کۆتایی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەیوەندیی کورد–جوو لە لەندەن؛ جەخت لەسەر گواستنەوە لە گفتوگۆ بۆ هاوکاریی درێژخایەن

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
17 خەرمانان 2726
کۆچی هەتاوی
17 شهریور 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
٢٥ ربيع الأول ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

کوردناسیۆن : دووهەمین و کۆتا ڕۆژی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی «پەیوەندیی جوو–کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی لە گۆڕاندا» ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سێپتامبر، لە لەندەن بەڕێوەچوو. لەم کۆنفرانسە دوو ڕۆژەیەدا ژمارەیەک لە سیاسەتمەدار، ئەکادیمیسیەن، توێژەر، چالاکانی مەدەنی و نوێنەرانی کۆمەڵگا و دامەزراوە کورد و جووەکان لە بریتانیا، ئیسرائیل، ئورووپا، ئەمریکا و بەشە جیاوازەکانی کوردستان بەشدارییان کرد.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە شاندێک پێکهاتوو لە ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی، و گوران دەشتی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بۆ ئەم کۆنفرانسە بانگهێشت کرابوون.

بەرنامەکانی ڕۆژی دووەم بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر داهاتووی پەیوەندیی کورد–جوو و چۆنیەتی گواستنەوە لە پەیوەندیی مێژوویی و گفتوگۆ بۆ هاوکارییەکی کرداری و دامەزراو چڕکرابوونەوە. ڕۆڵی ژنان لە ڕێبەرایەتی، ناسنامە و ڕێکخستنی کۆمەڵگا لە دیاسپۆرا، دەنگ و ڕۆڵی نەوەی نوێ، و بنیاتنانی هاوبەشییەکی درێژخایەنی کوردی–جوولەکەیی لە گرنگترین تەوەرەکانی ئەو ڕۆژە بوون.

لە دانیشتنی «ژنان لە ڕێبەرایەتی؛ پێکەوە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری»، ڕۆڵی ژنان لە پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و پێویستیی بەشداریی کاریگەرتر لە بڕیاردان و ڕێبەرایەتی تاوتوێ کرا. لە پانێڵی **«ناسنامە لە دیاسپۆرا؛ بنیاتنانی کۆمەڵگا لە دەرەوەی سنوورەکان»**یشدا، سەرنج خرایە سەر توانای دیاسپۆرای کورد و جوولەکە لە پاراستنی ناسنامە، گواستنەوەی یادەوەریی مێژوویی بۆ نەوەکانی داهاتوو و کاریگەری لەسەر دامەزراوە سیاسی و ئەکادیمییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا.

هەروەها، لە بەشی تایبەت بە **«دەنگی گەنجان؛ نەوەی داهاتووی ڕێبەرایەتی»**دا، جەخت لەسەر گرنگیی خوێندن، توێژینەوە، تۆڕسازی و بەشداریی نەوەی نوێ لە پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کرایەوە.

گرنگترین بەشی ڕۆژی کۆتایی، «لە گفتوگۆوە بۆ کردار؛ بنیاتنانی هاوبەشییەکی درێژخایەنی کوردی–جوولەکەیی» بوو. لەم گفتوگۆیەدا، پێویستیی دامەزراندنی پەیوەندیی ڕێکخراو و بەردەوام لە نێوان زانکۆکان، ناوەندە توێژینەوەییەکان، دامەزراوە مەدەنییەکان، چالاکانی سیاسی و تۆڕەکانی دیاسپۆرا خرانە بەرباس.

پەیامی سەرەکیی ڕۆژی کۆتایی ئەوە بوو کە پەیوەندیی کورد–جوو  نابێت تەنیا لە ئاستی کۆبوونەوە و چالاکیی هێماییدا بمێننەوە، بەڵکوو پێویستە بگوازرێنەوە بۆ تۆڕێکی بەردەوام لە هاوکارییە سیاسی، کولتووری، ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکان.

لە درێژەی بەرنامەکانی ڕۆژی دووەمدا، ئاشتیاکۆ پوورکەریم دید و هەڵوێستەکانی پارتی سەربەخۆیی کوردستانی سەبارەت بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد بە دەستی خۆی، پێویستیی گەیشتنی کوردستان بە سەروەریی سیاسی و سەربەخۆیی، و شوێن و ڕۆڵی کورد لە ڕێکخستنەوەی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو.

لە پەراوێزی دانیشتنەکانیشدا، پوورکەریم لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکان، توێژەران و بەشداربووانی کۆنفرانس دیدار و گفتوگۆی هەبوو. گۆڕانکارییەکانی ناوچە، دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داهاتووی سیاسیی کوردستان، ڕۆڵی دیاسپۆرا و پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ناو بابەتە سەرەکییەکانی ئەم دیدارانەدا بوون.

کۆنفرانسە دوو ڕۆژیەکە لە کۆتاییدا بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی و فراوانکردنی هاوکاریی کورد و جوو کۆتایی پێهات.
بەشداریی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەم کۆنفرانسەدا بەشێک بوو لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی پارتی بۆ خستنەڕووی دیدی سەربەخۆییخوازی، گەشەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و ناوەندە ئەکادیمییەکان، و بەشداریی چالاکتر لە گفتوگۆکان سەبارەت بە داهاتووی کوردستان و ڕێکخستنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بابەتی پێشووشاندێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پێوەندیی کورد و جوو لە لەندەن بەشداری کرد
بابەتی دواترگیدعۆن ساعر و یەهوودا بن‌یوسف لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی کورد و جوو پێداگریان کرد.

Leave a Reply