پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٢٢ هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ” پژاک” لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ٤ی نیسانی لە هاوڕێیان و هەڤاڵانی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی پژاک کرد، دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕیزان:
هاوڕێیان و هەڤاڵانی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
ئەندامان و لایەنگرانی پژاک
سڵاو و ڕێز:
بە بۆنەی ٤ی نیسان، بیست و دووهەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ” پژاک” گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و سەرکەوتنتان لە خەبات و تێکۆشانتان لە پێناو ئازادیی کورد و کوردستان دا بۆ بە ئاوات دەخوازین.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە حاڵێکدا ئەمساڵ یادی بیست و دووهەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی دەکاتەوە کە شەڕ بە دژی ڕژیمی ئێران لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ماوەی زیاتر لە یەک مانگە لە ئارا دایە و لە ئێستاش دا چۆتە قۆناغێکی نوێ کە ناوچەکە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەبات و کوردستانیش لەم گۆڕانکاریانەی ناوچەکە دا پشکی شێری بەردەکەوێت.
هەلومەرجی هەستیار و چارەنووسسازی ئەم قۆناغە ی ئێستا، دەرفەتێکی زێڕین و مێژووییە لە بەر دەم نەتەوەی کورد بە گشتی و هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، تاکوو بتوانین ئەم هەلە لە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بقۆزینەوە و تاکە ڕێگەی گەیشتنیش بە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریتیە لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد و بە تایبەتی هاوئاهەنگی و یەکدەنگیی هێز و لایەنە سیاسیەکان.
بۆیە لەم کات و ساتە دا لە ڕوانگەی ئێمەوە ، پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە پەرەی پێ بدرێ ، چونکە سەرکەوتنی هەر هاوپەیمانییەک گرێدراوە بە بنەماکانی وەک: ڕێزگرتنی یەکتر، شەفافیەت، بەرپرسیارێتی هاوبەش و دانانی میکانیزمی ڕوون بۆ بڕیاردان و باوەڕمەندی بە فرەیی و پلۆرالیسمی سیاسی و هەبوونی ڕووحیەتی تۆلێرانس و پێکەوە هەڵکردن، هەروەها پێمان وایە فراوانبوونی هاوپەیمانی و بەشداریکردنی هەرچی زۆرتری هێزە سیاسییەکان بە بێ حەزف و سانسۆڕ یا پەرواێز خستنی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونی ئەو هاوپەیمانییە.
جارێکی تر ٢٢ ساڵەی دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانتان لێ پیرۆز بێت.
سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی
٤ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی




https://shorturl.fm/9BQl5
https://shorturl.fm/GV7rU
https://shorturl.fm/T5C3M