ئاشتیاکۆ پوورکەریم: ئێزدی و یارسان، ئایینی ڕەسەنی کوردن؛ تەکفیر، ڕق و کینەی ئایینی لە کوردستان جێگەی نابێتەوە.

ئاشتیاکۆ پوورکەریم: ئێزدی و یارسان، ئایینی ڕەسەنی کوردن؛ تەکفیر، ڕق و کینەی ئایینی لە کوردستان جێگەی نابێتەوە.

لەو ماوەیە دا مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی مەلا ڕامین سالح‌زادە لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەر مینبەری مزگەوتەوە لە بارەی ئێزدییەکان کۆمەڵێک قسەی نەشیاوی کردووە کە بە پێویستم زانی وەڵامی بدرێتەوە.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە هەندێک بە ناو مامۆستای ئایینی بە بیری تەسک و دواکەتوانە، داعش ئاسا دەدوێن، پیشتریش مەلایەکی ئایینی دیکە بە ناوی مەلا عەبدولحەمید فەرەجی هێرشێکی لەم چەشنەی کردبووە سەر ئایینی پیرۆزی کوردان، ئایینی یارسان.

ئەم قسانەی مەلا رامین سالح‌زادە و مەلا عەبدولحەمید فەرەجی تەنیا جیاوازییەکی فیقهی یان گفتوگۆیەکی ئایینی نین. کاتێک لە سەر مینبەری مزگەوتەوە، کۆمەڵێک مرۆڤ تەنیا بەهۆی باوەڕی ئایینییانەوە بە «کافر»، «ناپاک» یان کەسانێک بناسرێن کە شایەنی برایەتی نین، و قسە تا ئەو ئاستە بڕوات کە ژیان و ئاسایشیان بکەوێتە ژێر هەڕەشە، ئیتر بابەتەکە سنووری باوەڕی تایبەتیی مامۆستایەکی ئایینی تێپەڕاندووە و دەبێتە مەسەلەیەکی ڕاستەوخۆی تێکدان و لە مەترسی خستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیان و یەکڕیزیی کۆمەڵگای کوردستان.

هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە باوەڕی ئایینی خۆی بکاتە پێوانەی کوردبوون.

کوردی موسڵمان، کوردی یارسان و کوردی ئێزدی، پێش هەر جیاوازییەکی ئایینی، بەشێکی دانەبڕاون لە نەتەوەی کورد و جوغرافیای مێژوویی کوردستان.
سەدان ساڵە ئەم ئایین و ئایینزایانە لە شار و گوند و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە تەنیشت یەکتر ژیاون، زمان،کولتوور و چارەنووسی مێژوویی هاوبەشیان هەبووە و لە قۆناغە دژوار و ئەستەمەکاندا ئازار و مەینەتیی هاوبەشیان بەسەر هاتووە.

یارسان و ئێزدی دوو لە کۆنترین، ڕیشەدارترین و ڕەسەنترین نەریتە ئایینییەکانی ناوخۆی کوردستانن و ئایینێکی تەواو کوردین و لە خاکی کوردەواری سەریان هەڵداوە، هەروەها ئیسڵام لە ئیستادا ئایینی ملیۆنان کوردە و بەشێکە لە مێژوو و ژیانی کۆمەڵگای کوردستان.

هیچ ئایینێک ئەو مافە نادات بە هیچ کەسێک کە پیروانی ئایینێکی دیکە لە نەتەوەی خۆی دەربکات.

ئەگەر ڕۆژێک پیرێکی یارسانی یان میرێکی ئێزدی لە مەجلیس و کۆڕێکدا یان لە سەر تریبونێکی گشتی ڕابگەیەنێت کە کوردی موسڵمان برای ئەو نییە، یان موسڵمانان بە ناپاک و دوژمن بناسێنێت و کوشتنیان بە ڕەوا بزانێت، کۆمەڵگای کوردستان هەمان ماف و هەمان بەرپرسیارێتی هەیە لەبەرامبەریان دا بوەستێتەوە وەک چۆن ئەمڕۆ دەبێت لەبەرامبەر وتاری ڕق‌پەروەرانه دژ بە یارسان و ئێزدی بوەستێتەوە.

پێوەر و پێوانەکە ڕوونە : ڕق و کینەی ئایینی، لە هەر لایەنێکەوە بێت، ڕەتکراوەیە.

گونجاو نییە لەبەرامبەر سووکایەتی بە موسڵمانان هەستیار و لە سەرپێ بین، بەڵام سووکایەتی بە یارسان و ئێزدی بە «ڕای تایبەتی» لەقەڵەم بدرێت. ناتوانرێت باس لە یەکڕیزیی نەتەوەی کورد بکرێت و لە هەمان کاتدا ڕێگە بدەین هەندێک کەس لە سەر مینبەری ئایینییەوە بڕیار بدەن کێ کوردی ڕاستەقینەیە، کێ برایە و کێ مافی ژیانی لە ناو کۆمەڵگادا هەیە یان نییەتی.

مینبەری مزگەوتیش، وەک هەر تریبونێکی گشتیی دیکە، بەرپرسیارێتی هەیە.

ئازادیی بیر و باوەڕ بە مانای ئازادیی هەڕەشەکردن لە مرۆڤی تر نییە. مامۆستایەکی ئایینی دەتوانێت لە ڕوانگەی باوەڕی خۆیەوە لەسەر ئایین و باوەڕی کەسانی دیکە قسە بکات، بەڵام نێوان جیاوازیی باوەڕ و سووکایەتی بە مرۆڤ، سنوورێکی زۆر ڕوون هەیە. کەسێک دەتوانێت بڵێت: «من ئەم باوەڕە قبوڵ ناکەم»، بەڵام کاتێک پیروانی ئایینێک بە گشتی بە ناپاک، دوژمن یان شایەنی لەناوبردن بناسێنێت، ئیتر قسەکە لە سنووری ئایینناسی دەرچووە و چووەتە ناو چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی ڕق و بێزاری و ناکۆکی نانەوە لە ناوماڵی کورددا.

ئەم جۆرە گوتارانە بۆ کوردستان و نەتەوەی کورد زۆر مەترسیدارن.

نەتەوەی کورد خاکی داگیرکراوە، لە سنووری دەستکرددا دابەش کراوە، هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و ئاسیمیلاسیۆن و پاکتاوی نەژادی و ژینۆسایدی دراوە، شەڕیان پێفرۆشتووە، سەرکوتیان کردوە، زیندان و تیرۆر و لە سێدارەدان و ئەشکەنجەی بینیوە و هاوکات لە گەڵ ئەوانەشدا تووشی کۆچی بە ناچاری و ناکۆکیی ناوخۆیی بۆتەوە.

زیادکردنی دیوار و دابەشکردنی ئایینیی نوێ لەنێوان خەڵکدا، بە قازانجی کۆمەڵگای کوردستان نییە. دابەشکردنی موسڵمان و یارسان و ئێزدی و … بە چەندین بەرەی دژ بە یەکتر، بە ڕاستی هەمان ئەو شتەیە کە دەتوانێت یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی کوردان لە ناوەوە لاواز بکات و ئەوەش لە قازانج و بەرژەوەندیی داگیرکەران دایە.

ئەو یارسانەی بەهۆی سووکایەتیی ئایینییەوە هەست بکات لە جوڵانەوە و کۆمەڵگای کوردیدا شوێنی نییە، لە حاڵێکدا بۆ خۆی کوردی رەسەن و ڕاستەقینەیە یا ئەو ئێزدییەی دوای ئەم هەموو کوشتار و دیلی و ژینۆسایدە، دیسان لە زمانی کوردێکەوە ببیستێت کە بەهۆی ئایینەکەی «کافر»ە و شایەنی ژیان نییە، چۆن دەتوانێت هەستی ئاسایش و برایەتی بکات بەرانبەر بە کوردێکی موسڵمان؟

ئەم بابەتە بە بێدەنگی چارەسەر نابێت.

هێز و پارتە سیاسییەکان، ڕووناکبیران، نووسەران، مامۆستایانی زانکۆ، زانایانی ئایینی و دامەزراوە مەدەنییەکانی کوردستان دەبێت هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەیان هەبێت: هیچ کەسێک، بە هەر جل و ناونیشان و پێگەیەکی ئایینییەوە هەیبێت، مافی ئەوەی نییە لەنێوان بەشەکانی نەتەوەی کورددا بە پێی ئایین دیوار و ناکۆکی و دووبەرەکی دروست بکات.

