کوردناسیۆن: ڕۆژی هەینی ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ی کوردی”٢٤ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی” بە بەشداریی بەشێک لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان یادی ساڵوەگەڕی جینۆسایدی زانکۆی سلێمانی و خەڵکی سڤیلی قەڵادزێ لە هۆڵەند پارکی شاری لەندەن بەڕێوە چوو.
ئەم یادە کە لە لایەن ڕێکخراوی قەڵادزێ” ناوەندی داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ، كەس و كاری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید” و بە پێشکەشکاریی مامۆستا هاوژین ڕەشید و هێدی ئومێد هەڵشۆیی ڕێکخرابوو، سەرەتا بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گیانبەختکردوانی کوردستان و سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و دواتر داگیرساندنی مۆم دەستی پێکرد.
دواتر هەر کام لە ئامادەبوان لە پێوەندی بە کارەساتی بوردومانی قەڵادزێ و تاوانەکانی ڕژیمی بەعسی ڕووخاو وتە و وتاریان پێشکەش کرد.
هەیئەتێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان پێکهاتوو لە ئاشتیاکۆ پوورکەریم،سکرتێری گشتیی پارتی و گۆران دەشتی ئەندامی دەفتەری سیاسیی پارتی لەو یادە دا بەشدار بوون و وێرای دانانی تاجە گوڵینەی ڕیز و وەفا، پەیامی پارتی سەربەخۆیی بەم بۆنەوە لە لایەن سکرتێری گشتیی پارتیەوە پێشکەش کرا.
لەو یادە دا جیا لە چەندین کەسایەتیەکی دیاری داکۆکیکەر لە مافی مرۆڤ، بەشێک لە کەس و کاری شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدی زانکۆی سلێمانی و خەڵکی سڤیلی قەڵادزێ ، ئەندامی شارەوانی چێڵسی، ڕێکخراوی کوردانی جوو لە بریتانیا، نوێنەرایەتیەک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، وەزیری پێشووی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفال و چەند شاهیدێکی زیندووی ئەم کارەساتە بەشدار بوون.
دەقی وتەکانی ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە یادی ٢٤ی نیسانی قەڵادزێدا بەم چەشنە بوو:
سڵاو و ڕێز ئەو کاتەتان باش
ئامادەبوانی بەڕێز، خەڵکی خۆڕاگری کوردستان ،بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، خوشک و برایانی ئازیزم:
ئەمڕۆ ئێمە تەنیا بۆ یادکردنەوەی کارەساتێک کۆ نەبووینەوە، بەڵکوو بۆ ڕێزگرتن لە شارێک کە لە یادی میللەتەکەماندا وەک “شاری دوو جار شەهید” ناسراوە و بە زیندوویی ماوەتەوە؛ کۆبووینەتەوە، شارێک کە نە ناپاڵم و نە ڕاگواستن و نە گوللەی داگیرکەری بەعسی ڕووخاو، نەیتوانی ورە و ئیرادەی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێکبڕووخێنێ .
قەڵادزێ تەنیا ناوی شارێک نییە؛ هێمایە بۆ کەرامەت و هۆشیاری و خۆڕاگریی نەتەوەی کورد.
ئەمڕۆ ٤ی بانەمەڕ، ٢٤ی نیسان، ٥٢ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە هۆڤانە و نامرۆڤانەیە دا تێدەپەڕێت؛ تاوانێک بە بۆمبی ناپاڵم کە لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات گواسترابۆوە بۆ قەڵادزێ ئەنجامدرا. لەو هێرشەدا خوێندکار و مامۆستای زانکۆ و خەڵکی سڤیل و مەدەنیی بێتاوان کرانە ئامانج و سەدان کەس شەهید و بریندار بوون.
تاوانی ڕژێمی بەعس بەرامبەر قەڵادزێ تەنیا کوشتنی مرۆڤ نەبوو؛ هێرشێک بوو بۆ سەر زانست و زانکۆ و هیوا و داهاتووی کوردستان. کاتێک زانکۆ بۆردومان دەکەن مانای وایە کە لە هۆشیاریی ئەم نەتەوەیە دەترسێن. کاتێک خوێندکار و مامۆستا دەکەنە ئامانج، مانای وایە لە بەئاگاهاتنەوەی میللەتێک دەترسێن. هەر بۆیە قەڵادزێ لە مێژووی ئێمە دا تەنیا هێمای ستەم و داگیرکاری نییە ؛ هێمای شکۆمەندی نەتەوەیەکە کە دوژمن ویستویەتی بیر و زانست و هزرەکانی بسووتێنێت، بەڵام نەیتوانی بۆ یەک چرکەش ئیرادەی ئەو میلەتە بۆ ئازادی بڕووخێنێ.
هەشت ساڵ دواتر و لە ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢ کە خەڵکی قەڵادزێ بۆ یادی قوربانیانی ئەو کارەساتە کۆببوونەوە، ڕژیم جارێکی دیکە سیمای ڕاستەقینە و دڕندە و داگیرکەرانەی خۆی نیشان دا. هێزەکانی ڕژیم تەقەیان لە خەڵکەکە کرد و لە ئەنجامدا چەندین کەس شەهید و بریندار بوون و دەیان کەسیش دەستبەسەر کران.
برینەکانی قەڵادزێ و پشدەر هەر بەوەوە کۆتایی نەهات. لە 26ی حوزەیرانی ساڵی 1989، لە چوارچێوەی هەمان سیاسەتی سەرکوتکردن، ئاوارەکردن، ڕاگواستنی زۆرەملێ و وێرانکاریدا، دانیشتووانی پشدەر و قەڵادزێ لە ماڵ و حاڵیان دوورخرانەوە و ناوچەکە چۆڵکرا. ئەم ڕووداوەش لە درێژەی هەمان سیاسەتی بە ئەنفالکردن، قڕکردن، وێرانکردنی شار و گوندەکانی کوردستان و ژینۆساید و پاکتاوی نەژادیی نەتەوەی کورد دا بوو .
خوشک و برایانی ئازیزم،
ئێمە بۆ پرسە و شین و گریان ئەم کارەساتانە وەبیر خۆمان ناهێنینەوە. بۆیە یادیان دەکەینەوە کە نە جینایەتەکانی داگیرکەرانی کوردستان لە بیر بکەین و نە هیچکات لێیان خۆش بین و نە ئیزن بدەین کە ڕاستیە مێژووییەکان بشێوێندرێن، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوومان بزانن داگیرکەرانی کوردستان چیان بەسەر ئەم میللەتەدا هێناوە، بۆ ئەوەی هیچ دەسەڵات و داگیرکەرێک جارێکی تر خەیاڵی ئەوە نەکات کە دەتوانێ بە بۆمب و ناپاڵم و ئاوارەکردنی زۆرەملێ و ئەنفال و چەکی کیمیاوی، ئیرادەی نەتەوەی کورد دەشکێنێت.
ئەمڕۆ وەک سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە دەنگێکی بەرز رایدەگەیەنم:
بۆ ئێمە یادەوەریی قەڵادزێ ، تەنیا وەبیرهێنانەوەی ڕابردوو نییە؛ نەخشەڕێگایەکە بۆ داهاتوو.
میللەتێک زانکۆکەی بۆردومان کرا، مافی خۆیەتی و پیویستە زانکۆیەکی بەهێزتر بنیات بنێتەوە.
میللەتێک کە ئاوارە کرا و ماڵ و حاڵی وێران کرا، مافی خۆیەتی ئازادی و سەربەخۆیی و ئاوەدانی، ئاسایش و کەرامەت و مافی دیاریکردنی چارەنووسی بکاتە ماف و ویستی سیاسیی خۆی.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، ئەم هەموو جینایەتەی دەرهەق بە قەڵادزێ و دەڤەری پشدەر کراوە، با تەنیا بیرەوەری و یادکردنەوەی ناوخۆمان نەبێ ، با بەڵگەمەند و بە دێکۆمێنت بکرێن و لە پەروەردە و لە ئەرشیفی نیشتمانی و لە ویژدانی جیهانی و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش دا وەک ژینۆساید تۆمار بکرێن و بچەسپێندرێن.
وە لە سەرووی هەمووشیانەوە دەڵێین دادپەروەری مێژوویی بەبێ ئیرادەی سیاسی ناتەواوە.
کوردستان بەتەنها بە یادکردنەوە ناژی؛ بە ڕێکخستن و یەکێتی و هۆشیاری و ئیرادەی نەتەوەیی دەژی و سەردەکەوێ.
شەهیدانی قەڵادزێ و کوردستان بە گشتی داوای فرمێسک هەڵڕشتنیان لێ نەکردووین؛ داوای وەفادارییان لێکردووین. وەفاداری واتە درێژەدان بە ڕێگە و ڕێبازیان، واتە بەرگری لە مافی نەتەوەییمان و بە دەستەوەگرتنی کەرامەت و سەروەریی سیاسیمان.
وەفاداری و درێژەدان بە ڕێگەیان و باوەڕمەندی بەوەی کە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکە شایەنی ئازادی و کەرامەت و سەربەخۆییە.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە لە بەرانبەر هەموو شەهیدانی قەڵادزێ و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستاندا، سەری ڕێز و نەوازش و کڕنۆش دادەنەوێنم و سڵاو و دروود دەنێرم بۆ گیان و ڕەوانی پاکیان.
یادیان هەرمان و ڕێگەیان تا گەیشتن بە سەروەریی سیاسی و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بەردەوام و پڕ ڕێبوار بێت .





https://shorturl.fm/buMOF
https://shorturl.fm/ejE4N
https://shorturl.fm/DlVSN
https://shorturl.fm/umFFv
https://shorturl.fm/97UKj
https://shorturl.fm/Mf0E2
https://shorturl.fm/Wk7u3
https://shorturl.fm/ZSKrn
https://shorturl.fm/UdsGw
https://shorturl.fm/tplfk
https://shorturl.fm/YLxtr
https://shorturl.fm/zeD3f
https://shorturl.fm/fB2GJ
https://shorturl.fm/0lLJQ
https://shorturl.fm/Z6ioL
https://shorturl.fm/4WvgB
https://shorturl.fm/PZoj5