نووسەر: مەسعوود پژوهی
فەلسەفەی شار
شار لە فەلسەفەی سیاسیدا تەنیا کۆبوونەوەیەکی فیزیکیی خەڵک یان تێکەڵەیەکی کوێر لە تەلارسازی و شەقام و کۆنکرێت نییە؛ بەڵکوو گەورەترین، ئاڵۆزترین و جێگیرترین بەرهەمی فیکری و مادیی مرۆڤایەتییە. لەو کاتەوەی مرۆڤ کۆتایی بە قۆناغی کۆچەری و ڕاوچییەتی هێنا و یەکەمین بەردی بناغەی شوێنی نیشتەجێبوونی جێگیری دانا، شار بووە بەو دەفرە گەورەیەی کەوا فەلسەفە، چیرۆک، یاسا، ئەخلاق، هونەر و دەسەڵاتی تێدا تاقی دەکرێتەوە و فۆرمی مرۆڤ لە زیندەوەرێک لەسەر گۆی زەوی گۆڕدرا بۆ بوونەوەرێک کەوا ئێستا بە مرۆڤ دەناسرێت. بەم پرسیارەوە دەچینە سەر کۆی باسەکە: ئایا شار تەنیا ئامرازێکە بۆ حەشاردانی جەستەکان و دابینکردنی بژێوی، یان پێکهاتەیەکی ناوەکییە کە جۆری مرۆڤبوون و شوناسی ئێمە دیاری دەکات؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لە چەند دەیەی ڕابردوودا گوتارێکی بەربڵاوی چەپی ڕەخنەیی و پۆستمۆدێرن بەسەر فەلسەفەی شار و شارسازیدا زاڵ بووە. تیۆریسیەنەکانی ئەم ئاراستەیە، لە جیۆرگ زیمڵ و واڵتەر بێنیامینەوە تا دەگاتە هێنری لۆفێڤەر، دەیڤید هارڤی، مێشێل فۆکۆ و ژان بۆدریار، شار و بەتایبەت شارە مۆدێڕنەکان وەک فەزایەکی تاریک، پڕ لە نامۆبوون، چەوسانەوەی چینایەتی، کاڵاییبوونی ژیان و گرتووخانەیەکی گەورەی چاودێریی دیجیتاڵی وێنا دەکەن. ئەوان شار وەک دەزگایەکی گەورەی سەرکوتکاری نیشان دەدەن کە تێیدا تاکی شارنشین تووشی ساردیی سۆزداری و بلۆکبوونی دەروونی هاتووە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی لۆژیکی، مەتریاڵیستی و ڕێئاڵیستی سەیری مێژووی شار و شارنشینی دەکەین، دەبینین ئەم ڕەخنە پۆستمۆدێرن و چەپانەیە ڕووبەڕووی کەموکوڕییەکی گەورەی میتۆدۆلۆژی دەبنەوە. ئەوان تووشی جۆرێک لە لووکسی ڕەخنە (Luxury Criticism) بوون؛ چونکە لە ناو جەرگەی جێگیرترین، دەوڵەمەندترین و ئارامترین شارەکانی ئەوروپا و ئەمریکادا دانیشتوون و ڕەخنە لە ترافیک، کامێرای چاودێری، یان گۆڕانی فەزای گشتی بۆ کاڵا دەگرن، لە کاتێکدا ئەو پێشمەرجە مادی، ئاسایشی و جیۆپۆلەتیکییە بنەڕەتییانە پشتگوێ دەخەن کە بەبێ ئەوان ئەسڵەن شتێک بە ناوی شار بوونی نابێت.
ڕەخنەی ڕاستڕەو، لیبراڵی و کارکردگەرایی (Functionalism) پێمان دەڵێت کە شار لە بنەڕەتدا مەکینەی ئازادیی تاک و گەشەی مرۆڤە. وەک چۆن لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپادا دەوترا “هەوای شار مرۆڤ ئازاد دەکات” (Stadtluft macht frei)، چونکە مرۆڤی ڕاکردوو لە زۆرداریی دەرەبەگایەتی و خێڵ، لەناو شاردا دەبوو بە خاوەنی کەسایەتیی سەربەخۆ و مافی یاسایی. شار فەزایەکە کە تێیدا “تاکگەرایی” (Individualism) گەشە دەکات. لە گوند یان کۆمەڵگە نەریتییەکاندا، تاک لەژێر چاودێریی توندی خێڵ، دابونەریت و ئاین دایە، بەڵام شار جۆرێک لە “ون بوونی ئەرێنی” (Anonymity) بە تاک دەبەخشێت کە ڕێگەی پێدەدات ناسنامە، پیشە و شێوازی ژیانی خۆی بە ئازادی هەڵبژێرێت. دورکهایم ئێژێت لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا (لە گوندەکاندا) خەڵک بەهۆی لێکچوونیانەوە بە یەکەوە بەسترابوونەوە. بەڵام لە شاردا، بەهۆی «دابەشبوونی کار» بە شێوەیەکی زۆر ورد، مرۆڤەکان پێویستیان بە یەکتر دەبێت. نانەوا پێویستی بە ئەندازیارە، ئەندازیار پێویستی بە پزیشکە، و پزیشک پێویستی بە پارێزەرە. ئەم پشتبەستنە دوولایەنانە جۆرێک لە هاوپشتیی نوێ و مۆدێرن دروست دەکات کە کۆمەڵگە لە لێکترازان دەپارێزێت. ئەمشێوە دابەش بوون و پشتبەستنە دەبێتە هۆکاری گەشەی کۆمەڵگە و پیشەسازی و بەرهەمهێنان و کۆی ئەمانە دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی نەزم.
