پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٢٥ ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرۆز بێت ٢٥ ی گەلاوێژ٨١ مین ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی خۆشەویست، خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

٢٥ ی گەلاوێژ تەنیا یادکردنەوە لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کردستانی ئێران نییە بەڵکو یادەوەری دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی نەتەوەیی نەتەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان.

دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەل و مەرجی ئەو زەماندا وەرچەرخانێکی گرینگ بوو لە مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد دا. حیزبی دێموکرات لە ماوەی زیاد لە هەشت دەیەی تێکۆشانی خۆیدا ڕۆڵیکی دیاری لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی، پاراستنی ناسنامەی کوردی وگەیاندنی دەنگی داواکاری رەوای نەتەوەی کورد بۆ ناوخۆ و دوونیا بینیوە.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەم رۆژە مێژوییە و بۆنە گرینگەدا گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتی حیزب، ئەندامان، پێشمەرگەکان، بنەماڵەی شەهیدان و هەموو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکات و بەڕێزەوە یادی شەهید پێشەوا قازی محەمەد ، شەهیدانی دیکەی کۆماری کوردستان، شەهید دوکتور قاسملو، دوکتور شەرەفکەندی و هەموو ئەو ڕێبەر و پێشمەرگانە دەکاتەوە کە گیانیان لە پێناو ئازادی و کەڕامەتی نەتەوەی کورد دا بەخت کردوە.

مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، مێژووی دەسکەوت و قوربانیدانە لە هەمانکاتدا. حیزبی دێموکرات نەک تەنیا نەیهێشت ئاگری خەباتی نەتەوەیی بکۆژێتەوە، بەڵکو چەندین نەوەی پێشمەرگە، ڕۆشنبیر و چالاکوانی نیشتمانی پەروەردە کردوە. لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئیعدام، زیندان، تیرۆری ڕێبەران و کادرەکانی حیزب، هێرشی مووشەک و درۆنی بۆ سەر بارەگاکانی و سەرکوتی خویناوی ناوخۆی وڵات هەوڵی داوە ئەم دەنگە بکوژێنێتەوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە و ناشتوانی ئیرادەی گەلێک تێک بشکێنێت کە ئامادەیە گیان بدات بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای خۆی.

هاونیشتمانیان!

ئەمڕۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێکی هەستیار دا دەژیت. کۆماری ئیسلامی ئێران دوای نزیک بە نیو سەدە لە سەرکوت، لەسێدارەدان، تیرۆر و هەلگیرساندنی ئاژاوەی ناوچەیی و جیهانی ڕووبەڕوی قیرانێکی قوڵی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی بۆتەوە. ناڕەزایەتیی خەڵکانی ئێران و نەتەوە خاکداگیرکراوەکان، لە وانەش نەتەوەی کورد بەردەوام لە گەشەکردن دایە. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لە لاوازترین قۆناخی ژیانی سیاسی خۆیدایە. قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، دابەزینی مەشروعیەت، بەرخۆدانی بەردەوامی گەلانی ژێردەست و گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچە، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە ئەو رژێمە بەرەو کۆتایی قۆناغی مێژوویی خۆی دەڕوات.
ئەم بارودۆخە، هەم دەرفەتە و هەم بەرپرسیاریەتیە. ئەگەرحیزبی دێموکرات و هیزە سیاسیەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوانن لە سەر بنەمای هاوکاری، ڕیزگرتن لە جیاوازیی بیرو بۆچوون و دیاری کردنی ستراتیژیەکی نەتەوەیی هاوبەش کار بکەن، دەتوانن کاریگەرییەکی گەورەیان لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڕانکاریەکانی ئێراندا هەبێت.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان پیی وایە کە ئامانجی سەرەکی هەموو هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراندی سیستەمێک بێت کە مافی چارەنووس و مافە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد و هەموو نەتەوە کانی دیکەی ئێران دابین بکات. گەیشتن بەو ئامانجەش تەنیا بە یەکگرتوویی، هاوئاهەنگی، خەباتی ڕێکخراو و بەکارهێنانی هەموو جۆرەکانی تێکۆشان دەکرێت.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو پێناوەدا داوا لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەموو هێزو ڕێکخراوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە لەم قۆناغە هەستیارومێژوییەی ئێستا دا، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی بخەنە سەر بەرژەوەندی حیزبی و ریکخراوەیی و هەوڵی جیدی بەدەن بۆ متمانەسازی فراوانتر و هەروەها بەرفراوانترو یەکگرتوتر کردنی هاوپەیمانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەکریزی و هەبوونی ستراتیژی نەتەوەیی هاوبەش بەهێزترین وڵامە بە سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی. ئێمە باوەڕمان وایە بەهای خوێنی شەهیدانمان کاتێک نرخی شایستەی خۆی وەردەگرێت کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێهاتبێت و نەتەوەی کورد توانیبێت بە ئازادی چارەنووسی خۆی دیاری بکات.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان جاریکی دیکە دووپات دەکاتەوە کە مافی چارەنووسی گەلان، مافێکی سروشتی، مێژوویی و نێودەوڵەتییە. نەتەوەی کورد وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە مافی ئەوەی هەیە بە ئازادی داهاتووی سیاسی خۆی دیاری بکات. لەو ڕوانگەوە باوەڕمان وایە کە چارەسەری ڕاستەقینەی پرسی کورد تەنیا بە گۆڕینی رژێم تەواو نابێت، بەڵکو دەبێت و پێویستە مافە نەتەوەیی و سیاسیەکانی نەتەوەی کورد بە شێوەیەکی گارانتیکراو دابین بکرێن. هەر بۆیە پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە ڕوونی پشتگیری لە مافی چارەنووسی گەلی کورد دەکات، تا ئاستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە ویستی زۆربەی نزیک بە تەواوی خەڵکی کوردستانە.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش پیرۆزبایی ئەم ساڵڕۆژە پیرۆزە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای رزگاری کوردستان دەکەین و هیوادارین بە یەکگرتوویی و ئیرادەی هاوبەش، ڕۆژی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستانیش پیرۆز بکەیین. دڵنیایین  کە ئەو رۆژە دێت کە ئاڵای ئازادی لە سەرانسەری کوردستان بەرز دەبێتەوە.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ ی کوردی

١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی

بابەتی پێشووزیاتر لە ٩٥٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی، ٣٢ شەهید، ١٥٤ بریندار و زیانی مرۆیی، ئابووری و ژینگەیی
بابەتی دواترپەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٣٤ەمین ساڵیادی دامەزرانی حزبی ڕزگاریی کوردستان

Leave a Reply

نوێترینەکان
مڵەی برایەتی گەلان و شۆڕشە مەزنەکەی ڕۆژاوای کوردستان. بەیاننامەی هاوبەش بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینا سیمیناری «باشان» لە فەڕانسە بەڕێوە دەچێت پەیامی دڵخۆشی و پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان: بە بۆنەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان ٨٤ کاندیدی کورد لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٦ی سوید؛ بەشدارییەکی فراوان لە پەرلەمان، هەرێم و شارەوانییەکان سیمیناری «ژن، ژیان، ئازادی؛ لە ڕاپەڕینەوە بۆ داهاتوو»ڕۆژی ١٤ی سێپتامبری ٢٠٢٦،بەڕێوە دەچێ پارتی سەربەخۆیی کوردستان: ساڵی نوێی عیبری پیرۆز بێت. هەڵبژاردنەکانی ئاڵمان و گەشەی بەشداریی سیاسیی کورد لەو وڵاتە گیدعۆن ساعر و یەهوودا بن‌یوسف لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی کورد و جوو پێداگریان کرد. کۆتایی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەیوەندیی کورد–جوو لە لەندەن؛ جەخت لەسەر گواستنەوە لە گفتوگۆ بۆ هاوکاریی درێژخایەن شاندێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پێوەندیی کورد و جوو لە لەندەن بەشداری کرد پارتی سەربەخۆیی کوردستان: هەموو کوردستان لە خەمی سنە دایە. پەیامی پرسە و سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی‌ عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، لە سەقز کۆچی دوایی کرد سەید برایم سەقزی؛ دەنگێک کە بوو بە بەشێک لە بیرەوەریی کوردستان