نووسینی: ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
لە هەر شەڕێکدا، لایەنەکان هەوڵ دەدەن خۆیان وەک سەرکەوتوو نیشان بدەن، بەڵام عەرزی واقع هەمیشە ئاڵۆزترە لە پڕوپاگەندە و گێڕانەوە سیاسیەکان. شەڕی ئەم دواییە دەریخست کە هیچ کام لە یاریزانە سەرەکییەکانی ئەم شەڕە – نە کۆماری ئیسلامیی ئێران، نە ئیسرائیل، نە ئەمریکا، نە هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان – بێ ئەوەی تێچووی قورسی سیاسی، ئەمنی، سەربازی و ستراتیژی بدەن، لەم قەیرانە دەرنەچوون. بۆیە هەموو لایەک ناچار بوون لە چوارچێوەیەکی نوێدا ئامانج و ئامراز و ئەولەویەتەکانی خۆیان پێناسە بکەنەوە. بەڵام ئەم دووبارە پێناسەکردنەوە بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕ نییە، بەڵکوو ئەوە نیشان دەدات کە ململانێکان چوونەتە قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزترەوە.
لە هەلومەرجی ئێستادا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێگەی لاوازی ستراتژیکیدایە و هەر گەڕانەوەیەکی بۆ سەر مێزی دانوستان لە پێگەی دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکوو لە ئەنجامی لاوازی و فشاری سیاسی،ئابووری، سەربازی و ژێئۆپۆلیتیکی دایە . لەبەرامبەردا ئەمریکا و ئیسرائیل لە پێگەی باڵادەستیی سەربازی و سیاسییەوە ئەم قۆناغەیان بەڕێوەبردووە. لەم ڕوانگەیەوە، دانوستانەکانی ئێستا لە جیاتی ئەوەی کۆتایی بە شەڕ بێنن،لە سروشتی خۆیاندا ناسەقامگیرن و هەر کات ئەگەری لێک هەڵبەزینەوە و تێکچوونی ئەم ئاگربەستە کاتیە لە ئارا دایە و لایەنەکانی دانوستانکار لەبری ئەوەی کۆتایی شەڕەکە دیاری بکەن، نوێنەرایەتی ڕێکخستنەوەیەکی کاتیی سەربازی و سیاسی دەکەن؛ ڕێکخستنەوەیەک کە ئامانجیەتی بنەمایەک بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو ئیمتیازاتانە دابین بکات کە واشنگتۆن لە تارانی دەخوازێت. لە دۆخێکی وادا ئێران نە توانای سەپاندنی داواکارییەکانی هەیە و نە شانسی زۆری هەیە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەمریکا.
ئامانجی ئیسڕائیل تەنیا کۆنتڕۆڵکردن و گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو لە ئاستێکی قووڵتردا بەستراوەتەوە بە لاوازبوونی پێکهاتەیی و تەنانەت داڕمانی تەواوی سیستەمی سیاسیی ئێرانەوە. لەم ڕوانگەیەوە نابێت ئاگربەستی کاتی وەک کۆتایی شەڕ و ململانێکان سەیر بکرێت و ئەمە وەک وەستانێکی کاتی و تاکتیکیی شەڕە لەسەر ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەتر، ئەوەی ئەمڕۆ لە ئارا دایە، کۆتایی شەڕ نییە؛ تەنیا وەستانێکی کورتە بۆ ئامادەسازی و خۆ ڕێکخستنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەتر، کەوابوو شەڕەکە بە شێوەی کاتی وەستاوە و لێدان لە ئێران تا ڕووخاندنی بەردەوام دەبێ.
