سیمیناری «باشان لە فەڕانسە» ڕۆژی شەممە ١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٦، بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی ئەمریکی و نێودەوڵەتیی کاروباری گشتیی درووزییەکان (AIDPAC) لە فەڕانسە بەڕێوە دەچێت. ئەم بەرنامەیە هاوکاتە لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی «ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی باشان» و تەوەرە سەرەکییەکانی بریتین لە دۆخی درووزییەکان، مافی چارەنووس، ئاسایش و کەرامەتی خەڵکی باشان و ئاسۆی سیاسیی داهاتووی ئەم ناوچەیە.
بەپێی ئەو ڕاگەیاندن و بانگهێشتنامانەی لەلایەن AIDPAC بڵاوکراونەتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتژمێر ١٨:٠٠ دەست پێ دەکات. ڕێکخەرانی بەرنامەکە ئەم چالاکییەیان بەشێک لە هەوڵەکان بۆ دووبارە خستنەڕووی پرسی باشان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ڕاکێشانی سەرنجی بازنە سیاسی و مەدەنییەکان بۆ داواکارییەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە ناساندووە.
AIDPAC لە ڕاگەیاندنەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە تەنها ڕێوڕەسمێکی ساڵیاد نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوون بە داواکارییەکانی خەڵکی باشان و بنەماڵەی قوربانیانی توندوتیژییەکانی ساڵی ڕابردوو. لە ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەم دامەزراوەیەدا ئاماژە بە ڕاپۆرتەکان دەکرێت سەبارەت بە کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی درووزی، ئەشکەنجە، توندوتیژیی ، هێرش بۆ سەر منداڵان و توندوتیژی دژی کەسانی بەساڵاچوو؛ هەروەها جەخت لە پێویستیی دابینکردنی ئاسایش، کەرامەت، دادپەروەری، بەرپرسیارێتی و مافی خەڵکی باشان بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسیی خۆیان کراوەتەوە.
یەکێک لە تەوەرە سیاسییە ڕاگەیەندراوەکانی ئەم کۆبوونەوەیە پشتگیری لە مافی چارەنووسی خەڵکی باشان و گفتوگۆ لەسەر داهاتوویەکی ئازاد و سەربەخۆ بۆ ئەوانە. لە ڕاگەیاندنەکانی AIDPAC هەروەها جەخت لە جیابوونەوە لە حوکمڕانی «ئیسلامگەری ڕادیکاڵ» و دامەزراندنی پێکهاتەیەک کراوەتەوە کە ئاسایش و ئازادیی خەڵکی ناوچەکە دابین بکات. ڕێکخەران دروشمی سەرەکیی بەرنامەکەشیان لەسەر ئازادی، کەرامەت و مافی چارەنووس چڕ کردووەتەوە.
لە بەرنامەی ڕاگەیەندراوی ئەم سیمینارەدا، ژمارەیەک لە بەرپرسان و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکانی AIDPAC بەشدار دەبن و وتار پێشکەش دەکەن. لەوانە ئەیوب کارا (Ayoob Kara)، وەزیری پێشووی ئیسرائیل و دامەزرێنەر و سەرۆکی جیهانیی AIDPAC؛ دکتۆر وەحید عەزقوڵ (Dr. Waheed Azqoul)، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری AIDPAC لە فەڕەنسا؛ بەها حەلەوی (Bahaa Halawi)، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری AIDPAC لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ و یەحیا ئەبوعەسەلی (Yahya Abou Assali)، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری AIDPAC لە ئەڵمانیا.
لە ڕاگەیاندنەکانی تایبەت بە ئەم بەرنامەیەدا هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵ و پێگەی شێخ حیکمەت ئەلهجری لە بەدواداچوونی داواکارییەکانی درووزییەکانی سوەیدا کراوە.
لە تەنیشت بەشی سیاسی، بەرنامەی «باشان لە فەڕانسە» بەشە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانیش لەخۆ دەگرێت. بەپێی بەرنامەی بڵاوکراوە، پێشوازی لە میوانان، پێشانگای فەرهەنگی، ڕێوڕەسمی کردنەوە، وتاری کەسایەتییە بانگهێشتکراوەکان، وانەی مێژوویی، پێشکەشکارییە فەرهەنگییەکان، ڕێزلێنان لە چالاکانی کۆمەڵگا، نانی ئێوارەی نەریتی و دانیشتنی گفتوگۆ و پانێڵی سیاسی لە بەشە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە دەبن.
پارتی سەربەخۆیی کوردستانیش بۆ ئەم سیمینارە بانگهێشت کراوە و بڕیارە ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە نوێنەرایەتیی پارت لەم بەرنامەیەدا بەشدار بێت.
سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ماوەی ئەم کۆبوونەوەیەدا هەڵوێستەکانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەبارەی پرسی کورد و کوردستان، مافی چارەنووس، سەربەخۆیی و پێویستیی فراوانکردنی هاوکاری نێوان کورد و درووزییەکان دەخاتەڕوو. یەکێک لە تەوەرەکانی جێی بایەخی پارت، لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی هاوکاریی سیاسی و مەدەنی لەنێوان هەردوو گەلە، لەسەر بنەمای پشتگیریی بەرامبەر لە مافی چارەنووس، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، ئاسایشی کۆمەڵی و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و ناوەندگەرییە.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان پێی وایە، سەرەڕای جیاوازییە مێژوویی، جوگرافیایی و سیاسییەکانی نێوان کورد و درووزییەکان، ئەزموونی هەردوو کۆمەڵگا لە پاراستنی ناسنامە، بەرگری لە خاک و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافی بڕیاردان لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆیان، بوار بۆ گفتوگۆ و هاوکاری دروست دەکات. بۆیە بەشداریی شاندی پارت لەم سیمینارەدا بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆتر لەگەڵ کەسایەتی و ڕێکخراوە درووزییەکان و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری پەرەپێدانی هاوکارییەکانی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.
ئاشتیاکۆ پورکەریم هەروەها بڕیارە لە پەراوێزی ئەم سیمینارەدا چەندین دیدار و گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ کەسایەتییەکان، بەرپرسانی ڕێکخراوەکان و چالاکانی بەشدار لە بەرنامەکە هەبێت. تەوەری ئەم دیدارانە ناساندنی هەڵوێستەکانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پرسی سەربەخۆیی کوردستان، مافی چارەنووسی گەلی کورد و ئەگەری دامەزراندنی چوارچێوەی هاوکاری لەنێوان هێزە کوردی و درووزییەکان دەبێت.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی سیمینارەکە، کتێبی «کوردستان و باشان» نووسینی ئاشتیاکۆ پورکەریمیش لەنێوان ژمارەیەک لە بەشداربووان، کەسایەتییە سیاسییەکان و میوانانی بەرنامەکە دابەش دەکرێت. ئەم کتێبە پرسی کوردستان و باشان و هەندێک لە ڕەهەندە مێژوویی، سیاسی و یاسایییە پەیوەندیدارەکان بە مافی چارەنووس و داهاتووی سیاسیی نەتەوە بێدەوڵەتەکان تاوتوێ دەکات.
بەپێی بەرنامەی بڵاوکراوە، سیمیناری «باشان لە فەڕانسە» بە دروشمی «بۆ داهاتوویەکی ئازاد و بەکەرامەت بۆ گەلەکەمان» بەڕێوە دەچێت و بابەتەکانی ئازادی، کەرامەت، ئاسایش و چارەنووس تەوەری هاوبەشی بەشە سیاسی، مێژوویی و گفتوگۆکانی ئەم کۆبوونەوەیە دەبن.




