پیرۆز بێت ۳۸ مین ساڵیادی دامەزرانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
هاونیشتمانیانی بەڕێز، خەباتکاران و هەموو دڵسۆزانى نەتەوەی کورد!
سی و هەشت ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی ۱۹٨٨ی زایینی ، بەرەی یەکگرتوویی دێموکراتی کوردستان دامەزرا و دوای دوو ساڵ خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان، لە یەکەم کۆنگرەی خۆیدا لە٣٠ی خاکەلێوەی٢٦٩٠ی کوردی «١٩ی ئاپریلی ١٩٩٠ی زایینی» ی ناوی بەرەی گۆڕی و ناوی پارتی سەربەخۆیی کوردستانی بۆ درێژەدان بە خەباتی سەربەخۆییخوازی هەڵبژارد.
بەم بۆنە پیرۆزەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و لە گشت خەڵکی کوردستان دەکەین و دڵخۆشین کە دوای سی و هەشت ساڵ خەبات و تێکۆشانمان بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسیی نەتەوەی کورد، ئێستا ویست و خواستی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان رزگاری و سەربەخۆیی نیشتیمان و تێکۆشانە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، دێموکراتیک و سەربەخۆی کوردستان.
خەبات و تێکۆشانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو سی و هەشت ساڵەدا، دەگەڵ ئەوەش کە خەباتێکی بەرهەق و ڕەوا بووە لە هەمانکاتیشدا خەباتێکی زەحمەت و پڕ لە بەر بەست بووە. لە لایەک خەبات بۆ سازدانی نەتەوەیەک کە شانازی بە بوونی خۆی و نیشتمانەکەی بکات و لە لایەکیش خەبات دژی داگیرکاریی خەڵک و خاکی کوردستان.
هاونیشتمانیانی هێژا!
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کات و ساتێکی زۆر هەستیار دا دەستی بە خەبات و تێکۆشانی سەربەخۆییخوازی کرد.کاتێک کە نەک تەنیا هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی دیکە لە مەیدانی خەباتی سەربەخۆییخوازیدا نەبوون بەڵکوو باسی سەربەخۆییش زۆر بڤە و دوور بوو لە بیری زۆربەی خەڵکی سیاسیی ئەودەمی کوردستان. لەو کاتەدا، هەندێک ڕووناکبیر و تەنانەت هەندێک ئەحزابی سیاسیی کوردیش دروشمی “سەربەخۆیی کوردستان” یان وەک “شێعری شاعیران” یان وەک “خەونێک” دەبینی.
بەڵام پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە باوەڕێکی قووڵ و ئیرادەیەکی پتەووە ئەو خەونەی کرد بە ئامانجێکی سیاسی و نیشتیمانی، و خەباتی بەردەوامی بۆ کردووە و لە ئێستا دا بۆتە وێژمان و خواستی یەکەم و سەرەکیی خەڵک و شەقامی کوردستان.
لە ماوەی ئەم ٣٨ ساڵەدا گۆڕانکاری گەورە لە بیر و هەستی گشتیی خەڵکی کوردستاندا پێکهاتووە؛ ئەوەی کە ڕۆژگارێک وەک خەونێک دەبیندرا ،ئێستا بۆتە داواکارییەکی گشتی و ئاشکرا.
ئەمڕۆ زۆربەی نزیک بە تەواوی خەڵکی کوردستان خوازیاری سەربەخۆیی کوردستانن و باوەڕیان وایە کە تا کورد نەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، ناتوانێت خاوەنداریەتی لە نیشتیمان و بوونی نەتەوەیی خۆی بکات، و هەمیشە لە ژێر تەوژمی زەبرو زەنگی داگیرکراوی و ماف لێ زەوتکراویدا دەمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە ئێستا کۆمەڵێکی زۆر لە ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی و کەسایەتیی سەربەخۆییخواز هاتوونەتە مەیدان و خەبات دەکەن بۆ رزگاری یەکجاری کوردستان. ئەمە نیشانەی گەشە و پەرەسەندنی بیر و هزری نەتەوەییە. هەروەها ئێستا هیچ ڕێکخراوێکی کوردی نییە کە بە ڕوونی دژایەتی خەباتی سەربەخۆییخوازی بکات. ئەگەر هەندێک لەو ڕێکخراوانە کە بۆ خۆشیان بە کردەوە هەنگاو نانێن بۆ رزگاری و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵام دژایەتی ئەو خەباتەش ناکەن.
لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە، لە ماوەی ئەم ٣٨ ساڵەدا تێڕوانینی جیهان بەرامبەر بە پرسی نەتەوەی کورد گۆڕانێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە. ئەگەر لە ڕابردوودا پرسی کورد زۆرجار لە چوارچێوەی ناوخۆیی وڵاتانی داگیرکەر و ناوچەیی دا دەبینرا و پێناسەی بۆ دەکرایەوە، ئێستا بۆتە بابەتێکی گرنگی نێودەوڵەتی کە لە میدیا و ناوەندە سیاسییە جیهانییەکاندا باسی لێدەکرێت. ئێستا خەڵکانی دونیا زیاتر ئاشنا بوون بە مێژوو، ماف و خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد و زۆر جار هاودەنگی و پشتیوانیی خۆشیان پیشان دەدەن.
ئەم ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییانە، لەگەڵ ئەو گەشەیەی کە لە ناوخۆی کوردستاندا ڕوویداوە، هیوایەکی زیاتری دروست کردووە بۆ ئەوەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان لەسەر ئاستی جیهانیش زیاتر ناسراو و پەسەندکراو بێت.
بەبێ گومان، بەشێک لەم گۆڕانکارییە مێژووییانە دەگەڕێتەوە بۆ بوون و خەباتی سەربەخۆییخوازیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان کە هەمیشە بە شانازییەوە لەسەر ئەو ڕۆڵەی خۆی دەوەستێت و بەردەوام دەبێت. پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئێستا دڵخۆشە بە بوونی ئەم هەموو دەنگ و هێز و ڕێکخراوانەی کە هاوئامانجن لەگەڵ درووشمی پیرۆزی سەربەخۆیی بۆ کوردستان.
هاونیشتیمانیان!
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ۳۸ساڵەی دامەزرانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان دەکەینەوە کە ناوچەکەی ئێمە بە هۆی شەڕی ڕژیمی ئێران دژی ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی شڵەژان و نائارامییەکی قووڵتر بۆتەوە و ئەمانەش کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاسایش و ژیانی گەلانی ناوچەکە هەیە. ئێمە هیوادارین کە ئەم شەڕ و ئالۆزییانە بە زووترین کات کۆتاییان پێ بێت و ئارامی و ئاسوودەیی بگەڕێتەوە بۆ هەموو گەلانی ناوچە، و ببێتە سەرچاوەی خێر و خۆشی، ئازادی و رزگاری بۆ خەڵکانی خاک داگیرکراو بە گشتی و بە تایبەتی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نزیکەی یەک سەدەیە لە ژێر باری قورس و پڕ لە ئازاری داگیرکراوی بە دەست ڕژیمی ئێرانیدا ژیان بەسەر دەبەن.
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
لێرەدا پێویستە ئاماژەیەک بە پێکهاتنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێرانیش بکەین، وەک هەنگاوێکی گرینگ و پڕ لە هیوا بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم هاوپەیمانییە دەتوانێت ببێتە بنەمای یەکگرتوویی و هاوکاریکردنی باشتر بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد. لەم روانگەیەوە داوا دەکەین کە ئەم هاوپەیمانییە هەرچی زووتر بەرفراوانتر بکرێت و ڕێکاری کار و چالاکییەکانی بە شێوەیەکی ڕوون و کاریگەر دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی کاریگەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان هیوادارە و باوەری وایە کە پرسی سەربەخۆیی کوردستان زیاتر و زیاتر پەرە دەستێنێت و دەبێتە یەکگرتوویەکی نیشتیمانی کە ئاکامەکەی رزگاری کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەبێت.
بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە ئاڵای کوردستان لە سەر بانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بشەکێتەوە و خەڵک و خاکی نیشتیمان بە ئاسوودەیی و بە ئەمنیەتەوە ژیان بەسەر بەرن.
سەرکەوێ خەباتی رزگاریخوازیی کوردستان.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان



https://shorturl.fm/hXX9z
https://shorturl.fm/mzV12