هەر چەند ئه م شه ڕه بۆ ئیسرائیل بێ هەڵە نەبووه، کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لە بەرانبەر بە ئێران ، پێش کۆتاییهێنان و کۆنتڕۆلکردنی حیزبوڵڵای لوبنان و بەشێکی تر لە پڕۆکسیەکانی ئێران، هەڵەیەکی ستراتیژی بوو کە بووە هۆکاری ئەوەی ئیسرائیل لە بەشێک لە ئەولەویتەکانی خۆی لەم شەڕە دا خۆش بێ و نەتوانێ وەک پێشووتر بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەمریکا بە شێوەی سەربەخۆ بڕیار بدات، بۆ نموونە: ئیسرائیل لە رۆژی یەکەمی شەڕەوە بە ئامانجی ڕوخاندنی ڕژیمی ئێران، شەڕەکەی دەستپێکرد و کردنەوە یا داخستنی گەرووی هورموز هیچ کات کێشە و پرسی ئیسرائیل نەبووە، هەمان پرس کە ترامپی ناچار کرد بگەرێتەوە سەر میزی دانوستان.
لە لایەکی دیکەوە، ئێران لە ئێستا دا بە هەڵە لە دان بەخۆ داگرتنی ئەمریکا تێگەیشتووە و وا دەزانێ ئەمە لە لاوازیی ئەمریکایە، لە حاڵێکدا تا ئەمڕۆش ئەمریکا کەمترین هێزی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ لە گەڵ ئێران بەکار هێناوە ، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ژێرخانی سیاسی، ئابووری و نیزامیی ڕژیمی تووشی شکست و داڕمان کردووە.
تا ئەم قۆناغە دەکرێ ئەمریکا و ئیسرائیل بە سەرکەوتوو و براوەی ئەم شەڕە هەژمار بکرێن. بەشێکی بەرچاو لە سەرکردایەتی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران لەناوچووە، ژێرخانی بنەڕەتی و بنکە و پایەگا سەرەکییەکانی ڕێژیم زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و ئەو پێکهاتەی ماوەتەوە لە هەموو کاتێک زیاتر کۆن و لە کارکەوتووە. بەو حاڵەشەوە سەرکەوتنی کۆتایی و یەکجارەکیی ئه مریکا و ئیسرائیل ته نیا کاتێک مانادار ده بێت که ببێته هۆی داڕمان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواویەتی خۆیدا. ئەگینا مانەوەی ڕێژیمی ئێران – تەنانەت ئەگەر زیانێکی گەورەشی وێکەوتووە– لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە بە مانای سەرکەوتنی دەبێت، چونکە کۆماری ئیسلامی ئەم مانەوەیە وەک سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ خۆی پێناسە دەکاتەوە و ڕوو بە ناوخۆی و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش وەک سەرکەوتن بەرانبەر بە دوو زلهێزی جیهانی دەیفرۆشێتەوە، ئەمەش پێگەی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دوو زلهێز لە ناوچەکە دا لاواز دەکات.
کەواتە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات کەمتر وەک ئاشتییەکی بەردەوامە، وەستانێکی ناسک و کاتییە لە ململانێیەکی فراوانتر و قووڵتر و تا ئەو کاتەی پرسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستێکی ستراکتوریدا چارەسەر نەکرێت، هەر ئاگربەستێک یان ڕێککەوتنێک لە باشترین حاڵەتدا ڕاگرتنێکی کاتیی شەڕ دەبێ نە کۆتاییهێنان بە شەڕ. لە ڕوانگەی ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم شەرەوە، پرسەکە تەنها ڕەفتاری کاتیی تاران نییە، بەڵکوو بوونی پێکهاتەیی نەزمێکە کە بەردەوامە لە دروستکردنی هەڕەشە و خوڵقاندنی قەیران و تیرۆر لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە تەنیا لە سنوورە دەستکردەکانی ئێراندا سنووردار نابێت. ئەگەر ڕژیم بمێنێتەوە، ڕەنگە لە کورت ماوە دا خۆی بنیات بنێتەوە و بەرەو توانای سەربازیی ئەتۆمی هەنگاو بنێت. لە دۆخێکی وادا وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە زیاتر بەرەوڕووی کاریگەریی ئێران دەبنەوە و دەکەونە ژێر هێژموونیی زیاتری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیە لە شەڕی ئۆکرانیا دا پشت ئەستوورتر دەبێت، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی هەڕەشەی زیاتر دەبنەوە و تەنانەت ڕەنگە چین بەرامبەر بە تایوان بیر لە داگیرکاری و شەڕ بکاتەوە. بۆیە کۆتایی هاتنی شەڕ بە بێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا گۆڕانکارییەکی ناوچەیی بە دوای خۆیدا ناهێنێت ، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی لە سەر هاوسەنگیی هێزی جیهانی، ئیعتباری سیاسی و نیزامیی ئەمریکا و داهاتووی نەزمی نێودەوڵەتی دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ بڵێین نە شەڕ کۆتایی هاتووە و نە ئەو هاوسەنگیانەی لێیەوە سەریان هەڵدا، سەقامگیر بوون. ناوچەکە چووەتە قۆناغێکی نوێ؛ قۆناغێک کە تێیدا ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانییەکان، پێداچوونەوە بە ستراتیژییەکان، پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندییە ژێئۆپۆلیتیکەکان و دووبارە لێکدانەوەی سیاسەتە ئەمنییەکان، لە خودی شەڕی راستەوخۆ گرنگتر دەبێت . ئەوەی ئێستا شکڵ دەگرێت تەنها درێژەدان بە شەڕێک نییە، بەڵکوو پرۆسەی دووبارە کێشانەوە و دیزاینکردنەوەی نەزمی ئەمنی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
لە ڕوانگەی ژێئۆپۆلیتیکەوە ئەم نەزمە نوێیە بەبێ ئێرانی ئێستا دروست دەبێت. لەم دیدگایەدا ئەو پێکهاتە سیاسییەی ئەمڕۆ بە “ئێران” ناسراوە، وەک قەوارەیەکی دەستکرد و سەپێنراو دەڕووخێندرێ و لە شوێنی ئەو چەندین یەکەی سیاسیی نوێ وەک کوردستان، بەلووچستان، ئەحواز، ئازەربایجانی باشوور، تورکەمەنستانی باشوور ، کاسپیەن و فارسستان سەرهەڵدەدەن. لە وەها نەزمێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ دوور لە هەژموونەکان و دوور لە داگیرکاری دروست دەبێت و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسیی خۆیان بە دەستەوە دەگرنەوە.
لە کۆتاییدا ناتوانرێت، کێشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لە ئاستی ڕەفتارەکانیدا لێی تێبگەین، بەڵکوو کێشەی ئێران لە شێوەی پێکهاتەکەی دایە. ئەو ڕژیمە هەر لە سەرەتاوە لەسەر درووستکردنی قەیران،تیرۆر، هەناردەکردنی بیرۆکەی ئینقلابەکەی، فراوانکردنی تۆڕە نیابەتیەکان، پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمی و بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامیی گرژییەکان لە ناوچەکەدا بنیات نراوە. بۆیە پرسی سەرەکی چاکسازی لە هەڵسوکەوتی ئەم ڕژیمە دا نییە، بەڵکوو گۆڕینی ئەو پێکهاتەیەیە لە تەواویەتی خۆیدا کە بە بەردەوامی هەڕەشە، ناسەقامگیری و قەیران بەرهەم دەهێنێت. بەم پێیە، ناکۆکیی ئێستا نەک تەنیا وەک شەڕێک، بەڵکوو وەک خاڵی وەرچەرخانێک لە پێناسەکردنەوەی نەزمی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا سەیر دەکرێت؛ خاڵێک کە چارەنووسی کۆماری ئیسلامی، هاوسەنگی هێزی داهاتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، متمانەی ستراتیژی ئەمریکا لە ئاستی ناوچەکە و تەنانەت ئاراستەی هەندێک قەیرانی جیهانیش پێکەوە گرێ دەداتەوە.
تێبینی: ئەم وتارە بە زمانی ئینگلیسی لە ماڵپەڕ و ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل پێستر بڵاو بۆتەوە




https://shorturl.fm/0FMmZ
https://shorturl.fm/IGBpZ
https://shorturl.fm/11Pmz