سمینارێک بۆ دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لە ژێر ناونیشانی «زمانی کوردی و زاراوەکانی» ڕێکخرا.

ڕۆژی یەکشەممە، 24ی مانگی مای سمینارێک لە ژێر ناونیشانی «زمانی کوردی و زاراوەکانی» لە لایەن ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەمریکای باکوور بۆ بەڕێز دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لە سەر پلاتفۆرمی زووم بەڕێوە چوو.

لەو سمینارە دا دوکتور جەعفەر شێخولئیسلامی باسێکی لە پێوەندی بە زاراوەکانی زمانی کوردی، پێشکەش کرد و گوتی: زمانی کوردی پێکهاتووە لەم شەش لقە کە بریتین لە:
زازاکی، کوردی باکووری”کرمانجی” ، کوردیی ناوەندی”سۆرانی” ، گۆرانی” گرووپە هەورامیەکان”، کوردیی باشووری” کەلهوڕی ،  لەکی.

بە پێی بۆچوون و لێکۆڵینەوەکانی بەڕێز دوکتور جەعفەر شێخولئیسلامی، لوڕی بۆ خۆی زمانێکی جیاوازە و پێوەندی بە کوردەوە نییە و بە وتەی بەڕێزیان چونکە لوڕەکان بۆ خۆشیان خۆیان پێ کورد نییە، کەواتە زمانەکەشیان کوردی نییە.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە زازاکی و هەورامیش بۆخۆیان دوو زمانی جیاواز لە کوردین، بەڵام بەو پێیەی ئەوان خۆیان پێ کوردە ئەوە دەکرێ زازاکی و هەورامی وەک لقێکی زمانی کوردی پێناسە بکەین.

لە بەشێکی دیکەی سمینارەکە کە دا بەشداربوان ڕا و بۆچوونی خۆیان دەربڕی.

لە لایەن پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، بەڕێزان ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتی و سەلاح سوڵتانپەنا، ئەندامی دەفتەری سیاسی لەم سمینارە دا بەشدار بوون.

سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان سەرەتا کورتە باسێکی لە پێوەندی بە گرینگیی زمانی کوردی پێشکەش کرد، بەشێک لە وتەکانی بەم چەشنە بوون :
پرسی زمانی کوردی، تەنیا پرسێکی فەرهەنگی و ئەدەبی نییە، بەڵکوو پرسێکی تەواو سیاسی، نەتەوەیی و چارەنووسسازە، چونکە زمان یەکێکە لە هەر کۆڵەکە گرینگەکانی شوناس و ناسنامەی یەک نەتەوە، واتە زمان پێناسەی گەلە و گەلێک زیندووە کە زمانەکەی زیندوو بێ، نەتەوەیەک کە زمانەکەی لە ناوچوو، مێژوو و شارستانیەت ، یادەوەرییەکان و فەرهەنگ و داهاتووی خۆی لە دەست دەدا.

زمانی کوردی یەکێکە لە بناغە سەرەکیەکانی مان و مەوجوودیەتی نەتەوەی کورد و ئێمە ئەگەر بمانهەوێ نەتەوەکەمان هوشیار، یەکگرتوو بێ بۆ بنیاتنانی داهاتوو، دەبێ زمانەکەمان نە تەنیا لە ماڵێ و لە کاتی دەربڕینی هەست و ئیحساساتماندا ، بەڵکوو دەبێ لە پەروەردە، زانکۆ، ڕاگەیاندن و میدیا،رامیاری، سیاسەت و دیپلۆماسی، تێکنۆلۆژی و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا دا زیندوو و چالاک ڕابگرین.

لێرە دا دەمهەوێ ئاماژە بە پرسێکی گرینگ بکەم ، ئەویش پێویستیی پێکهێنان و دروستکردنی زمانێکی ستاندارد و هاوکات ڕێنووسێکی ستاندارد لە سەر بە بنەما گرتن و وەبەرچاو گرتنی هەموو زاراوە و بن زاراوە کوردییەکان.

هەر نەتەوەیەک بۆ سازکردنی داهاتووی سیاسیی خۆی، بۆ دامەزرانی وڵات و دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆ بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا، پێویستی بە زمانێکی ستاندارد و فەرمی هەیە.

نەتەوەی کوردیش لەو چوارچێوەیە بەدەر نییە و ئەگەر دەوڵەتێکی مۆدێرن و یەکگرتوو و نەتەوەییمان دەوێت، دەبێ بەرەو پێکهێنانی زمانێکی ستانداردی کوردی هەنگاو بنێین؛ زمانێک کە بتوانێت ڕۆڵی زمانی فەرمی، پەروەردەیی، کارگێڕی، میدیایی و نیشتمانی بگرێتە ئەستۆ.

بەڵام نابێ ئەم زمانە ستانداردە لەسەر بنەمای نەهێشتن، پشتگوێخستن یان لاوازکردنی هیچ کام لە زاراوە و بن زاراوە کوردییەکان بنیات بنرێت. بەپێچەوانەوە زمانی ستانداردی کوردی، دەبێ لە هەموو لق و شێوەزارەکانی زمانی کوردی کەڵک وەرگرێ، چونکە هەموویان بەشێکن لە سامانی زمانەوانیی نەتەوەی کورد.

زمانی ستانداردی کوردی دەبێ ماڵی هاوبەشی هەموو ئەم لقانە بێت نەک ئامرازێک بۆ باڵادەستی یەکێکیان بەسەر ئەویتردا.

پێویستە لەوە تێبگەین کە ستانداردکردنی زمان بە مانای لەناوبردنی شێوەزارەکان نییە. ستانداردکردن بۆ دروستکردنی زمانێکی نەتەوەیی فەرمی پێویستە، بەڵام لە هەمان کاتدا پاراستنی زاراوەکانیش ئەرکێکی نەتەوەیی و کولتوورییە. هەریەک لە زاراوە کوردیەکان هەڵگری بەشێک لە مێژوو، مۆسیقا، ئەدەب، یادەوەریی کۆمەڵایەتی و دونیابینی نەتەوەی کوردن. ئەگەر یەکێک لەو زاراوانە لاواز بێت یان لەناو بچێت، بەشێک لە ڕۆح و یادەوەریی نەتەوەی کورد زیانی پێدەگات.

بۆیە پێویستمان بە دوو سیاسەتی هاوکاتە:

لە لایەک دروستکردن و بەهێزکردنی زمانێکی ستانداردی کوردی بۆ پەروەردە، حکوومەت، میدیای نیشتمانی، دیپلۆماسی، و پەیوەندی سەراسەری لە نیوان نەتەوەی کورد بە گشتی؛

و لە لایەکی ترەوە پاراستن و بەهێزکردن و فراوانکردنی هەموو زاراوە و بن زاراوەکانی کوردی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کولتووری و ئەدەبی و میدیایی.

پێویستە ڕۆژنامە، گۆڤار، کتێب، میدیا و ڕاگەیاندن، بەرنامە بۆ منداڵان و ئەدەبی ناوخۆیی، بەرهەمی پەروەردەیی ، بەرهەمی ڕۆشنبیری بۆ هەریەکێک لەو زاراوانە هەبن و  خەڵکی هەر ناوچەیەک بتوانن لە ڕاگەیاندن، قوتابخانە، کتێب، شیعر و چیرۆک، مۆسیقا و ژیانی ڕۆژانەدا زاراوەی خۆیان ببینن و بیبیستن. ئەمە لاوازی زمانی کوردی نییە، بەڵکو دەوڵەمەندیی زمانی کوردییە.

ئەو نەتەوانەی زمانێکی بەهێز و دەوڵەمەندیان هەیە، زۆربەیان هەم زمانێکی فەرمی و ستانداردیان هەیە و هەم زاراوە و بن زاراوە ناوخۆییەکانیان دەپارێزن. ئێمەش پیوسیتە وەها ڕوانینێکمان هەبێ. زمانێکی ستاندارد بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی پێویستە، بەڵام بۆ پاراستنی قوڵایی کولتووری و مێژوویی نەتەوەکەمان، شێوەزارەکان پێویستن.

بابەتێکی تری گرنگ پێویستی ڕێنووسی هاوبەشە بۆ زمانی کوردی. ئەمڕۆ بەشێک لە کوردەکان بە ئەلفوبێی لاتینی دەنووسن و هەندێکی تر بە ڕێنووسی ئارامی،  ئەم هەمەچەشنییە لە نووسیندا وایکردووە پەیوەندیی سیاسی، فەرهەنگی، پەروەردەیی ، کلتووری و میدیایی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا قورس بێت. نەتەوەیەک کە دەیەوێت زمانی فەرمی و سیستەمی پەروەردەیی یەکگرتوو و میدیای نەتەوەیی و دەوڵەتێکی مۆدێرنی هەبێت، ناتوانێت بۆ هەمیشە لە فرە ڕێنووسی دا بمێنێتەوە.

ئێمە پێویستمان بە دیالۆگێکی زانستی، هێمن، نەتەوەیی و بێلایەنانە سەبارەت بە ڕێنووسی هاوبەشی کوردی هەیە. ئەم پرسە نابێت ببێتە مەیدانی ناکۆکیی سیاسی یان ناوچەیی.