پۆستمۆدێرنەکان چەمکی “نەزم” وەک زۆرداری و سەرکوتکاری دەبینن، بەڵام لە ڕاستیدا نەزم و جێگیریی سیاسی فەزای یەکەمە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت فەلسەفە، ماف، زانست، تەلارسازی و فیکر بەرهەم بێنێت. بەبێ نەزم و جێگیربوون، هیچ پلانێکی درێژخایەن (وەک دروستکردنی زانکۆکان، تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، یان سیستەمی دادوەری) ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. بۆیە ڕاستەقینەی شار بەرهەمهێنەری نەزمە و ئەمە بۆ پاراستنی ژیان و دابینکردنی ئاسایشە لە بەرامبەر بشێویی دەرەوەدا. ڕەخنەی چەپ لەم بیرکردنەوەی نەزم ئەوەیە کەوا نەزم دەبێتە هۆکاری زۆرداری کەوا نادادپەروەری دەهێنێت، بەڵام ڕاستەقینە ئەوەیە کە نەبوونی نەزمی شار و شارنشینی خۆی واتە نەبوونی دادپەروەری.
بێشکەی مێژوویی شار
بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروستبوونی مۆدێلە فیکرییەکانی شارنشینی، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دونیای کۆن، کاتێک ئەسینا و ڕۆم دوو فەلسەفەی تەواو جیاواز و بنەڕەتییان بۆ دەسەڵات و فەزای شاری پێشکەش کرد.

مۆدێلی ئەسینایی: پۆلیس وەک گەشەی ئەخلاقی
بۆ یۆنانییەکان، شار یان “پۆلیس” (Polis) چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و پەروەردەیی بوو. ئەرستۆ لە کتێبی “سیاسەت”دا دەڵێت: مرۆڤ تەنیا لەناو پۆلیسدا دەگاتە قۆناغی کامڵبوونی عەقڵی، و هەر کەسێک لە دەرەوەی شار بژی، یان ئاژەڵێکی کێوییە یان خوداوەندێکە. شار لای ئەرستۆ فەزایەکە بۆ بەدیهێنانی “فەزیلەت” (Virtue).
چەقی فیکری و پێکهاتەیی ئەسینا باڵەخانە مەزنەکان نەبوون، بەڵکوو “ئەگۆرا” بوو؛ مەیدانی گشتیی شار کە تێیدا هاوڵاتیان بە ئازادی کۆدەبوونەوە بۆ گفتوگۆی فەلسەفی، بازرگانی، و بڕیاردانی سیاسیی ڕاستەوخۆ. لێرەدا، شار هاوتای دیموکراسی و لۆگۆس (Logos – عەقڵ و وشە) بوو. ئەفلاتۆن لە “کۆمار”دا شاری نموونەیی ڕێک وەکو هاوسەنگیی ڕۆحی مرۆڤ دەبینێت؛ کاتێک عەقڵ فەرمانڕەوایی بکات، دادپەروەری لە شار و لە ڕۆحی تاک دا جێگیر دەبێت.

مۆدێلی ڕۆمی: مەکینەی جیهانی بوون و هێزی ڕاستەقینە
کاتێک لە ئەسیناوە دەچین بۆ ڕۆم، فەلسەفەی شار لە “دۆزینەوەی فەزیلەت”ەوە دەگۆڕێت بۆ “بەرجەستەکردنی هێز، یاسا و کارگێڕی”. ڕۆم یەکەمین مێترۆپۆلیسی ڕاستەقینەی مێژووە کە ژمارەی دانیشتوانی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتدا گەیشتە یەک ملیۆن کەس. لێرەدا شار چیتر تەنیا کانتۆنێکی بچووکی دیمۆکراتی نییە، بەڵکوو ناوەندی جیهانە. لەڕاستیدا بۆ ڕۆمیەکان تا ئێستاش ڕۆم و جیهان بەرابەرن. “Urbs et Orbis” شاری ڕۆما وەک سەنتەری گەردوون وایە.
ڕۆمییەکان لە ڕێگەی داهێنانی مادی و فەلسەفیەوە خۆیان بەسەر جیهاندا سەپاند. کۆنکرێتی ڕۆمی، پردی گەورەی ئاوگەیاندن، و تۆڕی شەقامی دوور و درێژ کەوا هەموو جیهانی بە پێتەختەوە دەبەستنەوە. ئەمە نیشانەی سەپاندنی نەزمی مرۆیی بوو بەسەر سروشتدا.
بەڵام فەزای گشتی لای ڕۆمییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هات؛ لەبری ئەگۆرای فیکریی ئەسینا، فەزای گشتی بوو بە سێنا، کۆلۆسیۆم و مەیدانی گەورەی ئەسپسواری، کە تێیدا دەسەڵاتی ئیمپراتۆری مۆدێلی “نان و سێرک”ی بەکاردەهێنا بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەر لە ڕێگەی کاتبەسەربردن و دابەشکردنی گەنم، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر ڕاپەڕینێکی سیاسی بکات. ئەمە یەکەمین مۆدێلی مێژوویی بوو کە تێیدا تەلارسازی و دیزاینی شار بۆ مەبەستی ڕیاڵپۆلیتیک و حوکمڕانیی جەماوەری بەکارهێنرا.
تۆپۆگرافی و ناسەقامگیری؛ بۆچی شارەکانی کوردستان لە ئاستی “قەڵا” تێپەڕ نەبوون؟
کاتێک ئەم مۆدێلە مێژوویی و فەلسەفییانە دەهێنینە سەر جوگرافیا و مێژووی کوردستان، ڕاستییەکی قورس خۆی دەردەخات کە تەواو لۆژیکی و حاشاهەڵنەگرە. بۆچی لە کوردستاندا شارەکان نەبوونە مێترۆپۆلیسی گەورەی هاوشێوەی ئەسینا و ڕۆما، یان تەنانەت هاوشێوەی شارە دەشتاییەکانی دەوروبەری خۆی؟ وەڵامەکە لە ناو دوو چەمکدایە: تۆپۆگرافیای شاخاوی و زۆنی جەنگی بەردەوام.
