بۆ سەربەخۆیی؟

ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە پێوەندی بەم پرسیارە کە دەپرسن :بۆ سەربەخۆیی؟ بۆ پێویستە باسی سەربەخۆیی بکەین؟ بەم چەشنە وەڵام دەداتەوە.

بۆ زۆریەک لە نەتەوەکانی جیهاندا، سەربەخۆیی دەستەواژەیەکی مێژووییە، بەڵام بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد، سەربەخۆیی لە ئێستاش دا ئامانج و ئارمانێکی زیندووە، پێویستییەکی سیاسی و مافێکی حاشا لێکراو.

سەربەخۆیی واتە، نەتەوەیەک بتوانێ لە بارەی داهاتووی خۆی بڕیار بدا و چارەنووسی ئێستا  و نەوەی داهاتووی بۆ خۆی دیاری بکا.

سەربەخۆیی واتای ئەمە دەدات کە چارەنووسی نەتەوەیەک لە پێتەختی وڵاتانی دیکە نەنوسرێتەوە.

سەربەخۆیی یانی زمان، فەرهەنگ و کلتوور، ئابووری، ئاسایش و ئەمنیەت، ئاوەدانی و سەقامگیری و داهاتووی منداڵانی یەک نەتەوە، بارمتەی ئیرادەی دەوڵەتانێک نەبێ کە ئەو نەتەوەیە بە فەرمی ناناسن.

 نەتەوەی کورد یەکێکە لە کۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین. ئێمە، زمان، مێژوو، فەرهەنگ، جوغرافیا، هەستی نەتەوایەتیی هاوبەش، دەرد و ئازاری هاوبەش و ئیرادەی سیاسیی هاوبەشمان هەیە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و کورد لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێ.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو توخمانەی کە بۆ دەوڵەت بووونی یەک نەتەوە پێویستن، کوردستان ئێستاش هەر وا لە نێوان چوار دەوڵەت دا دابەش و داگیرکراوە.

کاتێک نەتەوەیەک وڵاتی هەیە بەڵام دەوڵەتی نییە، حەشیمەتێکی نزیکەی ٧٠ ملیۆنی هەیە بەڵام خاوەن سەروەریی سیاسی نییە، زمانێکی بە هێز و دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام بێبەش کراوە لە خوێندن و پەروەردە بە زمانەکەی خۆی، کاتێک کانگای سەر زەوی و ژێر زەویی زۆری هەیە بەڵام بڕیاردان و لە سەر ئەم کانگایانە لە دەست خەڵکانی بێگانە و داگیرکەر دایە،

ئەوە ئەو کات پرسەکە تەنیا هەڵاواردن نییە، بەڵکوو پرسی، نەبوونی حاکمیەت و سەروەریی سیاسی و نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیە.

سەربەخۆیی بۆ ئێمە بە مانای دوژمنایەتی لە گەڵ هیچ نەتەوەیەکی تر نییە.

ئێمە لە گەڵ نەتەوەکانی فارس و تورک و عەڕەب یا هیچ نەتەوەیەکی تر دوژمنایەتیمان نییە، پرسی ئێمە و گرفتی ئێمە لە گەڵ ئەو دەوڵەتانەیە کە خاکەکەیان لێ داگیرکردووین و حاشا لە مافەکانی نەتەوەی کورد دەکەن، ئەوانەی کوردستانیان دابەش کردووە و لە ڕێگەی زەبر و زەنگ و سەرکوت، زیندان و لە سێدراەدان و تیرۆر ئیزن نادەن نەتەوەکەمان بە ئازادی بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات.

بە داخەوە لە ئێستا دا وامان لێهاتووە ئەگەر گوێمان لە زمانەکانی فارسی و تورکی و عەڕەبی دەبێ، کوشت و کوشتار، زیندان و شکەنجە و سێدارە، فتوای جیهادی خومەینی و جنایاتی ساواک و رژیم شاهەنشاهی و ئیسلامیی ئێران و ئەنفال و ژینۆسایدی کورد بە دەستی ڕژیمی بەعسی عێراق و جنیاتەکانی مستەفاکەماڵ ئاتاتورک و ڕژیمەکەی ئەردۆغانمان بیر دێتەوە، واتە تەنانەت قسەکردن بەو زمانانەش بۆمان بۆتە وەبیرهێنەرەوەی ترس و تۆقاندن و فۆبیا.

سەربەخۆیی کوردستان واتە کۆتایی هێنان بە سووڕی ئینکاری و ستەم و وابەستەیی.

واتە کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی.

واتە بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی و سێکۆلار و پێبەند بە مافەکانی مرۆڤ و گەڕانەوەی شوناس و هۆویەت و کەرامەتی تاکی کورد ، واتە گەیشتن بە سەروەریی سیاسی و ڕزگاری لە داگیرکاری.

واتە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو.

بە واتای ئازادیی حزب، میدیا، زمان و  بیروباوەڕەکان.

واتە خەڵکی کوردستان خۆیان بڕیار لەسەر ئابووری ،پەروەردە ،ئاسایش ،  ژینگە و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ نەتەوە و وڵاتانی جیهان دەدەن.

دنیای ئەمڕۆ دەبێ لەوە تێبگات کە  پرسی کوردستان پرسێکی ناوخۆیی ئێران و تورکیە و عێراق و سووریە نییە. پرسی کوردستان پرسێکی نەتەوەیی،نیشتمانی، مێژوویی، یاسایی و نێودەوڵەتییە. میللەتێک کە دەیان ساڵە لە پێناو مانەوەی مان و مەوجوودیەتی، زمان و ناسنامە و ئازادیی خۆی تێکۆشابێت، مافی خۆیەتی دەنگی مافویستی و مافخوازیی خۆی لە ئاستی هەموو جیهاندا هەڵبڕێ.

بەڵام سەربەخۆیی تەنیا بە دەربڕینی هەست و ئیحساسات وەدەست نایە، سەربەخۆیی پێویستی بە ڕێکخستنی بە هێز هەیە. پێویستی بە دیپلۆماسی هەیە، پێویستی بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نەتەوەیی ، دۆسیەی یاسایی،ڕاگەیاندنی بەهێز، لۆبیگەری لە ئاستی نێونەتەوەیی و ڕێبەرییەکی سیاسیی ڕوون و شەفاف هەیە.

لەمڕۆدا کە زۆرینەی شەقامی کوردستان خوازیاری سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و گەرانەوەی سەروەریی سیاسی بۆ نەتەوەی کوردن لە هەر چوار پارچە داگیرکراوەکەی کوردستان،  بە داخەوە وێژمانی ناو هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، دابەش بووە بە سەر سەربەخۆیی، خودموختاری، فیدراڵی، کۆنفیدراڵی و برایەتی گەلان،  پێویستە ئێمە ئاڕمانی سەربەخۆیی لە دروشمەوە بگۆڕین بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی، پڕۆژەیەک بە نەخشە ڕێگەیەکی برنامە بۆداڕێژراو و  ڕێکخراو ، بە ستراتیژی و دەنگێک کە لە هەموو جیهان ببیسترێ.

پەیامی من زۆر روون و شەفافە:

نەتەوەی کورد بە هەموو زاروە و خێڵ و عەشیرە و ناوچەکانیەوە بەدرێژایی چیای زاگرۆس و تۆروس؛ لە باشووری زاگرۆس و گەرووی هورمزەوە تا مەلاتیە و مەڕەش واتە تا باکووری میزۆپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ پێکهاتووە و لە ئێستا دا جیا لەو شوێنانەی یەکێتیی سۆڤیەت کە کورد تێیدا نیشتەجێیە، بەسەر چوار ناوچەی باکور، ڕۆژهەڵات، باشور و ڕۆژاڤا لە نێوان تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا دا دابەش و داگیرکراوە.

کە واتە کورد یەک نەتەوەیە، یەک وڵاتە و سەربەخۆیی، مافێکی ڕەوا ، سیاسی، یاسایی و نێودەوڵەتی میللەتی کوردە و مافی خۆیەتی چ ببێتە یەک دەوڵەتی سەربەخۆ و چ ببێتە چوار دەوڵەتی سەربەخۆ کە دواتر دەتوانرێ لە چوارچێوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی کوردستاندا خۆی پێناسە بکاتەوە.

سەربەخۆیی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە دا، بەڵکوو ڕێگەیەکە بۆ سەقامگیری ، ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئارام و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و ناعەداڵەتی.

ئێمە خوازیاری داهاتوویەکین کە نەتەوەی کورد، خاوەنی چارەنووس، وڵات و سەروەریی خۆی بێ.

و لە کۆتاییدا بەڵێنیتان پێدەدەم کە کوردستان ئازاد دەبێ و کورد دەبێتە خاوەن ولات و کیانی سەربەخۆی خۆی، وڵاتێکی ئازاد کە چارەنووسی لە دەستی کورد دا دەبێ و سەروەریی سیاسی و کەرامەتی ئینسانی بۆ تاکی کورد دەگەڕێتەوە.

بابەتی پێشووپارتی سەربەخۆیی کوردستان: کوژرانی سیاوەش ئەلەک دیسان ئەوەمان بیر دێنێتەوە:کورد تا دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی دەبێ.
بابەتی دواترفیلم: دیــاکـــۆ ؛ سەرەتای یەکگرتوویی مـــاد “یەکەمین دەوڵەتی کوردی”

21 کۆمێنتەکان

Leave a Reply

تاریخ کوردی و میلادی
نوێترینەکان
بەشداریی هەیئەتێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کۆبوونەوەی پارلمانی بریتانیا فیلم: دیــاکـــۆ ؛ سەرەتای یەکگرتوویی مـــاد "یەکەمین دەوڵەتی کوردی" بۆ سەربەخۆیی؟ پارتی سەربەخۆیی کوردستان: کوژرانی سیاوەش ئەلەک دیسان ئەوەمان بیر دێنێتەوە:کورد تا دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی دەبێ. پەیامی سەرەخۆشی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی شەهیدبوونی چەندین پێشمەرگە و گەریلای کوردستان و شەرمەزار کردنی تاوانەک... بەشداریی هەیئەتێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کۆبوونەوەی پارلمانی بریتانیا بە بەشداریی لایەنە سیاسیەکانی کورد،بەلووچ، ... پاریس:دیداری سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە گەڵ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕانسە دیداری سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە گەڵ سەرۆکی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس شار، پێتەخت، هەولێر و کوردستان: پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٥١هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٣٥ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان لە بریتانیا بەڕێوە چوو. پارتی سەربەخۆیی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات. کۆبوونەوەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز سمینارێک بۆ دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لە ژێر ناونیشانی «زمانی کوردی و زاراوەکانی» ڕێکخرا. فەرشید گردکانی و نامۆ فازڵ دوو قارەمانی کوردی بواری وەرزش لە ئاستی جیهانیدا