کوردناسیۆن: هەشت ڕێکخراوی سیاسیی سەر بە نەتەوەکانی ژێر ستەم و داگیرکاریی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، وەڵامی ئەو هەڵوێستانەیان دایەوە کە لە بەیاننامەی «کۆنگرەی ئازادیی ئێران»دا خراونەتە ڕوو.
واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە جەختیان کردووەتەوە کە پرسی نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی وەک عەڕەبەکانی ئەحواز، کورد، بەلووچ، تورکی ئازەربایجانی، تورکمان و نەتەوەکانی دیکە، تەنها بە گۆڕینی حکومەت لە تاران چارەسەر نابێت؛ بەڵکوو کۆتاییهێنان بە داگیرکاری، دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکان و مسۆگەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەم نەتەوانە، دەبێت لە ناوەندی هەر پڕۆژەیەکی سیاسی بۆ داهاتوو جێگیر بکرێت.
لە بەیاننامەکەدا هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتە دیموکراتیکەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە کە نەتەوە غەیرە فارسە خاک داگیرکراوەکان، وەک لایەنی سەرەکی و خاوەنماف لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ناوچەکەدا بناسن.
دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
حیزب و ڕێکخراوەکانی نەتەوەکانی ژێر ستەم و داگیرکاریی ئێران، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر مافی نەتەوەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە ئازادی، ئاسایش و ئاشتیی بەردەوام، ڕادەگەیەنن کە بەیاننامەی «کۆنگرەی ئازادیی ئێران» بە پشتگوێخستنی ڕاستیی فرەنەتەوەییی ، مافە مێژوویی و یاساییەکانی نەتەوەکانی ژێر ستەم و داگیرکاری ڕەت دەکاتەوە و پرسەکە تەنیا بە گۆڕینی حکومەت لە تاران سنووردار دەکات.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە قەیرانی ئێستا تەنها ئەنجامی گۆڕانکارییە نوێیەکان نییە، بەڵکوو بەرهەمی چەندین دەیە سیاسەتی پەلاماردەرانە، داگیرکەرانە و فراوانخوازیی ڕژێمی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە؛ ڕژێمێک کە بە پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ، لەسێدارەدان، سەرکوتی ڕێکخراوەیی نەتەوەکانی ژێر داگیرکاری، هەناردەکردنی ناسەقامگیری بۆ ناوچەکە، دروستکردن و پشتگیریکردنی گرووپە بریکار و نیابەتیەکان و خەرجکردنی سامان و سەرچاوەکانی خاکە داگیرکراوەکانی سەر بە نەتەوە غەیرە فارسەکان بۆ ئامانجە سەربازی و فراوانخوازییەکان، بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیران و شڕەکانی ئەمڕۆ.
مەحکومکردنی دەرئەنجامەکانی شەڕ، بەبێ ئاماژەکردن بە هۆکاری سەرەکی ، پشتگوێخستنی ئاشکرای ڕاستییەکانە. بەرپرسیاریی سەرەکیی دۆخی ئێستا لەسەر ئەو ڕژێمەیە کە مانەوەی خۆی لەسەر داگیرکاری، سەرکوتی ناوخۆیی، هەناردەکردنی قەیران و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ناوچەکە بنیاد ناوە.
ئێمە جەخت دەکەینەوە کە پرسی نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی وەک عەڕەبەکانی ئەحواز، کورد، بەلووچ، تورکی ئازەربایجانی، تورکمان و نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی دیکە، تەنیا گۆڕینی حکوومەتێک نییە؛ بەڵکوو کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و دانپێدانان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەوان، بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەما چەسپاوەکانی یاسای نێودەوڵەتیە. هیچ دەوڵەت، حیزب یان ڕەوتێکی سیاسی مافی ئەوەی نییە لە جیاتی ئەم نەتەوانە، لەبارەی داهاتووی سیاسی و چارەنووسیانەوە بڕیار بدات.
ئەزموونی مێژوویی هەروەها نیشانی داوە کە ڕژێمە فاشیستیەکان، داگیرکەر و پشتیوانانی تیرۆریزم، هیچکات بەبێ فشارە کاریگەرە سیاسی، یاسایی، ئابووری و نێودەوڵەتییەکان، دەست لە سیاسەتە سەرکوتکەرانە و فراوانخوازییەکانیان هەڵناگرن و تەنها لەبەردەم ویستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خۆڕاگریی نەتەوەکاندا ناچار بە پاشەکشە دەبن.
ڕێکخراوەکانی نەتەوەکانی ژێر ستەم و داگیرکاریی ئێران، پێیان وایە کە ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوام تەنها ئەو کاتە بەدی دێت کە داگیرکاریی خاکی ئەم نەتەوانە کۆتایی پێ بێت، مافەکانیان بناسرێت و مافی دیاریکردنی چارەنووسیان بەبێ هیچ مەرج و سنوورێک مسۆگەر بکرێت.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتە دیموکراتیکەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە لە هەر دەستپێشخەرییەکی سیاسیی پەیوەست بە داهاتووی ناوچەکەدا، نەتەوەکانی ژێر ستەم و داگیرکاری وەک لایەنی سەرەکی و خاوەنماف بناسن و بەگوێرەی پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی، پشتگیری لە مافە ڕەواکانیان بکەن.
حیزب و ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەکانی ژێر ستەم و داگیرکاریی ئێران
پووشپەڕی ٢٧٢٦ ی کوردی
جولای ٢٠٢٦ی زایینی
ڕێکخراوە واژۆکەرەکان:
١- پارتی سەربەستیی کوردستان
٢- بەرەی دیموکراتیکی گەلی ئەحواز
٣- پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٤- بزووتنەوەی عەرەبیی ئازادیبەخشی ئەحواز
٥- بلوچستان راجی زرمبش
٦- Free Balochistan Movement (FBM)
٧- بەرەی دیموکراتیکی ئەحواز (جاد)
٨- پارتی بلوچستانء راجی تپاکی




https://shorturl.fm/AmWGO