بێدەنگی لەبەرامبەر ئەم جۆرە وتانەدا لەوانەیە پەسەندکردنی ڕاستەوخۆیان نەبێت، بەڵام لە کردەوەدا مەیدان بۆ دووبارەکردنەوەیان ئاوەڵا دەکات.

لە هەمان کاتدا، وەڵامدانەوە بەم وتارانە نابێت بگۆڕدرێت بە دوژمنایەتی دژ بە موسڵمانان یان دژ بە ئیسڵام.
ملیۆنان کوردی موسڵمان هیچ پەیوەندییەکیان بەم جۆرە بیرکردنەوەیە نییە و زۆر لە مامۆستایانی ئایینی و هاووڵاتیانی موسڵمانیش ڕق و کینەی ئایینی ڕەت دەکەنەوە و ڕاستیەکەی ئەوەیە کە قسەی مامۆستایەکی توندڕەوی ئایینی نوێنەرایەتیی هەموو موسڵمانان ناکات.

ئەگەر کوردستانی داهاتوو دەبێت سەربەخۆ و  ئازاد بێت، دەبێت بۆ هەموو کوردێک ئازاد بێت؛ نەک تەنیا بۆ پیروانی ئایین یان مەزهەبێکی دیاریکراو. دەوڵەت و سیاسەت و ناسنامەی نەتەوەیی نابێت ببنە ئامرازی سەپاندنی باوەڕی ئایینی. مزگەوت، جەمخانە و لالش دەبێت بتوانن لە تەنیشت یەکتر بوونیان هەبێت، بەبێ ئەوەی پیروانی دینێک بۆ بوون یا نەبوونی دینێکی تر بڕیار بدەن.

یارسان و ئێزدی میوانی کوردستان نین، ئەوان بەشێکی سەرەکین لە مێژوو، کولتوور، بیرەوەری و کۆمەڵگای کوردستان.
ناتوانرێت مێژووی کوردستان بنووسرێت و بوونیان بسڕدرێتەوە؛ هەروەها ناتوانرێت داهاتووی کوردستان دروست بکرێت و داوا لەوان بکرێت بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێن، ئایین یان ناسنامەی خۆیان بشارنەوە و بچنە ناو ئایینێکی ترەوە.

خوشک و برایەتیی نەتەوەیی نابێت بە باوەڕی ئایینی مەرجدار بکرێت.

کوردێکی موسڵمان پێویست ناکات باوەڕەکانی یارسان قبوڵ بکات بۆ ئەوەی ڕێزی لە مافی یارسان گرتبێت. کوردێکی یارسانیش پێویست ناکات باوەڕی ئیسلامی قبوڵ بکات بۆ ئەوەی موسڵمانی کورد بە هاونیشتمان و هاونەتەوەی خۆی بزانێت. کوردی ئێزدیش بۆ کوردبوونی خۆی پێویستیی بە مۆڵەت یان پەسەندکردنی هیچ مەلا و مامۆستایەکی ئایینی نییە.

نەتەوە بە فەتوا دروست نابێت.

نەتەوە لەو خەڵکە پێکدێت کە مێژوو، خاک، زمان، کولتوور، بیرەوەری و چارەنووسی هاوبەشیان هەیە و هەڵیانبژاردووە کە لە تەنیشت یەکتر بژین.

ئەگەر ئەمڕۆ لەبەرامبەر تەکفیرکردنی یارسان و ئێزدی بێدەنگ بین، سبەی هەمان مەنتق دەتوانێت دژ بە مەزهەب، باوەڕ یان کۆمەڵێکی دیکە بەکاربهێنرێت.
تەکفیر سنوورێکی جێگیر ناناسێت. کاتێک تاکێک مافی ئەوەی پێدرا دیاری بکات کێ «پاک»ە و کێ «ناپاک»، هەنگاوی دواتر ئەوە دەبێت کە کێ مافی قسەکردن، بەشداریی کۆمەڵایەتی و لە کۆتاییدا مافی ژیانی هەیە.

کۆمەڵگای کوردستان نابێت ڕێگە بدات ئەم مەنتقە ببێتە شتێکی ئاسایی.

