بە پێی هەواڵەکان، شەوی ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی لە ئاوایی گاگەشی سەر بە شاری مهاباد شەڕ لە نێوان گەریلاکانی “ی ر ک” واتە باڵی نیزامیی پژاک ڕوویداوە و چوار گەریلای سەر بە پژاک بە ناوەکانی ” زارین ئاکباش ناسراو بە ئارژین گارزان، پەرستوو سەفایی پوور ناسراو بە جیهان سیروان ، خەلیل چیچەک ناسراو بە باوەڕ جوودی ،ڕەسووڵ یەگانە ناسراو بە شاهان گابار ” گیانیان بەختکردوە.
لە لایەکی دیکەوە شەوی چوارشەممە، ١٠ی پووشپەڕ لە گوندی قزقەپان لە سێ کیلۆمیتری شاری پیرانشار ، شەڕ لە نێوان پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی ڕژیمی ئێران ڕوویداوە کە لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگەی ئەم حیزبە بە ناوەکانی کارۆ هۆرمزیاری، فەردین چەنگیزی، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەدئەمین بایەزیدی شەهید بوون.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان، وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بە بۆنەی شەهید بوونی کۆمەڵێک ڕۆلەی دڵسۆزی کوردستان لە پیرانشار و مهاباد، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پژاک و یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات، ئەندامان، کادر و پێشمەرگە، گەریلا، و هەموو نەتەوەی کورد دەکات.
ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی بەم تاوانە دژی گەلیەی جارێکی تر نیشانی دا کە بەرامبەر بە داوای مافی ڕەوا و ئیرادەی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد، جگە لە سەرکوت، تیرۆر، توندوتیژی و کوشت و کوشتار هیچ وەلامێکی تری نییە.
ئێمە بەرامبەر بە گیانفیدایی ئەم پۆلە پێشمەرگە و گەریلایەی کوردستان، سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین، ئەوان لە ڕۆڵە دڵسۆزەکانی میللەتەکەمان بوون؛ کەسانێک کە لە پێناو ئازادی و پاراستنی کەرامەت و داوای مافی نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد دا گیانی خۆیان بەخشی، بۆیە نابێ نە خوێنیان فەرامۆش بکرێت و نە ئیزن بدەین خوێنیان بە فیڕۆ بچێت.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان،وێرای مەحکوومکردنی هێرشەکانی سپای پاسداران و ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی، ڕایدەگەیەنێ کە بەرپرسیاری سەرەکیی خوێن ڕشتن، ناسەقامگیری و توندوتیژی لە کوردستان، ڕژیمێکە کە خاکی کوردستانی داگیرکردووە و دەیان ساڵە بە سیاسەتی لە سێدارەدان، زیندان، تیرۆر، کۆچی زۆرەملێ، هەژارکردنی خەڵک،میلیتاریزەکردن، دژی نەتەوەی کورد شەڕێکی بەردەوام و بەرنامە بۆ داڕێژراوی هەڵگیرساندووە.
گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی نیشتمان پیشاندەری ئەو راستییەیە کە رژیم هەرچەند بە خەیاڵی خۆی نیشتمانمانی داگیر و میلیتاریزە کردوە بەڵام قەت ناتوانی بە تەواوی کۆنترۆڵی بکات و هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان هەر کات ئیرادە بکەن دەتوانن وڵات لە داگیرکەر و خۆفرۆشان بکەن بە دۆزەخ.
هیوادارین لە داهاتوودا ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەک رێکبخرێت و بەرنامەی بۆ داڕێژرێت کە هێچ یان کەمترین زەرەر و زیان ببینن.
یەکریزی و هاوخەباتی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانی ببێتە هۆی پتەوتر بوونی پەیوەندی تواناکانی ناوە و دەرەوەی وڵات و هەروەها پێشگیری لە زەرەر و زیانی قەرەبوو نەکراوە.
لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دا رژێمی ئێران لە پێگەیەکی لاوازتردا بوو و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا لە گۆڕاندا بوو. ئەو کات دەتونرا بە تێچووی کەمتر زەرەری کاریگەرتر لە دوژمن بدرێت. لە ئێستا دا کە ڕژیمی ئێران دەرفەتی خۆ ڕێکخستنەوەی دوای ئاگربەستی کاتی بۆ ڕێکخراوە زیادتر لە جاران خولیای کوشتن و ئازاردانی خەڵکی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتییە. بۆیە ئەرکە لە سەر هەموو هێزەکانی کوردستان کە بە یەکگرتویی و هاوخەباتی دەگەڵ خەباتکارانی ناوخۆ ئەم ڕژێمە بەجۆرێک بە چۆک دابێنن کە کەمترین خوێنی بۆ بدەن.
لە هەل و مەرجی تایبەتی ئێستا دا داڕشتنی پلانی نەتەوەیی، هەماهەنگیی سیاسی، پشتیوانیی لۆجستیکی چەند پێویستیەکی گرینگن کە پێویستە جێبەجێ بکرێن.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان ویرای پێداگری لە سەر ڕەوایی هەموو شێوەکانی خەبات و یەک لەوان خەباتی چەکداریی تۆکمە و ڕێکخراو و بە بەرنامە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستپێکردنەوە یان فراوانکردنی خەباتی چەکداری بڕیارێکی زۆر گەورە، هەستیار و چارەنووسسازە. بڕیارێکی لەو شێوەیە نابێت پڕش وبڵاو، کاردانەوەیی، بە بێ ڕێکخستنی نەتەوەیی، بە بێ حیسابکردنی وردی دەرئەنجامە سیاسی، دیپلۆماسی ،سەربازی و مرۆییەکان بێت.
لەم ساتە پڕ لە ئازارەدا، پارتی سەربەخۆیی کوردستان جارێکی دیکە هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ کەس وکاری شەهیدان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” پژاک” و هەموو هێزە ئازادیخوازەکانی کوردستان دەردەبڕێت.
ئێمە پێمان وایە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ڕێگایەکی سەختە بەڵام ڕەوا و مێژووییە؛ ڕێگایەک کە دەبێت بە عەقڵانییەتی سیاسی و یەکێتیی نەتەوەیی و دیپلۆماسیی چالاک و ئامادەیی و ڕێکخستنەوە بەردەوام بێت.
ڕێژیمی داگیرکەری ئێران دەبێ بزانێ کە ناتوانێ بە بۆسە و کوشتار و تیرۆر و سەرکوت پرسی کوردستان بنێژێت و کۆتایی پێ بێنێت. مەسەلە و پرسی کوردستان تەنیا پرسی یەک یا چەند حیزب و بزووتنەوەیەک نییە؛ پرسی نەتەوەیەکە. نەتەوەیەک کە مافی ئازادی، سەروەریی سیاسی، کەرامەتی ئینسانی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەبێت و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بە زەبری چەک ئەو مافە ڕەوا و مێژووییە لەناو ببات.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
٣ی جوولای ٢٠٢٦ی زایینی




https://shorturl.fm/Rciru
https://shorturl.fm/m3bHt
https://shorturl.fm/pg17f