جیۆگرافیا وەک چارەنووس و تیۆریی ئیبن خەلدون
فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ناودار ئیبن خەلدون لە کتێبی “موقەدیمە”، جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە کە سەرهەڵدانی شارنشینی و شارە گەورەکان پێویستی بە خاکی دەشتایی، ئاوی بەردەوام و گەشەی کشتوکاڵی هەیە کە بتوانێت بەرهەم پاشەکەوت بکات. کاتێک زەوی دەوڵەمەند بێت لە ڕووی خۆراکەوە، بەشێک لە هێزی کار لە ڕاوکردن و چاندن ڕزگاری دەبێت و دەپەرژێتە سەر کارگێڕی، فەلسەفە، بازرگانی و بیناسازی.
کوردستان ناوچەیەکی شاخاوی و سەختە. ئەم تۆپۆگرافیایە وای کردووە کە جوگرافیاکە ڕێگری بکات لە گەشەی ئاسۆیی و بەربڵاوی شارەکان. ئەمە لە مێژوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی لە نەریتی گوندی و خێڵەکیەکان بمێننەوە و هاوکات دابڕاو بن لە یەکتر. بۆیە، فۆرمی شارنشینی لە کوردستان لە ئاستی “قەڵا” یان شارۆچکەی میرنشینی دابڕاو تێپەڕی نەکرد. قەڵا (وەک قەڵای هەولێر، قەڵای دمدم، یان قەڵاکانی عیمادیە و بەدلیس) دیاردەیەک نزیک لە شارنشینیە کە ئامانجی یەکەم و کۆتایی تێیدا بەرگری، ئاسایش و سەربازیە، نەک بازرگانیی کراوە و گەشەی فیکری. قەڵا لە کوردستاندا دروستکرا بۆ ئەوەی بەرگری لە ژیانی دانیشتوانەکەی بکات لە بەرامبەر هێرشی دەرەکی، نەوەک وەک چەقێکی گەورەی ئیمپراتۆری و زۆرتر وەکوو ستراتیژی نیزامی بەکار براوە. ئەم قەڵاگەلەش زۆربەی جار لە بەرزاییەکاندا دروست دەکران و ئەم شێوەی بیناسازی و شارسازیە خۆی نیشانی دەدات کەوا بۆچی کورد ئەم دروشمە دەڵێتەوە”تەنیا دۆستی کورد چیاکانن”. زۆرجار وا هەست دەکرێت کەوا ئەم دروشمە شتێکی مۆدێڕنە و باس لە تەنیایی کورد دەکات لە پێوەندیە نێونەتەوەییەکاندا کەوا پێوەستە بە شێوەی خەباتی کوردی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت. بەس من پێم وایە ئەم دروشمە شتێکی نامۆدێڕنە و پێوەندی بە دونیای پێش مۆدێڕنیتە و هەروەها شێوە ژیانی مێژووی کوردەوە هەیە، کەوا بەردەوام لە بەرزاییەکان قەڵای نیزامی دروست کردوە بۆ پاراستنی خۆی و تا ئیستاش ڕێک شاخەکانی کوردستان ئەم ڕۆڵەیان بینیوە.

کوردستان لەناو زۆنی جەنگی بەردەوام
ناوچەیەک کە دەکەوێتە نێوان چەند هێز و ئیمپراتۆریەت و شارستانی گەورە، دەبێتە ناوچەی پێکدادانی بەردەوام و هەمیشە ناسەقامگیر دەبێت. کوردستان لە مێژوودا بەردەوام قوربانیی ئەم پێگە ستراتیژییە بووە: لە نێوان ڕۆم و پارتەکان، ساسانی و بیزەنتییەکان، و لە مێژووی نوێشدا ململانێی خوێناوی و درێژخایەنی نێوان عوسمانی و سەفەوی کە لە دوای شەڕی چاڵدێران لە ١٥١٤ەوە کوردستان کرا بە مەیدانی جەنگی هەمیشەیی و دابەشبوونی یەکەم.
فەیلەسوفی سیاسیی ناودار تۆماس هۆبز لە کتێبی “لڤیاتان”دا ئارگۆمێنتێکی زۆر بەهێز پێشکەش دەکات؛ ئەو دەڵێت لەو دۆخ و ژینگەیەی کە تێیدا مەترسیی بەردەوامی مردنی ناسروشتی، تندوتیژی و جەنگ هەیە، مرۆڤ ناتوانێت هیچ پڕۆژەیەکی درێژخایەن بونیاد بنێت. لە دۆخی جەنگدا، زانست، پیشەسازی، گەڕان و لە سەروو هەموویانەوە “تەلارسازی و شارنشینی” گەشە ناکەن. لەبەر ئەوەی کورد بەردەوام لە زۆنی جەنگەدا بووە، شارەکانی هەر کاتێک ویستبێتیان گەشە بکەن، بەهۆی هێرش، تاڵانکاری و سیاسەتی خاکی سووتاوی ئیمپراتۆریەکانەوە وێران کراونەتەوە. جێگیری (Stability) کە پێشمەرجی یەکەمی شارە، لە مێژووی کوردستاندا غایب بووە.
ئەم کێشەیە تەنیا تایبەت نەبوو بە کوردستان، بەڵکو تەنانەت شارە دەشتاییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەک بەغداد و دەمشق، لە قۆناغێک بەدواوە نەیانتوانی لە ئاستێکی دیاریکراو زیاتر گەشە بکەن و ببنە بزوێنەری شۆڕشی پیشەسازی و مۆدێرنیتە وەک شارەکانی ئەوروپا.
ئابوورییناس و مێژوونووس چارڵز ئیساوی لە شیکارییە ئابوورییەکانیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم شارانە، سەرەڕای مێژوویی بوونیان لە سەردەمی خەلافەتەکاندا، هەمیشە لە ژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتی ناوەندیی ستەمکار (Despotism) و هێرشی هۆزە کۆچەرییەکاندا بوون. ئەمەش ڕێگەی نەدا چینێکی بۆرژوازیی شاریی سەربەخۆ (میکانیزمی شارستانیی دابڕاو لە دەسەڵاتی سوڵتان) دروستبێت کە بتوانێت نەزمێکی یاسایی باوەڕپێکراو و ئابوورییەکی پیشەسازیی سەربەخۆ بونیاد بنێت. لێرەوە دەبینین کە مۆدێلی شارنشینی لە تەواوی ناوچەکەدا، بەهۆی ناسەقامگیری و جۆری حوکمڕانییەوە، هەمیشە لە ئاستێکی دیاریکراودا کورت بووەتەوە.
بێشکەی نەتەوە؛ گرنگیی شار لە یەکخستنی زمان، نەزم و چیرۆکی هاوبەشی ناسیۆناڵیزم
لەم قۆناخەدا، فەلسەفەی شار دەگۆڕێت بۆ فەلسەفەی دەوڵەت-نەتەوە. لە تیۆرییەکانی ناسیۆناڵیزمدا، شار بێشکەی ڕاستەقینەی لەدایکبوونی نەتەوەیە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە فیکری دوو لە گەورەترین تیۆریستەکانی ئەم کایەیە بکەین: ئێرنست گێڵنەر و بێنیدیکت ئەندەرسۆن.
کۆچی گوند بەرەو شار
دابەشبوونی نوێی کار
پێویستی بە زمانی فەرمی
مۆدێلی بەریتانیا/فەرەنسا
نموونە: پاریس و لەندەن و ڕۆم
پیشەسازی شار و یەکخستنی کولتوور
گێلنەر لە کتێبی ” نەتەوە و ناسیۆناڵیزم”دا دیسەلمێنێت کە ناسیۆناڵیزم بەرهەمی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی نییە، بەڵکوو بەرهەمی کۆمەڵگەی شاری و پیشەسازییە. لە کۆمەڵگەی گوندنشینیدا، خەڵک لە ناوچەی دابڕاودا دەژین، بە شێوەزاری جیاواز قسە دەکەن، و شوناسیان کورت دەبێتەوە لە خێزان و عەشیرەت.
بەڵام کاتێک پرۆسەی شارنشینی دەست پێدەکات و خەڵک کۆچ دەکەن بۆ ناو شارەکان بۆ کارکردن، دابەشبوونی نوێی کار ناچاریان دەکات کە پێویستیان بە زمانێکی یەکگرتوو، سیستەمێکی خوێندنی هاوبەش و نەزمێکی یاسایی گشتی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن پەیوەندی بەیەکەوە بکەن. ئەم کلتوورە شارییە یەکگرتووە، ڕێک ئەو شتەیە کە پێی دەوترێت “نەتەوە”.
چاپەمەنی و کۆمەڵگە خەیاڵکراوەکان
ئەندەرسۆن لە کتێبی “کۆمەڵگە خەیاڵکراوەکان” تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی “سەرمایەداریی چاپ” (Print Capitalism) لە ناو شارەکاندا. کاتێک لە شارەکاندا ڕۆژنامە، کتێب و بەڵگەنامە فەرمییەکان بە زمانێکی یەکگرتوو چاپ دەکرێن، ملیۆنان مرۆڤ کە هەرگیز یەکتر نابینن، لە ڕێگەی خوێندنەوەی هەمان چیرۆک و هەواڵەوە هەست دەکەن بەشێکن لە یەکەیەکی گەورەتر بە ناوی نەتەوە. شار فەزایەکە کە تێیدا ئەم چیرۆکە هاوبەشە بەرهەم دەهێنێت و بڵاوەی پێدەکات.
کۆسپی مێژوویی لە مۆدێلی کوردستاندا
هەرچەن دەتوانین باس لە هۆکاری دیکەش بکەین بۆ پرس و کێشەکانی کورد بەڵام ئەم تیۆرییە بە شێوەیەکی قوڵ و بنەڕەتی پێمان دەڵێت بۆچی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی کوردی لە مێژوودا دواکەوتوە. لەبەر ئەوەی لە کوردستاندا شارەکان نەیانتوانی لە ئاستی قەڵا و میرنشینە دابڕاوەکان تێپەڕن، و تۆپۆگرافیای شاخاویش پێوەندیی نێوان شارەکانی پچڕاندبوو، پرۆسەی یەکگرتنی زمان و کولتوور ڕووبەڕووی کۆسپێکی گەورە بووەوە.
لە کاتێکدا شاری پاریس بوو بەو مەکینە گەورەیەی کە هەموو شێوەزارەکانی فەرەنسای لەناو یەک زماندا ڕێکخست و نەتەوەی فەرەنسی دامەزراند، لە هەمان کاتدا لەندەن، ڕۆم و زۆرێک شاری دیکە هەمان ڕۆڵیان بۆ نەتەوەی خۆیان دەگێڕا، لە کوردستاندا ناوەندێکی شاریی گەورەی لەو شێوەیە بوونی نەبوو. گوندنشینی و عەشیرەتگەری کە بەرهەمی سروشتیی نەبوونی شارنشینیی بەربڵاو بوون، وەک سیستەمی باڵا مانەوە، ئەمەش ڕێگەی نەدا شوناسێکی شاریی نەتەوەیی یەکگرتوو لە کاتێکی زوودا سەرهەڵدات. ناسیۆناڵیزم پێویستی بە تێپەڕاندنی فەزای گوند هەیە، و ئەم تێپەڕاندنەش تەنیا لە ڕێگەی شارەوە دێتە دی.
ئەمە دۆخی ئاسایی گەشەی مرۆڤە بەرەو دونیای مۆدێڕن، بەڵام دۆخی کورد و سیاسەتی کوردی ڕێک پێچەوانەیە. کورد لە سەردەمێکدا کە سیاسەت و کۆمەڵگە بەرەو مۆدێڕن بوونەوە دەچێت بە هۆی ئەوەی کەوا توانای دروستکردنی جێگیری نیە، ناچار ڕوو لە شاخ دەچێت. شاخ و گوندنشینی دەبێتە بەها و بایەخ.
پێتەخت
جیاوازیی جەوهەریی شاری ئاسایی و پێتەخت لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا هەیە. دیارە شار وەکوو سەکۆی ئازادی و تاکگەرایی سەیر دەکرێت بەڵام ئەم تاکە کەوا لەناو شارەکەدا لەگەڵ کۆیەک لە مرۆڤەکانی دیکە چیرۆکی هاوبەش دروست دەکات بۆ ڕۆشتنە دەرەوە لە خۆی(کۆیەک کەوا تاکەکە تێیدا بەشدارە.) پێویستی بە دەروازەیەک هەیە. پێتەخت بەردەوام پرسی نەتەوە بەڕۆژ دەکاتەوە و دەیخاتەوە بەرباس و گەشەی پێدەدات. لێرەدایە کەوا پێتەخت ڕۆڵی ئەم دەروازەیە دەگێڕێت و نەتەوەکە بە جیهانی دەکات.
کاتێک ناسیۆناڵیزم لە ناو شارەکاندا توانی چیرۆکە هاوبەشەکە، زمان و نەزمەکە بەرهەم بهێنێت، قۆناغی دووەم دەست پێدەکات کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ چوونە ناو سیستەمی نێودەوڵەتی و وەرگرتنی شەرعیەت و دانپێدانان. لێرەدایە کە چەمکی “پێتەخت” لە شاری ئاسایی جیا دەبێتەوە. لە ڕوانگەی ڕیاڵپۆلیتیک و فەلسەفەی سیاسییەوە، پێتەخت تەنیا گەورەترین شار نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی جیاوازە کە چوار ڕەهەندی جەوهەری لە خۆیدا جێدەکاتەوە:
١. بەرجەستەبوونی فیزیکیی سەروەری
هۆبز دەوڵەت وەک جەستەیەکی مەزن وێنا دەکات؛ پێتەخت سەر و مێشکی بیرکەرەوەی ئەم جەستەیەیە. شاری ئاسایی شوێنی ژیانی ڕۆژانە و کایەی ئابوورییە بەڵام هێزی بڕیاردانی نیشتمانیی نییە. پێتەخت ئەو شوێنەیە کە تێیدا سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی دەوڵەت (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) کۆدەبنەوە و بڕیاری نیشتمانی تێدا دروست دەبێت و دەخرێتە پرۆسەی جێبەجێ کردن.
لە ڕوانگەی ڕێئاڵ پۆلیتیکەوە، کاتێک لە جەنگەکاندا پێتەختی دەوڵەتێک دەکەوێت، تەواوی دەوڵەتەکە دەڕووخێت و سەروەرییەکەی کۆتایی دێت، تەنانەت ئەگەر هەموو شارەکانی تریش لە ڕووی فیزیکییەوە سەلامەت بن. پێتەخت کۆدی ڕەوایی و سەروەریی نەتەوەکەیە.
٢. زۆنی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی
نەتەوە کاتێک دەوڵەتی هەیە کە لە لایەن دەوڵەتانی ترەوە دانی پێدا بنرێت. پێتەخت ئەو فەزایەیە کە تێیدا دەوڵەت-نەتەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا وتوێژ دەکات. پێتەخت دەبێتە ڕێگای وەرگرتنی ددانپێدانران و مۆڵگەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە بیانییەکان.
شاری ئاسایی ناتوانێت ئەم ئەرکە دیپلۆماسییە بگێڕێت چونکە ڕەوایی گشتیی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی نییە. پێتەخت ئەو شوێنەیە کە “چیرۆکی ناوخۆیی نەتەوە” وەردەگێڕێتە سەر زمانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکان.
٣. وەرگەرتنی ڕەوایی توندوتیژیی
بەپێی پێناسە کورت و بەهێزەکەی ماکس ڤێبەر، دەوڵەت ئەو دامەزراوەیەیە کە خاوەنی ڕەوایی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوایە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا. پێتەخت ناوەندی سەرەکیی فەرماندەیی ئەم ڕەواییەیە؛ شوێنی وەزارەتی بەرگری، دەزگا هەواڵگرییەکان و ناوەندی بڕیاردانی جەنگ و ئاشتییە. شارەکانی تر تەنیا پارێزگاری لێکراون، بەڵام پێتەخت پارێزەر و ئاراستەکەرە.
