٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ ی هەتاوی، لە بیرەوەریی مێژوویی نەتەوەی کورد دا تەنها ڕۆژێک لە ڕۆژژمێر نییە؛ ئەم ڕۆژە یادەوەریی دەستپێکی یەکێکە لە خوێناویترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان.
لەم ڕۆژەدا، خومەینی ڕێبەری ئێرانیەکان بە دەرکردنی فەرمانێکی ڕاستەوخۆ، ئەرتەش، ژاندارمێری، سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاسپارد کە بە هەموو کەرەستە سەربازییەکان، بە تۆپ و تانکەوە بەرەو کوردستان جووڵە بکەن.
ئەم فەرمانە دەستپێکی ئۆپەراسیۆن و عەمەلیاتێکی سنوورداری سەربازی نەبوو. ڕژیمی تازەدامەزراوی کۆماری ئیسلامی، هەر لە مانگەکانی سەرەتادا، داواکارییە سیاسی و نەتەوەییەکانی نەتەوەی کوردی بە زمانی توندوتیژی وەڵام دایەوە و خواستی ئازادی، خودموختاری، یەکسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی بە «جیاییخوازی»، «موحارەبە» و دوژمنایەتی لەگەڵ خوا و ئیسلام پێناسە کرد.
دوای ئەم فەرمان و فتوایە، شار و گوندەکانی کوردستان یەک لە دوای یەک بوونە ئامانجی هێرش. پاوە، مەریوان، سنە، سەقز، مەهاباد، سەردەشت و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، شایەتی لەشکەرکێشییەکی بەرفراوان، گەمارۆی سەربازی، تۆپباران، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و ئێعدامی مەیدانی و تیرەبارانی سەحرایی بوون.
سادقی خەڵخاڵی بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی خومەینی بۆ کوردستان نێردرا. دادگاگەلێک پێکهێنران کە تێیاندا نە پارێزەر هەبوو، نە دادپەروەریی دادوەری و نە مافی بەرگری و پێداچوونەوە. چارەنووسی مرۆڤەکان لە ماوەی چەند خولەکێکدا دیاری دەکرا و حوکمەکانی ئێعدام دەستبەجێ جێبەجێ دەکران.
لە نێو قوربانییەکاندا،ژن و پیاو ، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، پزیشکان، مامۆستایان، کرێکاران، لاوان و تەنانەت منداڵانیش هەبوون. زۆریەک تەنیا بەهۆی کوردبوون، بەرگریکردن لە مافەکانی نەتەوەکەیان یان یارمەتیدانی بریندارەکان، ڕادەستی پەتی سێدارە کران.
ئێعدامەکانی فڕۆکەخانەی سنە، تیربارانکردنی زیندانیان لە سەقز و مەریوان و کۆمەڵکوژیی خەڵکی بێ چەک لە گوندەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، ئیندرقاش و… بەشێک بوون لە سیاسەتێکی بەرنامەبۆ داڕێژراو؛ سیاسەتێک کە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی نەتەوەی کورد، لەناوبردنی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و سەپاندنەوەی حاکمییەتی سەربازی بەسەر کوردستان و داگیرکردنی ئەم خاکە بوو.
لە قارنێ و گوندەکانی دیکەی کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە، ژنان، منداڵان، پیرەپیاو و ژن لاو و خەلکی بێدەرەتان لە ماڵ و کۆڵانەکانی گوندەکاندا کوژران. ئەم کۆمەڵکوژییانە نە لە ناو شەڕێکی سەربازیدا، بەڵکوو وەک سزای بەکۆمەڵی نەتەوەی کورد ئەنجام دران و تا ئەمڕۆش هیچکام لە فەرماندەران و بکەرانی سەرەکیی ئەم تاوانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و دادپەروەرانە نەک بچووکترین لێپێچینەوەیان لێنەکرا بەڵکوو لە لایەن ڕژیمەوە میداڵیای شانازی و ئیفتخاریان پێدرا.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان، فەرمانی خومەینی و ئۆپەراسیۆن و عەمەلیەتەکانی دوای ئەو بە بەشێک لە ژینۆسایدی دەوڵەتی دژی نەتەوەی کورد دەزانێت.
بەئامانجگرتنی نەتەوەیەک بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی، خاک، زمان، ڕێکخراوی سیاسی و داواکاریی مافی دیاریکردنی چارەنووس، تەنیا ناکۆکییەکی سیاسی یان سەربازی نییە.
ئەم تاوانانە بە ئامانجی دروستکردنی ترس، لەناوبردنی بەرخۆدانی نەتەوەیی، سڕینەوەی بوونی سیاسیی نەتەوەی کورد و ناچارکردنی کۆمەڵگەی کوردستان و نەتەوەی کورد بە تەسلیمبوون ئەنجام دران.
ئێعدامی منداڵان، کۆمەڵکوژیی خەڵکی مەدەنی، هێرش بۆ سەر گوند و شارەکان و بەکارهێنانی چەمکە ئایینییەکان بۆ ڕەواییدان بە کوشتن، توخمە ڕوونەکانی ئەم سیاسەتە ژینۆسایدییە بوون.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بوونیەوە نیشانی دا کە ئامادە نییە نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن مافی سیاسی، نەتەوەیی و مێژوویی بناسێت. ئەم حکوومەتە لەبری گفتوگۆ و قبوڵکردنی مافی چارەنووس، ڕێگای داگیرکاریی سەربازی، سەرکوت، ئێعدام، زیندان و تیرۆری گرتە بەر.
ئەو سیاسەتەی لە گەلاوێژی ١٣٥٨ دەستی پێکرد، لە هەمان ساڵدا کۆتایی نەهات. ئێعدامی زیندانییە سیاسییە کوردەکان، تیرۆری سەرکردە و چالاکانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، میلیتاریزەکردنی کوردستان، وێرانکردنی ئابووری، سەرکوتی زمان و کەلتووری کوردی و کۆمەڵکوژیی ناڕازییان، درێژەی هەمان سیاسەتە کە فەرمانی جیهادی خومەینی بناغەکانی دانا.
ڕێژیمی ئێران هەوڵی داوە ئەم تاوانانە بشێوێنێت یان لە چوارچێوەی «بەرەنگاربوونەوەی دژەشۆڕش»دا پێناسەیان بۆ بکات. بەڵام هیچ ناونیشانێکی سیاسی یان ئایینی ناتوانێت پاساوهەڵگر بێت بۆ کۆمەڵکوژیی خەڵکی بێچەک، ئێعدامی منداڵان، دادگاییە چەندخولەکییەکان و هێرش بۆ سەر شار و گوندەکانی نەتەوەیەک.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵیادی ئەم تاوانانەدا، جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی دەستەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان ، بۆ لێکۆڵینەوە لە فەرمانە دەرکراوەکان، ئێعدامەکان، کۆمەڵکوژیی گوندەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەکات.
داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و دەوڵەتە دیموکراتەکانی جیهان دەکەین، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ژینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی،لێکۆڵینەوەیان لێ بکەن.
ناو و چیرۆکی ژیانی هەموو قوربانییەکان پێویستە تۆمار بکرێت. شوێنەکانی ناشتنی بەکۆمەڵ و گڵکۆی گیانبەختکردووان دەبێت بپارێزرێن. شایەتیی ڕزگاربووان دەبێت کۆبکرێتەوە و ئەرشیڤە سەربازی، ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەم تاوانانە، بخرێنە بەردەستی لێکۆڵینەوە و لێکۆڵەرە سەربەخۆکان.
فەرماندەران و بکەرانی ئەم کۆمەڵکوژییانە، بەبێ گوێدان بە پلە، پێگە یان شوێنی نیشتەجێبوونیان، دەبێت وەڵامدەر بن. تاوان دژی مرۆڤایەتی و ژینۆساید بە تێپەڕبوونی کات لەبیر ناچن و بەرپرسیاریی تاوان بە مردنی بکەران و ڕێبەران یان گۆڕینی پێگەی بکەرانی لەناو ناچێت.
داوا لە هەموو پارت، ڕێکخراو، دامەزراوە و کەسایەتییەکانی کوردستان دەکەین بۆ ئامادەکردنی پەڕگە و دۆسیەیەکی هاوبەش، بەڵگەمەند و شیاوی پێشکەشکردن بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری بکەن.
نەتەوەی کورد نە فەرمانی جیهادی خومەینی لەبیر کردووە و نە قوربانییەکانی پاوە، سنە، مەریوان، سەقز، مەهاباد، سەردەشت، قاڕنێ و شار و گوندەکانی دیکەی کوردستان لەبیر دەکات.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس، سەربەخۆیی و حاکمییەتی سیاسیی نەتەوەی کورد، مافێکی سروشتی، مێژوویی و مامەڵە هەڵنەگرە. هیچ حکوومەت، سوپا، فتوا یان دادگایەک ناتوانێت نەتەوەیەک بەهۆی خواستی ئازادی و حاکمییەت بەسەر خاکی خۆیدا بە تاوانبار بناسێنێت.
یادی هەموو گیانبەختکردووانی ژینۆساید و داگیرکاریی کوردستان بەرز و بەڕێز بێت.
نە لەبیری دەکەین، نە لێی خۆش دەبین و نە دەست لە دادخوازی هەڵدەگرین.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی
١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی



