ئەندامانی ڕێبەری، کادر و ئەندامان، لایەنگران و بنەماڵەی گەورەی ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان
سڵاو و ڕێز:
بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، ٤٦ەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی تێکۆشەری ڕێبازی کوردایەتی دەکەین.
٤٦ ساڵ خەبات و بەردەوامی، بەشێکە لە مێژووی پڕ لە شانازیی خەباتی سیاسیی گەلی کورد، مێژوویەک کە تێیدا نەوە دوای نەوە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، بۆ ئازادی و بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەردەوام بوون.
لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان توانیویەتی لە ناو گۆڕانکارییە سیاسییە قووڵەکانی کوردستان و ناوچەکەدا ناسنامەی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆی بپارێزێت و لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا بەردەوام بێت. ئەو بەردەوامییە بەشێکە لە یادەوەریی سیاسیی نەتەوەیەک کە مافە بنەڕەتییەکانی لێ زەوت کراون و بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەروەریی سیاسیی خۆی تێدەکۆشێت.
ئەمڕۆ، کوردستان و تەواوی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی سیاسی و مێژوویی نوێدایە. لەم هەلومەرجەدا، پرسی کورد نابێت جارێکی تر ببێتە پاشکۆی بەرژەوەندیی دەوڵەتان و هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
نەتەوەی کورد خاوەنی خاک و مێژوو و ئیرادەی سیاسیی خۆیە و مافی ئەوەی هەیە خۆی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو باوەڕە دایە کە لە ئێستا دا هەلومەرج وا دەخوازێ ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی بۆ داهاتووی کوردستان خاوەنی یەک نەخشە ڕێگەی هاوبەشن و باوەڕیان بە سەربەخۆیی بۆ کوردستان هەیە، بۆ پتەوکردن و بەهێز کردنی ئەم هزرە نەتەوەییە، هەوڵی جیددی بۆ یەکڕیزی و یەکبوون بدەن، یەکبوونێک لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، مافی دیاریکردنی چارەنووس، ڕێزگرتن لە پلۆرالیسم و سەربەخۆیی.
ئەزموونی دەیان ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە دوورکەوتنەوەی هێزە کوردستانییەکان لە یەکتر، بۆشاییەکی سیاسی دروست دەکات کە زۆرجار دوژمنانی ماف و ئازادیی کوردستان لێی سوودمەند بوون. لە بەرامبەردا، گفتوگۆ، لێکتێگەیشتن و دروستکردنی هاوکاری لەسەر پرسە نەتەوەییە هاوبەشەکان دەتوانێت وزەی سیاسیی کوردستان بخاتە خزمەتی ئامانجە سەرەکییەکانی نەتەوەکەمان.
لەو ڕوانگەیەوە، ئێمە لە پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕوانینە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان و هیوادارین لە قۆناغی داهاتوودا بتوانین ئەم پەیوەندییە زیاتر پەرە پێبدەین.
جارێکی دیکە بە بۆنەی ٤٦ ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان، پیرۆزبایی لە ڕێبەرایەتی و هەموو ئەندام و لایەنگرانتان دەکەین و ڕێز لە یاد و قوربانیی هەموو ئەو کەسانە دەگرین کە لە ڕێگای ئازادیی کوردستاندا ژیانیان بەخشیوە.
بەرز و بەڕێز و پیرۆز بێت یادی ٤٦ ساڵەی خەبات و تێکۆشانتان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
١ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی
٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی



