بەیاننامەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ٧٩هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ڕێبەر و پێشەوامان پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی
خەڵکی بەشەڕەف و تێکۆشەری کوردستان،
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان،
پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی و سەرجەم ویژدانە ئاگا و هۆشیارەکانی نەتەوەی کورد،
١٠ی خاکەلێوە تەنیا ڕۆژێک نییە لە ڕۆژژمێر و یادەوەری و حافزەی مێژوویی نەتەوەی کورددا؛ ناوێکە لە سەر برینێکی قووڵ و یادەوەرییەکی گەورەیە بۆ بەڵێنێک کە هەرگیز نە پیر دەبێت و نە لە بیر دەچێت. ئەم ڕۆژە هاوکات بیرهێنانەوەی یەکێک لە تاڵترین ساتەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان و یەکێکە لە گەشاوەترین دەرکەوتەکانی شانازی و خۆڕاگریی نەتەوەکەمان.
ئەمساڵ لە ٧٩هەمین ساڵیادی لە سێدراە درانی شەهیدان پێشەوا قازی محەممەد، محەممەد حسێن خان سەیفی قازی، و سەدر قازی، جارێکی دیکە کڕنۆش بۆ گەورەیی ئەو بەرخۆدانە مێژووییە دەبەین و بە دەنگێکی بەرز ڕایدەگەیەنین کە ١٠ی خاکەلێوە کۆتایی ڕێبازێک نەبووە، بەڵکوو سەرەتای هەمیشەییبوونی بیرۆکەی سەربەخۆیی و درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازی دامەزراندن و بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد بووە.
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ڕژیمی پەهلەوی دوای دادگایییەکی نمایشی و نادادپەروەرانە، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان و دوو کەس لە هاوڕێ دیارەکانی لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد، ڕێک لەو شوێنەی کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیەندرابوو ، لە سێدارە دا؛ بەو خەیاڵ و باوەڕەی خاوەی کە بە نەهێشتن و لە سێدارەدانی سەرکردەکانی کورد دەتوانن بیری ئازادیخوازیی نەتەوەی کوردیش لە سێدارە بدەن. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە نەتەوەکان بە لەسێدارەدانی سەرکردەکانیان لەناو ناچن؛ بەپێچەوانەوە خوێنی شەهیدان دڕژێتەوە ناو دەمارەکانی وەئاگاهاتوو و وشیاری نەتەوەییدا و هەر سەرکردە و کوردێکی لە سێدارە دراو دەبێتە ئاڵایەک بۆ درێژەدان بە خەبات.
پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێکانی لە دوایین ساتەکانی ژیانیاندا لە پێگەی لاوازی نەوەستابوون، بەڵکوو لە پێگەی ئیمان و هۆشیاری و بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی وەستانەوە. ئەوان نیشانی دونیایان دا کە داکۆکیکردن لە مافی نەتەوەیەک تاوان نییە؛ و داوای ئازادی و سەروەری نەتەوەیی و کەرامەتی مرۆڤایەتی، خیانەت نییە، بەڵکوو مافی سروشتی هەر نەتەوەیەکە کە نایەوێت لە خاکی خۆیدا زەلیل و سەرکوت و داگیر بکرێت. هەر لەبەر ئەوەشە 10ی خاکەلێوە بۆ میللەتی کورد تەنیا ڕۆژی ماتەمینی نییە؛ ڕۆژی سەلماندنی ڕاستی و دروستی خەباتەکەی، ڕۆژی بەئاگاهێنانەوەی ویژدانی بەکۆمەڵ و ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ ئەو ڕێگایەی کە بە خوێنی پاکی ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە دامەزراوە.
کۆماری کوردستان سەرەڕای تەمەنی کورتی، لە مێژووی سیاسیی نەتەوەی کورددا جێگە و پێگەیەکی تایبەتیی سیاسی و نەتەوەیی هەیە. لەو ماوە کورتەدا، ئەو کۆمارە نیشانی دا کە نەتەوەی کورد نەک هەر ئیرادەی سیاسیی هەیە، بەڵکوو توانای ڕێکخستنی دامەزراوە نەتەوەیی و ئیداری و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی هەیە.
بەفەرمیکردنی زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە پەروەردەدا، پێکهێنانی هێزی پێشمەرگە و قەوارەی بەرگری، گرنگیدان بە ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕین، کردنەوەی ڕێگەی بەشداریکردنی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ناردنی خوێندکاران بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات، هەروەها دامەزراندنی ڕەمزی نەتەوەیی وەک سروود و ئاڵا ، هەموو ئەمانە ئاماژە بوون بۆ ئەوەی کە کۆماری کوردستان بزووتنەوەیەکی سۆزداری و کاتی نەبووە، بەڵکوو ئاستی بەرزی سەروەریی سیاسی و نەتەوەیی بووە و هێمایەک بوو لە هۆشیاری و ئیرادەی سیاسی نەتەوەیەک کە چارەنووسی سیاسیی خۆی بە دەستی خۆی نووسیەوە .
گرنگیی مێژوویی پێشەوا و کۆماری کوردستان ڕێک لەوەدایە: ئەوان نەتەوەی کوردیان فێر کرد کە پشت بەخۆی ببەستێت و باوەڕی بە هێزی ناوخۆی و دەروونیی خۆی هەبێت و بزانێت کە ئازادی تەنیا بە ڕێکخستن، یەکڕیزی، فیداکاری و پێداگری لەسەر ماف بەدەست دێت. ئەوان نیشانیان دا کە کوردستان تەنیا ناوێکی جوگرافی نییە، بەڵکو ئیرادەیەکی مێژوویی و شوناسێکی زیندوو و خواستێکی ڕەوایە بۆ حوکمڕانی بەسەر چارەنووسی خۆیدا.
10ی خاکەلێوە بوو بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، چونکە شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێکانی دەستپێشخەریی زنجیرەیەک بەرخۆدان و قوربانیدان بوون کە لە دەیان ساڵی دواتردا بەردەوام بوو. لەو کاتەوە بە هەزاران ژن و پیاوی ئەم میللەتە، لە شاخ و دەشت، لە زیندان و دەربەدەری، لە بەرامبەر جووخەکانی ئێعدام، لە بەرامبەر تیرۆر و ستەم، لەسەر هەمان ئەو پەیمانە ڕاوەستاون کە پێشەوا و هاوڕێکانی بە خوێنی خۆیان واژۆیان کرد. ناوی پێشەوا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی لە هێڵێکی مێژوویی بەردەوامدان؛ هێڵێک کە لە کۆماری کوردستانەوە دەست پێدەکات و تا وەدیهاتنی خواستی نەتەوەیی و گەیشتن بە سەروەریی سیاسیی نەتەوەی کورد بەردەوام دەبێت.
ئێمە پێمان وایە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو قوتابخانەیەکی سیاسی و ئەخلاقییە. ئەم ڕۆژە فێرمان دەکات هیچ حکوومەتێکی پاوانخواز و هیچ ڕژیمێکی داگیرکەر، چ بە ناوی پاشایەتی و چ بە ناوی ئایینیەوە، هیچ کات ئامادە نەبووە و ئامادە نابێ دان بە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد دابنێت. لۆژیکی ئینکار، سەرکوت، دادگاییکردنی نمایشی و فەرمایشی، زیندانیکردن، لەسێدارەدان، تیرۆر و ئەشکەنجە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام بووە. ئەگەر ڕژیمی پەهلەوی بە توندوتیژی بەرامبەر کۆماری کوردستان ڕاوەستا، کۆماری ئیسلامی لە دەیەکانی ڕابردوودا بە فتوای جیهاد دژی کورد، ئێعدام، زیندان، ئەشکەنجە، گوشار لەسەر چالاکانی مەدەنی، سیاسی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزی، کوشتنی کۆلبەران، و سەرکوتی سیستماتیکی هەمان سیاسەتی دوژمنایەتی لەگەڵ ئیرادەی نەتەوەی کورد درێژە پێدا. ڕەنگە ڕوخساری ڕژیم گۆڕابێت، بەڵام سروشتی داگیرکاری، نکۆڵیکردن و ناوەندگەرایی بەرامبەر بە نەتەوەی کورد لە بنەڕەتدا نەگۆڕاوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ١٠ی خاکەلێوە بۆ ئێمە تەنیا یادەوەریی ڕابردوو نییە؛ ئاوێنەیە بۆ بینینی ئێستا. ئەمڕۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە بە بەردەوامی جیا لە داگیرکرانی خاک و وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هەژاری، هەڵاواردن، بێکاری، ئەمنیەتیکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، فشار لەسەر ڕۆشنبیران و چالاکوانان، زیندانیکردن، و لەسێدارەدان دەبێتەوە. هەروەها ئەمڕۆ ژیانی خەڵک لە سایەی سیاسەتی نامرۆڤانە و قەیرانی ئابووری و بێبەشکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی لەو پەڕی خراپی دایە.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو باوەڕە دایە کە یەکێک لە وانە گەورەکانی دەی خاکەلێوە ، پێویستی یەکڕیزی و هاوئاهەنگی ناوخۆیی نەتەوەییە.
ڕێبەرمان، پێشەوا قازی محەممەد لە کردار و بیرکردنەوەکانیدا بە بەردەوامی جەختی لە هاودەنگی و پێکەوەژیان و ڕێکخستن و خەباتی یەکگرتوانەی نەتەوەی کورد دەکردەوە. ئەگەر دوژمنانی نەتەوەی کورد هەمیشە هەوڵیان داوە بە ئاژاوەنانەوە و دروست کردنی دووبەرەکی، کەلێن بخەنە ناو ماڵی کورد ، ئەوە ئەرکی مێژوویی سەرجەم هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان ئەوەیە کە بە لە بەر چاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی پیلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان پووچەڵ بکەنەوە و ئەم وانەیە لە بیر نەکەن کە هیچ ئامانجێک لە ڕزگاریی نەتەوە و پاراستنی کەرامەت و بەرژەوەندیی نەتەوەیی باڵاتر نییە؛ و هیچ هەڵەیەک لەوە زیانبەخشتر نییە کە بەرژەوەندییە تاکە کەسی و گروپییەکان لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا جێگەی بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بگرنەوە.
هەروەها ئەزموونی کۆماری کوردستان فێری کردین کە پشت بەستن بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان، بەبێ پشت بەستن بە بنکەیەکی جەماوەری و ئیرادەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ، ناتوانێ گەرەنتی مانەوەی دەستکەوتێکی نەتەوەیی بکات. زلهێزه ده ڕه کییه کان له په یوه ندییه کانیاندا بەر لە هەموو شتێک بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەبەرچاو دەگرن نە مافی نەتەوەیی نەتەوە بێدەوڵەت و خاک داگیرکراوەکان. ئەم ڕاستییە تاڵە، یەکێکی ترە لە وانە بەنرخەکانی ١٠ی خاکەلێوە: نەتەوەی کورد دەبێت پێش هەموو شتێک پشت بە ڕێکخستنی خۆی، بە یەکگرتوویی خۆی، بە هێزی گەلەکەی و بە شەرعیەتی مێژوویی و سیاسیی داواکارییەکەی ببەستێت. پشتیوانی دەرەکی کاتێک مانای هەیە کە نەتەوەیەک ئیرادەیەکی ڕوون و هێڵێکی یەکگرتوو و ئاسۆیەکی ڕوونی لەناو خۆیدا بنیات نابێت.
لە ڕوانگەی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، وەفاداری بە ١٠ی خاکەلێوە تەنیا خۆی لە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە دا نابینێتەوە. وەفاداریی ڕاستەقینە ئەوەیە، ڕێبازی شەهیدان بکرێتە بەرنامەیەکی سیاسی و بەرپرسیارێتی نەتەوەیی. ئەم وەفادارییە بە واتای پاراستنی یادەوەری و حافزەی مێژوویی نەتەوەکەمان؛ زیندوو ڕاگرتنی ناو و ڕێبازی شەهیدان؛ پشتیوانیکردن لە کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی؛ بەهێزکردنی کولتوری خەبات، هۆشیاری، ڕێکخستن، و هاوپشتی؛ بەرگریکردن لە زمان و شوناس و کولتوور و سەروەری سیاسیی نەتەوەی کورد؛ و درێژەدان بەو ڕێگایەی کە پێشەوا و هاوبیرانی بە هۆشیاری و شانازییەوە پێیدا ڕۆیشتن.
ڕایدەگەیەنین کە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە بۆ پارتی سەربەخۆیی کوردستان ، ڕۆژی نوێبوونەوەی پەیمانە لەگەڵ هەموو شەهیدانی کوردستان. لە بەردەم ڕۆحی پاکی پێشەوا قازی محەممەد، محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی و سەدری قازی و هەموو ئەوانەی لەسەر ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی گیانیان لەدەستداوە، بەڵێن دەدەین: تا بەدیهاتنی ئامانجە مێژووییەکانی نەتەوەکەمان بەردەوام بین لە خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد و دووبارە بنیاتنانەوە کۆمار و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. ئێمە پێمان وایە بیر و هزری کۆماری کوردستان بیرێک نییە کە لە ڕابردوودا نێژرابێ؛ ڕاستییەکی زیندوو و ئیلهامبەخشە بۆ ئێستا و داهاتووی نەتەوەکەمان. ئەوەی لە گۆڕەپانی چوارچرای مهاباد دەستی پێکرد بە شەهیدبوون کۆتایی نەهات؛ بەڵکوو بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە ویژدان و حافزەی مێژوویی کوردستان.
لەم ڕۆژە مێژووییەدا، پارتی سەربەخۆیی کوردستان داوا لە هەموو هێز و حیزب و لایەنە نەتەوەیی و کوردستانیەکان، تێکۆشەران، ڕووناکبیران، گەنجان، ژنان، کرێکاران، پێشمەرگە، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەکات کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و تێگەیشتن لە قۆناغی هەستیار، مێژوویی و چارەنوسسازی ئێستا، هەوڵ بدەن بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و ڕێکخستنی ئیرادەی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورد. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە پلاتفۆرمێکی ڕوون و یەکگرتوو و بەرپرسیارانە هەیە؛ پلاتفۆرمێک کە بتوانێت هێز بەدەست بهێنێت لە یادەوەریی خوێناویی ڕابردوو بۆ بنیاتنانی داهاتوو.
١٠ی خاکەلێوە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە میللەتی کورد بە هەموو برینەکانیەوە شکستی پێناهێنرێت. دوژمنەکانمان زۆریان هەوڵیان داوە بە کوشتنی ڕێبەر و سەرکردەکانمان و بە ترس و تۆقاندن و سەپاندنی بێدەنگی، ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بشکێنن؛ بەڵام هەموو جارێک کوردستان وەک ژیلەمۆی ژێر ئاگر و لە ژێر خۆڵەمیشەوە بڵێسەی گرتووە و سەری هەڵداوەتەوە. ئەم نەتەوەیە، نەتەوەی لەبیرچوونەوە و لە بیربردنەوە نییە؛ نەتەوەی گەڕانەوەیە بۆ بەدەستەوە گرتنەوەی سەروەریی سیاسی، نەتەوەی بەرخۆدان و خەبات و وەفادارییە بە ڕێباز و خوێنی شەهیدان. تا ئەم یادەوەرییە زیندوو بێ ، هیچ پەتێکی سێدارە و زیندانێک ناتوانێت کۆتایی بە دۆزی ڕەوای ئازادی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان بهێنێت.
ئێمەی کورد لە ڕەگەزی دار بەڕووین،
سەرمان ببڕن ، بمانسووتێنن سەوز ئەبینەوە
لەجێی هەر دەمە تەوڕێک دەیان وەچی تازە لەسەر جەستەمان دەڕوێتەوە…
بە بڕینەوەی هەر دارێک؛
سەدان ڕیشە لە ژێر خاکی ســووتاوی باڵامان دەڕوێتەوە.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە یادی ٧٩هەمین ساڵوەگەڕی ١٠ی خاکەلێوە دووپاتی دەکاتەوە کە ڕێگای پێشەوا قازی محەممەد، ڕێگای شەڕەفی نەتەوەیی و متمانە بەخۆبوون و یەکڕیزی و خەباتی هۆشیارانە و وەفادارییە بۆ مافی نەتەوەی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و بە دەستەوە گرتنی سەررەوەیی سیاسی. ئێمە ئەم ڕۆژە نە تەنیا وەک ڕۆژی خەم و پەژارە، بەڵکوو بە ڕۆژی کەرامەت و بەئاگابوونەوە و بەرپرسیارێتی دەزانین؛ ڕۆژێک کە هێزی لێ وەربگرین نەک بێهیوایی.
لە کۆتاییدا، بەوپەڕی ڕێز و وەفاداریەوە سەری کڕنۆش بۆ هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دادەنەوێنین؛
سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و گیانبەختکراوان؛
سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ زیندانیانی سیاسی و هەموو ئەوانەی ڕێبازی ئازادی دەپارێزن؛
و ڕایدەگەیەنین : ئەو ئاڵایەی کە پێشەوا هەڵیکرد لە ویژدان و بیر و هزری نەتەوەی کورددا بەردەوامە و بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ناکەوێتە سەر زەوی تا مافە مێژوویی و نەتەوەییەکانی ئەم میللەتە بەدەست نەهێنرێت.
دروود بۆ ڕۆحی پاکی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێ و هاوبیرانی
دروود بۆ هەموو شەهیدان و گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان
بژی یەکێتیی نەتەوەیی نەتەوەی کورد
بژی کورد و کوردستان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی
٢٩ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی



