کوردناسیۆن: ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی، ١٢ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی نووسینگەی لیندزی گراهام ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: “ئێوارەی شەممە 11ی جوولای ٢٠٢٦ی زایینی لیندسیگراهام، سیناتۆری ئەمریکایی، بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ، کۆچی دواییکرد.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان، بەم بۆنەوە پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاو کردەوە کە دەقی پەیامەکە بەم جەشنەیە:
بە کۆچی دوایی سناتۆر گراهام، گەلی کورد یەکێک لە دەنگە کاریگەر و پشتیوانەکانی خۆی لە کۆنگرێسی ئەمریکا لەدەست دا؛ کەسایەتییەک کە لە چەندین قۆناغی هەستیار و مێژووییدا، بە ئاشکرا لە تەنیشت کورد وەستاوە و بەرگریی لە ئاسایش، ماف و بوونی سیاسیی نەتەوەی کورد کردووە.
لیندزی گراهام، پشتیوانێکی بە هێزی دۆزی ڕەوای کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بوو، هاوکات دوژمنێکی سەرسەختی ڕژیمی ئێران بوو و لەو باوەرە دابوو کە ڕێگەی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە پێبەندە بە نەمانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سناتۆر گراهام ڕۆڵی پێشمەرگەکانی کوردستانی لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم ناساند و پشتیوانی لە پێدانی ڕاستەوخۆی چەک، ڕاهێنان و یارمەتیی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە کرد. هەروەها پێشمەرگەکانی بە یەکێک لە متمانەپێکراوترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش ناوبرد.
ئەو هەروەها لە بەرامبەر بەجێهێشتنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن ئەمریکاوە بێدەنگ نەبوو و ئاگاداریی دا کە پشتکردن لەو هاوپەیمانانەی هەزاران گیانیان لە شەڕی دژ بە داعش بەخت کردووە، تەنها خیانەت بە کورد نییە، بەڵکو زیانێکی گەورەش بە متمانە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت.
سناتۆر گراهام لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕژیمی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان هەڵوێستی گرت، بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەس و لایەنانەی لەو هێرشانەدا بەشدار بوون هەوڵی دا، لە مەترسیی پاکتاوی نەتەوەییی کورد ئاگاداریی دا و پێداگریی لەسەر پێویستیی دامەزراندنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کورد کرد.
پێشکەشکردنی «یاسای ڕزگارکردنی کوردەکان» لە ساڵی ٢٠٢٦دا، یەکێک بوو لە ڕوونترین هەنگاوەکانی ئەو بۆ پشتیوانی لە کورد. ئەو هەنگاوە نیشانی دا کە بەرگریی ئەو لە نەتەوەی کورد تەنها لە سنووری وتار و ڕاگەیاندنی سیاسیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو لە شێوەی پڕۆژەی یاسایی و هەوڵی پراکتیکیشدا بەردەوام بووە.
ئەو هەروەها پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد، پێگەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەشی دادپەروەرانەی هەرێم لە بودجەی عێراقی داگیرکەر، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان کردوو.، ئەو بەردەوام پێداگریی دەکرد کە نابێت کورد دوای کۆتایی شەڕەکان لەبیر بکرێت یان ببێتە قوربانیی مامەڵە و سازانە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان.
نەتەوەی کورد ، خزمەت، هەڵوێست و پشتیوانییەکانی ئەو، بە تایبەتی لە ڕۆژە سەختەکانی شەڕی دژ بە داعش، هێرش بۆ سەر کەرکووک، پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڕەشە لەسەر بوونی هێزە کوردییەکان، هیچ کات لەبیر ناکات.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان وێرای سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دوایی سناتۆر لیندزی گراهام ، بەداخبوونی خۆی لەم کۆچە ناوادە و لەم کاتە هەستیارە دا دەردەبڕێ و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری، خەڵکی کارۆلینای باشوور، کۆنگرێس، حکوومەت و خەڵکی ئەمریکا و سەرجەم نەتەوەی کورد دەکات.
ناو و یادگارییەکانی ئەو وەک یەکێک لە دۆستانی نەتەوەی کورد و یەکێک لە بەرگریکارانی بنەمای وەفاداری بە هاوپەیمانان، لە بیرەوەریی سیاسیی نەتەوەی کورددا دەمێنێتەوە.
ڕۆحی شاد و یادی بەرز و بەڕێز بێت.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
١٢ی جوولای ٢٠٢٦ زایینی




https://shorturl.fm/hQYEH
https://shorturl.fm/DcFV1
https://shorturl.fm/ytq6U
https://shorturl.fm/fCI6A
https://shorturl.fm/frpq9
https://shorturl.fm/1rXgS