لە ٢٨ی فێوریە تا ٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦؛ هێرشەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی بۆ سەر باشووری کوردستان
زیاتر لە ٩٥٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی، ٣٢ شەهید، ١٥٤ بریندار و زیانی مرۆیی، ئابووری و ژینگەیی
لە ٢٨ی فێوریەی ٢٠٢٦ەوە، هەرێمی کوردستان بووە ئامانجی زنجیرەیەکی بەرفراوانی هێرشی مووشەکی، درۆنی و تۆپباران. بەشێک لەم هێرشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە و بەشێکی دیکەیان لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەو ڕژیمە لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون.
لە هەندێک ڕووداودا لایەنی هێرشکەر بە شێوەی فەرمی بەرپرسیارییەکەی گرتۆتە ئەستۆ یان شوێنی هەڵدانی درۆن و مووشەکەکان ناسراوەتەوە. سەرەڕای ئەوە، شێوازی هێرشەکان، جۆری چەکەکان، شوێنی هەڵدان و جۆری ئامانجەکان، سەرجەم ئەم زنجیرە هێرشانە بە ڕژیمی ئێران و تۆڕی میلیشیا نیابەتییەکانییەوە دەبەستێتەوە.
ئامانجەکان تەنیا بنکەی سەربازی نەبوون. فڕۆکەخانە، بنکەی پێشمەرگە، کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خانووی هاووڵاتییان، هوتێل، کۆمپانیا، کێڵگەی نەوت، پاڵاوگە، بورجی پەیوەندی، دامەزراوەی کارەبا، چیا، دارستان و ناوچەی گەشتیاریش کراونەتە ئامانج.
ئامارەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە ٢٨ی فێوریە تا ٢٠ی ئاپریلی ٢٠٢٦، ٨٠٩ هێرشی درۆنی و مووشەکی تۆمار کراوە کە ٢٠ کوژراو و ١٢٣ برینداری لێکەوتووەتەوە. ئاماری فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە بەرامبەردا، CPT لە ماوەی ٢٨ی فێوریە تا ٢٤ی ئاپریل، ٦٩٥ هێرش، لەوانە ٥٥١ هێرشی درۆنی، ١٣١ هێرشی مووشەکی، ١٢ جار تۆپباران و یەک ڕووداوی تەقەکردنی تۆمار کردووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ٢٢ کەس شەهید و ١٠١ کەس بریندار بوون. ڕاپۆرتی CPT تا ٢٤ی ئەپریل
بە کۆکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی دوای ٢٤ی ئاپریل، هێرشەکانی مەی، جوون، جوولای و هەشت ڕۆژی سەرەتای ئاگۆست، کۆی هێرشە تۆمارکراوەکان تا ٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ لە ٩٥٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی تێدەپەڕێت. بەڵام تا ئەو ڕێکەوتە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی لیستێکی یەکگرتوویان بڵاو نەکردووەتەوە.
٢٨ی فێوریە تا نیوەی یەکەمی مارس؛ دەستپێکی هێرشە بەربڵاوەکان
لە ٢٨ی فێوریەی ٢٠٢٦دا، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا بە دژی ڕژیمی ئێران، هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی هەولێر، بووە یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجی هێرشەکانی ڕژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە.
لە سێ ڕۆژی یەکەمدا زیاتر لە ٧٠ مووشەک و درۆن بەرەو هەولێر هاویشتراون. زۆرێک لەوانە لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە ڕێگیرییان لێکرا و پووچەڵ کرانەوە، بەڵام پاشماوەی درۆن و مووشەکەکان لە ناوچە نیشتەجێبووەکان، شەقام، خانوو و موڵکی هاووڵاتییان کەوتنە خوارەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کونسوڵخانەی ئەمەریکا، بنکەی حەریر، بارەگای لیوای ١١ی پێشمەرگە لە دێگەڵە، فەرماندەیی یەکەی ٧٠، شوێنەکانی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانان، هوتێل، بورجەکانی پەیوەندی و دامەزراوە وزەییەکان لە ناو ئامانجەکاندا بوون.
لە یەکێک لە هێرشەکاندا ئەندامێکی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید و ئەندامێکی دیکەش بریندار بوو. هەروەها بارەگا و کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران لە هەولێر، کۆیە، زەرگوێز، زەرگوێزڵە، بانەگەورە، دوکان و دەوروبەری سلێمانی و چەندین شوێنی دیکە کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی ڕژیمی ئێران.
لە ٧ی مارس تا ١٥ی مارس، CPT تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا ١١١ هێرشی درۆنی، مووشەکی و تۆپبارانی تۆمار کرد. تا ١٥ی مارس، کۆی هێرشەکان گەیشتبووە ٣٠٧ هێرش و ٨ شەهید و ٥١ بریندار. ڕاپۆرتی CPT لەسەر دوو هەفتەی یەکەمی هێرشەکان
لە نێوان ئەو شەهیدانە دا ئەم ئەندام و پێشمەرگانەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوون: جەلال ڕەشیدی «کاوان»، ئیسماعیل ڕەحیمی «ئاکۆ»، ئومێد وەیسی «ئومێد ڕەوانسەر»، ئیقبال ساڵحپوور و فەخرەدین مورادی. ڕاپۆرتی هانا لەسەر شەهیدبوونی پێشمەرگەکان
٥ تا ٢٤ی مارس؛ کێڵگەی نەوت، هێزە بیانییەکان و شەهیدبوونی پێشمەرگەکان
لە ٥ی مارس، کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە دهۆک بە دوو درۆن کرایە ئامانج. ئاگر لە یەکەی کارەبای کێڵگەکە کەوتەوە و بەرهەمهێنانی نزیکەی ٣٠ هەزار بۆشکە نەوت لە ڕۆژێکدا ڕاگیرا. ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز لەسەر کێڵگەی سەرسەنگ
لە ١٢ی مارس، مووشەکێک وەبەر بنکەی هێزە ئیتاڵییەکان لە هەولێر کەوت، بەڵام زیانی مرۆیی نەبوو. لە هەمان ڕۆژدا هێرشێکی دیکە بۆ سەر شوێنی ڕاهێنانی هێزە فەڕانسەویەکان ئەنجام درا. سەربازێکی فەڕانسوی بە ناوی ئارنۆ فریۆن کوژرا و شەش سەربازی دیکەش بریندار بوون.
لە ١٥ی مارس، سێ مووشەکی ڕژیمی ئێران کەمپێکی سەر بە کۆمەڵەیان کردە ئامانج.
لە ٢٤ی مارس، بارەگای پێشمەرگەی باشووری کوردستان لە ناوچەی سۆران بە مووشەک کرایە ئامانج. لە هێرشەکەدا سەرەتا شەش پێشمەرگە بە ناوەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا، زەکری بێخشاشی، ڕامین عادڵ، شەهاب بێخشاشی، کەیوان موزەفەر و پشتیوان مەلا موسا شەهید و زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگەش بریندار بوون.
دواتر وەیسی ئاخەر سەعید شیروانی بەهۆی قورسایی برینەکانی شەهید بوو و ژمارەی شەهیدانی ئەم هێرشە گەیشتە حەوت کەس. ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز لەسەر هێرشەکە
پارتی سەربەخۆیی کوردستان: هێرش و دەستدرێژییەکانی ڕژیمی ئێران بۆ باشووری کوردستان مەحکووم دەکەین.
٢٨ی مارس تا ٧ی ئاپریل؛ هێرش بۆ سەر سەرکردایەتی و شوێنە مەدەنییەکان
لە ٢٨ی مارس، شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دهۆک بە درۆن کرایە ئامانج. لە ٢٩ی مارس، درۆنێک لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێز مەسعوود بارزانی لە هەولێر ڕێگری لێکرا.
ئەم دوو هێرشە تەنها هێرش بۆ سەر بینایەک نەبوون، بەڵکو پەیامێکی سیاسی بۆ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بوون. هەرێم بێلایەنیی خۆی لە شەڕەکە ڕاگەیاندبوو، بەڵام ئەو بێلایەنییە نەبووە هۆی ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕژیمی ئێران.