٤. مەکینەی نیشانەسازی و سیمبۆلیزم
پێتەخت ئەرکێکی سیمبۆلیی قورسی هەیە بۆ نیشاندانی مەزنی و هێزی نەتەوە. تەلارسازیی پێتەختەکان (مۆنۆمێنتەکان، مۆزەخانە نەتەوەییەکان، کۆشکە سەرۆکایەتییەکان) بە ئەنقەست بە شێوازێک دیزاین دەکرێن کە هەم هاووڵاتیانی ناوخۆ تووشی سەرسامی بکەن بۆ چەسپاندنی دڵسۆزی، و هەم نەیارانی دەرەوە بترسێنن.
لەم هاوکێشەیەدا، کێشەی مێژوویی کوردستان ئەوە بووە کە شارە گەورەکانی ئەگەریش تا ئاستێک لە قەڵاش تێپەڕیبن (وەک هەولێر، کرماشان، ئیلام، ئامەد، سلێمانی، سنە و یان مەهاباد) بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە ڕۆڵی پێتەخت بگێڕن، هەمیشە وەک “شاری هەرێمی یان پەراوێزی” (Provincial Cities) ماونەتەوە، و ناوەندی ڕاستەقینەی بڕیاری ڕێئاڵپۆلیتیک بۆ ئەوان لە پێتەختی دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا بووە. بۆیە شاری کوردی بۆ ماوەیەکی درێژ بێبەش بوو لە یاریکردن لە کایەی سەروەریی نێودەوڵەتیدا.
هەولێر وەکوو نیمچە-پێتەختی کوردی
لە ساڵانی ڕابردودا پرسی کورد تووشی پەرەسەندن و گۆڕانکاری سەرنجڕاکێش دەبێت و ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەی کۆنتێکستیە کەوا ڕوویداوە. شوناس و هێزی کوردی بە تەواوی لە “شاخ”ەوە کۆچی کردووە بۆ ناو “شار” و بەتایبەتی بۆ ناو هەولێر وەک نیمچە-پێتەخت. هەر بە ڕوانینێکی ئاسایی بۆ ئەو بزووتنەوە سیاسیانەی کورد کە هێشتا لە شاخدا و یان دۆخی شاخدا بیر و هەڵسووکەوت دەکەن، دەتوانین ببینین کەوا توانای ڕێکخستنی گشتی و هێنانە شەقامیان نەماوە. هاوکات ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، کاتێک باس لە چارەنووسی باشوور، ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهەڵات دەکرێت هەولێر وەک ناوەندی بڕیاری سیاسیی کورد لێی دەڕوانرێت. ئەم وەرچەرخانە دەکرێت وەکوو دوو قۆناخی جیاواز سەیر بکرێت:
قۆناخی کۆن (شاخ): ئەم قۆناخە قۆناخێکە کەوا لە دونیای پێش مۆدێڕنەوە بۆمان بە میرات ماوەتەوە. خێڵەکان و عەشیرەکان لە گوندەکانەوە خەبات دەکەن لە پێناوی شتێک بە ناوی مافی کورد و مانەوەی کورد. ئەم قۆناخە بریتیە لە شەڕی پێشمەرگانە بە دژی نەریت و سیستەمی ئیرانی و عێراقی و تورکی و سوریەیی. لەم قۆناخەدا ڕۆڵی شار و پێتەخت بە هیچ شێوازێک نابینرێت. ئامانجی سەرەکی لەم قۆناخەدا تەنیا پاراستنی فیزیکی و جەنگی پێشمەرگانە بوو لە ناوچە سەخت و شاخاویەکاندا. ئەم قۆناخە هیچ شتێکی بە ناو ئاگایی کۆیی نەتەوە بە نیسبەت خۆی تێدا نیە و چەمکی کوردایەتی لەگەڵ خۆی دروست دەکات.
قۆناخی نوێ (شار): ئەم قۆناخە قۆناخێکە کە لە ساڵەکانی دوای دوهەزارەوە دەستپێدەکات. دەسپێکی ئەم قۆناخە هاوکاتە لەگەڵ جێگیر بوون و نیشتەجێ بوونی سیاسەتوانانی کورد لە دوو شاری هەولێر و سلێمانی. ئەم قۆناخە دەبێتە هۆکار بۆ گەشەی دەزگای چاپەمەنی و میدیایی و ئیداری و… . لەو قۆناخەدا گەشەی ورد دەبینین لە ئاگایی کۆیی کورد لە خۆی و باس کردن لە بەشەکانی دیکەی کوردستان( بە شێوەی گشتی) و تێپەڕ بوونی کورد لە ئایدیای کوردایەتی بەرەو ناسیۆناڵیسم. ئامانجی سەرەکی لەم قۆناخەدا چەسپاندنی سەروەری، گەشەی ئابووری، ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی و دیپلۆماسیی نێودەوڵەتییە و تەنانەت باس کردن لە دەوڵەت نەتەوەی کوردی.
ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییە لە سێ خاڵدا خۆی دەردەخات:
١. گۆڕانی ئامانجی نەیاران: لێدان لە پرۆسەی بەپێتەختبوون
لەم ساڵانەی دواییدا (٢٠٢٥-٢٠٢٦)، دەوڵەتانی نەیاری کورد ستراتیژیەتی جەنگی خۆیان گۆڕیوە. ئەوان چیتر تەنیا شاخەکان بۆمباران ناکەن، بەڵکوو بە مووشەکی بالیستی و درۆنی هێرش دەکەنە سەر ناو جەرگەی شاری هەولێرو سلێمانی، و باڵەخانە و ماڵی بازرگانە گەورەکانی وەک پێشڕەو دزەیی دەکەنە ئامانج.
لەم ڕەفتارەدا ڕێئاڵ پۆلیتیکێکی قووڵ هەیە؛ نەیارانی کورد درکیان بەوە کردووە کە هێزی ڕاستەقینەی کورد ئێستا لە شاخدا نییە، بەڵکوو لەو ئارامی و جێگیرییە (Stability) ئابوورییەدایە کەوا هەولێر وەک نیمچە-پێتەخت پێشکەشی دەکات. لێدان لە بازرگان و ژێرخانی شاری، هەوڵێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەم شارە ناتوانێت مەرجی یەکەمی پێتەختبوون (کە ئاسایشە) دابین بکات، بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و کونسوڵخانەکان جێی بهێڵن.
٢. شار وەک نوێنەری نوێی ناسیۆناڵیزم
لەم قۆناخەدا، سیمبۆلی ناسیۆناڵیزم لە چەکداری ناو شاخەوە گۆڕاوە بۆ چەمکی “بۆرژوازیی نیشتمانی“ یان چینێکی ئابووریی شاری کە هێڵە بازرگانی و وزەییەکان لەگەڵ جیهاندا دەبەستێتەوە. ئەم پڕۆژە تەلارسازی و ئابوورییانەی ناو هەولێر، سەرەڕای هەموو کەمکوڕییە فەرماندارییەکانیان، ئەو پایە مادییانەن کەوا بەبێ ئەوان هیچ ڕەواییەکی دەوڵەتداری بونیاد نانرێت. پۆستمۆدێرنەکان و چەپی نوێ دژی ئەم گۆڕانکاریەن و سەرمایەداریی شاری وەک نامۆبوون دەبینن. ئەوان بەردەوام دەدەن لە بنەما نەتەوەییەکانی کورد و هەوڵ دەدەن کەوا ئەم دروست بوونی سەنتەری نەتەوەییە بڕووخێنن و یان ئیزن نەدەن شکڵ و فۆرمی پتەوی ناسیۆناڵیزم بە خۆیەوە بگرێت. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کەوا تەجروبەی فەرمانڕەوایی و یان هێزی نیزامی بەهێزی نیە، ئەم گەشە ئابوورییە شارییە و هەروەها پێتەختی قایم و بەهێز، یەکەمین ئامرازی دەرکەوتنە لەسەر نەخشەی هێزی جیهانی. دیارە زۆر باسی پێوەندی پۆستمۆدێرنیسم و چەپی نوێ کراوە کەوا لەگەڵ ئیسلامی سیاسی هاوپەیمانیەک نەنوسراویان هەیە، بۆیە منیش هەر بەو باسانە قەناعەت دەکەم و هەر ئەوەندە پێویستە کەوا بێژین ئەوانیش ڕێک وەکوو دوژمنانی کوردستان لەگەڵ کوردستان هەڵسووکەوت دەکەن.
٣. تێزی “ڕۆژهەڵات تەوەری“ و مەترسیی پەراوێزخوازی
بزووتنەوەی سیاسی کوردی بەردەوام لە ناوچەیەک گەڕاوە کە بۆشایی لەوێ هەیە و ڕۆشتوە لەوێ چالاکی و کاری کردوە. خودی ئەوەی کە لە ناوچەیەک بۆشایی دروست دەبێت و بزووتنەوەکە دەچێتە ئەوێ، و هەوڵ دەدات بە بێ ئەوەی لەبەرچاو بگرێت کە تاکی چالاک لە کوێ لەدایک بووە چالاکی بکات، نیشان دەدات کە بزووتنەوەی کورد لە مێژوودا ناوچەتەوەر نەببوە، بەڵکوو بە پێچەوانە ئەو کوردستان تەوەر بووە. کەسانێک وەکوو مەلامستەفا و سمکۆ و… کاتێک هێز و توانای خۆیان کۆدەکەنەوە و دەچن بۆ ناوچەیەک دیکە کەوا توانایی کارکردن زۆرترە و هەوڵ دەدەن کورد بەرەو ئاسۆی بە دەوڵەت ببەن، نیشان دەدات کە بۆ ئەوان چارەنووسی کورد لە هەموو کوردستان یەک شتە. ئەم ڕوانینی هاوچارەنووسیە لە گەشەی چەپەوە کەم کەم لاواز دەبێت. هاوکات لەگەڵ ئەمە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانیش گەشە دەکەن و تا بچووکترین گوندەکانی کوردستان پەل دەکێشن و سیستەمی ئابووری و شارسازی خۆیان گەشە پێدەدەن و هەوڵ دەدەن کورد ببەنە دۆخی دموکراسیخوازی و دادپەروەری ناو ئەو دەوڵەتانە. هاوکات لەگەڵ ئەمە شکستی بزووتنەوە سیاسیەکانی دیکە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئیرەیی بردن بە دوو هێزی پارتی و یەکیەتی وا دەکات کە پرسی هاوچارەنووسی کورد یەکسەر بڕووخێت و پارچەتەوەری خۆی دەرخات. ئێستا ئەم پارچە تەوەریە بۆ ئێمەی کوردی داگیرکراو لە لایەن دەوڵەتی ئیرانیەوە خۆی لە چەمکی ڕۆژهەڵات تەوەریدا دەردەخات و بە ڕوونی ناسیۆناڵیزمی ئیرانی پشتیوانی لەم چەمکە دەکات و ئەمە گەشە پێدەدات.
لەم دۆخە هەستیارەدا، کۆمەڵێک حزب و گوتاری سیاسی سەریانهەڵداوە کە هەوڵ دەدەن ئەمە تیۆریزە بکەن بە ناوی “ڕۆژهەڵات تەوەری“ یان “جیاوازیی ڕەهای چارەنووس”ی بەشەکان بڵاو دەکەنەوە. ئەوان (کە زۆرجار کلتوورێکی چەپیان هەیە بەڵام خۆیان لە چوارچێوەی ڕاستڕەوی ئیرانی یان ناسیۆناڵیزمی ئیرانی دەبیننەوە) ئارگۆمێنتی ئەوە دەهێننەوە کە دەبێت کوردی ڕۆژهەڵات پلانی خۆی هەبێت و کێشەکەی تەنیا لە چوارچێوەی جوگرافیای ئیراندا چارەسەر بکات. و ئەمە لە قەبارەی دڵسۆزی بۆ ئەو بەشە داگیرکراوەی کوردستاندا دەردەبڕن.
