سیمیناری «ژن، ژیان، ئازادی؛ لە ڕاپەڕینەوە بۆ داهاتوو»ڕۆژی ١٤ی سێپتامبری ٢٠٢٦،بەڕێوە دەچێ

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
21 خەرمانان 2726
کۆچی هەتاوی
21 شهریور 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
٢٩ ربيع الأول ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

 

بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینا «ژن، ژیان، ئازادی»، سیمینارێکی ئۆنلاین بە ناونیشانی «ژن، ژیان، ئازادی؛ لە ڕاپەڕینەوە بۆ داهاتوو» بە بەشداریی ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ بەڕێوە دەچێت.

ئەم سیمینارە بە هاوبەشی لەلایەن «چالاکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران» و «هانای ڕۆژهەڵات» ڕێکخراوە و هەوڵ دەدات لە ڕوانگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە تیشک بخاتە سەر چوار ساڵی ڕابردووی ئەم ڕاپەڕینە، بەردەوامیی سەرکوت، دۆخی زیندانیانی سیاسی و … کە هێشتا لەبەردەم داهاتووی بزووتنەوەکەدان.

ناهید بوستانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، یەکێک لە وتاربێژانی ئەم کۆڕە دەبێت. بەشداریی بوستانی لەم سیمینارەدا هەلی ئەوە دەڕەخسێنێت کە ڕوانگەکانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان سەبارەت بە ڕیشەی کوردستانیی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»، پێوەندیی نێوان ئازادیی ژن، ئازادیی تاک، دیموکراسی و مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بخرێتە بەردەم گوێگرانی ئەم کۆڕە.

«ژن، ژیان، ئازادی» لە چوار ساڵی ڕابردوودا تەنیا دروشمێکی ناو شەقام نەبوو. ئەم دروشمە، کە لە خاکی کوردستانەوە هەڵقوڵا، بوو بە زمانێکی هاوبەش بۆ نەوەیەک کە داوای ئازادی، کەرامەتی مرۆیی و ڕەتکردنەوەی زۆرداری دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، نرخێکی قورس بۆ ئەم ڕاپەڕینە دراوە؛ کوژران، زیندان، دەستبەسەرکردن و فشاری بەردەوام بۆ سەر چالاکان و ناڕازییەکاندا، بەشێک بوون لە واقعی ئەم چوار ساڵە.

بەپێی بەرنامەی ڕاگەیەندراو، لەگەڵ ناهید بوستانی، پوران نازمی، حەمید ئەمینی، هانا موعاونی، دیاکۆ مەولوودی، غەزال مەهەندی، عەلی ئەڵڵا وەیسی و کەمال خزریش لە نێو وتاربێژانی سیمینارەکە دان.

سیمیناری «ژن، ژیان، ئازادی؛ لە ڕاپەڕینەوە بۆ داهاتوو» ڕۆژی دووشەممە ١٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦، بەرامبەر بە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، کاتژمێر ٢١:٠٠ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ١٩:٣٠ بە کاتی ناوەندی ئەورووپا، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی Google Meet بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت.

بەشداریی ناهید بوستانی بە نوێنەرایەتی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو ڕووەوە گرینگە کە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ خستنەڕووی خوێندنەوەیەکی کوردستانی لە ڕاپەڕینی ژینا؛ خوێندنەوەیەک کە ئازادیی ژن لە مافی سیاسی و نەتەوەیی کۆمەڵگا جیاناکاتەوە و داهاتووی ئازاد بە پێویستیی دانپێدانان بە مافی مرۆڤ، ئازادیی تاک و مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەبینێت.

بابەتی پێشووپارتی سەربەخۆیی کوردستان: ساڵی نوێی عیبری پیرۆز بێت.
بابەتی دواتر٨٤ کاندیدی کورد لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٦ی سوید؛ بەشدارییەکی فراوان لە پەرلەمان، هەرێم و شارەوانییەکان

Leave a Reply