لە ١ی ئاپریل، ژمارەیەک دامەزراوەی پەیوەست بە کۆمپانیایەکی وزە لە نزیک هەولێر بە درۆنی شاهید کرانە ئامانج. لە ٢ی ئاپریل، دوو درۆن کارگەیەکی بەرهەمهێنانی خەڵووزیان لە هەولێر وێران کرد. لە ٥ی ئاپریل، دوو درۆن ناوچەی نیشتەجێبوونی بەختیاری لە سلێمانییان کردە ئامانج.
لە نیوەشەوی ٧ی ئاپریل، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە بە وتەی دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لە خاکی ئێرانەوە هەڵدرابوون، خانوویەکی مەدەنی لە گوندی زرگەزاوی سەر بە دارەشەکرانی کردە ئامانج. موسا ئەنوەر ڕەسوڵ و هاوسەرەکەی موژدە ئەسعەد حەسەن لە ناو ماڵەکەیان دا شەهید بوون و دوو کچە بچووکەکەیان بە بێ دایک و باوک مانەوە. بەڵگەنامەی حکومەتی هەرێم لەسەر قوربانییەکان
١٤ تا ٢٤ی ئاپریل؛ ئاگربەستێک کە هێرشەکانی نەوەستاند
لە ١٤ی ئاپریل، درۆنەکانی ڕژیمی ئێران بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک کۆیە و دوو کەمپی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانییان کردە ئامانج.
غەزاڵ مەولان چەپەرئاوا، کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و خەڵکی مەهاباد، بە سەختی بریندار بوو و دواتر بەهۆی برینەکانی چووە ناو ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە. ڕاپۆرتی هانا دەڵێت هێرشەکە زیانێکی قورسی بە سییەکانی گەیاندبوو و پێش شەهیدبوونی، گواستنەوە و وەرگرتنی لە نەخۆشخانەکاندا دواکەوتن ڕوویدابوو. ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیی هانا
پەیامی هاوخەمیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
لە ١٧ی ئاپریل، سەرەڕای ئاگربەستی ڕاگەیەنراو، ڕژیمی ئێران بارەگا و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ناوچەکانی خەلیفان، ئالانە و جێژنیکان بە مووشەک و درۆن کردە ئامانج.
نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری، دوو ژنە پێشمەرگە، شەهید بوون. لە هێرش بۆ سەر کەمپی مەدەنیی جێژنیکان، شاهین ئازەربەرزینی تەمەن ١٧ ساڵ شەهید و باوکی، نادر ئازەربەرزین، بە سەختی بریندار بوو. ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر هێرشی ١٧ی ئاپریل
لە ٢٢ی ئاپریل، پارتی ئازادیی کوردستان ڕایگەیاند کە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر یەکێک لە بارەگاکانی، سێ پێشمەرگەی بریندار کردووە.
بەپێی CPT، لە ٨ی ئاپریل تا ٢٤ی ئاپریل، سەرەڕای ئاگربەست، ٤٨ هێرش تۆمار کرا. ٧٥ لە سەدی ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە ئەنجام درابوون و ٧٨ لە سەدیان کەمپ و ناوەندەکانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردبووە ئامانج.
مەی و جوون؛ بەردەوامیی هێرش بۆ سەر کەمپەکان
لە کۆتایی ئاپریل تا ناوەڕاستی مەی، کەمپ و بارەگاکانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سوورداش، بالیسان، گەردەچاڵ، زەویە سپی، ئازادی و ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر و سلێمانی چەندین جار کراونەتە ئامانج.
هەندێک لەم شوێنانە تەنها بنکەی پێشمەرگە نەبوون؛ ژن، منداڵ، نەخۆش، کەسە بەساڵاچووەکان و بنەماڵەی پەنابەری سیاسییان تێدا دەژیا. بەهۆی هێرشەکان، سەدان بنەماڵە ناچار بوون کەمپەکان بەجێبهێڵن یان بۆ شوێنی دیکە بگوازنەوە.