زمانناسان، نووسەران، مامۆستایان، چالاکانی فەرهەنگی و نوێنەرانی زانستیی هەموو پارچەکانی کوردستان لەم بوارەدا پێویستە بەشدار بن و چارەسەرێکی کردەیی و سەردەمیانە و قبوڵکراو بۆ داهاتووی زمانی کوردی بدۆزنەوە.

ڕێنووسی هاوبەش،تەنیا پرسێکی تەکنیکی نییە؛ پرسێکە کە لە پێوەندی دایە لە گەڵ یەکێتیی کولتووری و نەتەوەیی. ئەگەر منداڵانی کورد لە ڕۆژاوا، ​​باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و تەنانەت لە تاراوگەش، بتوانن بە سیستمێکی هاوبەشی نووسین زمانەکەیان فێربن، ئەوە پەیوەندیی نەتەوەیی نێوان نەوەکانی داهاتوو زۆر بەهێزتر دەبێت.

لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەمەوە کە خەبات بۆ زمانی کوردی بەشێکە لە خەبات بۆ ئازادی و داهاتووی کوردستان.

زمانی کوردی تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی گرتن؛ زمانی کوردی ئاڵای ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەیە و تا زمانەکەمان بەهێزتر بێ نەتەوەکەمان بەهێزتر دەبێ.

زمانی ستانداردی کوردی دەبێ جەستەی ئەم دارە بێت و  زاراوەی کوردیش لقە بەرهەمدارەکانی. ئەگەر جەستەی دارەکە بەهێز بێت و لقەکانی زیندوو بن، داری زمانی کوردی دەتوانێت ببێتە  سێبەر بۆ داهاتووی نەتەوەی کورد.

لە درێژە دا بەڕێز ئاشتیاکۆ ڕەخنەی لە بەشێک لە مێژوونووسان و زمانناسانی کورد گرت و وتی:

ئەوەی لەم سمینارە دا دوکتور جەعفەر لە پێوەندی بە لقەکانی زمانی کوردی ئاماژەی پێدا، کەمووکوڕی و هەڵەی زۆری پێوە دیارە و بە هۆی ئەوەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە سەر هەموو زاراوە و بن زاراوە کوردیەکان نەکراوە، داگیرکەرانی کوردستان جارێک لە ژێر ناوی ناوچە و ناوچەگەرایی و جارێک لە ژێر ناوی زاراوە و بن زاراوە جیاوازەکانەوە هەوڵیان داوە کە پارچە پارچەمان کەن و لێکمان داببڕن، لە ئێستاش دا لەم سیمینارە دا بەڕێز شێخولئیسلامی لوڕی گەورە و بچووک واتە لورستان و بەختیاری بە بەشێک لە زمانی کوردی نازانێ و ئەوە هەڵەیە و  دابەشکردنێکی تری کوردستانە و  نەک هەر بە پێی هەموو بەڵگە مێژووییەکان، بەڵکوو بە پێی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە ناو لوڕستان و بەختیاری بە ڕوونی دەردەکەوێ کە لوڕەکان و زاراوەکەیان بەشێکی دانەبڕاوە لە زمانی کوردی.

 

بابەتی پێشووفەرشید گردکانی و نامۆ فازڵ دوو قارەمانی کوردی بواری وەرزش لە ئاستی جیهانیدا
بابەتی دواترکۆبوونەوەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز

2 کۆمێنتەکان

Leave a Reply

تاریخ کوردی و میلادی
نوێترینەکان
شار، پێتەخت، هەولێر و کوردستان: پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٥١هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٣٥ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان لە بریتانیا بەڕێوە چوو. پارتی سەربەخۆیی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات. کۆبوونەوەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز سمینارێک بۆ دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لە ژێر ناونیشانی «زمانی کوردی و زاراوەکانی» ڕێکخرا. فەرشید گردکانی و نامۆ فازڵ دوو قارەمانی کوردی بواری وەرزش لە ئاستی جیهانیدا گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە پاڵەوانی تیکواندۆی ئاسیا پاریس: دیداری سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە گەڵ چەندین حیزب و کەسایەتیی سیاسیی عەڕەب شاندێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کۆنفرانسی EIPA لە ژێر ناوی "شەڕی نهێنی ئێران لە بەریتانیا و ئەوروپا" بەشداری کرد. سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە پارلمانی بریتانیا، چەندین دیداری لە گەڵ ڕێبەرانی بەلووچ،عەڕەبی ئەحوازی،تورکی ئ... زمانی کوردی،بە بۆنەی ٢٥ی بانەمەڕ ڕۆژی زمانی کوردی پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٣٥ ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پارتی ئازادیی کوردستان " پاک" بۆ لەیلا قاسم کوردەکان لە لەندەن لە تەنیشت ئیسرائیلیەکان وەستان و ئالای کوردستان بۆ پشتیوانی لە جوو بەرز کرایەوە