عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، لە سەقز کۆچی دوایی کرد

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
13 خەرمانان 2726
کۆچی هەتاوی
13 شهریور 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
٢١ ربيع الأول ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

کوردناسیۆن: عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی، نووسەر، وەرگێڕ و ڕەخنەگری ئەدەبی کوردیی خەڵکی سەقز و نووسەری کتێبی ناسراوی «مصیبت کورد بودن»، دوای ماوەیەک نەخۆشی، لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کەیخوسرەوی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە سەقز لەدایک بوو و بەشێکی زۆری تەمەنی بۆ نووسین، وەرگێڕان، ڕەخنەی ئەدەبی و لێکۆڵینەوە لە بابەتە کلتووری، کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی کوردستان تەرخان کرد. لە بواری نووسین و هۆنینەوەی شێعریش دا دەستێکی باڵای هەبووە، بەڵام شوێن و پێگەی سەرەکیی ئەو لە ژیانی ئەدەبیدا زیاتر بە نووسەر، وەرگێڕ و ڕەخنەگری ئەدەبی ناسراوە. پەیوەندیی ئەو بە شیعر و هۆنراوەوە، بە تایبەتی لە وەرگێڕان و دووبارەداڕشتنەوەی هۆنراوەکانی شاعیرانی کورددا، بە ڕوونی دیارە.

دوای تەواوکردنی خوێندن لە سەقز، ماوەیەک لە تاران ژیا و لە دەیەی ١٣٧٠ی هەتاویدا بەشداریی کارگەکانی شیعر و چیرۆکی ڕەزا براهنی کرد. ئەو ئەزموونە بووە هۆی ئەوەی لەگەڵ بەشێک لە نووسەران، شاعیران و ڕەوتە ئەدەبییە سەرەکییەکانی ئەو سەردەمە پەیوەندیی نزیک دروست بکات. کەیخوسرەوی لە پاڵ نووسین و وەرگێڕانی خۆیدا، لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکان، فێستیڤاڵەکانی چیرۆک، دانیشتنەکانی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکانیشدا بەردەوام بەشدار بوو و بە تایبەتی لە ژینگەی کەلتووری سەقز و بانەدا کەسایەتییەکی ناسراو بوو.

ناسراوترین بەرهەمی سەربەخۆی ئەو کتێبی «مصیبت کورد بودن» ـە؛ کتێبێک کە ساڵی ١٣٨١ بڵاوکرایەوە و ناوی کەیخوسرەوی زیاتر لەنێو خوێنەران و ژینگەی کەلتووری و ئەدەبیدا ناساند. ئەم بەرهەمە لە کێشە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ناسنامەییەکانی کۆمەڵگەی کورد دەکۆڵێتەوە و هەوڵ دەدات بە دیدێکی ڕەخنەگرانە بازنە دووبارەبووەکانی قەیران، شکست و نەهامەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مێژووی کوردستان بخاتە بەر باس.

لە «مصیبت کورد بودن» و هەروەها لە نووسینەکانی دیکەیدا، کەیخوسرەوی تەنها سەرنجی لەسەر هۆکارە دەرەکییەکان نەبوو؛ بەڵکوو کەموکووڕییە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەی کورد، گرفتە بنەڕەتییەکان، کێشە کەلتووری و بارودۆخی کۆمەڵایەتییشی دەدایە بەر ڕەخنە. تێڕوانینی ئەو بۆ سەقز، شارەکەی خۆی، هەر لەم دیدە ڕەخنەگرانەیەوە سەرچاوەی دەگرت. لە هەندێک نووسینیدا بە زمانێکی ڕاشکاو و بێ پەردە لە دۆخی کەلتووری و کۆمەڵایەتیی سەقز دەڕوانێت و پرسیار لە بارودۆخی ئەو شارە دەکات.

بەشێکی دیکەی کارنامەی عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی پەیوەندی بە وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی بۆ فارسی هەبوو. ئەو لە ناساندنی بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن، نووسەری ناسراوی کورد، بە خوێنەرانی فارسی‌زمان ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو و ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی وەرگێڕا. کۆمەڵەی «تربیع خون» یەکێک لەو بەرهەمانە بوو کە بە وەرگێڕان و کۆکردنەوەی کەیخوسرەوی بڵاوکرایەوە و چیرۆک و بەرهەمەکانی «حصار و سگ‌های پدرم»، «لوزان»، «آن مرد هنگام خشم زیباست» و «دیدار در موکولا»ی لەخۆگرتبوو.

کەیخوسرەوی هەروەها گرینگی بە وەرگێڕانی شیعری کوردیش دەدا. «سه قصیده در باب انجماد»ی ڕەفیق سابیر یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە بە وەرگێڕان و دووبارەداڕشتنەوەی ئەو بە فارسی پێشکەش کرا. ئەم بەشە لە کارنامەی ئەو دەریدەخات کە پەیوەندییە ئەدەبییەکانی تەنیا بە چیرۆک و ڕۆمانەوە سنووردار نەبوون، بەڵکوو شیعری هاوچەرخی کوردیش بەشێکی گرنگ لە بواری کاری ئەوی پێکدەهێنا.

لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەکانیشدا کەیخوسرەوی چالاک بوو. وتار، ڕەخنە و گفتوگۆی جۆراوجۆری لەو بڵاوکراوانەدا بڵاوکردووەتەوە. بابەتەکانی لە ئەدەبی کوردییەوە تا لێکدانەوە و ڕەخنەی بەرهەمەکانی نووسەر و هونەرمەندانی فارسی‌زمان دەگرێتەوە. لە نێوان نووسینەکانی، لێکۆڵینەوە و ڕەخنە لە بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن، مەحمود دەوڵەت‌ئابادی و مەسعود کیمیایی دەبینرێت.

بەشداریی ئەو لە فێستیڤاڵ و کۆڕە ئەدەبییەکانیش بەشێکی دیاری ژیانی ئەدەبیی ئەو بوو. عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی لە هەندێک خولی فێستیڤاڵی چیرۆکی بانەدا وەک ڕەخنەگر، وتاربێژ و ئەندامی دەستەی زانستی یان داوەری بەشداری کرد و لە یەکەمین خەڵاتی ئەدەبی کتێبی کوردی «ئیبراهیم یونسی»ش یەکێک لە داوەرانی بەشی ڕۆمان بوو. ئەم بەشداریکردنانە پیشان دەدەن کە ڕۆڵی کەیخوسرەوی تەنها بە نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی خۆی سنووردار نەبوو، بەڵکو لە ڕەخنە، هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی ئەدەبی چیرۆکی کوردیشدا بەشدارییەکی بەردەوامی هەبوو.

لەم ساڵانەی دواییشدا ناوی کەیخوسرەوی لەگەڵ بەرهەمە چیرۆکییەکانی دیکە پەیوەست بوو. ڕۆمانەکانی «ثقل بی‌وزنی» و «ماجراهای فامیلی و ضمیر مخدوش من» بە ناوی ئەو ناسێنران و هەندێک بەرهەمی دیکەشی لە ساڵانی پێشتر وەک دەستنووس یان بەرهەمی ئامادەی چاپ ناویان هاتبوو.

هەواڵی کۆچی دوایی عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی لە نێوان ڕاگەیاندنەکان، نووسەران، چالاکانی کەلتووری و دۆستانی ئەدەبی کوردیدا دەنگدانەوەیەکی فراوانی هەبوو. لە زۆرێک لەو بڵاوکراوانەدا جەخت لەسەر پێگەی ئەو وەک نووسەرێکی ڕەخنەگر، وەرگێڕێکی چالاک لە گواستنەوەی ئەدەبی کوردی بۆ زمانی فارسی و کەسایەتییەکی بەردەوام لە ژیانی ئەدەبیی سەقز و کوردستان کراوەتەوە.

عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی لەو نەوەیە بوو کە ئەدەبیاتی لە مێژوو، ناسنامە و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان جیا نەدەکردەوە. لە نووسین، وەرگێڕان و ڕەخنەکانیدا، پرسی ناسنامە، زمان، کەلتوور، مێژوو و ئەزموونی ژیانی کۆمەڵگەی کورد بەردەوام ئامادە بوو. «مصیبت کورد بودن» ناسراوترین بەرهەمی ئەو دەمێنێتەوە، بەڵام کارنامەکەی لە وەرگێڕان، چیرۆکنووسی، ڕەخنە، ڕۆژنامەوانی و چالاکییە کەلتوورییەکانیش بەشێکی گرنگ لە میراتە ئەدەبییەکەی پێکدەهێنێت.

هەندێک لە بەرهەم و وەرگێڕانە ناسراوەکانی عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی

  • «مصیبت کورد بودن» ــ «مەینەتی کوردبوون»
  • «تربیع خون» ــ کۆمەڵە وەرگێڕانێک لە بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن
  • «حصار و سگ‌های پدرم» ــ لە بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن
  • «لوزان» ــ لە بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن
  • «آن مرد هنگام خشم زیباست» ــ لە بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن
  • «دیدار در موکولا» ــ لە بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن
  • «سه قصیده در باب انجماد» ــ لە شیعرەکانی ڕەفیق سابیر، بە وەرگێڕان و دووبارەداڕشتنەوەی کەیخوسرەوی
  • «ثقل بی‌وزنی» ــ ڕۆمان
  • «ماجراهای فامیلی و ضمیر مخدوش من» ــ ڕۆمان
  • «بند ناف من و دوازده سلول بنیادی ما» ــ لە بەرهەمە داستانییە ناسێنراوەکانی ئەو

ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەخۆیی کوردستان کۆچی دوایی عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی بە خەسارێک بۆ کلتوور و ئەدەبی کوردستان دەزانێت و پرسە و سەرەخۆشی لە خێزان، کەسوکار، هاوڕێیان، کۆمەڵگەی کلتووری، ئەدەبی، فەرهەنگیی سەقز و هەموو دۆست و خوێنەرانی بەرهەمەکانی دەکات، ڕووحی شاد و یاد و ناوی بەرز و بەڕێز بێت.

بابەتی پێشووسەید برایم سەقزی؛ دەنگێک کە بوو بە بەشێک لە بیرەوەریی کوردستان
بابەتی دواترپەیامی پرسە و سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی‌

Leave a Reply