لە ٢٧ی جوون، گەشتیاران لە ناوچەی بەفراوی سۆران درۆنێکی ڕژیمی ئێرانی جۆری «ئارەش–٢»یان دۆزییەوە کە بە شێوەیەکی نزیک بە تەواوی سالم مابووەوە. بوونی درۆن و تەقەمەنیی نەتەقیو لە چیا و ناوچە گەشتیارییەکان، مەترسییەکی درێژخایەن بۆ دانیشتووان، ئاژەڵداران و گەشتیاران دروست دەکات. ڕاپۆرتی دۆزینەوەی درۆنی ئارەش–٢
جوولای؛ قۆناغێکی نوێی کوشتار
لە مانگی جوولایدا ٤٨ هێرشی درۆنی و مووشەکی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا. ٤٣ هێرش تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەنجام دران. هەولێر، دارەشەکران، کۆیە، هەڵەبجە و ناوچەکانی سلێمانی لە سەرەکیترین ئامانجەکان بوون. ئاماری هێرشەکانی جوولای
کوشتارەکەی ١٧ی جوولای لە زرگوێزڵە، لە پارێزگای سلێمانی، خوێناویترین هێرشی دوای ئاگربەست بوو. لە ئەنجامی هێرشی هاوکاتی مووشەک و درۆن بۆ سەر شوێنی کۆمەڵە، سەرەتا نۆ کەس شەهید بوون.
دواتر ئەبوبەکر هووشەنگی، یەکێک لە بریندارەکان، لە ٢١ی جوولای گیانی بەختکرد و ژمارەی شەهیدەکان گەیشتە دە کەس:
فەرهاد قەمەری، ئەحمەد مەحموودی، سرووش نەسری، سینا سەفەری، یاسین کیانپوور، کەسرا ڕەحماننژاد، سیاوان نیکیخا، زەکریا فەقێ حەسەن ئاغا، ڕەزا سادقی و ئەبوبەکر هووشەنگی. ڕاپۆرتی ژمارە دووی هانا
پارتی سەربەخۆیی کوردستان هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی کۆمەڵە مەحکووم دەکات.
لە ١٩ی جوولای، بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان لە نزیک دارەشەکران بە درۆنی خۆکوژ کرایە ئامانج و لانیکەم هەشت پێشمەرگە بریندار بوون. قووڵیی سووتانەکان، بەردەوامبوونی ئاگر و جۆری برینەکان گومانی بەکارهێنانی ماددەیەکی ئاگرهەڵگیرسێن، لەوانە فۆسفۆری سپی، دروست کردووە.
پارتی ئازادیی کوردستان: ئێران لە هێرشە دڕۆنییەکەدا تەقەمەنیی تێکەڵ بە فۆسفۆری سپی بەکار هێناوە
بەکارهێنانی فۆسفۆری سپی
. هەڵسەنگاندنی پێشەکیی هانا
لە ٢٧ و ٢٨ی جوولای، کۆیە و دەوروبەری چیای هەیبەت سوڵتان بە درۆن کرانە ئامانج. لە ٣١ی جوولای، ناوەندەکانی ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران لە تۆپزاوا و باشیق هێرشیان کرایە سەر و بەشێک لە بینا و دامەزراوەکانیان وێران بوو.
١ تا ٨ی ئاگۆست؛ هێرش و ئاگرکەوتنەوەی نوێ
لە ١ی ئاگۆست، درۆنەکان ناوچەی نزیک ئەشکەوتی جاسەنە لە دەوروبەری گوندی گچینەی دووکانیان کردە ئامانج و ئاگرێکی بەرفراوان لە پووش و پەڵاش و ڕووەکی ناوچەکە دروست بوو. زیانی مرۆیی ڕانەگەیەنرا.
