ڕێزدار کاک مەسعوود بارزانی،
ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی سەركردایەتی و سەرجەم كادر و ئەندامان و لایەنگرانی پارتى دێموکراتى کوردستان:
وێڕای سڵاو و ڕێز، لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە گەرمترین پیرۆزبایی ساڵڕۆژی ئەم دوو بۆنە گرینگەتان لێدەکەین و هیواخوازین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا جێژنی رزگاری و سەربەخۆیی یەکجاریی کوردستان رێز بگرین.
هاوبیران!
پارتی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی هەشتا ساڵی خەبات و قوربانیدان و لە ژێر هەلومەرجی زۆر سەخت و دژواری کوردستان و ناوچە دا بەردەوام لە سەر ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی ماوەتەوە و بۆتە بەشێکی گرینگی مێژووی نەتەوەیی نەتەوەی کورد.
ئەمڕۆ کاتێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گؤرانکاریی سیاسی و ئاساییشی دا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستان زیادتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە یەکڕیزیی ناوخۆیی، هاوئاهەنگیی نیشتمانی و بەرگری لە دەسکەوتە دەستووری و سیاسیەکانی هەیە.
لەم بارودۆخەدا پارتی دێموکراتی کوردستان و هەموو هێزە نیشتیمانیەکان بەرپرسیارییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. ئەوەی کە دەتوانێ هەرێمی کوردستان لە ناو ئەم ئاڵۆزیە ناوچەییانە بەهێزتر و سەقامگیرتر بپارێزێ، یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی هێزە نیشتیمانیەکانە کە بتوانن بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بخەنە سەر هەر بەرژەوەندیەکی دیکە.
بەهێزبوون و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هیوایەک و پشتگیرێکی گرنگە بۆ هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە گەلەکەمان لە هەر شوێنێک بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرەنگاری ئاستەنگ و هەڕەشە دەبێتەوە. لەبەر ئەوە، هەر هەنگاوێک بۆ یەکگرتنی هێزە کوردستانییەکان، هەر هەوڵێک بۆ نزیککردنەوەی دید و هەڵوێستە نیشتمانییەکان، و هەر کارێک بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێم، لە هەمان کاتدا خزمەت بە ئامانجی گەورەی نەتەوەکەمان دەکات.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان باوەڕی وایە کە میراتی هەشتا ساڵ خەبات و قوربانیدانی پارتی دێموکراتی کوردستان، تەنها مێژووی ڕابردوو نییە، بەڵکوو پەیامێکە بۆ داهاتوو. پەیامێک کە دەڵێت تا کاتێک یەکڕیزی، متمانە و بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی لە پێش هەموو شتێک بێت، هیوای بەدیهاتنی ئاواتی شەهیدان و نەوەکانی خەباتکار، واتە کوردستانێکی ئازاد، سەربەرز و سەربەخۆ، هەرگیز نامرێت
لە کۆتاییدا جارێکی تر زۆر بە ڕێزەوە یادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کاک مەسعوود بارزانی پیرۆز دەکەین. هیوادارین ئەم بۆنە مێژووییە ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ نوێکردنەوەی پەیمان بە مافی ڕەوای نەتەوەی کورد، بەهێزکردنی یەکڕیزیی نەتەوەیی و بەردەوام بوون لە خەبات و تێکۆشان تا بەدەستهاتنی ئامانجی یەکجاری واتە رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی
١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی



