پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی ٣٤ەمین ساڵیادی دامەزرانی حزبی ڕزگاریی کوردستان
بەڕێزان:
سکرتێری گشتی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسی و سەرجەم هەڤاڵان و لایەنگرانی حزبی ڕزگاریی کوردستان
سڵاو و ڕێز:
بە بۆنەی ٣٤ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی ڕزگاریی کوردستان، بە ناوی دەفتەری سیاسی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێری گشتی، کاک ڕێکار ئەحمەد، ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسی، کادر، ئەندامان و هەوادارانی حزبەکەتان دەکەین.
ڕاگەیاندنی حزبی ڕزگاریی کوردستان لە قۆناغێکی گرینگی مێژووی سیاسیی باشووری کوردستاندا، هەنگاوێک بوو بۆ پاراستنی ڕێبازی نیشتمانی، دیموکراتی و پێشکەوتنخواز و بۆ درێژەدان بە خەبات لە پێناو مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی کوردستان.
بەردەوامبوونتان لەسەر دروشمی «نیشتمانێکی سەربەخۆ و گەلێکی بەختەوەر»، نیشانەی پابەندبوونە بەو ئامانجە نەتەوەییەی کە نەوە لە دوای نەوەی کورد، قوربانی بۆ داوە.
ڕێز لەو هەڵوێستە سیاسییە دەگرین کە چارەسەری ڕەوای دۆزی کورد لە مافی نەتەوەی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، ڕێفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا دەبینێت.
هەروەها پێداگریتان لەسەر گفتوگۆ، دیپلۆماسی، ڕێکخستنی جەماوەر و خەباتی سیاسی و مەدەنی، بەشێکی گرینگە لە دروستکردنی کولتوورێکی نەتەوەیی کە ناکۆکییەکان بە زمانی هێمنانە چارەسەر بکات و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ململانێ و شەڕی ناوخۆیی بگرێت.
ئەم ساڵیادە لە کاتێکدایە کە کوردستان لە هەر چوار پارچە دابەشکراوەکەی ڕووبەڕووی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی، داگیرکاری، سەرکوت، گۆڕینی دیمۆگرافی، دەستدرێژیی سەربازی و هەوڵی بەردەوام بۆ پارچەپارچەکردنی ویست و هەڵوێستی نەتەوەیی گەلەکەمانە.
لە وەها هەلومەرجێکدا، پێویستیمان بە ستراتیژییەکی نەتەوەیی هاوبەش، هەماهەنگیی سیاسی و دیپلۆماسی و نزیککردنەوەی هێزە سەربەخۆییخواز و نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان لە هەر کاتێک زیاترە.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو باوەڕە دایە پرسی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستاندا، لە بنەڕەتدا یەک دۆز و یەک چارەنووسە.
جیاوازیی ڕوانگە و بەرنامە سیاسییەکان نابێت ببێتە بەربەست لەبەردەم هاوکاری لەسەر بنەما نەتەوەییە هاوبەشەکان.
بەرژەوەندیی باڵای کوردستان پێویستی بە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە، ڕێکخراو و بەردەوام لەنێوان هێزەکانی خەباتی نەتەوەییدا هەیە؛ پەیوەندییەک کە لە سنووری بروسکە و دیداری بۆنەیی تێپەڕێت و ببێتە بنەمای هاوکاریی سیاسی، ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی.
لە یادی ئەم ساڵڕۆژە پیرۆزە دا، ڕێز لە خەبات و ماندووبوونی دامەزرێنەران، تێکۆشەران و سەرجەم ئەو هەڤاڵانە دەگرین کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بۆ پاراستنی ڕێبازی حزب و بەرزڕاگرتنی ئاڵای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشاون.
جارێکی دیکە ٣٤ەمین ساڵیادی دامەزرانی حزبی ڕزگاریی کوردستانتان لێ پیرۆز بێت و هیوای بەردەوامی، سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ بە ئاوات دەخوازین. هیوادارین ئەم یادە ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و فراوانکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو لایەن لە پێناو ئامانجە نەتەوەییە هاوبەشەکانمان.
پیرۆز و شکۆدار بێت ٣٤ەمین ساڵیادی دامەزرانی حزبی ڕزگاریی کوردستان
سەرکەوتوو بێت خەباتی یەکگرتووی نەتەوەیی
شەکاوە بێت ئاڵای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی
١٠ی ئاگۆستی “ئاب” ٢٠٢٦ی زایینی





