هەشت ساڵ بەسەر ٣ی خەرمانانی ٢٧١٨ی کوردی “٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٨ی زایینی” دا تێپەڕ دەبێ؛ ئەو ڕۆژەی کە شەریف باجوەر، ئومێد حوسێنزادە، محەممەد پژووهی و ڕەحمەت حەکیمینیا، لە کاتی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی مەریواندا گیانیان لەدەست دا. ئەوان بۆ ڕزگارکردنی دارستان و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ئاگرەی کە سروشتی کوردستانی دەسووتاند، خۆیان بە ناو بڵێسەکانی ئاگر داکرد و نەگەڕانەوە.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە هەشتەمین ساڵیادی ئەم کارەساتەدا، یادی ئەم چوار شەهیدەی ژینگە و هەموو ئەوانەی لە پێناو پاراستنی سروشتی کوردستاندا گیانیان بەخت کردووە بەرز ڕادەگرێ و جارێکی دیکە جەخت لەسەر دەستتێدابوونی بە ئەنقەستی ڕژێمی ئێران لە شەهیدکردنیان دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، شەهیدکرانی شەریف باجوەر و هاوڕێکانی ڕووداوێکی جیاواز لە سیاسەتی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان نەبوو. ئەم کارەساتە دەبێ لە چوارچێوەی سیاسەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوتر دا ببینرێت کە لە ماوەی چەندین دەیەدا سروشتی کوردستان، سەرجەم ئەو کەسانەی بەرگری لەم خاک و نیشتمانە دەکەن، خستووەتە بەر لەناوبردن، زیندان،سەرکوت و تیرۆر.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەندییان بە چالاکی و عەمەلیاتە سەربازییەکانی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ئێرانەوە هەیە. ڕژێمی ئێران هەمیشە سیاسەتێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە خەڵک، خاک و سروشتی کوردستان پێڕەو کردووە. سەبارەت بە دوژمنایەتی لەگەڵ ژینگەی کوردستان، سەدان ڕاپۆرت لەسەر میلیتاریزەکردنی ناوچە شاخاوییەکان، ئاگرتێبەردان و بڕینی دارستانەکان، مینچاندن، وێرانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان، تاڵانکردنی کانەکان، گواستنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و فشارخستنە سەر چالاکانی ژینگە بڵاوکراوەتەوە.
ڕژێمێک کە شاخ و دارستانی کوردستان دەکاتە مەیدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی؛ ڕژێمێک کە بە تۆپباران، مانۆڕ، مین و میلیتاریزەکردنی کوردستان، بەشێک لە سروشت دەخاتە بەردەم لەناوچوون ؛ ڕژێمێک کە لە بەرامبەر ئاگرکەوتنەوەکاندا ئامراز و پێداویستیی پێویست و خێرا ناخاتە بەردەستی خەڵک و هاووڵاتیان و ژینگەپارێزان ناچار دەکات بە دەستی بەتاڵ و بە سادەترین ئامرازەکانەوە بەرەنگاری بڵێسەکانی ئاگر ببنەوە؛ هەمان ئەو ڕژێمەی کە لە بری پشتگیری لە چالاکانی ژینگە، بە چاوێکی ئەمنییەتییەوە سەیریان دەکات و بە دەستبەسەرکردن، هەڕەشە و فشار ڕووبەڕوویان دەبێتەوە؛ و بەگشتی ڕژێمێک کە خاک و نیشتمانی کوردستانی داگیر کردووە، ناتوانێ خۆی بە پارێزەری ژینگەی کوردستان بناسێنێت.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو باوەڕە دایە، ئەم ڕەفتارەی ڕژیم ئێران یەکێکە لە نیشانەکانی سیاسەتێکی ئاشکرای دژەکوردی و دژەژینگەیی لە کوردستان.
