بە بۆنەی هاتنی ڕۆش هەشانە و دەستپێکی ساڵی نوێی عیبری ٥٧٨٧، لە لایەن خۆم و پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی دەوڵەت و گەلی ئیسرائیل و هەموو کۆمەڵگەکانی جوو لە سەرانسەری جیهان دەکەم.
ساڵی نوێی عیبری، جگە لە مانا ئایینی و کلتوورییەکەی، یادەوەریی بەردەوامیی مێژوویی نەتەوەیەکە کە، سەرەڕای سەدان ساڵ دوورخستنەوە، ئازار، ژینۆساید، چەوساندنەوە و هەڕەشە لەسەر بوون و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی، توانی پەیوەندیی خۆی بە مێژوو، کلتوور، خاک و ئاواتی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت.
نەتەوەی کوردیش ئەزموونێکی درێژی لە دابەشکردنی خاک، نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی، سەرکوتی سیاسی و بێبەشکردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس هەیە. هەر ئەم ئەزموونە وای کردووە کە گرنگیی ئاسایشی نەتەوەیی، پاراستنی ناسنامە، نوێنەرایەتیی سیاسی و مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی ئازادانەی داهاتووی خۆیان بە قووڵی هەست پێ بکەین.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو باوەڕەدایە کە ئاشتی و سەقامگیریی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ داننان بە بوونی نەتەوەکان و ڕێزگرتن لە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانیان جێبەجێ نابێت. ئاسایش و ئاشتی تەنیا ئەوکاتە بەردەوام دەبن کە هیچ نەتەوەیەک ناچار نەبێت لە نێوان پاراستنی ناسنامەی خۆی و ڕێکخستنی سیاسیی سەپێنراودا هەڵبژێرێت.
ئێمە جەخت لە فراوانکردنی گفتوگۆ و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەی جوو دەکەینەوە و باوەڕمان وایە توانایەکی بەرچاو بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، کلتووری، ئەکادیمی، مەدەنی و ئابوورییەکان لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە. پەیوەندیی نێوان نەتەوەکان ئەوکاتە بەهێز و درێژخایەن دەبێت کە لەسەر ناسینی یەکتر، متمانە و تێگەیشتن لە ئەزموونە مێژووییەکانی یەکتر بنیات بنرێت.
لە جیهانێکدا کە دژایەتیی ئیسرائیل و جوو هێشتا بە شێوە جیاوازەکان بەردەوامە، بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و توندوتیژی دژ بە جووەکان بەرپرسیارێتییەکی مرۆیی و سیاسییە. هەمان کات، پشتیوانی لە مافەکانی ئەو نەتەوانەی کە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نین و داننان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسیان، بەشێکە لە هەمان بنەمای ڕێزگرتن لە ئازادی و کەرامەتی نەتەوەکان.
لە دەستپێکی ساڵی نوێی عیبریدا، بۆ گەلی ئیسرائیل و هەموو جووەکانی جیهان ساڵێکی پڕ لە ئاسایش، ئارامی، تەندروستی و سەرکەوتن بە ئاوات دەخوازین. هیوادارین ساڵی ٥٧٨٧ ببێتە دەرفەتێک بۆ قووڵکردنەوەی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان نەتەوەی کورد و گەلی ئیسرائیل و پێشخستنی ئاشتییەک کە لەسەر ئاسایش، ئازادی، ڕێزی دوولایەنە و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان بنیات بنرێت.
שנה טובה ומתוקה
Shanah Tovah U’Metukah
ساڵی نوێتان پیرۆز بێت.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی
١١ی سێپتامبری ٢٠٢٦ی زایینی


