نووسینی: ئاشتیاکۆ پوورکەریم،
سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
ئەوەی لەمڕۆدا پێویستی بە ڕەخنەیەکی جیددی، بنەڕەتی و بێ پەردەیە، قسەی تاکێک یان وتەبێژی حیزبێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو ڕەخنەیە لە سەر گوتار و عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەکی سیاسیی کۆن و دۆڕاوی هەندێک سیاسەتمەداری کورد ؛ عەقڵیەتێک کە پرسی نەتەوەیی کورد بە «کێشەی کورد لە ئێران» ناودەبات و چارەسەرەکەشی هەر لە ناو سنووری هەمان دەوڵەت و هەمان سیستەمی دەسەڵات و داگیرکاریی ئێرانی دا دەبینێ.
کێشە لێرەدا تەنیا لە وشەکاندا نییە، جیاوازی نێوان «کێشەی کورد» و «پرسی کورد» جیاوازییەکی زمانەوانی یان ڕێتۆریکی نییە؛ جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە تێگەیشتن لە ماهییەتی خەباتی نەتەوەیی.
کورد «کێشە» نییە تا دەوڵەتێک لە تاران بڕیار بدا و بە چەند مافی کلتووری، بە چەند کورسییەکی سیاسی یان بە چ شێوەیەک لە خۆبەڕێوەبردن «چارەسەری» بکات.
ئەوەی هەیە پرسی سیاسی و نەتەوەیی، نەتەوەی کوردە؛ پرسی نەتەوەیەک کە خاک، مێژوو، زمان ، ناسنامەی نەتەوەیی، بیرەوەریی مێژوویی و ویستی سیاسیی خۆی هەیە و بۆ سەربەخۆیی، سەروەریی سیاسی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی سەدان ساڵە خەبات دەکات.
کاتێک دەوترێت «کێشەی کورد لە ئێران»، لە بنەڕەتدا پێشگریمانەیەک بە بێ گفتوگۆ قبوڵ دەکرێت: ئەوەی «ئێران» چوارچێوەیەکی ئەزەلی، یاسایی و نەگۆڕە و کورد تەنیا دەبێت لە ناو ئەم چوارچێوەیەدا داوای ماف بکات. لەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا، پرسی سەرەکی ئەوە نییە کە نەتەوەی کورد چ مافێکی بەسەر خاک و چارەنووسی سیاسیی خۆیدا هەیە؛ پرسیار دەگۆڕدرێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئێران تا چ ڕادەیەک ئامادەیە مافێک بە کورد ڕەوا ببینێ و خێری پێبکا و بیداتێ.
لە ڕوانگەی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردی، پێویستە ئەم پێشگریمانەیە لە بنەڕەتەوە بخرێتە ژێر پرسیار:
بۆچی دەبێت چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتاوە بە سنوور و دەسەڵاتی ئێرانەوە گرێ بدرێت؟
بۆچی دەبێت یەکپارچەیی ئێرانێکی دەستکرد و داگیرکەر وەک بنەمایەکی پیرۆز و نەتەوەی کورد وەک بابەتێکی ناوخۆیی لە ناو ئەو دەوڵەتە داگیرکەر و کوردکوژە دا سەیر بکرێت؟
لە یاسای نێودەوڵەتیدا مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان یەکێکە لە بنەما ناسراوەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی، هەرچەندە لە پڕاکتیکدا هەمیشە لەگەڵ بنەمای پاراستنی تەواویەتی ئەرزیی دەوڵەتەکاندا کێشە و ناکۆکی هەبووە. بەڵام هیچ لێکدانەوەیەکی جیددی یاسایی نابێت بنەمای «تەواویەتی ئەرزی» بکاتە وەڵامی کۆتایی بۆ پرسی نەتەوەییەک.
ئەگەر نەتەوەیەک لە سەر خاکی خۆی، خاوەن دەرفەتی ڕاستەقینەی بەشداریی ئازادانە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، سەروەریی سیاسی و بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆی نەبێ و خاک و جوغڕافیاکەی لە لایەن داگیرکەرێکەوە داگیر کرابێ، ئەوە مافی ڕەوا و دانپێدانراوی نێونەتەوەیی هەیە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و بە دەستەگرتنی سەروەریی سیاسیی خۆی.
لە پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نابێت ئەم پرسە تا ئاستی پەیوەندیی «کەمینەیەکی ئیتنیکی» لەگەڵ «دەوڵەتێکی ناوەندی» بچووک بکرێتەوە. لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکە لە خاکی مێژوویی کوردستان و پرسی سەرەکی بریتییە لە پەیوەندیی نێوان داگیرکەری ئێرانی و مافی نەتەوەی کورد بەسەر خاک و چارەنووسی خۆیدا. بۆیە ئەم بابەتە لە سنووری داواکارییە کلتووری و ئیدارییەکان تێدەپەڕێت و دەگاتە پرسی سەروەریی سیاسی.
لێرەدا سنووری دوو پڕۆژەی سیاسی بە ڕوونی دەردەکەوێت.
پڕۆژەیەک دەڵێت دەبێت ئێران دیموکراتیزە بکرێ، کوردستان فیدراڵ، خودموختار یا کۆنفیدراڵ بێ و لە چوارچێوەی برایەتیی گەلان دا کوردی خاک داگیرکراو ببێتە برای ئێرانییەکی داگیرکەر و ئەوان لە تاران بڕیار لە سەر چارەنووس و ویست و خواستی نەتەوەی کورد بدەن و لە چوارچیوەی دەسەڵاتی ئێرانیدا کورسیەک بە تام و بە ناوی مافی کورد بەڵام بۆ حیزبەکەی ئەوان دابین بکرێت.
بەڵام پڕۆژەکەی تر دەڵێت پرسەکە تەنیا لە شێوەی حکوومەت لە تاراندا کۆتایی نایەت؛ بەڵکوو پەیوەندیی حاکمییەت لە نێوان ئێران و کوردستان دەبێت بخرێتە ژێر پرسیار و پێداچوونەوە.
ئەم دوو پڕۆژەیە نابێت تێکەڵ بکرێن.
ئەگەر کەسێک فیدراڵیزم بۆ ئێران بە چارەسەر دەزانێت، مافی سیاسیی خۆیەتی. ئەگەر کەسێک خودموختاری، کۆنفیدراڵیزم یان دامەزراندنی کۆمارێکی فیدراڵی لە ئێران بە ئامانج دەزانێت، دەتوانێ بە ڕوونی بەرگری لەو پڕۆژەیەی بکات. بەڵام نابێت ئەو پڕۆژەیە بە تاکە شێوەی ڕەوای خەباتی نەتەوەی کورد پێناسە بکرێت.
لە ڕوانگەی سەربەخۆییخوازیەوە، پڕۆژەگەلی دێموکراتیزەکردنی ئێران و فیدراڵی و کۆنفیدراڵی و خودموختاری، هەر هەموویان یەک پێشگریمانەی هاوبەشیان هەیە:
بەردەوامبوونی دەسەڵاتی ئێرانی داگیرکەر بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
ناکۆکی و جیاوازیی بنەڕەتی لێرەوە دەست پێدەکات.
داهاتووی سیاسیی نەتەوەی کورد نابێ لە ناو چوارچێوەی مانەوەی ئێراندا دیاری بکرێ. هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی یان سیاسی بوونی نییە کە نەتەوەی کورد ناچار بکا بۆ هەمیشە داهاتووی خۆی لە سنووری دامەزراوەی سیاسیی و دەستکردی ئێراندا بدۆزێتەوە.
بۆیە ناکۆکی لەگەڵ ئەوانەی هێشتا قسە لە «بازسازی ئێران» یان «دروستکردنەوەی ئێران» دەکەن، ناکۆکییەکی تاکەکەسی یان حیزبی نییە؛ ناکۆکییە لەسەر فەلسەفەی سیاسی و کۆتا ئامانجی خەبات.
ئەوان دەتوانن بۆ دروستکردنەوەی ئێران کار بکەن؛ سەربەخۆییخوازانیش بۆ سەروەریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی کوردستان کار دەکەن.
تا ئەو کاتەی لایەنێک، پاراستن و دووبارە داڕشتنەوەی ئێران بە کۆتا ئامانجی خۆی و لایەنێکی تر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و سەروەریی سیاسیی کوردستان، بە کۆتا ئامانجی خۆی بزانێ، ئەم دوو ڕێگایە لە ئاستی ستراتیژیدا یەک ڕێگا نین و یەک ناگرنەوە و بە زمانێکی ڕوونتر:
تا ئەو ئێرانیچێتیە عەقڵیەتی ئەوان بێت، ئاوی ئێمە و ئەوان بە جۆگەیەک دا ناڕوا.
هەڵبەت ئەمە، بە مانای ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ، هاوکاریی کاتی یان پێکەوە ژیانی سیاسیی نییە. لە سیاسەتی مۆدێرندا هێزە جیاوازەکان تەنانەت ئەگەر ئامانجە ستراتیژییەکانیان جیاوازیش بێ، دەتوانن لەسەر بابەتە دیاریکراوەکان هاوکاریی هاوبەشییان هەبێ، بەڵام هاوکاریی تاکتیکی نابێت ببێتە هۆی تێکەڵکردنی ئامانجە ستراتیژییەکان.
ئامانجی ڕەوتی سەربەخۆییخواز ڕوونە: نەتەوەی کورد دەبێ خاوەنی مافی بڕیاری کۆتایی لەسەر خاک، سیستەمی سیاسی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و داهاتووی خۆی بێ.
لەو ڕوانگەیەوە، فیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزم یان خودموختاری تەنیا ئەو کاتە دەتوانن بابەتی وتووێژی نێوان کورد و کورد بن کە ئەنجامی ویستی ئازادانەی خەڵکی کوردستان بن؛ نەوەک سەقفێک کە لە تاران یان لەلایەن ئەو هێزانەوە دیاری کرابێ کە مانەوەی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا بە بنەمایەکی نەگۆڕ دەزانن.
مانای مافی دیاریکردنی چارەنووس هەر ئەمەیە: هیچ نەتەوەیەک نابێ ناچار بکرێ تەنیا لە نێوان ئەو بژاردانە دا هەڵبژێرێت کە داگیرکەر یان دەسەڵاتێکی دیکە لە سەرەتاوە بۆی دیاری کردووە.
هەمان بنەما لەبارەی دروشمی «برایەتیی کورد و ئێرانی»ش ڕاستە.
برایەتی لە نێوان گەلاندا تەنیا لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی مانای هەیە. پەیوەندییەک کە تێیدا لایەنێک خاوەنی دەوڵەت، سوپا، سنوور، دامەزراوەی دیپلۆماسی و پێوەندی و ناساندنی نێودەوڵەتییە و لایەنی دیکە ناچار بێ بۆ بەشێک لە مافەکانی خۆی لەگەڵ هەمان دەوڵەت چەنە لێبدات، پەیوەندیی دوو لایەنی یەکسان نییە.
برایەتیی ڕاستەقینە ئەو کاتە دەست پێدەکا کە هیچ نەتەوەیەک خۆی بە خاوەنی خاک و چارەنووسی نەتەوەیەکی دیکە نەزانێ و هەر دوو لایەن خاوەن سەروەریی سیاسیی خۆیان بن.
لەبەر ئەوە، سەربەخۆییخوازیی کوردستان و ناسیۆنالیزمی کوردی نابێ بە دوژمنایەتی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە لێکبدرێتەوە. سەربەخۆیی بە مانای پچڕاندنی پێوەندی لە گەڵ خەڵک و نەتەوەی تر نییە؛ بە مانای گۆڕینی سروشتی پێوەندییەکەیە: لە ژێردەستییەوە بۆ دراوسێیەتی، لە دەسەڵاتدارییەوە بۆ یەکسانی و لە داگیرکاریەوە بۆ داننان بە سەروەریی سیاسی.
دوو دەوڵەتی سەربەخۆ دەتوانن نزیکترین پێوەندیی سیاسی و ئابوورییان هەبێ، سنووری کراوەیان بە ڕووی یەکتردا هەبێ، بازاڕی هاوبەش دروست بکەن و تەنانەت لە بەشێک لە دامەزراوەکاندا هاوکاریی قوڵیان هەبێ، بەبێ ئەوەی یەکێکیان دەسەڵاتی سیاسیی بەسەر ئەوی دیکەدا هەبێ.
کەواتە سەربەخۆییخوازی بە مانای دژایەتیی هاوکاریی هەرێمی و ناوچەیی نییە؛ بە پێچەوانەوە، دەتوانێ بنەمای هاوکارییەکی تەندروستتر لە نێوان یەکە سیاسییە ئازاد و یەکسانەکاندا بێ.
لە بارەی وتووێژ و دانوستان لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر دەسەڵاتێکی دیکە، پێویستە بوترێ، وتووێژ نە گەورەیی و پیرۆزیە و نە خیانەت، نرخی سیاسیی هەر وتووێژێک، پێوەستە بە بابەت،هەلومەرج،هاوسەنگیی هێز و ئامانجی وتووێژەکەوە.
ئەگەر وتووێژ بۆ ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، ڕاگرتنی ئێعدام، کۆتاییهێنان بە هێرشی نیزامی و سەربازی، پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان یان کەمکردنەوەی قەیرانێکی مرۆیی بێ، دەتوانێ کردەوەیەکی بەرپرسیارانە بێ.
بەڵام ئەگەر بنەمای وتووێژ لە سەرەتاوە ئەوە بێ کە دەسەڵاتی ئێران بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ناکرێ بخرێتە ژێر پرسیار و لایەنی کورد تەنیا دەبێ لەسەر ڕادەی ماف، خودموختاری یان بەشداریی خۆی لە ناو ساختاری ئێراندا خواستی هەبێ، ئەو وتووێژە وەڵامی پرسی نەتەوەیی کورد نییە.
پرسی سەرەکی لێرە دا دەبێ مافی دیاریکردنی چارەنووس، نەخشەی سیاسی و دیاریکردنی سنوورەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بێ.
مێژوو لە بارەی وتووێژ لە گەڵ داگیرکەران هۆشداریی زۆر ڕوونی پێداوین.
سمایل ئاغای سمکۆ لە وتووێژ لە گەڵ ڕژیمی ئێران شەهید کرا، دوکتۆر قاسملوو لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن، لە کاتێکدا لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی ئێران دانیشتبوو، تیرۆر کرا. چەند ساڵێک دواتر دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێکانی لە بێرلین تیرۆر کران. زیاتر لە سەد ساڵ ئێعدام، تیرۆر، زیندان، سەرکوت و هێرشی سەربازی نیشانی داوە کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران پرسی کوردستان وەک پێوەندییەکی نێوان دوو لایەنی سیاسیی خاوەن مافی یەکسان نەبینیوە.
کەوابوو، پرسیار ئەوە نییە کە ئایا تاران ئامادەیە لەگەڵ کورد «دابنیشێ» یان نا.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە :
وتووێژ بۆ چی و دانیشتن لە سەر چی ؟
ئێران بە چ مافێک خۆی بە خاوەنی کوردستان و دیاریکەری سنووری مافەکانی نەتەوەی کورد دەزانێت؟
وتووێژێک کە هەر لە سەرەتاوە “پاراستنی ئێران و تەواویەتی ئەرزی وەک هێڵی سوور دیاری بکا، وتووێژ نییە لەسەر ئازادیی کوردستان؛ وتووێژە لە سەر جۆنیەتیی بەڕێوەبردنی هەمان دەسەڵات بە سەر کورد دا.
ئەزموونی مێژوویی هەروەها نیشانی داوە کە گۆڕینی شێوەی ڕژیم لە تاران بە واتای گۆڕینی ماهییەتی پێوەندیی نێوان ئێران و کوردستان نییە. ڕژیمی پاشایەتیی ئێران ڕۆیشت و کۆماری ئیسلامی هات، بەڵام پرسی نەتەوەیی کورد چارەسەر نەکرا. ئەگەر سبەی کۆماری ئیسلامی بڕووخێ و کۆمارێکی سێکۆلار، پاشایەتییەکی مەشرووتە، دەوڵەتێکی فیدراڵ یان هەر سیستەمێکی دیکە لە تاران دروست بێ، پرسیارەکە هەر وا لە جێی خۆیەتی:
بۆچی دەبێ مافی نەتەوەی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بەسترابێتەوە بە بڕیاری داگیرکەر و شێوەی حکوومەت لە تاران ؟
ئەم پرسیارە بە دروشمی دیموکراسی، فیدراڵیزم یان برایەتیی گەلان وەڵام نادرێتەوە.
دیموکراسی ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بژاردەیەک ــ واتە سەربەخۆیی ــ لە نەتەوەیەک قەدەغە بکا، لە ناورۆک دا و خۆی لە خۆیدا تووشی دژوازی دەبێ. ناکرێت بە خەڵک بگوترێت ئازادن، بەڵام هەمان کات پێیان بگوترێت کە لەسەر یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی چارەنووسیان مافی هەڵبژاردنیان نییە.
لە دیدی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردیدا بنەما دەبێ ڕوون بێ: نەتەوەی کورد خاوەنی پرسی خۆیەتی و هیچ دەوڵەت، حیزب یان ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە مافی ئەوەی نییە لە سەرەتاوە سەقفی داواکارییە سیاسییەکانی دیاری بکا.
لەو ڕوەوە، پرسی کورد بۆ ئێمە پرسی باشتر بەڕێوەبردنی ئێران نییە؛ پرسی سەروەریی سیاسی و دیاریکردنی چارەنووسە.
ڕێگایەک کە سەربەخۆییخوازان بەرگری لێدەکەن، ڕێگای سەربەخۆییە.
نە لەبەر ئەوەی سەربەخۆیی دروشمێکی هەستیارییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە لۆژیکی دەوڵەتی مۆدێرندا، تەواوترین و کامڵترین شێوەی بەرجەستەبوونی سەروەریی سیاسیی نەتەوەیەک بریتییە لە توانای بڕیاردانی سەربەخۆ لەسەر سیستەمی سیاسی، سنوور و وڵات، داهاتوو و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی.
فیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزم و خودموختاری ڕەنگە بتوانن بۆ هێندێک ڕەوت و لایەنی سیاسی ئامانجی سیاسیی ڕەوا بن، بەڵام بۆ ڕەوتی سەربەخۆییخواز ئامانجی کۆتایی نین.
نەتەوەی کورد زۆر لەوە زیاتر قوربانی داوە کە نەوەیەکی دیکەی خۆی بۆ چاکسازی، ئیسلاحات و چاککردنەوەی ساختارێک تەرخان بکا، کە لە بنەڕەتدا دەسەڵاتی سیاسیی ئێران بەسەر کوردستاندا وەک پێشگریمانەیەکی نەگۆڕ پێناسە دەکا.
ئەوانەی پڕۆژەیان دروستکردنەوە و بازسازی ئێرانە، با بە ڕوونی هەمان ناو بۆ حیزبەکەیان و بۆ پڕۆژەکەیان بەکاربهێنن. ئەوە مافی سیاسیی ئەوانە.
بەڵام خەباتی نەتەوەیی کورد نابێ جارێکی دیکە ببێتە سووتەمەنی دامەزراندنەوەی دەوڵەتێکی داگیرکەری ئێرانی، دەوڵەتێک کە لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا و هەموو جارێ سەرەڕای ڕووخانی، دیسان بە ناو و نیزامێکی تازەوە هەمان داواکاریی لە نەتەوەی کورد هەبووە کە دەبێ پاشەکشە لە مافە نەتەوەییەکانی بکا و لە مافی سەروەریی سیاسی خۆی پاشگەز ببێتەوە.
بۆیە وتەکە دەبێ ڕوون و بێ گرێ و گۆڵ بێ:
ئێوە لە ڕەوتی نەتەوەیی لاتانداوە، بۆیە هەر خەریکی بەلاڕێدابردنی خەباتی نەتەوەیی کورد بن و ئێران سەرلەنوێ دروست بکەنەوە؛ ئێمەش بە هەموو هێز و توانامانەوە کار بۆ سەروەریی سیاسی و سەربەخۆیی دەکەین.
تا ئەوە عەقڵیەتی ئێوە بێت، ئاوی ئێمە بە یەک جۆگەدا ناڕوا.
ئەم جیاوازی و ناکۆکیە، ناکۆکی و جیاوازیی تاکتیکی نییە. جیاوازی و ناکۆکیە لەسەر خودی مانای خەبات بۆ کورد و کوردستان.
ئەگەر ئامانجی ئێوە پاراستنی ئێران و گۆڕینی شێوەی حوکمڕانییەکەی بێت، ئەوە خەبات بۆ کوردستان نییە، خەباتێکە بۆ چاکسازی، ئیسلاحات و دروستکردنەوەی ئێران.
ئەگەر ئامانجیشتان کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سیاسیی ئێران بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دامەزراندنی سەروەریی نەتەوەیی بێت، ئەوە خەباتێکی ڕزگاریخوازانە بۆ سەربەخۆیی و لە خزمەت بە بەژەوەندییە باڵاکانی کورد و کوردستان دایە.
لە ڕوانگەی ئێمەی سەربەخۆییخوازەوە تاکە ڕێگایەک کە دەتوانێت ڕزگاریی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنێتە ئەنجام، خەباتە بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس، سەروەریی سیاسی و سەربەخۆیی؛
نە فیدراڵیزمێک کە لە تارانەوە سنوور و چوارچێوە و سەقفی بۆ دانرابێت، نە کۆنفیدراڵیزمێک کە مافی جیابوونەوە لە داگیرکەر ڕەت بکاتەوە، نە خودموختارییەک کە سەروەریی کۆتایی هەر لە دەستی دەوڵەتی ناوەندیی داگیرکەری ئێرانی دا بێڵێتەوە و نە برایەتییەکی سیاسی کە لە ژێر پێوەندیی نایەکساندا واتای خۆی لەدەست بدا.
ئێمە «کێشەی کورد» نین کە دەوڵەتێکی دیکە چارەسەرمان بکات.
ئێمە نەتەوەیەکین، خاوەن پرسێکی سیاسی کە خۆمان دەبێت چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین.
ناکۆکیی بنەڕەتیی ئێمەی سەربەخۆییخواز لە گەڵ ئێران سازەکان زۆر ڕوونە:
ئەوان داهاتووی کورد لە ناو ئێرانێکی نوێدا دەبینن؛
ئێمە داهاتووی ئێران و کوردستان وەک دوو لایەنی ئازاد و یەکسان و دوو دەوڵەتی دراوسێ و هاوسنوور دەبینین.
ئەوان پرسی کورد بە پڕۆژەی بازسازی ئێرانەوە دەبەستنەوە؛
ئێمە پرسی کورد بە مافی سەروەریی نەتەوەیی و سەربەخۆییەوە دەبەستینەوە.
ئەوان دەیانەوێت سنووری داواکاریی کورد لە ناو چوارچێوەی ئێراندا دیاری بکەن؛
ئێمە دەڵێین تەنها خەڵکی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە سنووری خواست و چارەنووسی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن.
کوردستان پێویستی بەوە نییە جارێکی دیکە بۆ ئێرانێکی نوێ و ذاڕماو قوربانی بدا.
ڕێگای ڕزگاری، لە دیدی ناسیۆنالیزمی کوردی و سەربەخۆییخوازانەوە، لە چاوەڕوانی بۆ «ئێرانێکی باشتر»دا نییە؛ لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و توانای نەتەوەی کورد بۆ بڕیاردان بەسەر خاک و چارەنووس و گەیشتن بە سەروەریی سیاسیی خۆیدایە.




[333314]supplies professional anti-violence equipments and solutions for the whole world with strong and perfect production capacity. anti-violence.org