شاندێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کۆنفرانسی EIPA لە ژێر ناوی “شەڕی نهێنی ئێران لە بەریتانیا و ئەوروپا” بەشداری کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ی کوردی”٢٠ی مەی ٢٠٢٦” لە شاری لەندەن، شاندێکی فەرمیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بەشدارییان لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانیی ئورووپا -ئیسرائیل – EIPA لە ژێر ناوی “شەڕی نهێنی ئێران لە بریتانیا و ئورووپا”  دا کرد ، کۆنفرانسەکە بە هاوکاریی  CAMERA UK بەڕێوەچوو.

لەم کۆبوونەوەیە دا کە بە بەشداریی کۆمەڵیک بەرچاو لە سیاسەتمەدارانی بریتانیایی، ئیسرائیل و بەشێکی بەرچاوی میدیا و ڕۆژنامە گرینگەکانی بریتانیا بەڕێوە چوو، ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، مەترسییەکانی سەر پێکهاتەی جوولەکە، چالاکییەکانی دەرەوەی سپای پاسدارانی ئێران و پێویستیی خستنە ناو لیستی تیرۆرەوە خرانە بەر باس و تاوتوێکردن.

ئاشتیاکو پوورکەریم سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و گۆران دەشتی ئەندامی دەفتەری سیاسیی پارتی وەک شاندی فەرمیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. لە پەراوێزی ئەو دانیشتنەدا، شاندی حیزب چەندین دیدار و وتووێژی گرنگیان لەگەڵ کەسایەتییە میدیایی، سیاسی و شیکارییەکانی نزیک لە بازنەکانی ئیسرائیل و لایەنگرانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامدا.

یەکێک لە گرنگترین وتووێژەکانی ئەو دیدارە، دیدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ئەلێکس گرینبێرگ، شارەزای پرسەکانی ئێران لە ئەنیستیتۆی ئورشەلیم  بۆ ستراتژی و ئاسایش (JISS) بوو.

گرینبێرگ کە قسەکەری سەرەکیی ئەم کۆنفڕانسە بوو ، باسی لە بارودۆخی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڕەشە ناوچەییەکانی ئێران، ئەگەری ڕۆڵی تاران لە هێرش و هەڕەشەکانی دژ بە جووەکان لە بەریتانیا، ڕوانینی حکوومەتی بریتانیا بەرامبەر بە ئێران، پرسی دانانی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستی و ئاستی ئامادەکاریی ئێران لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕدا کرد.

سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلێکس گرینبێرگ، جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆییە بۆ سەر نەتەوە چەوساوەکان لە جوگرافیای دەستکردی ئێراندا، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، ئیسرائیل، بەریتانیا، ئەمریکا و جیهانی دیموکراسی.

بەڕێز ئاشتیاکۆ  بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی سپای پاسداران، سپای قودس و بەسیج لە سەرکوتی خەڵک و هەناردەکردنی قەیران بۆ دەرەوەی وڵات، داوای لە بریتانیا و هەموو وڵاتانی دێموکرات کرد کە سپای پاسداران و بەسیج وەک قەوارەیەکی تیرۆریستی بناسێنن و بیانخەنە ناو لیستی تیرۆرەوە.

بەڕێز پوورکەریم هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پرسی ئێران تەنیا بە گۆڕینی ڕێژیم لە تاران چارەسەر نابێت، بەڵکوو پێویستە دان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە خاک داگیرکراوەکان، لەوانە کورد، بەلووچ، عەرەبی ئەحوازی، تورکی ئازەری، کاسپیەن و تورکمان و … دابنرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ دەتوانێت هاوبەشێکی سروشتیی ئیسرائیل و بریتانیا و ئەمریکا و جیهانی دیموکراسی بێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندئاژۆیی و ناسەقامگیریی ناوچەکەدا.

سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە بەشێک لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندیی نێوان کوردستان و ئیسرائیل تەنیا وەک تاکتیکی یان کاتی سەیر نەکرێت، بەڵکوو ڕەهەندێکی مێژوویی و مرۆیی و ستراتیژیی هەیە و  هەردوو گەلی کورد و جوو، تووشی ئینکاری، هەڕەشەی وجوودی، ئاوارەبوون، دوژمنایەتی ئایدیۆلۆژی و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەیان لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا بوون و ئەمڕۆش لە بەردەم دوژمنی هاوبەش و بەرژەوەندیی ستراتیژیی هاوبەشدان.

لە پەراوێزی هەمان دیدار دا شاندی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ جۆنی گۆڵد کە کەسایەتییەکی میدیایی ناسراوە لە بەریتانیا؛ و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وەک سکای نیوز، بی بی سی وۆرلد سێرڤیس، talkSPORT، جی بی نیوز و چەندانی تر کاری کردووە، قسەیان کرد.

