بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی”١٧ی ئابی ٢٠٢٦، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە لایەن ڕژیمی داگیرکەری ئێرانیەوە هێرش کرایە سەر نووسینگەی تایبەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و هەروەها شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە ناوچەی پیرمام.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئەم هێرشانە بۆ سەر دامەزراوە سیاسی و ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی مەحکووم دەکات و بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیان دەزانێت بۆ سەر ئاسایش، سەقامگیری و ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان.
مێژووی کوردستان سەلماندوویەتی کە سیاسەتی هەڕەشە، بۆمباران و فشار نەیتوانیوە ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد بشکێنێت. بە پێچەوانەوە، هەر جارێک کوردستان کەوتووەتە بەر دەستدرێژی، یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی نیشتمانی زیاتر بووە. ئەمڕۆش پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکانیان، لە بەرامبەر هەر هێرش و دەستدرێژییەکی دەرەکی یەک هەڵوێست بن.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەرامبەر دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بێدەنگ نەبن و بەرپرسیاری خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و ڕێگری لە فراوانبوونی ملمڵانێی ناوچەیی جێبەجێ بکەن. بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم جۆرە دەستدرێژییانەدا تەنیا هاندەرێک دەبێت بۆ دووبارەکردنەوەیان.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی
١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی




