە ژنانی کورد لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتییەوە تا فەرماندەیی، ڕۆشنگەری، ڕێکخستن و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵێکی دیار و هەندێکجار بێهاوتایان هەبووە.

لەم ڕۆژە دا پێویستە یادێک بکەین لە ژنانی شۆڕشگێری ناو مێژووی کورد، ژنانێکی وەک(( قەدەم خێری قەڵاوەندم ، جیهان ئارا خانم، مەستوورەی ئەردەڵان، سەردار بی بی مریەمی بەختیاری، خانزاد خانی میری سۆران، عادیلە خانم، حەپسەخانی نەقیب، پەرى خان خاتوونی ڕەمەنی،شەمسى خاتوونی ئامەریان، فەسڵە خاتوونی تەمیکا، میعان خاتوونی ئێزیدی،سووسەن ئەمیری کرماشانی،ڕەوشەن و لەیلا بەدرخان،دایفەخاتوونی ئەیووبی،فاتە ڕەشی ڕواندوزی،مینا خانمی قازی ، لەیلا قاسم، گولناز کاراتاش، رابیعە محەمەد سەرگەورەی نانەواکان، فاتیمە محێدین، گوزیدە خانمی یامولكی، لەیلا زانا، ژنانی عفرین و کۆبانی، ژنە گەریلا ، پێشمەرگە، شەڕڤان، ژنانی زیندانیکراو و دایکانی دادپەروەری و هەزاران  هەزار ژنی تری نەناسراو بەڵام گەورەی کوردستان. ئەوانە هەموویان ئەڵقەی بەهێزن لە زنجیرەی بەرخۆدانی نەتەوەیەکدا. ئێمە ڕێز لە یادی ئەوان دەگرین و پێمان وایە مێژووی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان، بەبێ ناوی ژنانی کورد، ناتەواو دەبێت.

لە هەمان کاتدا دەبێ بە ڕاستگۆییەوە بگوترێ کە سەرەڕای مێژووی بەنرخی پێگەی ژن لە بەشێک لە فەرهەنگ و ژیانی کۆمەڵایەتیی  نەتەوەی کورددا، لە قۆناغە جیاجیاکاندا، بە تایبەت لە ژێر گوشاری کۆمەڵێک کلتوور و فەرهەنگی دواکەوتووی داسەپاوی داگیرکەران ، ڕۆڵ و پێگەی ڕاستەقینەی ژنانی کوردیش زیانی بەرکەوتووە و هەندێکجاریش پەراوێزخراوە، بۆیە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان بۆ ئێمە تەنیا دروشم نییە، بەڵکوو بەشێکی جەوهەرییە لە پڕۆژەی ڕزگاریی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

ئێمە پێمان وایە لە کۆمەڵگایەک کە ژنان بە شێوەیەکی یەکسان و بەرابەر، بە ئەمنیەت و ئاسایشی تەواوەوە لە مافی بڕیاردان و بەڕێوەبەریدا بەشدار نەبن، ئەو کۆمەڵگایە هەرگیز ئازادی و دێموکراسی نابینێت.

ئەمڕۆ ئەم ڕاستییە لە هەموو کاتێک زیاتر لە پێش چاومانە. ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” و شۆڕشی ژینا، تەنیا هاوارێک نەبوو بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی ژنکوژ و ستەمکار، بەڵکوو ڕاگەیاندنی دووبارە لەدایکبوونەوەی هۆشیارییەکی مێژوویی بوو لە کوردستان و باقی ناوچە خاک داگیرکراوەکانی ناو جوغڕافیای دەستکرد و جەعلیی ئێرانی؛ هۆشیارییەک کە دەریدەخست کە پرسی ژنان تەنیا بابەتی وەستانەوە دژ بە نایەکسانیی ژن و پیاو نییە، بەڵکوو خۆیان بوونەتە ئاڵاهەڵگری گۆڕانکاریی بنەڕەتی. ناوی ژینا بوو بە سیمبول و هێمای بەئاگاهاتنەوەی ویژدانەکان و شکاندنی دیواری ترس و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا، بوو بە زمانێکی جیهانیی کەرامەت و ڕزگاری و دادپەروەری.

ئەم شۆڕشە نیشانی دا کە ئازادیی ژن پرسێکی پەراوێزخراو یان لاوەکی نییە، بەڵکوو لە دڵی هەموو گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەدایە.

ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، لەم ڕۆژە مەزنەدا بە ڕێز و شانازییەوە سەر بۆ ژنە تێکۆشەرانی کورد دادەنوێنین و جەخت لەوە دەکەینەوە کە خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەبێ مسۆگەرکردنی پێگەی شایستەی ژنان، بەبێ یەکسانییەکی ڕاستەقینە، و بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوەیان لە هەموو کایە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و نەتەوەییەکان، خەباتێکی تەواونەکراو دەبێت. ئازادیی کوردستان و ئازادیی ژن دوو ڕێگای لێک جیاواز نین؛ پێکەوە گرێدراو و لێک جیانەکراوەن.

بۆ ئێمە ٨ی مارس هەم ڕۆژێکە بۆ ڕێزلێنان لە ژنانی تیکۆشەری کورد و هەم ڕۆژێکە بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوونمان بە ئاڕمانەکانی یەکسانی و ئازادی و دادپەروەری.

جارێکی تر پشتگیریی پتەوی خۆمان بۆ مافەکانی ژنان و نەهێشتنی هەموو هەڵاواردنێک و دابینکردنی بەشدارییەکی یەکسان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەر و مرۆڤدۆستانە ڕادەگەیەنین.

دروود بۆ ژنانی کورد و کوردستان

پیرۆز بێ ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان

سەردەکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ی کوردی

٨ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی

بابەتی پێشووپەیامی هاوسۆزی و ئیدانەکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە حیزبەکانی ناو هاوپەیمانی کوردستانی ئێران
بابەتی دواترمانیفێستی ڕزگاری ” پارتی سەربەخۆیی کوردستان” بەشی یەکەم

Leave a Reply

تاریخ کوردی و میلادی
نوێترینەکان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان، هێرشەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوو... پەیامی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٣٨مین ساڵیادی دامەزرانیەوە. پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی یەکگرتنی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕیکخراوی یاری کورد لەگەڵ کۆمەڵە... Çarşema Sor Pîroz Be چوارشەممەی سوور پیرۆز بێت پەیامی هاوخەمیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بۆ کۆچی دوایی کاک کاوە سوڵتانپەنا شیکارییەکی ستراتیژی لە شەڕی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی لە سەر نەزمی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕۆڵی کورد لە ستراتیژی ئەمریکادا: کارتی فشار لە دژی ئێران مانیفێستی ڕزگاری " پارتی سەربەخۆیی کوردستان" بەشی سێهەم پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٢٢ هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان " پژاک" نۆڕوێژ: بەشێک لە وتەکانی ئاشتیاکۆ پوورکەریم سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان وتووێژی یووتۆپیا تیڤی لە گەڵ ئاشتیاکۆ پوورکەریم ، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان کورتەیەک لە لێدوانی ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بۆ کەناڵ ١٢ی ئیسرائیل بەیاننامەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ٧٩هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ڕێبەر و پێشەوامان  پێشەوا قازی م... هۆنراوەیەکی سەلاح سوڵتانپەنا بو بۆنەی 10ی خاکەلێوە