بەیانی ٢ی ئاگۆست، دوو درۆن بەرەو بارەگای یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە لە تاسڵوجە چوون. هەردووکیان پێش گەیشتن بە ئامانج ڕێگیرییان لێکرا، بەڵام کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکان ئاگرکەوتنەوەی دروست کرد. ڕاپۆرتی هێرشی سەر یەکەی ٧٠
لە ٨ی ئاگۆست، ڕژیمی ئێران جارێکی دیکە شوێنی نیشتەجێبوونی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوروبەری سلێمانی بە درۆن کردە ئامانج. یەکێک لە درۆنەکان بەر خانووی ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کەوت. ئەو کەسە زیانی پێنەگەیشت و تا کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە زیانەکان ڕانەگەیەنرابوو. ڕاپۆرتی هێرشی ٨ی ئاگۆست
ناوی ئەو شەهیدانەی پشتڕاست کراونەتەوە
لە کۆی ٣٢ شەهید و گیانبەختکردووی تۆمارکراو، ناوی ٢٩ کەس لە سەرچاوە فەرمی، حیزبی، میدیایی و مافی مرۆییەکاندا بە ڕوونی بڵاوکراوەتەوە:
ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ١٧ی ئاپریل:
جەلال ڕەشیدی «کاوان»، ئیسماعیل ڕەحیمی «ئاکۆ»، ئومێد وەیسی «ئومێد ڕەوانسەر»، ئیقبال ساڵحپوور، فەخرەدین مورادی، غەزاڵ مەولان چەپەرئاوا، نەدا میری، سەمیرا ئەڵڵایاری و شاهین ئازەربەرزین.
پێشمەرگە شەهیدەکانی هێرشی سەر سۆران:
ڕێبەر عەبدوڵڵا، زەکری بێخشاشی، ڕامین عادڵ، شەهاب بێخشاشی، کەیوان موزەفەر، پشتیوان مەلا موسا و وەیسی ، سەعید شیروانی.
قوربانییە مەدەنییەکان:
مووسا ئەنوەر ڕەسوڵ و موژدە ئەسعەد حەسەن.
سەربازی فەڕانسوی:
ئارنۆ فریۆن.
شەهیدەکانی هێرشی ١٧ی جوولای:
فەرهاد قەمەری، ئەحمەد مەحموودی، سرووش نەسری، سینا سەفەری، یاسین کیانپوور، کەسرا ڕەحماننژاد، سیاوان نیکیخا، زەکریا فەقێ حەسەن ئاغا، ڕەزا سادقی و ئەبوبەکر هووشەنگی.
ناوی یەک ئەندامی ئاسایش و ناوی دوو شەهیدی دیکەی ناو کۆی ئاماری ٣٢ کەس، لە سەرچاوە بەردەستە پشکنراوەکاندا بە ڕوونی نەدۆزراوەتەوە. هەروەها هیچ دامەزراوەیەک تا ٨ی ئاگۆست لیستی تەواوی ١٥٤ بریندارەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
زیانە ماددی و ئابوورییەکان
تا ٢٠ی ئاپریل، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم زیانانەی تۆمار کردووە:
- لە پارێزگای هەولێر، ٧٢٦ هاووڵاتی زیانی گەیشتوو بە خانوو، ئۆتۆمبێل یان شوێنی کاریان تۆمار کردووە.
- لە سلێمانی و هەڵەبجە، ٢٤ هێرش بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان زیانی بە موڵک و ماڵی دەیان کەس گەیاندووە.
- لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خانوو، ئۆتۆمبێل یان شوێنی کاری ٣٥ هاووڵاتی زیانی پێگەیشتووە.
- لە دهۆک، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و موڵکی مەدەنی زیاتر لە ١٣ جار کراونەتە ئامانج.
CPT تا ٢٤ی ئاپریل زیان گەیشتن بە زیاتر لە ٦٧ خانوو و بینای نیشتەجێبوون و ٤٥ ئۆتۆمبێلی مەدەنیی بە شێوەی سەربەخۆ تۆمار کردووە. ئەم ژمارەیە لە ئاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمترە، چونکە CPT تەنها ئەو زیانانەی لە سیستەمی چاودێریی خۆیدا پشتڕاست کردوونەتەوە لە خشتەکەیدا هێناون.