وەڵامی ئێمەش نابێت جنێو، تۆڵە یان ڕق و کینەی بەرامبەر بێت. وەڵامی دروست ئەوەیە لەسەر بنەمایەکی ڕوون بوەستین:

هیچ ئایینێک لە ڕووی مافی مرۆڤی و یاساییەوە لە ئایینێکی دیکە بەرزتر نییە و دین و ئایین دەبێ لە دەسەڵات و دەوڵەت و سیاسەت جیا بن.

هەر مرۆڤێک ئازادە موسڵمان، یارسان، ئێزدی، بێ‌ئایین یان خاوەن هەر باوەڕێکی دیکە بێت. ئەوەی کۆمەڵگای سیاسی دەبێت پارێزگاری لێ بکات، بەرزیی باوەڕێک نییە؛ بەڵکوو ئازادیی هەموو باوەڕەکان و ئاسایشی هەموو هاووڵاتیانی کوردستانە.

کورد، هەر ئایینێکی هەبێت، کوردە.

هیچ مەلا، پیر، شێخ،میر، حیزب یان دەسەڵاتێک مافی ئەوەی نییە ئەم ناسنامەیەی لێ بسەنێتەوە.

کوردستان کاتێک دەتوانێت باس لە ئازادی بکات کە ئازادی لە ناو ماڵی خۆیەوە دەست پێ بکات؛ ئازادیی موسڵمان لە تەنیشت یارسان، ئازادیی یارسان لە تەنیشت ئێزدی، و ئاسایشی هەموویان لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و سێکۆلار.

کۆمەڵگای کوردستان دەبێت بە ڕوونی بڵێت: مینبەری ئایینی شوێنی چاندنی توخمی دووبەرەکی لەنێوان کورداندا نییە. یارسان و ئێزدی بەشێکن لە نەتەوەی کورد و بەشێکن لە کوردستان، و دەستدرێژی بە کەرامەت و ئاسایشیان، دەستدرێژییە بە یەکڕیزی و کەرامەتی هەموو کۆمەڵگای کوردستان.

ئەگەر داهاتوویەکی هاوبەشمان دەوێت، ئەو داهاتووە تەنها لەسەر یەک بنەما دەتوانێت دروست بێت:

کوردستان بۆ هەموو کورد؛ بەبێ باڵادەستیی ئایینی، بەبێ تەکفیر و بەبێ ڕق و کینە.

ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان

٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی

١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی

بابەتی پێشووحوسێن عارف، ڕۆماننووس و نووسەری ناسراوی کورد کۆچی دوایی کرد
بابەتی دواترمەحموود ئاغای سەیفی قازی، کوڕی ژەنەراڵ محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی” وەزیری جەنگی کۆماری کوردستان” کۆچی دوایی کرد.

1 لێدوان

Leave a Reply

نوێترینەکان
مڵەی برایەتی گەلان و شۆڕشە مەزنەکەی ڕۆژاوای کوردستان. بەیاننامەی هاوبەش بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینا سیمیناری «باشان» لە فەڕانسە بەڕێوە دەچێت پەیامی دڵخۆشی و پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان: بە بۆنەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان ٨٤ کاندیدی کورد لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٦ی سوید؛ بەشدارییەکی فراوان لە پەرلەمان، هەرێم و شارەوانییەکان سیمیناری «ژن، ژیان، ئازادی؛ لە ڕاپەڕینەوە بۆ داهاتوو»ڕۆژی ١٤ی سێپتامبری ٢٠٢٦،بەڕێوە دەچێ پارتی سەربەخۆیی کوردستان: ساڵی نوێی عیبری پیرۆز بێت. هەڵبژاردنەکانی ئاڵمان و گەشەی بەشداریی سیاسیی کورد لەو وڵاتە گیدعۆن ساعر و یەهوودا بن‌یوسف لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی کورد و جوو پێداگریان کرد. کۆتایی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەیوەندیی کورد–جوو لە لەندەن؛ جەخت لەسەر گواستنەوە لە گفتوگۆ بۆ هاوکاریی درێژخایەن شاندێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پێوەندیی کورد و جوو لە لەندەن بەشداری کرد پارتی سەربەخۆیی کوردستان: هەموو کوردستان لە خەمی سنە دایە. پەیامی پرسە و سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی‌ عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، لە سەقز کۆچی دوایی کرد سەید برایم سەقزی؛ دەنگێک کە بوو بە بەشێک لە بیرەوەریی کوردستان