ڕۆڵی کورد لە ستراتیژی ئەمریکادا: کارتی فشار لە دژی ئێران

خەدیجە ئەسکەندەر
خەدیجە ئەسکەندەر        

لەمێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؛ بە دەگمەن سەرکردە هەبووە وەک “دۆناڵد ترەمپ” بەو خێراییە لێدوانە ستراتیژییەکانی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو لە زیادبوونە، جارێکی دیکە پرسی بەکارهێنانی هێزە چەکدارە نەیارەکانی ئێران، بەتایبەت لایەنە کوردییەکان، وەک ئامرازێکی گوشار دژی تاران هاتۆتە پێشەوە. “دۆناڵد ترەمپ”، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانی خۆی بۆ جووڵەی شەڕڤانە کوردەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن دەربڕی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. ئەم هەڵوێستە مشتومڕێکی گەورەی لە واشنتۆن و تەلئەبیب دروستکرد سەبارەت بەوەی ئایا دەکرێت ئەم هێزانە وەک “هێزێکی سەر زەوی” هاوشێوەی “هاوپەیمانی باکوور” لە ئەفغانستانی ساڵی 2001 بەکاربهێنرێن بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران.

ئێران وڵاتێکە لە ڕووی نەتەوەییەوە فرەڕەنگە، خاوەنی ملیۆنان کەسە، جگە لە فارسەکان، ئازەرییەکان، کورد، عەرەب، بەلووچ و تورکمانەکان هەن، هەرچەندە ئازەرییەکان گەورەترین کەمینەن و تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت بوون، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان، بزووتنەوەی چەکداری بوونیان هەیە. ستراتیژیی کارکردن لەسەر لایەنی نەتەوەیی مەترسییەکی گەورەیە؛ چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆیی کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت و یەکپارچەیی خاکی ئێران بخاتە مەترسییەوە. تاران بەردەوامە لە بۆردومانکردنی بنکەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەیانبینێت. لە ناوخۆی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیشدا یەکدەنگی نییە؛

ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران، هەر جۆرە داواکارییەک بۆ مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن کوردەکانەوە بە هێڵی سوور و هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی ئێران دەبینێت. لە بەرانبەردا، نوێنەرانی کورد جەخت دەکەنەوە کە نایانەوێت ئێران دابەش بکەن، بەڵکوو داوای سیستەمێکی فیدراڵی دەکەن کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت. لە ئاستی ناوچەییشدا، تورکیا بە گومان و ترسەوە دەڕوانێتە ئەم جووڵانە. ئەنقەرە دەترسێت چالاکبوونەوەی بەرەی کوردی لە ئێران، ببێتە هۆی بەهێزبوونی تۆڕە چەکدارییە کوردییەکان لە سەرانسەری سنوورەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ناوخۆیی تورکیا و هاوسەنگییەکانی ناوچەکە هەبێت.

لە کۆتاییدا؛ کارتی کوردی شمشێرێکی دووسەرە؛ هەم دەتوانێت گوشارێکی کاریگەر بێت بۆ سەر تاران، هەمیش دەکرێت ئاگری شەڕێک بگەڕێنێتەوە کە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە. هاندانی شەڕ، کورد وەک سوتەمەنی؛ ترەمپ سەرەتا بەزمانی سەوداگەری دەستیپێکرد، کاتێک بەشداریی کوردانی لەشەڕی زەمینی دژی ئێران بەکارێکی “ناوازە” ناوبرد، پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ هێزە کوردییەکان نارد کە ئەمریکا چەترێکی پارێزەر دەبێت بۆیان، ئەمە هاندانی هێزێکی سیاسیی بوو بۆ چونە ناو جەنگێکی خوێناوی کە دەکرێت تەواوی ناوچەکە بسوتێنێت. پاشەکشێی سۆزداری، کورد وەک قوربانی؛ تەنها چەند کاتژمێرێک دواتر، لە بنکەی دۆڤەر، په‌یامه‌كه‌ 180 پلە گۆڕا، ترەمپ وتی، “نامەوێت کوردەکان بکوژرێن”، ئەم لێدوانە، هەرچەندە لەڕواڵەتدا مرۆیی دەردەکەوێت، بەڵام لەناوەڕۆکدا دوفاقییەکی کوشندەیە؛ چونکە نیشانیدەدات کە واشنتۆن هیچ پلانێکی ستراتیژیی‌و درێژخایەنی بۆ پاراستنی ئەو هاوپەیمانانە نییە کە هانیاندەدات بۆ جەنگ.

ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم دوفاقییەى تره‌مپ به‌رامبه‌ر به‌كورد بەکارهێنانی تاکتیکی؛ بۆ ترەمپ، کورد هاوبەشێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو کارتی فشارە، هەر کاتێک بییەوێت تاران بترسێنێت، باسی ناوازەیی کورد دەکات ‌و هەر کاتێک بیەوێت لەبەرپرسیارێتی ڕابکات، باسی خەمخۆریی بۆ ژیانیان دەکات. بێباکی لە هاوپەیمانی؛ ئەم شێوازە لەمامەڵە، بیرەوەرییە تاڵەکانی ساڵی 2019 “کشانەوە لەڕۆژئاوای کوردستان” زیندوو دەکاتەوە، سیاسەتی بەرژەوەندیی کاتی، ترەمپ دەیەوێت بەبێ خەرجکردنی یەک دۆلارو بێ کوژرانی یەک سەربازی ئەمریکی، گەورەترین گورز لەئێران بوەشێنێت، تەنانەت ئەگەر باجەکەی لەناوچوونی نەتەوەیەکی دیكه‌ش بێت.

دوفاقییەکەی ترەمپ دەریدەخات کە کورد لەهاوکێشەی ئەمریکا پێش هەموو شتێکدا، تەنها ژمارەیەکی کاتییە، ئەم گۆڕانکارییە خێرایە لەلێدوانەکاندا نەک هەر جێگەی متمانە نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسییە بۆ هێزە کوردییەکان کە نابێت لەسەر بنەمای “تویت”‌و “لێدوانی سەرپێیی” بڕیارە چارەنوسسازەکانی خۆیان بدەن.

تێبینی: کوردناسیۆن لەو بابەتە بەرپرسیار نییە و تەنیا وەک ئازادیی ڕادەربڕین بڵاوی دەکاتەوە

بابەتی پێشووسکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان سەردانی ماڵی کوردانی لە شاری لیدز کرد.
بابەتی دواترشیکارییەکی ستراتیژی لە شەڕی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی لە سەر نەزمی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

13 کۆمێنتەکان

Leave a Reply

تاریخ کوردی و میلادی
نوێترینەکان
بەشداریی هەیئەتێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کۆبوونەوەی پارلمانی بریتانیا فیلم: دیــاکـــۆ ؛ سەرەتای یەکگرتوویی مـــاد "یەکەمین دەوڵەتی کوردی" بۆ سەربەخۆیی؟ پارتی سەربەخۆیی کوردستان: کوژرانی سیاوەش ئەلەک دیسان ئەوەمان بیر دێنێتەوە:کورد تا دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی دەبێ. پەیامی سەرەخۆشی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی شەهیدبوونی چەندین پێشمەرگە و گەریلای کوردستان و شەرمەزار کردنی تاوانەک... بەشداریی هەیئەتێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کۆبوونەوەی پارلمانی بریتانیا بە بەشداریی لایەنە سیاسیەکانی کورد،بەلووچ، ... پاریس:دیداری سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە گەڵ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕانسە دیداری سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە گەڵ سەرۆکی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس شار، پێتەخت، هەولێر و کوردستان: پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٥١هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٣٥ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان لە بریتانیا بەڕێوە چوو. پارتی سەربەخۆیی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات. کۆبوونەوەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز سمینارێک بۆ دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لە ژێر ناونیشانی «زمانی کوردی و زاراوەکانی» ڕێکخرا. فەرشید گردکانی و نامۆ فازڵ دوو قارەمانی کوردی بواری وەرزش لە ئاستی جیهانیدا