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، پاڵاوگەی لاناز، کۆگاکانی نەوت و ڕۆنی بزوێنەر، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی خەڵووز، بورجەکانی پەیوەندی و هەندێک کۆمپانیای بیانی تووشی هێرش، ئاگرکەوتنەوە یان وەستانی کاتی بوون.
لە مانگی جوولایدا، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان، هەندێک کۆمپانیای وزە چالاکییەکانیان بە شێوەی کاتی ڕاگرت و دابینکردنی گاز و کارەبا لە هەندێک ناوچە کەم بووەوە.
تا ٨ی ئاگۆست هیچ هەڵسەنگاندنێکی فەرمی و یەکگرتوو بە دۆلار یان دینار بۆ کۆی زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە. بۆیە دیاریکردنی ژمارەیەکی پارەیی، بەبێ هەڵسەنگاندنی کۆمپانیاکان، بیمە، حکوومەتی هەرێم و خاوەنموڵکەکان، بنەمای بەڵگەیی نییە.
زیانە ژینگەییەکان
زیانە ژینگەییەکان تەنها کەوتنی مووشەک و درۆن لە چیاکان نین. ئاگرکەوتنەوەی کێڵگەی نەوت و پاڵاوگەکان، سووتانی دارستان و لەوەڕگەکان پاشماوەی ماددەی تەقەمەنی و درۆنیی نەتەقیو دەتوانن کاریگەریی درێژخایەن لەسەر خاک، ئاو، ڕووەک و ئاژەڵ دروست بکەن.
لە دوای هێرشەکانی ١٧ی جوولای، ئاگرێک نزیکەی ٥٠ هێکتار لەوەڕگا و دارستانی سروشتی لە نێوان زرگوێز، زرگوێزڵە، چیای سوێرە و زنجیرەچیای گڵەزەردی سووتاند. هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد. ڕاپۆرتی ئاگرکەوتنەوەی ٥٠ هێکتار
لە چیای هەیبەت سوڵتان، جاسەنە، گچینە و دەوروبەری تاسڵوجەش ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان تۆمار کراوە. بەڵام تا ئێستا هیچ هەڵسەنگاندنی فەرمی لەسەر کۆی ڕووبەری سووتاو، ژمارەی ئاژەڵ و گیانلەبەری لەناوچوو، ئاستی پیسبوونی خاک و ئاو یان تێچووی چاکسازیی ژینگە بڵاونەکراوەتەوە.
هەڵسەنگاندنی یاسایی
بڕگەی ٤ی ماددەی دووی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز دژی یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی سیاسیی دەوڵەتێک قەدەغە دەکات؛ مەگەر بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی میوان، بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش یان لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوای خۆپاراستندا. دەقی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان
تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی گشتی لەسەر ڕەزامەندیی عێراق بۆ ئەم هێرشە سنووربەزێنانە یان بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بڵاونەکراوەتەوە. تەنها ناولێنانی پارتێکی سیاسی یان چەکدار بە «دوژمن» یان «جیاییخواز» مۆڵەتی یاسایی بۆ مووشەکبارانکردنی خاکی دەوڵەتێکی دیکە دروست ناکات.
لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییدا، لایەنەکانی شەڕ پابەندن بە جیاکردنەوەی شەڕکەر لە مەدەنی، ئامانجی سەربازی لە موڵکی مەدەنی، ڕەچاوکردنی هاوسەنگی و گرتنەبەری هەموو ڕێکارییە شیاوەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانی مەدەنی. ڕێساکانی ئامانجگرتن لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا
ئەندامێتی لە پارتێکی کوردستانی، ژیان لە کەمپێکی سەر بە پارتێک یان ناونانی کەسێک بە پێشمەرگە، بە تەنها ئەو کەسە ناکاتە ئامانجێکی ڕەوای سەربازی. دەبێت بەڵگەی دیاریکراو هەبێت کە کەسەکە لە کاتی هێرشدا بە ڕاستەوخۆ بەشداریی کردەی شەڕی کردووە یان ئەرکێکی بەردەوامی شەڕکەری هەبووە.