شەریف باجوەر و هاوڕێکانی نە چەکدار بوون و نە بۆ شەڕ چووبوونە شاخ. ئەوان بۆ ڕزگارکردنی دار، خاک و ژیان چووبوون، ئەوان پێشمەرگەی ژینگەی کوردستان بووون و تاوانیان لە دیدی ئەو ڕژیمەی هەر ڕێکخستنێکی سەربەخۆ لە کوردستان بە هەڕەشە دەزانێت، ئەوە بوو کە خەڵکیان بۆ پاراستنی نیشتمانی خۆیان ڕێکدەخست، لەبەرامبەر لەناوبردنی سروشت بێدەنگ نەدەبوون و نیشانیان دا کە کۆمەڵگەی کوردستان دەتوانێ بەبێ پشتبەستن بە پێکهاتەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران، لە بەرگری لە سەرچاوەکان و ژینگەی خۆی بکات.
ڕژێمی ئێران، وەک هێزێکی داگیرکەر، لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا سەرچاوەکانی کوردستانی بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکارهێناوە و کەڵکی لێوەرگرتوون و بە تاڵانی بردوون؛ لە هەمان کاتدا دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێنێت، لەوەڕگەکان وێران دەکات، سەرچاوەکانی ئاوی بەرەو قەیران بردووە، کان و مەعدەنەکان دەردەهێنێت و ژینگەی ناوچەکەی خستووەتە ژێر فشار و لەنابردن؛ لە هەمان کاتدا ئەو چالاکانەی کە بەرامبەر بەم ڕەوتە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، تووشی زیندان، شکەنجە، فشار و تیرۆر و کوشتن دەبنەوە.
ڕووداوی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی یەکێکە لە ڕوونترین نیشانەکانی ئەم دۆخە.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان شەهیدبوونی شەریف باجوەر، ئومێد حوسێنزادە، محەممەد پژووهی و ڕەحمەت حەکیمینیا بە ئەنجامی هەمان ڕەوتی سیاسی، ئەمنییەتی و داگیرکەرانەیەی ڕژێمی ئێران دەزانێت کە ساڵانێکە ژینگەی کوردستان و پارێزەرانی دەکاتە قوربانی، دوژمانیەتیی ئەو ڕژیمە داگیرکەرە لەگەڵ ژینگەی کوردستان لە دوژمنایەتی لەگەڵ مرۆڤی کورد جیا نییە و ئەو دوژمنی مرۆڤ و دار و بەردی کوردستانە.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان، داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و ڕوون لەسەر ڕووداوی ٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٨ و هەموو ئاگرکەوتنەوە گومانلێکراوەکانی دارستانەکانی کوردستان دەکا، و داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی ژینگە و مافی مرۆڤ دەکات، وێرانکردنی ژینگەی کوردستان و دۆخی پارێزەرانی بە بابەتێکی جدی و مەترسیدار سەیر بکەن و بەرپرسیارێتی ڕژیمی ئێران لەم بوارەدا پشتگوێ نەخەن.
لە هەشتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەریف باجوەر و هاوڕێکانی، ڕادەگەیەنین کە لەبیرکردنی ئەوان بە مانای ئاساییکردنەوەی ئەو سیاسەتەیە کە دارستانەکانی کوردستان و پارێزەرانی دەکاتە قوربانی.
٣ی خەرمانان دەبێت ڕۆژی بیرخستنەوەی ئەم ڕاستییە بێت کە سروشتی کوردستان بێبەرگری نییە و پارێزەرانی ژینگەی کوردستانیش هەرگیز لەبیر ناکرێن.
شەریف باجوور، ئومێد حوسێنزادە، محەممەد پژووهی و ڕەحمەت حەکیمینیا بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ژینگەی کوردستان خۆیان خستە ناو بڵێسەکانی ئاگر، بۆیە یاد و ناو و ڕێگە و ڕێبازیان لە بیرەوەریی کوردستاندا وەک هێمایەک لە بەرگری لە نیشتمان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
یادی شەهیدانی ژینگەی کوردستان بەرز و بەڕێز بێت.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٢ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی
٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی



