
ناسیۆنالیزم(Nationalisme) یان نەتەوەخوازی، چەمکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە تێیدا نەتەوە دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ هەڵسووکەوتی سیاسی و یەکگرتوویی سیاسی. ئەم ئایدیا سیاسیە لەسەر تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی وەک زمان، کەلتوور، مێژوو، جوگرافیای هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش جەخت دەکاتەوە و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی و سەربەخۆیە بۆ هەر نەتەوەیەک. سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاردەیەکی نوێیە و دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. پێشتر، ناسنامەی خەڵکی ناوچەکە و سیاسەت زیاتر لەسەر بنەمای ئایین، عەشیرە، یان سیستەمی دەستەڵاتداری پێش مۆدێڕن بوو و بە هاتنی ئەم چەمکە بۆ ناوچەکە بۆ چەند هۆکاری سەرەکی وەک؛ کاریگەری ڕۆژئاوا، ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دەستپێکی جەنگی یەکەمی جیهانی و چینی ئێلیتی کۆمەڵگا و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان دەگەڕێتەوە. پەیوەندی و تێکەڵاوبوون لەگەڵ ئەورووپا، چ لەڕێگەی داگیرکاری، بازرگانی، یان خوێندنەوە و وەرگێڕان، بووە هۆی گواستنەوەی بیرۆکەی ناسیۆنالیزم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ لاوازبوون و دواجار ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بۆشاییەکی سیاسی دروست دەبێت کە بووە هۆی ئەوەی گەلانی ناوچەکە بە دوای ناسنامەی نوێی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیاندا بگەڕێن. هەروەها لەم نێوەشدا ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ئەورووپا خوێندبوویان یان ئاشنای بیری ڕۆژئاوایی بوون، ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە بڵاوکردنەوەی بیری ناسیۆنالیزم لە نێو گەلەکانیاندا و بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی گەلانی ناوچەکە، وەک عەرەب، تورک، و کورد، بیری ناسیۆنالیزمیان وەک چەکێک بۆ ڕزگاربوون لەژێردەستی و داگیرکاری بەکارهێناوە و لە ئامرازی ڕاگەیاندنی ئەو سەردەم وەک گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادیۆ بۆ ئەم مەبەستە کەڵکیان وەرگرتووە.
دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و دابەشکردنی ناوچەکە لە ئاکامی پەیماننامەی “سایکس و پیکۆ”(١٩١٦)، چەندین دەوڵەتی نوێ لەسەر بنەمای بیری نەتەوەیی دامەزران (وەک تورکیا، عێراق،سووریا)، ئەمەش زیاتر چەمکی ناسیۆنالیزمی زەق کردەوە کەوا لە ژێر ناوی دەوڵەت-نەتەوە هەوڵی سڕینەوەی کوردیان دەدا. بەمشێوەیە، ناسیۆنالیزم لە چەمکێکی نامۆ گۆڕا بۆ هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کاریگەر کە نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە قاڵب دا و تا ئەمڕۆش بە یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکان لە ناوچەکەدا کاری پێدەکرێ.
هاتنی بیری ناسیۆنالیزم بۆ کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. ئەم بیرۆکەیە لە بنەڕەتدا و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرهەمی گەشەسەندنی ناوخۆیی کۆمەڵگەی کوردی نەبوو، بەڵکوو لەڕێگەی تێکەڵبوون لەگەڵ ئەورووپا و کاریگەری بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی تورک و عەرەبەوە بووە کە بەرەو کوردستان شۆڕ دەبێتەوە. لاوازبوون و لەناوچوونی دەسەڵاتی عوسمانی بۆشاییەکی سیاسی دروستکرد و بووە هۆی ئەوەی گەلانی ژێردەستە، لەوانەش کورد، بیر لە ماف و چارەنووسی سیاسی خۆیان بکەنەوە و هاوکات بەشێک لە ڕووناکبیرانی کورد بەهۆی نەریتی باوی ئەو سەردەم بۆ فێر بوون و زانست و پێشڤەچون لە شاری ئەستەنبوڵ وەک پایتەختی ئیمپراتۆریەت دەرسیان دەخوێند یان هەر لەوێ دەژیان. ئەم شارە ببوە جێگایەک بۆ کۆبوونەوەی ئازادیخوازان و ڕووناکبیرانی گەلانی ژێردەستەی عوسمانی کە لە ڕێگەی خوێندن، کارکردن، یان پەیوەندی لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوا و زانستە نوێیەکانی، ئاشنای بیرۆکە نوێیەکانی جیهان، بەتایبەت ناسیۆنالیزم، دەبوون. کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد وەک؛ حاجی قادری کۆیی، پیرەمێردی شاعیر، ئەمین عالی بەدرخان، مستەفا پاشای یاموڵکی و ئەندامانی تری بنەماڵە ناسراوەکانی کورد لە ئەستەنبوڵ، بەشێک بوون لەم بازنە ڕوناکبیرییە کە بناغەی فکری و سیاسییان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سەدەی بیستەمدا داڕشت. دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی “کوردستان” لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرە لەلایەن میقداد میدحەت بەدرخانەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەبڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی. هەروەها بزووتنەوەکانی وەک، شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە ساڵی ١٨٨٠ بە سەرەتایەکی کرداریی هەستی ناسیۆنالیزمی کوردی دادەنرێت کە دوای ئەمە چەندین شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان بە مەبەستی ماف و داواکارییە نەتەوایەتییەکان سەریان هەڵدا و بەداخەوە بەوپەڕی دڕندانەییەوە لەلایەن حکومەتی ناوەندە سەرکوت کران و خەڵتانی خوێن کران.
بۆ ئەو نەتەوانەی مێژوویان پڕە لە چەوساندنەوە، سەرکوت، کوشتن، ژینۆساید، سێدارە، ئەشکەنجە و نکۆڵیکردن، بیری نەتەوەیی (ناسیۆنالیزم) ئایدۆلۆژیایەکی فراوانخوازی نییە، بەڵکو پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ مانەوە وەک هێزێکی ڕزگاریدەرە. نەتەوەی کورد، وەک یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهان کە لە ئاواتی کیانێکی سەربەخۆ وەک زۆربەی گەلانی سەربەستی جیهانە، بیری نەتەوەیی وەک قەڵایەکی پتەو بۆ پاراستنی نیشتمانێکی ڕەنگین و ناسنامەیەکی کەون، کەلتوورێکی دەوڵەمەند و زمانێکی دێرین ڕۆڵی گێڕاوە. ئەم ئایدۆلۆژیایە، کە لە خۆڵەمێشی نادادپەروەرییە مێژووییەکان و دابەشکردنی نیشتمانەوە سەری هەڵداوە، بووەتە پاڵنەری سەرەکیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان. ناسیۆنالیزمی کورد، گێڕانەوەی بەرخودان، بووژانەوەی کەلتووری و تێکۆشانێکی بێوچانە بۆ بەدەستهێنانی کەرامەت و ئازادی، بۆ هێنانە دی مافە یاسایی و بنەڕەتییەکانی لە چوارچێوەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ نەک وەک ناسیونالیزمێکی بەرچاوتەنگ کە بەرەو فاشیزم هەنگاو بنێ.
بەر لەوەی باس لە هەرکام لە پارچەکانی کوردستان و تایبەتمەندییەکانیان بکەین، دەبێت ئاماژە بە کاریگەرییە فراوان و بنەڕەتییەکەی بیری نەتەوەیی بکەین وەک دیاردەیەک بە مەبەستی یەکخستنەوە و یەکێتی نەتەوەیی. ئەم هێزە توانیی بزووتنەوەی سیاسی کورد بەرەو پیشەوە ببات و بە سیستەمێکی نوێ و جیهانبینییەکەی تۆکمە خۆی بەدوور بگرێ لە هەندێک نەریتی کۆن و کۆمەڵگەی پەرتەوازەی کورد کە لە ژێر باندۆڕی عەشیرە و ڕەوتی جیا و تێڕوانینی جۆراوجۆر یەکبخات. بیری نەتەوەیی و نیشتمانی، زمانی کوردیی لە زمانی ماڵەوە بەرز کردەوە بۆ زمانی شیعر و بەرخۆدان و ناسنامەخوازی. لە سایەی کەسایەتییە ئیلهامبەخشەکانی وەک ئەحمەدی خانی، کە چەندین سەدە لەمەوبەر بە شاکاری وەک “مەم و زین” خەونی یەکێتیی کوردی دەبینی، هەروەها شاعیرانی هاوچەرخی وەک گۆران، بێکەس، هەژار و هێمن، ئەدەبی کوردی بووە ئامرازی سەرەکیی ڕابوونی نەتەوەیی. ئەم بووژانەوە ئەدەبییە، پردێکی پەیوەندیی پتەوی لە نێوان کوردانی سەرجەم سنوورە سەپێندراوەکاندا دروست کرد و بووە هۆی پەرەدان بە بیری نیشتمانی و هاوچارەنووسی نەتەوەیی وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی ناسیونالیزمی کوردی.
هەر نەتەوەیەک بۆ بەردەوامیی خۆی پێویستی بە هێمای هاوبەشە. ناسیۆنالیزمی کورد کە لەناو دڵی کۆماری کوردستان گوورا و پێشەوای نەمر قازی محەممەد سەرۆکایەتی دەکرد، ئەم هێمایانەی بە شکۆمەندیەوە خوڵقاند. ئاڵای کوردستان بە ڕەنگە پڕ ماناکانییەوە بووە هێمای ئاواتە هاوبەشەکانی نەتەوەی کورد لە سەرانسەری جیهان. سروودی نیشتمانیی “ئەی ڕەقیب” کە بە شکۆوە ڕایدەگەیەنێت “قەت نانەوێ ئاڵاکەمان”، لە سەرجەم کۆڕ وکۆبوونەوەیەکدا، لە چیاکانی قەندیلەوە هەتا پەرلەمانەکانی ئەوروپا دەنگ دەداتەوە و گیانی یەکڕیزی و یەکێتی بەهێزتر دەکات. پێشمەرگە وەک هێمای پارێزەری گەل و خاک و ئاڵا، نازناوێک بووە بۆ ئەو کچ و کوڕانەی سینگی خۆیان کردە قەڵغان و لە بەرامبەر دوژمنانی گەلی کورددا و بە خوێنی خۆیان داری ئازادیان پاراو دەکرد. جەژنی نەورۆزیش لە جەژنێکی دێرینەوە بووە گەورەترین کەرنەڤاڵی سیاسی و فەرهەنگیی کوردان، کە تێیدا ئاگری بەرخۆدان و هیوای داهاتوویەکی گەش، هەموو ساڵێک بڵێسەی بەرزتر دەبێتەوە.
هەنووکە بە هۆی ئەو دەرفەتەی ڕەخساوە، نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم خەباتە نەتەوەییە، لە باشووری کوردستاندا دەبینرێت. بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لەم بەشەی کوردستاندا، بە ڕابەرایەتیی کەسایەتییە کارێزماتیک و مێژووییەکانی وەک نەمران “مەلا مستەفا بارزانی” و “مام جەلال”، داستانێکی پڕ لە بەرخۆدان و فیداکارییە. هێزی پێشمەرگە، کە ناوەکەی بە ئازایەتی و بەرگری لە نیشتمانەوە گرێ دراوە، بووە هێمای ئیرادەی نەتەوەیی کوردان. لووتکەی سەرکەوتنی بیری نەتەوەیی کورد، لە دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەرجەستە بووە. ئەم دەستکەوتە مێژووییە، کە بەرهەمی دەیان ساڵ خەباتی بێوچان بووە، بۆ یەکەمجار دەرفەتی بە کورد دا کە چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی بگرێت. دامەزراندنی پەرلەمان، حکوومەت و دامەزراوە مۆدێرنەکان، خەونی دێرینی سەروەریی نەتەوەیی کوردی کردە واقیعێکی بەرجەستە. هەرێمی کوردستان زوو بووە پەناگەیەکی ئارام بۆ کوردانی پارچەکانی تر و ناوەندێکی گەشەسەندن بۆ فەرهەنگ و زمانی کوردی. دامەزراندنی زانکۆکان، کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی، بەستێنێکی بێوێنەی بۆ گەشەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی ڕەخساند و هەرێمی کوردستانی کردە ترپەی دڵی و ڕووگەی کوردستانی گەورە، لە هەمان کاتدا وێرای هەموو ڕەخنەکان و کەم وکوڕییەکانیش، نموونەیەکە لە دێموکراسی و ئارامی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەڵا لێدراو. ئەگەر چەواشەکاری و هان دان و دەستێوەردانەکانی وڵاتانی دەوروپشت نەبێ کە چاویان بەو پێشکەوتن و سیما جوانەی کوردستان هەڵنایەت، کوردستان و حکومەتەکەی لە ژێر ڕێنوێنی کەسایەتی گەورەی گەلی کورد سەرۆک بارزانی، زۆر لەوەی هەیە زیاتر گەشە دەکا و دەبێتە میناکێک لە حکومەتێکی دێموکرات و پیشکەوتوو و لانکەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بزووتنەوەی نەتەوەیی خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە پێشەنگی و خۆڕاگرییە. ئەم بەشەی کوردستان، هەمیشە لانکەی بیرۆکەی نوێ و زیندوو بووە. دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، هەرچەندە تەمەنی کورت بوو، بەڵام بووە ساتەوەختێکی درەوشاوە و بنەڕەتی لە مێژووی هاوچەرخی کورددا. ئەم کۆمارە بۆ یەکەمجار پیشانی جیهانی دا کە نەتەوەی کورد توانای دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە. گرنگتر لەوە، کۆماری کوردستان میراتگەلێکی مەزنی بۆمان بەجێهێشت(هێزی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوایەتی و …) . بیری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات، هێزی خۆی لە خۆڕاگریی فەرهەنگی و مەدەنیدا دەرخستووە. سەرەڕای هەموو سنووردارکردنێک، چالاکوانانی کورد لەناوخۆی کوردستان، بە شێوەیەکی ماندوویی نەناسانە بۆ زیندوو ڕاگرتنی زمان، هونەر، مۆسیقا و دابونەریتی کوردی تێکۆشاون. دامەزراندنی ئەنجومەنی ژینگەیی، ئەدەبی، پۆلەکانی فێرکردنی زمانی کوردی و بەرزڕاگرتنی شکۆداریی نەورۆز لەوپەڕی زەخت و گوشاری ناوەندە سەرکوتکارەکان، هەموویان نیشانەی ڕیشەی قووڵی ناسنامەی نەتەوەیی و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی ئەم بەشەی کوردستانن بۆ پاراستنی یەکێتی خۆیانن، لە پەنا ئەمەش ڕەوت و حیزبەکانی ئەم پارچەیە لە ژێر توندترین گوشار و زەختەکاندا کۆڵیان نەداوە و بەردەوام لە پێناو مافە نەتەوایەتییەکاندا تێدەکۆشن، ئەوان ئەو وتە بەنرخەی د.قاسملوویان کردووەتە ئاوێزەی گوێیان و لەسەر ئەو باوەڕەن: “گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات”.
لە باکووری کوردستان، بیری نەتەوەیی چیرۆکی ڕابوونێکی شکۆمەندە دوای دەیان ساڵ سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامە. ئەم بزووتنەوەیە توانیی ملیۆنان مرۆڤ کە ناسنامەیان پشتگوێ خرابوو، بکاتە هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەتوانا. بزووتنەوەی سیاسیەکەی باکووری کوردستان وێڕای ڕەخنەی جدی و پارادۆکس لە گوتار و کردەوەدا،هەتا ئاستێکی باش سەرکەوتوو بوو لە تێکشاندنی گوتاری فەرمیی نکۆڵیکارانەی “تورکی شاخاوی” و ناسنامەی کوردیی بە شانازییەوە لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تورکیادا هاوار کرد. ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی سیاسی و فەرهەنگی و دەروونی بوو بۆ ملیۆنان کورد. خاڵی هێزی بێوێنەی ناسیۆنالیزم لە باکوور، کۆکردنەوەی جەماوەری ملیۆنی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە شارەکانی وەک ئامەد (دیاربەکر) بووە، کە بە بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەڕێوە دەچێت، ئەمە بووەتە ڕیفراندۆمێکی ساڵانە بۆ سەلماندنی ئیرادەی نەتەوەیی و خواست و ئیرادە بۆ مافەکانی گەلی کورد لەم بەشەدا. سەرەڕای ئەمە، سەرکەوتنی پارتە سیاسییە کوردییەکان لە چوونە ناو پەرلەمانی تورکیاوە، خەباتی گواستەوە بۆ بەرزترین ئاستی سیاسیی وڵات و دەنگی کوردی بە گوێی هەمووان گەیاند، لە هەمانکاتدا پڕۆسەی ئاشتی و چەک دانانی ڕەوتی کوردی لەم پارچەیە هیوای چارەسەری ئاشتیانە دەخوازێت و دوورە دیمەنی خەباتی کورد وێنا دەکات.
لە ڕۆژاوای کوردستانیش، لە نێو دڵی مەزنە قەیرانی سووریادا، ئەوە ناسیۆنالیزمی ڕاستەقینەی کورد بوو نەک تەنیا بزووتنەوەیەکی بەرخۆدان، بەڵکو مۆدێلێکی شۆڕشگێڕانەی نوێی بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کرد. بەرخودانی مێژوویی کوردستانیان لە بەرامبەر گرووپی تیرۆریستیی داعش، بەتایبەت لە شەڕی کۆبانیدا و هاوکاری و پشتیوانی باشوور و ناردنی هێزی پێشمەرگە، ناوی کوردی لە سەرانسەری جیهاندا کردە هاومانای ئازایەتی و فیداکاری و پشتیوانی خوشک و برایان لە یەکتر. ئەم بەرخۆدانە، شەرعییەت و ڕێزێکی نێودەوڵەتیی بێوێنەی بۆ بزووتنەوەی کورد بەدەست هێنا. بیری نەتەوەیی لە ڕۆژاوای کوردستان بە دوور لە هەندێک هزری چەق بەستوو خۆی لە سەرلێشێواوی پچڕاند و بە پێشکەشکردنی مۆدێلێکی نوێ خۆبەڕێوەبەری، سنوورەکانی ناسیۆنالیزمی کلاسیکی تێپەڕاند. ئەم مۆدێلە کە لەسەر بنەمای دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، یەکسانیی جێندەری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو نەتەوە و ئایینەکان (کورد، عەرەب، سریانی و…) دامەزراوە، ڕۆژاوای کردووەتە چرایەکی هیوا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتیک و فرەڕەنگ.
لە کۆتاییدا، بیری نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، هێزێکی بنیاتنەر، ئەرێنی و ژیانبەخش بووە. ئەم ئایدیا سیاسیە، قەڵغانێک بووە لە بەرامبەر توانەوە (ئاسیمیلاسیۆن)، ئامرازێک بووە بۆ بووژانەوەی فەرهەنگی و چوارچێوەیەک بووە بۆ خەباتی سیاسی. لە دامەزراندنی حکوومەت لە باشوور و کۆمارە ئیلهامبەخشەکەی ڕۆژهەڵاتەوە، هەتا ڕابوونی مەدەنیی مەزن لە باکوور و شۆڕشی دیموکراتیک لە ڕۆژاوا، بیری نەتەوەیی هێزی بە نەتەوەی کورد بەخشیوە تا ناسنامەی خۆی بە شانازییەوە وەربگرێتەوە، بۆ مافەکانی تێبکۆشێت و خەونی ژیانێکی ئازاد و بە کەرامەت بە زیندوویی بهێڵێتەوە. ئەم ڕۆحییەتە نەتەوەییە هاوبەشە، گەورەترین سەرمایەی نەتەوەی کوردە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر.




Thank you for sharing this! I really enjoyed reading your perspective.
You’re doing a fantastic job with this blog.
Great article! I’ll definitely come back for more posts like this.
https://shorturl.fm/Eh2Ym
https://shorturl.fm/IsN3C
https://shorturl.fm/BH0MY
https://shorturl.fm/YLxtr
https://shorturl.fm/Aurec
https://shorturl.fm/l3ckg
https://shorturl.fm/i8rUR
https://shorturl.fm/JEdH0
https://shorturl.fm/kfT8x
https://shorturl.fm/3ouZE
https://shorturl.fm/75hoI
https://shorturl.fm/cF2p9
https://shorturl.fm/s95TL
https://shorturl.fm/8geOy
https://shorturl.fm/eGCZN
https://shorturl.fm/02frG
https://shorturl.fm/ldSIe
https://shorturl.fm/3gwcl
https://shorturl.fm/gXaci
https://shorturl.fm/BVEjs
https://shorturl.fm/Yasc5
https://shorturl.fm/8Tfvp
https://shorturl.fm/pmUQt
https://shorturl.fm/CUY0b