ئەم تێزە لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لە قۆناخی دروست بوونی “ناسیۆناڵیزمی کوردی” بۆ قۆناخی “پەراوێزخوازیی ناوچەیی“. ئەم حزبانە بە ناوی واقیعبینییەوە، لۆژیکی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و ئەو سنوورە دەستکردانە قبوڵ دەکەن کە نەتەوەکەیان دابەش کردووە. ئەوان کاتێک هەوڵ دەدەن کوردی ڕۆژهەڵات لەم ناوەندە شاری و پێتەختییە (هەولێر) داببڕن، لە ڕاستیدا “چیرۆکە هاوبەشەکەی نەتەوە” پارچەپارچە دەکەن.
کاتێک چەق و ئاڕاستەی ڕوانینی مرۆڤی کوردی ڕۆژهەڵات لە پێتەختی نەتەوەیی خۆیەوە (هەولێر) بگۆڕدرێت بۆ پێتەختی دەوڵەتی داگیرکەر (تاران)، دۆزی کورد لە کێشەیەکی نەتەوەیی خاوەن ناوەندەوە دادەبەزێت بۆ کێشەیەکی ناوخۆیی یان کەمینەیەکی ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی. جیاوازیی تاکتیکی لە نێوان پارچەکاندا واقیعێکی تاکتیکیە، بەڵام گۆڕینی ئەم جیاوازییە تاکتیکییە بۆ دابڕانی ستراتیژی و ناسنامەیی، خزمەتکردنە بە هێشتنەوەی نەتەوە لە دۆخی بێ مێژووییدا.
گەڕانەوە بۆ ڕێئاڵیسم
شار وەکوو ناوەندێک بۆ گەشەی ئازادی و پێتەخت وەکوو دەروازەیەک بۆ بە جیهانی بوون و هەروەها ڕەوایی نەتەوەیی و ناسیۆناڵیزم، پێویستی هەر نەتەوەیەکی خاوەن سەروەریە. چیتر لە تونەیلەکانی قەندیلەوە و یان گوند و ئەشکەوتەکانی کوردستانەوە ناتوانین باس لە سەروەری کورد لەسەر خاکی کوردستان بکەین، بەڵکوو ئێستا ناوەندی شارەکانی کوردستانن کە توانای ئەو کارەیان هەیە.
لەم لێکۆڵینەوە فەلسەفی و جیۆپۆلەتیکییەدا، دەردەکەوێت کە ململانێ لەسەر چەمکی شار هەمیشە ململانێ بووە لەسەر شێوازی بوونی مرۆڤ و دەسەڵات. ڕەخنەی چەپ و پۆستمۆدێرن لە شار و پێتەخت و سەنتەری نەتەوە ناتوانێت تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە بۆ نەتەوە و بەتایبەت بۆ نەتەوەی کورد دەستەبەر بکات.
بۆ نەتەوەی کورد کە مێژووەکەی پڕ بوو لە ناسەقامگیریی بە هۆی بوونی لە زۆنی جەنگ و دابڕانی تۆپۆگرافی، بونیادنانی نیمچە-پێتەختێکی وەک هەولێر گەورەترین بازدانی شارستانی و فیکرییە. ئەوەی کە دوژمنانی کورد هەرێم، باڵەخانە و بازرگانانی ناو شارەکان دەکەنە ئامانج، نەک ئەشکەوتەکان و تونەیلەکانی قەندیل، گەورەترین بەڵگەی ڕاستەقینەیە لەسەر ئەوەی کە شار بووەتە چەق و مەکینەی ڕاستەقینەی مانەوە و سەروەریی نەتەوەکە. دابڕاندنی هەر بەشێک لەم ناوەندە شارییە هاوبەشە، بە هەر ناوێکەوە بێت، تەسلیمبوونە بەو پەراوێزخستنە مێژووییەی کە دەیەوێت کورد هەمیشە وەک بوونەوەرێکی شاخاوی و بێپێتەخت بهێلێتەوە. وەک چۆن دەیڤید هاروی دەڵێت: پرسی ئەوەی چ جۆرە شارێکمان دەوێت، ناتوانرێت جیابکرێتەوە لەوەی کە دەمانەوێت ببین بە چ جۆرە مرۆڤێک؛ و بۆ کورد، شار واتە گواستنەوە بۆ قۆناغی سەروەری، ئازادی و دەوڵەتداریی مۆدێرن.





https://shorturl.fm/X5zPR
https://shorturl.fm/xaKo9
https://shorturl.fm/JPPx8
https://shorturl.fm/aDgZB
https://shorturl.fm/QgS4f
https://shorturl.fm/8WW4a
https://shorturl.fm/lWVpF
https://shorturl.fm/To2uL
https://shorturl.fm/qfCsi
https://shorturl.fm/gICxN
https://shorturl.fm/x2ES0
https://shorturl.fm/TkciG
https://shorturl.fm/hER4R
https://shorturl.fm/m9uJl
https://shorturl.fm/yXIjh
https://shorturl.fm/QRSEO
https://shorturl.fm/n8Hok
https://shorturl.fm/mkHAi
https://shorturl.fm/n8Hok
https://shorturl.fm/0sPsw