ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سێپتامبری ٢٠٢٦، ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی «پەیوەندییەکانی جوولەکە و کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی لە گۆڕانکاریدا» لە شاری لەندەن، بە بەشداری ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکان، ئەکادیمیسیەن، توێژەران، چالاکانی مەدەنی و نوێنەرانی دامەزراوە کوردی و جوولەکەکان، بەڕێوەچوو.
شاندێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان پێکهاتوو لە ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی حیزب، و گوران دەشتی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، لە سەر بانگهێشتی فەرمیی ڕێکخەرانی کۆنفرانس لەو چالاکییە نێودەوڵەتییەدا بەشدارییان کرد و لە بەرنامەکانی ڕۆژی یەکەمدا ئامادەبوون.
کۆنفرانسەکە بە سەرنج خستنە سەر مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و جوولەکە، ناسنامەی نەتەوەیی، مافی دیاریکردنی چارەنووس، دەوڵەتسازی، گۆڕانکارییە ژیۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بیرەوەریی کۆمەڵایەتی و داهاتووی هاوکاریی کورد و جوو بەڕێوەچوو. لە ماوەی کۆڕ و پانێڵەکانی ڕۆژی یەکەمدا، وتاربێژەکان لە ئیسرائیل، بریتانیا، ئورووپا و بەشە جیاوازەکانی کوردستان، دید و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەزموونە مێژووییەکانی هەردوو نەتەوە، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچە و ئاسۆی هاوکارییەکانی داهاتوو خستەڕوو.
لە یەکەمین پانێڵی کۆنفرانس بە ناونیشانی «سیۆنیزم و کوردایەتی؛ بزووتنەوە نەتەوەییەکان، ناسنامە و مانەوە»، بابەتگەلێک وەک پێکهاتنی بزووتنەوە نەتەوەییەکان، ناسنامە، سەروەریی سیاسی و ئەزموونی دەوڵەتسازی تاوتوێ کران. پانێڵی دووەمیش بە ناونیشانی «ڕەگە مێژووییەکان؛ جوولەکەکانی کوردستان و میراتی هاوبەش» تەرخان کرابوو بۆ مێژووی بوونی جوولەکەکان لە کوردستان، بیرەوەریی کولتووری، کۆچ و بەردەوامبوونی ناسنامەی کوردی–جوولەکەیی لە نەوەکانی دواتردا.
لە بەشەکانی دیکەی ڕۆژی یەکەمدا، گۆڕانکارییە ناوچەییەکان، سیاسەتی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە کورد و ئیسرائیل، پرسیارە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بابەتی بیرەوەری، ژینۆساید و … بوونە تەوەری گفتوگۆکان.
شاندی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ماوەی کۆنفرانسدا، لەگەڵ خستنەڕووی دید و هەڵوێستەکانی پارتی سەبارەت بە مافی نەتەوەی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، پێویستی گەیشتنی کوردستان بە سەروەریی سیاسی و سەربەخۆیی، پێویستیی پێناسەکردنەوەی شوێن و ڕۆڵی کورد لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیی فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی و ستراتیژییەکانی نێوان کورد و جوولەکە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو نەتەوە دەبێت لە ئاستی هاوسۆزی و بیرەوەری تێپەڕێت و بگوازرێتەوە بۆ هاوکارییەکی بەردەوام لە بوارە سیاسی، ئەکادیمی، کولتووری و دیپلۆماسییەکاندا.
لە پەراوێزی کۆڕ و پانێڵەکانی ڕۆژی یەکەمدا، ئاشتیاکۆ پوورکەریم و گوران دەشتی ژمارەیەک دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان، توێژەران، ئەکادیمی و بەشداربووانی کۆنفرانس ئەنجامدا. لەو دیدارانەدا، گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی بەشە جیاوازەکانی کوردستان، داهاتووی سیاسیی ناوچە، پرسی کورد لە ئێرانی دەستکرد و جەعلی و ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان و هەروەها ڕێگاکانی فراوانکردنی پەیوەندی و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران.
نوێنەرانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو گفتوگۆیانەدا جەختیان کردەوە کە پرسی کورد نابێت تەنیا وەک کێشەیەکی ناوخۆیی دەوڵەتەکانی ناوچە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ بەڵکوو دەبێت وەک پرسێکی سیاسی و نێودەوڵەتی، پەیوەست بە مافی دیاریکردنی چارەنووس ، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی و داهاتووی ڕێکخستنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێی بڕوانرێت.
بەشداریی شاندی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەم کۆنفرانسەدا بەشێکە لە هەوڵ و چالاکییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانی حیزب بۆ فراوانکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان، دامەزراوەکان و ناوەندە توێژینەوەییەکان، و هەروەها ناساندن و خستنەڕووی دیدی سەربەخۆییخوازیی حیزب لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ڕۆژی دووەمی کۆنفرانس، ٧ی سێپتامبر، بە تەوەرگەلێکی وەک ڕۆڵی ژنان لە ڕێبەرایەتی، ناسنامە لە دیاسپۆرا، دەنگ و ڕۆڵی نەوەی نوێ، داهاتووی هاوکارییە کوردی–جوولەکەییەکان و گواستنەوە لە گفتوگۆ بۆ دامەزراندنی میکانیزم و پەیوەندییە درێژخایەنەکان بەردەوام دەبێت.