ئەگەر بسەلمێت کە خانوو، کەمپی بنەماڵەکان یان کەسانی دەرەوەی شەڕ بە ئەنقەست کراونەتە ئامانج، یان هێرشەکان بێجیاوازی و ناهەماهەنگ لەگەڵ سوودی سەربازی بوون، ئەوا دەکرێت بابەتی لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەنگ بن.
بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر بەرپرسیاریی تاوانی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی پشکنینی، ناسینەوەی جۆری چەک، شوێنی هەڵدان، ئامانجی دیاریکراو، زنجیرەی فەرماندەیی و پاراستنی زنجیرەی بەڵگەکان هەیە.
بەرپرسیاریی بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
پاراستنی ئاسمانی عێراق، ڕێگرتن لە میلیشیا چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا و پاراستنی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە بەرپرسیارییە دەستوورییەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە.
بەڵام بەدرێژایی ئەم ماوەیە، هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر پشتی بە سیستەمی بەرگریی هێزەکانی هاوپەیمانان بەستووە و سیستەمێکی تەواوی بەرگریی ئاسمانیی عێراق لە هەرێم جێگیر نەکراوە.
پێویستە:
- لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی لە هەموو شوێنە هێرشکراوەکان بکرێت.
- پاشماوەی درۆن، مووشەک و ماددە گومانلێکراوەکان بە زنجیرەی بەڵگەپارێزی کۆ بکرێنەوە.
- حکومەتی عێراق ئەو میلیشیایانە بناسێنێت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات کە لە ناو خاکی عێراقەوە هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجام دەدەن.
- سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ شار، گوند، کەمپ و دامەزراوە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
- زیانلێکەوتووان بەپێی یاسای ژمارە ٢٠ی ساڵی ٢٠٠٩ و هەموارکردنەوەکەی، یاسای ژمارە ٥٧ی ساڵی ٢٠١٥، قەرەبوو بکرێنەوە.
- نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە مافی مرۆییەکان بەدواداچوون بۆ گومانی بەکارهێنانی ماددەی فسفۆر و ماددە شیمیاییەکان بکەن.
- تۆماری پزیشکی، ناسنامەی قوربانییان، شوێنی وردی هێرش و جۆری چەکە بەکارهاتووەکان لە ئارشیفێکی پارێزراودا کۆ بکرێنەوە.
هێرشەکانی ٢٨ی فێوریە تا ٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ تەنها زنجیرەیەک ڕووداوی پەراوێزیی شەڕ نەبوون. هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ڕاگەیاندنی بێلایەنی، بە سەدان درۆن و مووشەک کرایە مەیدانی ململانێی ڕژیمی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی.
دوای ئاگربەست، کەمبوونەوەی هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمەریکا بە کۆتایی هێرشەکان نەگەیشت؛ بەڵکوو بەشێکی سەرەکیی ئامانجەکان بەرەو پارتە کوردستانییەکان، کەمپەکانی بنەماڵەکان و شوێنە مەدەنییەکان گۆڕان.
کۆی بەدواداچوونەکان تا ٨ی ئاگۆست باس لە زیاتر لە ٩٥٠ درۆن و مووشەک، لانیکەم ١٢ جار تۆپباران، ٣٢ شەهید و ١٥٤ بریندار دەکات. لە پشت ئەم ژمارانەوە، دوو منداڵی بێدایک و باوک، بنەماڵەی ئاوارەکراو، پێشمەرگە و هاووڵاتیی شەهید، دامەزراوەی وزەی وەستاو و چیا و دارستانی سووتاو هەن.
تا کاتێک هێرشکەران لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکرێت، ئاسمانی کوردستان بەرگریی کاریگەری بۆ دابین نەکرێت و زیانلێکەوتووان قەرەبوو نەکرێنەوە، مەترسیی دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بەردەوام دەبێت.




https://shorturl.fm/0uw8H
unlocker.ai – The Ultimate AI Tool for Bypassing Restrictions and Unlocking Content Seamlessly!