ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی، بەرامبەر بە ١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦، مەحموود ئاغای سەیفی قازی، کوڕی شەهید ژەنەراڵ محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی، وەزیری جەنگی کۆماری کوردستان، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
مەحموود ئاغای سەیفی قازی لە ساڵی ١٩٤٦، هەمان ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لەدایک بوو. ئەو بەشێک بوو لە بنەماڵەیەک کە ناوی بە مێژووی خەباتی نەتەوەیی کورد و کۆماری کوردستانەوە گرێدراوە.
باوکی واتە محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی، یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی کۆماری کوردستان و وەزیری جەنگی ئەو کۆمارە بوو کە دوای ڕووخانی کۆمار، لەگەڵ پێشەوا قازی محەممەد و سەدری قازی لە مەیدانی چوارچرای مهاباد لەسێدارە درا.
بە بۆنەی کۆچی دوایی مەحموود ئاغای سەیفی قازی، پارتی سەربەخۆیی کوردستان سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی سەیفی قازی و هەموو بنەماڵەی گەورەی قازی دەکات.
بنەماڵەی قازی بە ناوی پێشەوا قازی محەممەد، سەیفی قازی، سەدری قازی و ئەو نەوەیەی کە میراثی ئەوانی هەڵگرتووە، بەشێکی جیانەکراوە لە مێژووی نەتەوەیی و سیاسیی کوردستانە. ئەو بنەماڵەیە لە قۆناغێکی چارەنووسسازدا بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی هەڵگرت و نرخێکی گەورەی بۆ ئازادی و مافی نەتەوەی کورد دا.
مەحموود ئاغای سەیفی قازی تەنیا ئەندامێکی ئەو بنەماڵە مێژووییە نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە بیرەوەریی زیندووی کۆماری کوردستان؛ کەسێک کە لە گفتوگۆ و گێڕانەوەکانی خۆیدا بەشێک لە یاد و بەڵگەکانی ئەو سەردەمەی بۆ نەوەکانی دواتر پاراست.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە ڕێزەوە سەیری مێژوو و قوربانییەکانی بنەماڵەی قازی دەکات و لەم کاتە خەمبارەدا خۆی بە هاوبەشی خەمی بنەماڵە، کەسوکار، دۆستان و هەموو ئەو کەسانە دەزانێت کە بە کۆچی دوایی مەحموود ئاغای سەیفی قازی خەمبار بوون.
ڕووحی کۆچکردوو مەحموود ئاغای سەیفی قازی شاد و یاد و ناوی بەرز و بەڕێز بێت.



