دوازدە ساڵ بەسەر کارەساتی شەنگاڵدا تێپەڕ بووە، بەڵام بۆ ئەو بنەماڵانەی هێشتا نازانن منداڵ، دایک، باوک، خوشک یان براکەیان زیندووە یان نا، کات لە هەمان ڕۆژی ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٤دا وەستاوە.
دۆسیەی ونبووان و دیلە ئێزیدییەکان هێشتا برینێکی کراوەیە لەسەر جەستەی کۆمەڵگەی ئێزیدی و نەتەوەی کورد. ئەم برینە بە ڕێوڕەسمی ساڵیاد، پەیامی هاوخەمی و بەڵێنی سیاسی ساڕێژ نابێت؛ بەڵکو تەنیا بە ڕوونبوونەوەی چارەنووسی ڕفێنراوان، دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ژینۆساید، گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ شەنگاڵ و دابینکردنی گەڕانەوەیەکی شیاو بۆ ئاوارەکان چارەسەر دەبێت.
لە ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٤دا، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکەی بۆ سەر شەنگاڵ و گوندە ئێزیدینشینەکان دەست پێکرد. پیاوان و کوڕان بەکۆمەڵ کوژران، ژنان و کچان بەدیل گیران، منداڵان لە بنەماڵەکانیان جیا کرانەوە و دەیان هەزار کەس پەنایان بۆ چیای شەنگاڵ برد.
ئەو خەڵکەی دەبوو بپارێزرێن، لە هەستیارترین کاتەکانی هێرشدا بێپەنا بەجێهێڵدران. پاشەکشەی هێزە بەرپرسیارەکانی پاراستنی شەنگاڵ، ڕێگای بۆ هاتنەژوورەوەی داعش و ئەنجامدانی یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی سەردەمی هاوچەرخ خۆش کرد. ڕاستیی ئەم پاشەکشەیە و بەرپرسیارێتیی سیاسی و سەربازیی ئەوانەی خەڵکیان بێدیفاع بەجێهێشت، نابێت لە ژێر ملمێلانێ و بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا بشاردرێتەوە.
ئەوەی لە شەنگاڵ ڕوویدا، پێکدادانێکی سەربازیی ئاسایی نەبوو. داعش بە ئامانجی لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزیدی، پیاوانی کوشت، ژنانی بەدیل گرت و وەک کۆیلەی سێکسی بەکاری هێنان، منداڵانی لە بنەماڵەکانیان جیا کردەوە، بە زۆر ئایین و ناسنامەیانی گۆڕی، پیرۆزگاکانی وێران کرد و هەوڵی دا پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ئەم کۆمەڵگەیە لەناو ببات.
بەپێی بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری ژمارەیەک دادگای نێودەوڵەتی و ئەورووپایی، ئەم تاوانانە نموونەیەکی ئاشکرای ژینۆسایدن. ئامانجی داعش تەنیا داگیرکردنی شەنگاڵ نەبوو؛ بەڵکو لەناوبردنی کۆمەڵگەیەک و سڕینەوەی هەموو نیشانەکانی بوونی ئەو لەسەر خاکە مێژووییەکەی بوو.
سەرەڕای تێپەڕبوونی دوازدە ساڵ، لێکەوتە مرۆییەکانی ئەم ژینۆسایدە هێشتا بەردەوامن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا بە هەوڵەکانی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوە ئێزیدییەکان، ٣٬٥٩٥ کەس لە چنگی داعش ڕزگار کراون؛ لەوانە ١٬٢١٣ ژن، ٣٣٩ پیاو، ١٬٠٧٩ منداڵی کچ و ٩٦٤ منداڵی کوڕ.
هەر ژمارەیەک لەم ئامارە، مرۆڤێکە کە ساڵانێک لە دیلی، توندوتیژی، ترس و دوورکەوتنەوە لە بنەماڵەکەی تێپەڕاندووە. گەڕانەوە لە دیلیش بە مانای کۆتاییهاتنی ئازار نییە، چونکە زۆرێک لە ڕزگارکراوان هێشتا لەگەڵ کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکانی ئەو تاوانانە دەژین.
لە بەرامبەردا، چارەنووسی ٢٬٥٢٦ کوردی ئێزیدی هێشتا نادیارە؛ لەوانە ١٬٢١٥ ژن و ١٬٣١١ پیاو. بنەماڵەکانیان نازانن هەروا لە دیلین، کوژراون، لە کەمپ و زیندانەکاندا بە ناسنامەیەکی دیکە ڕاگیراون یان بۆ وڵاتانی دیکە گوازراونەتەوە.
لە پشت ناوی هەر ونبوویەکەوە بنەماڵەیەک هەیە کە دوازدە ساڵە لەنێوان ترس و هیوادا دەژی. دایکانێک هێشتا چاوەڕوانن، منداڵانێک بەبێ ناسینی دایک و باوکیان گەورە بوون و بنەماڵەگەلێک ناتوانن ڕێوڕەسمی ماتەمینی بگرن، چونکە نازانن خۆشەویستەکانیان زیندوون یان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگاڵدا نێژراون.
بەردەوامیی ئەم دۆخە تەنیا بە هۆی ئاڵۆزییە ئاسایشییەکان نییە. نەبوونی ئیرادەی سیاسی، لاوازیی هاوکاریی نێوان حکوومەتەکان، شاراوەهێشتنەوەی زانیارییەکان، خاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان و ناتواناییی دامەزراوە بەرپرسیارەکان، ئازاری بنەماڵەکان زیاتر کردووە. دامەزراوەکانی مافی مرۆڤیش ئاگادارییان داوە کە لەوانەیە هەندێک لە ونبووان هێشتا لە کەمپ و زیندانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە یان لەنێو بنەماڵە سەر بە داعشەکاندا ڕاگیرابن.
دوازدە ساڵ دوای ژینۆساید، شەنگاڵ هێشتا بەدەست نەبوونی ئاسایش، چەند ئیدارەیی، بوونی هێزی جۆراوجۆر، بێکاری، وێرانیی ماڵەکان و کەمیی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەوە دەناڵێنێت. بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێزیدی هێشتا دوور لە ماڵ و زێدی خۆیان دەژین. گەڕانەوە بۆ ناوچەیەک کە ئاسایش، قوتابخانە، نەخۆشخانە، ئاو، کارەبا، خانوو و دەرفەتی کاری تێدا نییە، گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینە و پایدار نییە.
لە ڕوانگەی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، ئێزیدییەکان بەشێکی ڕەسەن و جیانەکراوەی نەتەوەی کورد و یەکێک لە ڕیشەدارترین کۆمەڵگەکانی کوردستانن. ئەم ڕاستییە هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ ڕێزگرتن لە ناسنامەی ئایینی، ویستی کۆمەڵایەتی و مافی بڕیاردانی سەربەخۆی کۆمەڵگەی ئێزیدی نییە.
ئێزیدییەکان نابێت ببنە بابەتی ملمێلانێی حیزب، دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان؛ بەڵکوو دەبێت خۆیان لەبارەی ئاسایش، بەڕێوەبردن و داهاتووی خاکەکەیانەوە بڕیار بدەن.
شەنگاڵ نابێت جارێکی دیکە بێدیفاع بەجێبهێڵدرێت. ئاسایشی ناوچەکە نابێت بکرێتە ئامرازێک بۆ فراوانکردنی نفووزی سیاسی و سەربازیی ئەکتەرە ناوچەییەکان. ئاسایشی بەردەوام تەنیا ئەو کاتە پێک دێت کە خەڵکی شەنگاڵ لە بڕیاردانەکاندا ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت و هێزە جێگەی متمانەکانی کۆمەڵگە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ناوچەکە لە ئەستۆ بگرن.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لەگەڵ بەرز ڕاگرتنی یادی قوربانیانی ژینۆسایدی ئێزیدییەکان، داوای ئەم هەنگاوانە دەکات:
یەکەم: دامەزراندنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانە بۆ دۆزینەوەی هەموو ونبووان و دیلە ئێزیدییەکان و دروستکردنی بانکێکی یەکگرتووی زانیاری لەنێوان ڕژێمی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی ڕۆژاوا، دەوڵەتانی بیانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
دووەم: پشکنینی خێرای کەمپەکان، زیندانەکان، ناوەندەکانی ڕاگرتن و بنەماڵە سەر بە داعشەکان لە عێراق، سووریە و وڵاتانی دیکە، بۆ ناسینەوەی ئەو ژن و منداڵانەی بە ناو، زمان، ئایین یان ناسنامەیەکی دیکە ڕاگیراون.
سێیەم: بەردەوامبوون لە هەڵدانەوەی زانستی و یاسایی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، خێراکردنی پشکنینی DNA، ناسینەوەی پاشماوەی قوربانیان و ڕادەستکردنەوەیان بە بنەماڵەکانیان.
چوارەم: دادگاییکردنی ئەندامان و فەرماندەکانی داعش بە تۆمەتی ژینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی، دەستدرێژی و کۆیلایەتیی جنسی، گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵان و تاوانی جەنگی؛ نەک تەنیا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی.
پێنجەم: جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی و دابینکردنی پشتیوانیی دارایی، چارەسەری جەستەیی و دەروونی، خوێندن، نیشتەجێبوون، دەرفەتی کار و خزمەتگوزاریی یاسایی بۆ هەموو ڕزگارکراوان.
شەشەم: ئاوەدانکردنەوەی شەنگاڵ بە بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵکی ناوچەکە، گەڕاندنەوەی موڵک و زەوییەکان، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ڕێگرتن لە گۆڕینی زۆرەملێی پێکهاتەی دانیشتووان.
حەوتەم: دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆجێیی، هەڵبژێردراو و وەڵامدەرەوە لە شەنگاڵ و مسۆگەرکردنی بەشداریی بڕیاردەرانەی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بە ئاسایش، ئاوەدانکردنەوە و داهاتووی سیاسیی ناوچەکە.
هەشتەم: ناساندنی فەرمیی ژینۆسایدی ئێزیدییەکان لەلایەن هەموو دەوڵەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و گونجاندنی ڕاستییەکانی کارەساتی شەنگاڵ لە بەرنامەکانی خوێندن، بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤ و سیاسەتەکانی پێشگیری لە ژینۆساید.
ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دۆسیەی ونبووە ئێزیدییەکان نەکاتە پەروەندەیەکی لەبیرکراو. ڕووخانی دەسەڵاتی ناوچەیی داعش بە مانای کۆتاییهاتنی تاوان نییە. تا ئەو کاتەی هەزاران بنەماڵە لە چارەنووسی خۆشەویستەکانیان بێئاگان، لێکەوتەکانی ژینۆساید هێشتا زیندوون.
هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی، بەرژەوەندییەکی دیپلۆماسی یان ملمێلانێکی حیزبی نابێت بخـرێتە پێش مافی بنەماڵەکان بۆ زانینی ڕاستی و دۆزینەوەی ونبووان. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی یاسایی، مرۆیی و ئەخلاقییە.
لە دوازدەهەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی شەنگاڵدا، لەبەردەم یادی قوربانیان و خۆڕاگریی ڕزگارکراواندا سەری ڕێز دادەنەوێنین و پاڵپشتیی خۆمان بۆ هەموو ئەو بنەماڵانە ڕادەگەیەنین کە دوازدە ساڵە چاوەڕوانی هەواڵێک لە خۆشەویستەکانیانن.
ئێمە ئەوانمان لەبیر نەکردووە و ڕێگا نادەین ڕاستیی ژینۆسایدی ئێزیدییەکان لەناو بێدەنگی، مامەڵە سیاسییەکان و بێبەرپرسیاریی دامەزراوە حکومییەکاندا بنێژرێت.
تا گەڕانەوەی دوا دیل، ڕوونبوونەوەی چارەنووسی دوا ونبوو و جێبەجێکردنی دادپەروەری بۆ دوا قوربانی، دۆسیەی ژینۆسایدی ئێزیدییەکان داناخرێت.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی
٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی




https://shorturl.fm/qcEAV
https://shorturl.fm/GFMlD
https://shorturl.fm/SuMtM
https://shorturl.fm/PNrdr