بەڕێز ئاشتیاکۆ پوورکەریم لەو دیدارەی دا  لە گەڵ جۆنی گۆڵد، باسی لە بارودۆخی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە ژێر داگیرکاریی ئێران و سەرکوتی نەتەوەی کورد و ڕۆڵی سپای پاسداران لە میلیتاریزەکردنی کوردستان و پێویستی گرنگیدان بە میدیا و بازنەکانی سیاسیی بریتانیا بە پرسی کوردستان کرد. لەو دیدارە دا جەخت لەوە کرایەوە کە هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی تەنیا ئاراستەی ئیسرائیل یان پێکهاتەی جووەکان نییە، بەڵکوو هەمان ئەو دەسەڵاتەی کە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات، کوردستان، بەلووچستان، ئەحواز و گەلانی ستەملێکراوی دیکەش سەرکوت دەکات.

هاوکات خاتوو لیات کۆردوێنێ بە نوێنەرایەتیی تۆڕی کوردی جوو ئامادەی دیدارەکە بوو و گفتوگۆ لە نێوان بەڕێزیان و شاندی پارتی سەربەخۆیی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و جوو و پێویستی پتەوکردنی هاوکاریی سیاسی و میدیایی و مەدەنی و گرنگیی هاودەنگیی نێوان نەتەوەی کورد و جوو ئەنجامدرا.

ئامادەبوونی شاندی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا لە کاتێکدا بوو کە پرسی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بریتانیا و ئورووپا، چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی ئێران و پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی جیددی بەرامبەر بە هێزە نیابەتیەکانی ئێران، زیاتر لە جاران بووەتە جێی سەرنجی کۆبوونەوە سیاسی و میدیاییەکانی بریتانیا.

لە کۆتایی دیدارەکاندا  شاندی پارتی سەربەخۆیی کوردستان جەختیان لە بەردەوامیی وتووێژ و هاوکاری لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سیاسی و مەدەنیی پشتیوانی لە ئیسرائیل و جوو  و بزووتنەوە دێموکراتیکەکان لە بریتانیا کردەوە و خوازیاری ئەوە بوون کە پرسی کوردستان و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد، شانبەشانی پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ئایندەی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر بکرێت.

هەروەها بەشێک لە بیر و بۆچوونی سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە پیوەندی بە ناوەرۆک و تاپیکی کۆنفرانسەکە بە زمانی ئینگلیسی کە پێشتر چاپ کرابوو لە نێو بەشێک لە بەشداربوان دا بڵاو کرایەوە.

بابەتی پێشووسکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە پارلمانی بریتانیا، چەندین دیداری لە گەڵ ڕێبەرانی بەلووچ،عەڕەبی ئەحوازی،تورکی ئازەری ئەنجامدا.
بابەتی دواترپاریس: دیداری سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە گەڵ چەندین حیزب و کەسایەتیی سیاسیی عەڕەب

17 کۆمێنتەکان

Leave a Reply

تاریخ کوردی و میلادی
نوێترینەکان
شار، پێتەخت، هەولێر و کوردستان: پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٥١هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٣٥ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان لە بریتانیا بەڕێوە چوو. پارتی سەربەخۆیی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات. کۆبوونەوەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز سمینارێک بۆ دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لە ژێر ناونیشانی «زمانی کوردی و زاراوەکانی» ڕێکخرا. فەرشید گردکانی و نامۆ فازڵ دوو قارەمانی کوردی بواری وەرزش لە ئاستی جیهانیدا گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە پاڵەوانی تیکواندۆی ئاسیا پاریس: دیداری سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە گەڵ چەندین حیزب و کەسایەتیی سیاسیی عەڕەب شاندێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کۆنفرانسی EIPA لە ژێر ناوی "شەڕی نهێنی ئێران لە بەریتانیا و ئەوروپا" بەشداری کرد. سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە پارلمانی بریتانیا، چەندین دیداری لە گەڵ ڕێبەرانی بەلووچ،عەڕەبی ئەحوازی،تورکی ئ... زمانی کوردی،بە بۆنەی ٢٥ی بانەمەڕ ڕۆژی زمانی کوردی پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٣٥ ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پارتی ئازادیی کوردستان " پاک" بۆ لەیلا قاسم کوردەکان لە لەندەن لە تەنیشت ئیسرائیلیەکان وەستان و ئالای کوردستان بۆ پشتیوانی لە جوو بەرز کرایەوە